کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هۆڵى زیندان،ڕۆژنامەو گۆڤار، گۆشتى ڕۆست، بێ دەسەڵاتى وەزارەتى كاروبارى كۆمەڵایەتى

Friday, 24/02/2012, 12:00


لەساڵى (2008)ەوە بەندینخانەى مەحەتەى هەولێر بەبڕیارێكى حكومەت چۆتە سەر وەزارەتى كاروبارى كۆمەڵایەتى كە پێشتر سەر بەوەزارەتى ناوەخۆ بوو،هەرچەندە ئێستاش سەربە وەزارەتى ناوەخۆوەیەو،لەلایەن دەزگاى ئاسایش و پارستنەوە چاودێرى دەكرێ و بەرێوەدەبرێ.لەئێستادا ناوى بەندینخانەى مەحەتە بۆتە (گرتووخانەى چاكسازى گەوران) لەلایەن كۆمەڵەگەندڵكارێكەوە بەڕێوە دەبرێ كەهیچ تێگەیشتنێكیان لەچاكسازى نیەو بەڵكو لەبەرژەوەندى شەخسى خۆیان زیاتر هیچى تریان مەبەست نیە.بەندینخانەیەك لەلایەن كۆمەڵە گەندەڵكارێك و بەكۆمەڵیك شتى سەیروو سەمەرەوە چۆن دەبێت بەشوێنى چاكسازى بۆ بەندى..؟ 45 بۆ60 كەس لەهۆڵێك بكەى و ڕۆژنامەى خەبات و هەولێرى بەزۆرى پێبدەى و گۆشتى بۆگەنى ڕۆستى دەرخواردبدەى و ... ...!. ئاوا چۆن بەندینخانەچاكسازى پێ دەكرێ؟


ئەمە هۆڵى بەندینخانەیەكى هندستانە، کە زۆر باشترە لەم بەندیخانەی مەحەتە

هۆڵى زیندان
هۆڵەكانى زیندانى مەحەتە پێك دێت لەهۆڵێكى (6 بە 8) یەك تەلەفزیۆن،3 مرافق،2 حەمام.
ژمارەى زیندانیانیش كەمترین ژمارە بریتیە لە (45) كەس و زیاترینیش بریتیە لە (60) كەس...ئاخر ئەمە زیندانە یان سرەى مەعامەلاتى دائیرەیە؟! لەهەموى پێكەنیناوى تر كەباسیش دەكرێ دەڵین چاكسازى گەوران،باشە ئەمە چاكسازى لەكوێ دایە كە وەكو مێگەلە حەیوان 45 بۆ 60 زیندانى لەهۆڵێكى بچوك گل دەیتەوە.گووتمان هۆڵى ئەو كەسانەى كە تەوقیف دەكرێن (ئاساییە) كە ژمارەیەكى زۆر زیندانى تێدا بێ چونكە هەیانە دوو شەو هەیانە چوار شەو یان هەفتەیەك و دووان زیاتر دەمێنێتەوە زۆر كاریگەرى لەسەر نابێ.بەڵام هۆڵى زیندانیانى حوكم دراو بۆ بەم شێوەیە بێ لەكاتێكدا زیندانى هەموو كاتەكەى لەنێو ئەم هۆڵە بەسەرى دەبات.



گۆشتى بۆگەنى ڕۆست دەرخوارد زیندانییەکان دەدرێت

خواردن
ئێمەى زیندانى هیچ منەتێكمان بەو خواردنە نیە كەلەزیندان پێمان دەدەن چونكە كەس و كارمان لەخوا بەزیادبێ زۆربەباشى چاویان لێمانەو خواردن و خوارنەوەمان بۆ دەهێنن.بەڵام وەكو پێشنیار زۆرجار پێمان گووتونە ئەو گۆشتەى ئێوە بۆ ئێمەى دێنن گۆشتى خۆمانى نیە.واتە ئەو گۆشتە ڕۆستەیە كە بەپێ ى بڕیارى وەزارەتى تەندروستى قەدەغەیە.باشە من نازانم ئەى كە ئەم گۆشتە قەدەغەیە بۆ خەڵكى،ئەى بۆ؟ بۆئێمەى زیندانى واجبە بیخۆین.

ئایە ئێمە مرۆڤین یان دڕندە ئەگەر مرۆڤین ئەوا باچیتر ئەو گۆشتەمان بۆ نەهێنن كە خۆشیان نازانن ئەم گۆشتە،ماوەى بەسەرچووە یان نا،هەرژەمێك ئەو گۆشتەى دەهێنن زۆربەى زیندانیان وەكو خۆى بۆیان دەنێرنەوە چونكە ناتوانن بیخۆن.بەهۆى ئەوەى شەوانە لەتەلەفزیۆن بەرنامەى لەسەر دەكرێ گوایە پیسەو توشى نەخۆشى سەرەتان دەبیت ئەگەر بیخۆیت و ڕۆژانە چێشتخانەو خواردنگەكان دادەخرێن لەبەر ئەم گۆشتە.بەڵام وادیارە ئەوان بۆیە ئەم جۆرە گۆشتە بەئێمە دەدەن تاوەكو توشى سەرەتان ببین.ئێمەلامان ئاساییە سوكترین خواردن و هەرزانترین خواردن بخۆین بەڵام بەومەرجەى پاك و خاوێن بێت.




رۆژنامە و گۆڤار

ئێمەى زیندانیان بەهۆى ئەوەى لەژوورەوەینەو كاتێكى زۆرمان هەیە،بۆیە پێویستیمان بەوەهەیە كە ئەو كاتانە خۆمان خەریك بكەین بەكۆمەڵەشتێك،هەندێ لەزیندانیەكان خۆیان بە دروست كردنى خانوى بچوك و كەل و پەلى جوانكارى خەریك دەكەن هەندێكى تر خۆیان بە خوێندنەوەى كتێب خەریك دەكەن،بەگشتى ئەوەى لەنێو زیندان بێ لەبەر زۆرى ماوە بەتاڵى،خۆى بەشتێك خەریك دەكات.بەشێكى زۆرى زیندانیەكان چاودێرى تەلەفزیۆن و ڕادیۆكان دەكەن بۆ ئاگاداربوون لە ڕەوشى جیهان و هەرێمى كوردستان.بەڵام بەهۆى ئەوەى ئێستا هۆكارى ڕاگەیاندن زۆربووەو هەموو شتێك لە تەلەفزیۆن و ڕادیۆ ناگوترێ و باس ناكرێ.بۆیە ئێمەى زیندانیان پێویستمان بە ڕۆژنامەو گۆڤارەكان هەیە.بۆخویندنەوەى بابەتە فكرییەكان.بەڵام ئەوەى سەیرە لەدوو ڕۆژنامە زیاتر یەك ڕۆژنامەو گۆڤارمان بۆ ناهێنن و وەناهێڵن كەسیش بۆمان بهێنێ.ئەو دوو ڕۆژنامەش بریتین لە ڕۆژنامەى "هەولێر و خەبات" كە هەردووكیان بەئێمە ساغ دەكەنەوەو وەكو منەت پێمان دەدەن لەڕاستیشدا ئەگەر لەسەدا یەكى زیندانیەكان بیخوێننەوە؟!.چونكە هەموو زیندانیەكان دەزانن ئەو دوو ڕۆژنامەیە هەردووكیان ڕۆژنامەى حزبین و لەلایەن پارتیەوە دەردەچن و تەعبیر لەئیرادەى ئەم حزبە دەكات و بۆ ئەوە دەیهێنن تاوەكو بیروباوەڕى خۆیان و درۆكانیان بەنێو زینداندا دابەش بكەن....ئەوەى جێگاى پێكەنینە زۆرجار دەڵێین نامانەوێ كەچى هەربۆمان دادەنێن،كە بەجێشى دەهێڵن زیندانیان دەیكەنە سفرە بۆ چەرەزات خواردن یان خواردنى پێ ڕووپۆش دەكەن.

دەسەڵاتى وەزارەتى كاروبارى كۆمەڵایەتى لەسەر بەندینخانەى مەحەتە
بەندینخانەى مەحەتە كە ئێستا ناوێكى زۆرخۆشیان لێناوە ئەویش "گرتووخانەى چاكسازى گەوران" .كەسێك نەشارەزابێ بەلاى بەندینخانەى مەحەتە دا تێپەڕێ ئەم ناونیشانە بخوێنێتەوە وەهالێ ى تێك دەچێ وادەزانێ بەشەقامێكى سویدو دانیمارك تێپەڕیوە وەها دەزگایەكى لێ یە.
باشە من پرسیارێك دەكەم بەم حاڵەى لەسەرەوە باس كراوە لەجۆرى خواردن و بیر تەسكى حزبى ڕۆژنامە و هۆڵەكانى زیندان.زیندانى چۆن ئەو فرسەتەى بۆ ڕێك دەكەوێ كە بچێتە قۆناغێكى ترەوە.ئەمەبێجگەلەوەى تاوەكو ئێستا ئیدارەى بەندینخانە لەلایەن چەند جاش گەندەڵیكەوە هەڵدەسوڕێندرێت كەبەكەیفى خۆیان مامەڵە لەگەڵ بەرژەوەندى زیندانیەكان دەكەن.ئەوبەشەشى كەناوى بەڕێوبەرایەتى چاكسازیە لەنێو بەندینخانە،واخۆیان نیشان دەدەن هەموو شتێكیان لەبەر دەستە.كەچى لەئەساسدا لەكارگەیەكى بێ بەرهەم زیاتر چیتر نینە سەدان فەمانبەریان دامەزراندووە بەناوى فەرمانبەرى چاكسازى كەچى تاوەكو ئێستا ئاسایش و پاراستن نەیان هێشتووە ئەو فەرمانبەرانە یەك كاریان پێ بدرێ،چونكە دەزانێ ئەم فەرمانبەرانە زۆربەى زۆریان لەلایەن ئیدارەى یەكێتیەوە دامەزراون و زۆربەى زۆریان هیچ وەلائێكیان بۆ پارتى نیە بۆیە ئەگەر هەركارێكیان پێ بدرێ بەبڕواى ئیدارەى بەندینخانە واتە(وەزارەتى ناوەخۆ) ئەوا كێشە دروست دەكەن بۆ بەندینخانە.بەبڕیارێكى نهێنى بەهیچ شێوەیەك نابێ بەندینخانە لەلایەن وەزارەتى كارو بارى كۆمەڵایەتى بەڕێوە ببرێ و نابێ ئەو كەسانەى بەناونیشانى فەرمانبەرى چاكسازى كۆمەڵایەتى دامەزراون هیچ كارێكیان پێ بسپێردرێت تاوەكو كۆمەڵە كەسێك لەنێو زیندان دا مابن.ئەم بەڕێوبەرایەتیە بەناو چاكسازیەش لەلایەن چەند گەندەڵكارێكەوە بەڕێوە دەبرێ كە تەنها لەخەمى گیرفانى خۆیان دانەو بەس یەك سانتیم قسەیان بەسەر بەندینخانە ناڕوات،تەنها لەوشوێنە نەبێ كەبەرژەوەندیەكانیان یەك بگرێ لەگەڵ ئاسایش و پاراستن و بەرژەوەندیە حزبیەكان.وەزیرى كاروبارى كۆمەڵایەتى تاوەكو ئێستا ناتوانێ بەهیچ شێوەیەك تەداخولى ئەم بەندینخانەیە بكات،چونكە ناهێڵن و خۆشى ئەو جورئەتەى نیە كە چاودێرى بكات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە