بۆ هەژار ناوە بێ ئاگایەكەى رانیە !
Friday, 15/05/2009, 12:00
1634 بینراوە
كەسێك لە ژێر ناوى (هەژارێك) چەند قسەیەكى حەلەق و مەلەقى ریز كردوە لە سایتى كوردستانپۆستى ئازیزدا لە رۆژى 14/5 دا ، بەناونیشانى (بینابەرزاكانى رانیە هى كێن ..؟) سەرەتا ئەم ناهەژارە زۆر بێویژدانانە هەندێ شتى تێكەڵ و پێكەڵى لە سەر چەند كەسێك نوسیوە كە هەموویان خەڵكى دیارى یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانن !؟، بەبێ ئەوەى هیچ لە رەوشى ئاوەدانى و گەشەكردن و بۆپێشەوەچوونى كارى پەرەپێدان و فراوانكردنى شار لە بەرچاو بگرێ كە بەشێكە لە پرۆسەى گشتى بنیاتنانەوەو ئاوەدان كردنەوە كە بێگومان ئەمەش خۆى لە خۆیدا كارێكى ئیجابی باشە هەر كەس و لایەنەنێك پێی هەستابێ بە جیاوازى بیروباوەڕ و رابردووى و ئێستایەوە . لەهەموو شارەكان دەوڵەمەند و كەسە خاوەن پارە و دیارەكان بمانەوێت یانەمانەوێت بەشێوەیەكى گشتى ئەوان پرۆژەو كارەكانى گەشەپێدان لە كۆگاو بینایەى گەورەو پرۆژەكانى تر لە خزمەتگوزاریەكان لە دەزگا تایبەتمەندەكانى حكومەت وەرئەگرن و بە قۆنتەرات و رێككەوتن جێ بەجێی ئەكەن كەئەمە بۆ هەموو كەس و لایەنێك رێپێدراوە و كارێكى شیاوە ، بەڵام كاتێ خزمى لێپرسراوێك ، یا برادەرێكى نزیكى ، یا ناسیاوێكى یەكێ لەكارو پرۆژەكانى بۆ دەرئەچێ و دەدرێ بەو كەسە ناكرێ هەروا كوێرانە و بێ ویژدانانە تۆمەت و بوختان و قسەى ناشیرین و لابەلا كە نەتۆ و نە هیچ كەسێك ئەو مافەى پێ نادرێ تا بچیتە ناو باسكردن و ناوهێنانى ماڵ ومناڵ و خێزان و دەوروبەرى بەمەبەستى تەشهیر و لەكەداركردنى ئەو كەسانە ! لەگەڵ ئەوەشدا لە زۆربەى وڵاتانى دنیا خەڵك لێپرسراوى حكومیشە و گەورەترین شەریكەشى هەیە ، خەڵك هەیە پلەى حزبى زۆر بەرزى هەیە و پشك یا هاوبەشى برۆژەیەكە ئەمەش نە عەیبە و نە پێچەوانەى یاسایە ! بەڵام ئەوەى زۆر گرنگە و یاسا و خەڵك و رێكخراوەكانى كۆمەڵگەى مەدەنى لێی بێ دەنگ نابن ئەوەیە كەئایا ئەو كەس و بەڵێندەرانە كارەكانیان بەپێی مەرجەكان و بەبێ كەم و كورتى ئەنجامداوە ؟ ئایا ئەو بینا بەرزانەى جەنابتان باسی ئەكەیت بەڵگە و نیشانەیەكى وات لەبەردەستتە كە زیانى بە بەرژەوەندیەكانى گشتى و شارى رانیە گەیاندبێ ؟ ئەگەر راست ئەكەى بڕۆ دادگاو داوایەك تۆماربكە تائێمەش پشتگیرى و پشتیوانیت لێ بكەین . گەرواش نیە ئەمڕۆ خەڵك گوێ لەو قسە پروپوچانە ناگرێ بەتایبەتى كەسێكى وەكو تۆ كە بێگومانم ئەگەر ئەمە قسە و تەگبیرى پاراستنى پارتى نەبێ وەك ئەوە وایە بۆ بەرژەوەندى و پاراستنى پارتیت كردبێ بەتایبەتى تۆ بە چ مافێك ئەو حەقە بەخۆت ئەدەى و ئەڵێی با خەڵك نەچێ بۆ دەنگ دان ! خەڵك ئەچێ بۆ دەنگ دان چونكە خەڵك ئومێدێكى زۆرى بەهەڵبژاردن و گۆڕان و ئاڵوگۆڕى هەیە ، زۆربەى خەڵكى رانیە و دەڤەرە تێكۆشەرەكەى بڕواى تەواوى بە لیستى گۆڕان هەیە چونكە باش ئەزانێ ئەو لیستە چۆن رێبەرى ئەكرێ و لە پێناو چیدایە ! هەربۆیە یەكێ لە خاڵە گرنگەكانى پارتى و هەندێ لە یەكێتییە ناحاڵیەكان ئەوەیە كە دڵى خەڵك سارد بكەنەوەو كارێك بكەن كە كەمترین رێژەى خەڵك بچێ بۆ دەنگدان چونكە ئەزانن خەڵكى رانیەى تێكۆشەر و بەعس قڕان زۆربەى هەرە زۆرى دەنگ بە لیستى گۆڕان ئەدات و لە پێش هەموانیشدا پارتى و سەرۆكى 31ى ئاب ریسوا ئەكات !وە ئەوانەى تۆ ناوت بردوون هەر ئەوانەبوون كە داینەمۆى شۆڕش و خەباتى رزگاریخوازانەى گەلەكەمان بوون ، یەكێكى وەكو جەنابت و بنەماڵەى بارزانى ئەبێ دەستنوێژى هەبێ تاناوى كەسێكى وەكو كاك مستەفاى سەید قادر و كاك تۆفیق كانى وەتمانى و كاك عبداللە بۆر بێنێ چونكە ئەمانە خەڵكى شارى رانیە و دەورووبەرى ئەزانن كێن و چ فیداكاریەكیان بۆ خەڵكى كورد كردوە كە دڵنیام خەڵكى شارى رانیە ئەوەندە بێ وەفا و وەك تۆ نابینا نیە لە حوكمدانى كوێرانە ، وەپێشم وایە بۆیە ناوى ئەوانەت بەتایبەتى هێناوە چونكە ئەمانە گورزى جەرگ بڕ و كەمەرشكێنیان لە شەڕەكاندا دژى بنەماڵى بارزانى جاش بەعس و تورانى وەشاندوە هەر بۆیەش ئەتەوێ ناویان بزڕێنى..