بۆچی شكستی پارتی قازانجی خەڵكە ؟
Wednesday, 18/09/2013, 12:00
لەو رۆژەی یەكێتی وەك هێز و بزوتنەوەیەكی نیمچە بەرەیی كراوە سەریهەڵدا، لە ململانێی نێوخۆیی خۆیدا كێشە و بێشە و گیروگرفتی زۆری تێكەوت و نەبونی ناوەندێتی توند و بەرژەوەنخوازیی هەمەچەشن زەرەرێكی زۆری پیگەیاند، تادواجار زۆر جیابونەوەی تێكەوت و لەدوای راپەرینیش بە دروستبونی بزوتنەوەی گۆران دوكەرتبونێكی جەرگبری بەخۆیەوە بینی . ئەم حاڵەتانە نەك لە دەرئەنجامی جێبەجێنەكردنی سیستمی دیموكراسی راستەقینەوە هات كە ئیدعای دەكرد، بەڵكو لەم دوایانە لەدەرئەنجامی لاسایی كردنەوەی پارتی لە سیاسەت و حوكمرانی و بریاردان و نەخوێندنەوەی واقعی نێوخۆی خۆی وەك یەكێتی خۆی و كوردستان بە گشتی و تایبەتمەندیەكانی زەمان و زەمینی دروستبونی خۆی نەك پارتی و، لەبەرچاونەگرتنی پێداویستیە حزبیەكانی خۆی و سەردەم بە جیا لە رەفتاری پارتی و ، هەوڵنەدانی بۆ پیشاندانی جیاوازیەكانی لەگەڵ پارتی لەبەر بەرژەوەندی شەخسی و پلەو پایەی هەندێك سەركردە وە،هاتە ئاراوە. بۆیە لە كۆتاییەكەیدا هەم لە عەلی بووە و هەم لە عومەریش، واتە نە خۆی لەسەر رێچكەی خۆی رۆیشت و سەردەمیانە پیادەی سیاسەتەكانی بكات و بیروباوەرەكانی بسەپێنێت و نەش توانی وەك پارتی خۆی بخاتە خودپارێزیەكی ئەوتۆوە كە خەڵكە عامەكە روو لەم بكەن و باوەری پێبكەن و، نەش توانی نوێنەری ئەو خەڵكە بێت كە لە ئاستێكی باشی رۆشنبیریدان ، بۆیە بەم دەردە برا كە دەیبینین و، وا ئێستا بۆتە قوربانی ململانێی دەستەگەری و بەرژەوەندیە شەخسیەكان .
لەو رۆژەوەی پارتیش پاش هەرەس و دوركەوتنەوە لە خەبات بۆ ماوەیەكی دورودرێژ، هاتەوە سەر سفرەی حازری، هەموو هەوڵێكی خستە گەر بۆ گەشەپێدانی خۆی لەسەر حسابی بەرژەوەندی باڵای میلەت بە گشتی، چ بە قۆستنەوەی هەڵەكانی یەكێتی و چ بە ئیستغلال كردنی عەقڵی خەڵكە عامەكە بە نیشاندان و بەرزكردنەوەی شیعارە سواو و كۆنەكانی و دەرخستنی باڵایی سونبولەكانی وەك رەمزی نەتەویی و نیشتمانی و، لەهەمان كاتدا لەبەر نەبونی جەماوەر، بە گرتنەخۆی خەڵكی جاش و خۆفرۆش و بێهەڵوێست و پەرشوبلاو و ناپاكەكانی كوردستان، توانی لەمەودایەكی كورتدا خۆی لەقەرەی جەماوەرێتی یەكێتی بدات لە رێژەی ئەندام و هەوادارانی و، بەڵكو توانی تێشیپەرێنێت. ئەمەش نەك بە ململانێی پاك و بێگەرد، بەڵكو بەهەموو رێگەیەكی نابەجێ و نادیموكراسی و ساختە و فرتوفێڵ و بەكارهێنانی پارەو دەسەڵات وئیمتیازات بۆ كرینی خەڵك، جگە لە بەكارهێنانی هونەری ساختە لەسەرجەم هەڵبژاردنەكاندا. بۆیە ئەم هێز و قەبارەی ئێستای پارتی جكە لە نەفس نزم و كڕاوەكان و خەڵكە پەراوێزەكەی گەل رێژەیەكی كەم خەڵكی دڵسۆز و پاكی تێدا دەبینیتەوە و، هیچ سەرسورمانێكی تێدا نابێت كە یەكەم بێت لە هەڵبژاردندا، بەلام لەناوەخندا ئەوەندە پوچەڵە كە بەرگەی شنەبایەك ناگرێت و بەگۆرانكاریەكی بچوكی ناوخۆیی یان ناوچەیی سەرلەبەری دەروخێت .
ئێستاش، پاش دابەشبونی دەنگەكان و دەركەوتنی جەماوەریی لایەنە سەرەكیەكان، گۆران ، یەكێتی ، پارتی، ئەگەر ساختە و فرتوفێڵ و ئەو خەڵكانەی لێدەركەیت كە هیچ لایەنێكی بەرێز بە ئەندامیشیان قبوڵ ناكات،لەم هەڵبژاردنەدا سەركەوتنی هێزی راستەقینە و پتەو وهەڵقوڵاوی زەرورەت و پێداویستیەكانی سەردەم ومیلەت لە سەرووی هەمو لایەنەكانەوە دەبێت و لە قازانجی گشتی خەڵك دەبێت و، ئەو هێزە براوە راستەقینەیە جێگەی متمانەی هەموان دەبێت لە پێشخستنی باری نێوخۆی كوردستان و بەدیهاتنی عەدالەتی كۆمەڵایەتی و یەكسانی و حوكمی خزمەتگوزاری و،لەهەمان كاتدا بە پتەوی و پشتگیری راستەقینەی خەڵك توانای بەرگری و بەرەنگاری هەر روداوێكی نەخوازراو و چاوەرواننەكراوی ناوچەكە دەبێت و خەڵك بە دڵ و گیان بە هەمان گیان و روحیەت و ورەی شۆرشی نوێوە پشتگیری لێدەكەن و ناهێڵن ئەزمونی كوردستان لەناوبچێت .
بۆیە، شكستی پارتی وەك نوێنەری ئەو خەڵكە بێ میژوو و پاشماوەیە و وەك ساختەكارێكی گەورە بە قازانج بۆ خەڵكی قوربانیدەر و دڵسۆز دەكەوێتەوە و، لەوێشدا لایەنی رەسەن و نوێنەری راستەقینەی گەل سەردەكەوێت، ئەمەش لەدواجاردا بە قازانج بۆ خەڵك دەكەوێتەوە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست