پەیامەکەی کوردستانپۆست - بۆ دهنگدان مهچۆ، ئهو دهنگهی تۆ! رهوادانه به خیانهت و فهسادیی و ناپاکیی - بەشی هەشتەم
Sunday, 19/05/2013, 12:00
هەڵبژاردن لەنێوان (ئەرك و ماف)دا
وەك ئاشکرایە دوو جۆر لەسیستمی سیاسی هەن کەوا کۆمەڵگا ئەبەن بەڕێوە، ئەوانیش یان ئەوەتا سیستمێکی دیموکرات و تیایدا تاك بەهۆی ئەو دەنگەی لەهەڵبژاردناندا بەکاری دێنێ، تا ڕاددەیەکی زۆر گوێبیستی هەیە و پەراوێز ناخرێ. لەم سیستمەدا تاك زیاتر هەست بەبەرپرسیاری مێژوویی خۆی ئەکا و هەوڵ ئەدا بەشدار بێ لە گشت ئەو بڕیارانەی کە پەیوەستن بە ژیان و چۆنێتی گوزەرانی.. بۆیە لێرەدا ، بەشداری کردن لەهەڵبژاردن وەك (ئەرك)ێکی لێ دێ. چونکێ، لەڕێگای ئەم ئەرکەوە ئەتوانرێ هەنگاو بنرێ بۆ هەریەك لە چاکسازی ، گۆڕانکاری وەیان هەر پرۆسەیەك بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانی کۆی هاوڵاتیان. بۆیە کاتێ ئەو مافە(مافی دانگدان) ئەدرێ بەهاوڵاتیان ،دیارە هەندێ لەهاوڵاتیان بەهۆی کاری سیخوڕی وەیان کردنی تاوانێکەوە ئەو مافەی لێزەوت ئەکرێ و ناتوانێ دەنگ بدا و بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردن بکا ، پێوستە گەلێ بەووردی و ووشیاریەوە ئەو ڕاهێنانە بکا و بزانێ کەوا چۆن مافی پارێزراو ئەبێ. خۆ ئەگەر ئەو دەنگەی دای و دواتر پەشیمان بۆوە لێێ لەبەرئەوەی کاندیدەکەی ئەو کار و بەرنامانەی ئەو دەنگدەرانەی کە دەنگی پێداوون ، جێبەجێ ناکا. ئەوا هەقی خۆیەتی کامپینێ بکا بۆ ئەوەی دەنگی ڕەخنە لەجێگەی دەنگەکەی دابنرێ و کار بۆ لێسەندنەوەی ئەو پۆستە بکرێ کەبەدەنگی ئەو کاندیدەکە وەریگرتوە.
لەسیستمی مۆدرێن و پێشکەوتوخوازدا لەنێوان ئەرك و مافدا پەیوەندیەکی تووندو تۆڵ هەیە و دوای یەکدی ئەکەون. ناکرێ داوای ماف بکرێ و لەجێگەیدا ئەرکێك بەجێنەهێڵدرێ. واتە ، ئەوە مافەکانە وامان لێئەکەن ئەرکەکانمان جێبەجێ بکەین. ئەوە مافی کوردبوونمانە وامان لێ ئەکا ئەرکی کوردایەتی بخەینە ئەجنداو کارەکانمانەوە. خۆ ئەگەر کارێکی باشمان نەکرد بەرانبەر گەلەکەمان ئەوا حەتمەن مافی کورد بوونمان لەخۆمان سەندۆتەوە.
ئەم پەیوەندی(ئەرك و ماف)ە. مەرج نیە تەنها لە کایە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکاندا بەدی بکرێ، ئەوەتا لەئایین و بیروو باوەڕەکانیشدا داکۆکی لێ ئەکرێ.. بۆ نمونە لە ئایینی ئیسلامدا جەخت لەسەر ئەو ئەرکانە ئەکا کە پیوستە باوەڕپێکراوەکانیان بیکەن، واتە کاتێ ئیسلامێك ئەرکی نوێژ کردن، سەردانی مەککە،ڕۆژوو گرتن و ئەوانی تر وەك ئەرکێك گرێ ئەدا بە بیرو باوەڕەکەیەوە، ئەوا مافی خۆی هەیە کەوا داوای ژیانی شکۆمەند لەیەزیدانی خۆی بکا دوای مردنی. بەهەمان شێوە باوك و دایك ئەرکی سەرشانیانە کەوا مناڵانیان پەروەردە بکەن بەبێ هیچ منەتێك و لەبەرانبەردا مافی دایك و باوکایەتی بۆ خۆیان وەدەست دێنن.
لەم سیستمە باش و ڕۆشن و دیموکراتیانە، هاوڵاتی ئەرکی گەلێ ئاسانە و بەشێوەیەك نەخشە ڕێژی بۆ کراوە کە ئاستەمە هەروا بەسانایی ، بەرپرسیك وەیان هەر کەسێك پۆستێکی وای هەبێ بتوانێ گەندەڵی و پیسخۆری بەئەنجام بگەینێ بەبێ ئەوەی هەزارو یەك لێپرسینەوەی لەتەکدا نەکرێ گەر ئاشکرا بوو کەکارێکی نەشیاوی کردوە.
بەهەمان شێوە و لەسیستمە مافیا،دیکتاتۆر، خراپ و ناهەموارەکاندا(بەتایبەتی ئەوەی لای خۆمان) ئەرکەکە گەلێ قورستر ئەبێ لەسەر هاوڵاتی بۆ ئەوەی مافی هاوڵاتبوونی خۆی بپارێزێ و بتوانێ ووڵات و سیستم بەرەو باشتر و گۆڕانکاری گەورە بەرێ. بۆچی؟ لەبەرئەوەی ئەم جۆرە سیستمانە سەراپای ژیانی هاوڵاتی سەرەو ژێر ئەکەن و وای لێ ئەکەن نەزانێ ئەرك و مافەکانی چین . بەشێوەیەك ، ئەرك لەگەڵ مافدا هاوتەریب نامێننەوەو هاوڵاتی سەرشێت ئەبێ لەوەی کە کامیان ئەرکن و کامیان مافن. لەم سیستمانەدا مافی هاوڵاتی سیاسی،ئابووری،کۆمەڵایەتی و دواتر هەموو کایەکانی تر تەواو ئاوەژوو پێکراوون و زەوت کراون. هاوڵاتی سادە ناتوانێ مافی سیاسی خۆی لەبەرانبەر ئەرکە سیاسیەکاندا بەجێ بێنێ. واتە پرۆسەی هەڵبژاردن کە تیایدا دەنگ پێوەرەکەیەتی بەباشی فەراهەم ناکرێ و بەباشیش بەڕێوە ناچێ.. بۆ نمونە لە هەردوو هەڵبژاردنەکانی باشووردا بینیمان کەوا بەرانبەر ئەرکی بەشداریکردن و دەنگدان، مافی دەنگدەر ئەگۆڕدرایەوە بە هەندێ شتی مادی، وەك بەخشینی (ئۆتۆمۆبیل،پارە،دەمانچە، قاپ و قاچاخ و مەنجەڵ و دواتر قوماش و ماکسییش) ئەمە لەکاتێکدا کە پێوستە دەنگدەر ئەرکی خۆی بۆ ئەم جۆرە ئەلتەرناتیڤانە نەگۆڕێتەوەو تەنها مافە سەرەتاییەکانی خۆی لەو دەنگدانە بەجێ بێنێ کەوا ئەوپەڕی (ئازادی)ە و بەس.
کێمان هەیە لە هەڵبژاردنی کوردستانی باشووردا توانیبێتمان بەو پەڕی ئازادیەوە ئەرکی دەنگدان بەجێ بێنین و مافی دەنگدان و هەڵبژاردنمان وەك خۆی نمایش کردبێ؟! حەتمەن کەسمان.. کێ هەیە باوەڕی بەوە هەبێ کەوا (ئەرک)ی دانگدان (ماف)ی دەنگدەر وەدەست دێنێ؟! کێ هەیە بزانێ لەبەرانبەر ئەو ئەرکەی لەسەر شانێتی وەك دەنگدەر مافی پارێزراو ئەبێ و یاری بەدەنگەکەی ناکرێ؟!
وەك ئاماژەمان پێدا کەوا لەسیستمە باشەکاندا ئەرکی هاوڵاتی گەلێ ئاسانە، لێ بەپێچەوانەوە لەهی دووەمدا ئەرکی هاوڵاتی نەك هەر ئاڵۆز و تێکەڵ و پێکەڵە، بەڵکە ئاڵۆزکاوەو بەهەزار فەیلەسوف و حەکیم جیاناکرێتەوە. ئەوەندە قورسکراوە کەوا وا لەهاوڵاتی بکا بێ ئۆمید و بێ هیواو دەستەوەستان بێ. بۆیە ئەرکی هاوڵاتی پێش هەموو شتێ بەئاگابوونە لەماناو چەمکی (ئەرك و ماف). خۆ ئەگەر نەیتوانی ئەرك و ماف لەیەکتری جیابکاتەوە، ئەوا بەسەرشێتی و ماڵوێرانی درێژە بەژیانی خۆی ئەدا. بۆیە ئەرکەکەی گەلێ ئاسان نیەو پێوستە جۆرێك لە(خود بەرنامە) هەبێ بۆ ئەوەی دەنگی هەروا بەفیڕۆ نەڕواو دواتر کاڵەك بە ئەژنۆی خۆی نەشکێنێ.
هاوڵاتیانی باشوور ئەبێ لەو پرسیارەوە دەست پێبکەن، کەئایا دەنگدان چیان بۆ مسۆگەر کردوە و چیشیان بۆ مسۆگەر ئەکا؟؟ حەتمەن لەو دوو پرۆسەیەی پێشوو، بەداخەوە شتی باشیان مسۆگەر نەکرد و لەم جارەشدا هەر هەمان بەرووبووم ئەچننەوە. بۆیە باشتر وایە ، هەڵبژاردەی ئەم جارەیان تەنها و تەنها (بایکۆت)کردنی ئەم هەڵبژاردنە بێ. چونکێ بێ بەشداری کردنی ژمارەیەکی زۆر لەهاوڵاتیان ، دەسەڵات ناتوانێ ڕەوایەتی بە بەردەوامی خۆی بدا. بێ ئەوەی ڕیزی دهنگدەران سەدان و هەزاران تێ نەپەڕێ، دەسەڵات ناتوانێ ڕەوایەتی بەبوونی خۆی بەردوام پێ بدات. کەواتە بەشی یەکەم لەپرۆسەی چاکسازی وەیان گۆڕانکاری ئەوەیە کە هاوڵاتی بەگشتی (بایکۆت)ئەم هەڵبژاردنە بکەن و دەسەڵات بخەنە گومان و گومڕانیەوە. بێ بەشداری کردنی ژمارەیەکی زۆر لەهاوڵاتیان ، ڕووی زەرد و ڕەشی دەسەڵات لەدەرەوەش زیاتر دەرئەکەوێ و ئەبێ مایەپووچی خۆیان ڕاگەیەنن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست