په‌رله‌مانتار و ویژدان...
Thursday, 27/05/2010, 12:00
له‌م هه‌فته‌یه‌دا، به‌هادین قادر (55 ساڵ) كه دانیشتوی چه‌مچه‌ماڵه له‌به‌ر نه‌بونی و برسێتی بیر له‌وه ده‌كاته‌وه كه خۆی و ژنه‌كه‌ی و سێ منداڵه‌كه‌ی بكوژێت، به‌هادین ته‌نها 37 هه‌زار دینار موچه‌كه‌یه‌تی و له خانویه‌كی گڵی بچكۆله‌دا ده‌ژین كه مانگانه 40 هه‌زار دینار كرێ ده‌دات(*)، هه‌ژاری به‌جۆرێك به‌هادینی شپرزه‌ی كردوه كه چیدی بێ ئومێد بوه له‌وه‌ی ململانێ له‌گه‌ڵ ژیاندا بكات و كه‌سیش ئاماده نییه هاوكاری بكات، نایه‌وێت منداڵه‌كانی به سكی برسی و روت و به‌رگی دڕاوه‌وه ببینێ، نایه‌وێت هه‌مو شه‌وێك تراژیدیای به‌بێ شێو سه‌رنانه‌وه‌ی خێزانه‌كه‌ی ببینێ.
هه‌ر له‌م هه‌فته‌یه‌دا، به مه‌به‌ستی كڕینی ئۆتۆمبێل، سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان بڕیاریداوه بڕی (5) ملیار‌و (328) ملیۆن دینار ته‌رخان بكات بۆ په‌رله‌مانتارانی خولی سێیه‌م، به‌شێوه‌یه‌ك بۆ كڕینی ئۆتۆمبێلێك بۆ هه‌ر په‌رله‌مانتارێك (48) ملیۆن دینار دیاریكراوه(**)، ره‌نگه په‌رله‌مانتاره‌كان مافی خۆیان بێت، چونكه ئه‌وان ته‌نها 8 ملیۆن دینار موچه‌كه‌یانه، هه‌ربۆیه ئه‌و پاره‌یه‌ی كه بڕیاروایه ئۆتۆبێلی شه‌خسی بۆ په‌رله‌مانتاره‌كان پێ بكڕدرێت، هه‌رچۆن به‌هه‌ده‌ر دانی سامانی گشتییه، ئاواش ده‌بێته مێژوی ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی به‌و ناعه‌داله‌تییه‌ی ئه‌مڕۆ له ئارادایه رازییه.
له‌وكاته‌دا كه به‌هادین بیر له رێگه و چۆنێتی كوشتنی پێنج مرۆڤ ده‌كاته‌وه، له په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌و په‌رله‌مانه‌ی كه ئۆپۆزسیۆن و ده‌سه‌ڵاتی تێدایه، به‌نهێنی و له رێگه‌ی نوسراوی تاكه كه‌سییه‌وه گفتوگۆی كڕینی ئۆتۆمبێل و بڕی پاره‌كه‌ی ده‌كرێت.
عه‌جه‌ب، "خیانه‌ت" لای ئێمه ته‌نها بونی فایل و سیخوڕیكردن و په‌لكێشكردنی سوپای دوژمن بۆ وڵات ده‌گرێته‌وه، هه‌رچه‌نده تائێستاش ئه‌و جۆره خیانه‌تانه‌مان به سه‌روه‌ری پێ ده‌فرۆشنه‌وه، به‌ده‌ر له‌مه هیچی تر خیانه‌ت نییه؟، ئه‌ی گه‌نده‌ڵی و به‌هه‌ده‌ردانی سامانی وڵات چییه؟، "خیانه‌ت" ئه‌و چه‌مكه‌یه كه زۆر ئاكار و بڕوا و سیاسه‌ت و ...هتد ده‌گرێته‌وه، هه‌مو ئه‌و كردانه‌ی كه كۆمه‌ڵگا و نه‌ته‌وه و وڵات... لێی زه‌ره‌رمه‌ند بێت خیانه‌ته، بۆ نمونه: به سه‌دان كادری حیزبی له‌م هه‌رێمه به پاڵ و وه‌رگرتنی تایبه‌ت نێردراونه‌ته زانكۆكانه‌وه، هه‌ر له زانكۆدا ماسته‌ر و دكتۆرایان پێ ته‌واو ده‌كرێت، دواجار ئه‌و كاینانه ده‌كه‌نه وانه‌بێژ و مامۆستای زانكۆ، هه‌ر ئه‌وانه‌شن زانكۆكان توشی شه‌له‌ل ده‌كه‌ن و هه‌مو كۆمه‌ڵگاش دوچاری زیانێكی زانستی ده‌كه‌ن كه چه‌ندین نه‌وه باجه‌كه‌ی ده‌دات، ئه‌مه خیانه‌ت نییه!؟، هه‌ر له‌وه‌وه تا به‌تاڵانبردنی داهاتی ئه‌م هه‌رێمه خیانه‌ته، بۆیه مه‌رد ئه‌وه‌یه بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی و لایه‌نێك مل نه‌دات بۆ ئه‌و تاوانه.
پێموابێت یه‌كه‌م كه‌س من بوم كه به وتارێك ستایشی په‌رله‌مانتاره‌كانی گۆڕانم كرد(***)، نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی كه منیش گۆڕانم، به‌ڵكو ئه‌وان له‌سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربونیانه‌وه وه‌ك په‌رله‌مانتار كۆمه‌ڵه ئه‌ركێكیان گرته‌ئه‌ستۆ كه پێشتر په‌رله‌مانه‌كه‌مان پێی نامۆ بو، ئه‌وان بون كه (سیفه‌تی په‌رله‌مانتاریان له فه‌رمانبه‌ری ناو په‌رله‌مانه‌وه گۆڕی بۆ نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ی خه‌ڵك)، هه‌ر ئه‌وان بون ده‌ستیانكرد به‌سه‌ردانی ناوچه جیاجیاكان و گوێگرتن له خه‌ڵك و به‌دواداچون بۆ كێشه‌كانیان، ئێستاش ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی گۆڕان له‌به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی تردان كه ئه‌نجامه‌كه‌ی كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌ڵسه‌نگاندنی خودی كه‌سایه‌تی خۆیان و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش ده‌بێت، ئه‌ویش وه‌رگرتن و وه‌رنه‌گرتنی بڕی 48 ملیۆن دیناره بۆ كڕینی ئۆتۆمبێل.
ئه‌گه‌ر سه‌روه‌ری و هۆكاره‌كانی سه‌ركه‌وتنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بنوسرێته‌وه، ناكرێت رۆڵی ئه‌و پاڵه‌وانانه له‌بیر بكرێت كه خۆیان بێ كار كرد و نانی ماڵ و منداڵیان بڕی له‌پێناو بزوتنه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری و گۆڕانكاریدا، زۆرێك له‌وانه تائێستاش بێكارن و به‌جۆرێك ژیان ده‌گوزه‌رێنن كه هیچ مرۆڤێك خۆزگه‌یان پێ ناخوازێت، به‌ڵام ئه‌مانه سه‌روه‌رییه‌كی مه‌عنه‌وییان هه‌یه كه دواجار نه‌ك خۆیان نه‌وه‌كانیشیان شانازییان پێوه ده‌كات.
له‌ئێستادا ده‌بێت چاوه‌ڕێی وه‌ها هه‌ڵوێستێكیش له په‌رله‌مانتاره‌كانی گۆڕان بكه‌ین، كه ئه‌و ئۆتۆمبێلانه لێنه‌خۆڕن كه به سامانی گشتی وڵات ده‌كڕدرێت، تاكه ده‌نگده‌رێكی گۆڕانیش نییه پێی خۆش بێت په‌رله‌مانتاره‌كانمان وه‌ها ده‌سكه‌وتێكی شه‌خسی قبوڵ بكه‌ن، ئه‌گه‌ر قبوڵیش بکرێت با بۆئه‌وه بێت بكرێته پاداشتی هه‌مو ئه‌وانه‌ی له‌پێناو ئه‌م رۆژه‌دا قوتی خێزانه‌كانیان بڕی و به‌ناهه‌ق له مافێك بێبه‌شكران كه له بودجه‌ی گشتیدا هه‌یان بو.
http://www.awene.com/Direje.aspx?Babet=Hemereng&Jimare=1097#home
http://www.sbeiy.com/ku/Inter_Report_Detail.aspx?id=427&cat=1
http://www.sbeiy.com/ku/article_detail.aspx?ArticleID=2656&AuthorID=79
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست