کوشتنی دیموکراسی له ڕێگای هه‌ڵبژاردنه‌وه
Monday, 25/05/2009, 12:00
ده‌مه‌وێت به‌وته‌یه‌کی نووسه‌ری ئینگلیز ڕۆبێرت ویڵس ده‌ستپێبکه‌م، کاتێک ده‌ڵیت: (گه‌وره‌ترین ئه‌رکی دیموکراسی، نه‌ریت و جهژنهکانێتی، ئه‌مه‌یش هه‌ڵبژاردنه). پێناسه‌کردنی هه‌ڵبژاردن وه‌ک نه‌ریتێکی دیموکراسی ده‌مانخاته به‌رده‌م جیهانێکی سیاسی هێنده ساده بۆ ئه‌وه‌ی دیموکراسی به زیندووی بمێنێته‌وه پێویسته نه‌ریته‌کانی بپارێزین ئه‌مه‌ش له گێڕانی ئه‌و جه‌ژنه سیاسییه‌یه به هه‌ڵبژاردن ناسراوه خۆی ده‌بینێته‌وه، له ڕوویه‌کی تریشه‌وه مه‌رج نییه له‌هه‌ر ووڵات و سیسته‌مێکی سیاسی ده‌سه‌ڵاتداردا هه‌ڵبژاردن هه‌بوو ئیتر موماره‌سه‌ی نه‌ریتی دیموکراسی کرابێت، به‌ڵکو به پێچه‌وانه‌وه زۆرجار بۆ به نیشاندانی وێنه‌ی دیموکراسی هه‌ڵبژاردن په‌یڕه‌و ده‌کرێت، ئه‌م جۆره هه‌ڵبژاردنانه، که ده‌شێت به مه‌به‌ستی چاوبه‌ستێکی سیاسی له‌خه‌ڵک بۆ شه‌رعیه‌تدانه‌وه به ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و هێزه سیاسییانه‌ی کورسییه‌کانی ده‌سه‌ڵاتیان مۆنۆپۆلکردووه بێت.
هه‌ڵبژاردن له زانستهسیاسییهکاندا زۆر جار به هوشیارییه‌کی به‌رته‌سک پێناسه ده‌کرێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی فۆرمێکه مرۆڤ له نێوان چه‌ند بڕیارێکی جیاواز‌و لێک‌جیا گیرۆده ده‌کات، که له‌ده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌ی بیرکرده‌نه‌وه‌ی ئه‌وه‌وه‌یه، ئه‌م فۆرمه له‌زۆرێک له‌و ووڵاتانه‌ی هێشتا عه‌قڵێکی په‌تی فه‌رمانڕه‌وایی ده‌کات و هه‌ڵبژاردن له ڕێوڕه‌سمێکی فریوده‌رو گاڵته‌ئامێزدا ئه‌نجام ده‌ده‌ن، ده‌شێت زۆر کوشنده بێت و هه‌ریه‌کێک له‌وانه‌ی ناچارده‌کرێن به‌شداری ئه‌و فۆرمه بکه‌ن به بڕیاردانی کوشتنی خۆیان کۆتایی بێت، ئه‌گه‌ر چی له زۆرێک له‌و ووڵاتانه‌ی دیکتاتۆرییه‌ت و تۆتالیتارییه‌ت سه‌روه‌ره ئۆرگانه‌کانیان هه‌ڵده‌ستن به بڕیاردان له بری تاکه‌کان و تاک بۆ خۆی مافی هیچ بڕیاردانێکی بۆ نییه، ئه‌مه‌ش نمونه‌یه‌کی زۆر به‌رچاوه به تایبه‌تی له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، بۆیه ئه‌وه‌نده گرنگ نییه هه‌ڵبژاردن ئه‌کرێت یان نا هێنده گرنگه هه‌ڵبژاردن بۆ ده‌کرێت و کێن ئه‌وانه‌ی له‌پشتی ئۆرگانیزه‌کردنی ههڵبژاردنهوهن و ئامانجه‌کانی هه‌ڵبژاردن به چ ئاڕاسته‌یه‌کدا ده‌به‌ن، ئه‌مه‌یه ده‌بینین له‌زۆرێک له‌و ووڵاتانه‌ی مۆدێلێکی سیاسی ناوهندهگهرای تۆتالیتا‌ر هه‌ڵبژاردن له تراژیدیایهکداو له‌ژێر ناوی دیموکراسیدا ده‌که‌نه گاڵته‌جاڕی. ئه‌م تراژیکۆمێدیا (Tragikomdie) درامایه‌کی تاسه‌ر ئێسقان ترسناکه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بۆخۆی یاریکردنه به هه‌ست،ئازار،ژیان و چاره‌نووسی ئه‌و خه‌ڵکه‌ی هه‌رجاره‌و له‌ژێر درۆ‌و تهڵهکهیهکدا فریووی ده‌دات، له پاش هه‌ڵبژاردن تۆڵه‌ی ئه‌و چاکه‌یه‌ی ده‌رهه‌قی کردووه لێ ده‌کاته‌وه، یان له باشترین حاڵه‌تدا دوو ئه‌گه‌ر ده‌خاته به‌رده‌می و پێی ده‌ڵێت: ئه‌وه باجی ژیانته! ئه‌مه چ کاره‌ساتێکه نانی مناڵێک له‌ناو بێشکه‌دا گڕوگاڵێتی و وا ده‌زانێت مرۆڤایه‌تی وه‌ک ئه‌و خه‌نییه به ژیان له ژێر ده‌می کولی مه‌قه‌ستی حیزبێک یان سه‌ره‌ک خێڵێکدا بێت و سبه‌یش له مینبه‌ری میدیاکانیانه‌وه به گوێی جیهاندا بنرکێنن له‌هه‌ڵبژاردنێکی دیموکراسی بێ وێنه‌دا سه‌رۆک له %99،9 ی ده‌نگه‌کانی به‌ده‌ست هێنا یان وه‌ک هه‌ڵبژاردنه کارتۆنییه‌کانی کوردستان ڕێک وڕاست و به‌بێ که‌م و زیاد هه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار %50 ی ده‌نگه‌کانیان به‌ده‌ستهێنا، ئه‌م جۆره هه‌ڵبژاردنانه له ڕاستیدا قهشمهریکردنه به هه‌ڵبژاردن و دیموکراسی و ئه‌و خه‌ڵکه‌ی په‌لکێش ده‌کرێن بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کان، ئه‌مه ئیهانه‌کردنی خودی دیموکراسی و ئازادیڕادهربڕینه، لاقرتیکردنه به‌و خه‌ڵکه‌ی هه‌ر جاره‌و به‌ڵێنێکی درۆی پێده‌ده‌ن.
ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له کوردستان ده‌گوزه‌رێت که‌متر نییه له‌و تراژیکۆمێدیایهی له‌سه‌ره‌وه باسم کرد، که هه‌ژده ساڵه له ژێرناوی دیموکراسیدا یاری به چاره‌نووس و که‌رامه‌تی نه‌ته‌وه‌یه‌ک ده‌کرێت، هه‌ژده ساڵ که‌مه بۆ ئه‌وه‌ی ستراکتوری حکومهتێکێکی ته‌ندروست و تۆکمه دروستبکرێت تا بتوانێت له‌سه‌ر قاچی خۆی بوه‌ستێت، به‌ڵام که‌م نییه بۆ درووست‌کردنی هه‌زاران ملیۆنێرو ملیاردێر، ئه‌م مۆدیله سیاسییه‌ی کوردستان به دیموکراسی به‌خه‌ڵک و جیهانی ده‌فرۆشن ده‌شێت ڕاسبێت ئه‌گه‌ر به مۆدیلی به‌عس به‌راوردی بکه‌ین، با ئه‌وشمان بیر نه‌چێت، ئه‌م حیزبانه‌ی ئێمه به‌عسیان پێ فاشی و دژه مرۆڤ و هه‌موو ئازادی و دیموکراسییه‌که، به‌ڵام هێشتا کار به زۆربه‌ی ئه‌و یاسا‌و ڕێسانه ده‌که‌ن ئه‌و به میرات بۆی به جێهێشتوون. کاتێک ئه‌وان دژی به‌عسن هێشتا نه‌یانتوانیوه له ژێر تارماییه‌کانی به‌عس خۆیان ڕزگار بکه‌ن، کولتوری به‌عس کولتورێکی ئاماده‌یه له‌ناو کایه سیاسییه‌کاندا، ئایا ئه‌مه کاره‌سات نییه تۆ باس له ده‌سه‌ڵاتێکی سیاسی هاوشێوه‌ی کوردستان بکه‌یت دیموکراسییه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌به‌عس باشتره، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وه‌ک به‌عس کوشت و بڕ ناکات، وه‌ک به‌عس به کۆمه‌ڵ و به زیندووی ناتانکاته ژێر خۆڵه‌وه، به‌ڵام له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م لایه‌نه فیزیکییه، زۆرجار وه‌ک به‌عس بیرده‌کاته‌وه، ئه‌وه‌ش له تووند‌و تیژییه‌کانی وتار‌و دروشمه‌کانیاندا به‌رامبه‌ر نه‌یار و ئه‌و که‌سانه‌ی وه‌ک ئه‌وان بیرناکه‌نه‌وه و ڕه‌خنه‌یان لێده‌گرن به زه‌قی دیاره، هه‌ڕه‌شه‌کردن له نووسه‌ران و ڕۆژنامه‌نووسان و تیرۆرکردنیان له ژێر ههرناوو بیانوویه‌کدا بێت هیچ پاساوێک هه‌ڵناگرێت، جگه له‌وه‌ی بیسه‌لمێنن ئه‌مان جگه له‌سته‌مکاری، له واقیعدا ناتوانن ببنه هێزێکی لیبراڵ، ئه‌و به‌راوردکارییه‌ش بۆخۆی ڕاکردنه له‌و سته‌مکارییه، شێواندنی وێنه ڕاسته‌قینه‌کانی خۆیانه و گۆڕینه به فۆرمێکی تر بۆ چه‌واشه‌کردن، چونکه به‌راوردێکی له‌م جۆره بۆ خۆی هه‌ڵگری ڕه‌هه‌نده‌کانی توندوتیژییه، نیشاندانی وێنه خراپه‌کانی حکومه‌ت، حیزب یان هه‌ر ئۆرگان و سیسته‌مێکی سیاسی تر، ناچارکردنی خه‌ڵکه ڕازیبێت به‌و شێوازه ده‌سه‌ڵاته‌ی ئه‌و په‌یڕه‌وی ده‌کات، ئه‌مه هه‌ڕه‌شه‌کردنێکی ناڕاسته‌وخۆیه، بۆیه ئاگادارت ده‌کاته‌وه له‌وه‌ی ئه‌و خراپ بوو بۆیه من باشم، که ته‌واو پێچه‌وانه‌ی ئه‌و وته‌ی نووسه‌ری ئه‌مه‌ریکی تیۆدۆر پارکه‌ره کاتێک ده‌ڵێت: (دیموکراسی مانای ئه‌وه نییه، من ئه‌وه‌نده باشم وه‌ک تۆ، به‌ڵکو دیموکراسی مانای وایه تۆ ئه‌وه‌نده باشی وه‌ک من)، من زۆرجار گوتوومه: دیموکراسی ناتوانێت له‌ناو هیچ حکومه‌ت و ده‌زگایه‌کدا گه‌شه‌بسه‌نێت ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌زگاو حکومه‌ته بۆ خۆی ئیفلیج بێت، له باشترین حاڵه‌تیشدا ئه‌گه‌ر دیموکراسی له ناو حکومه‌ت و ده‌زگایه‌کی له‌م شێوه‌دا هه‌بێت هاوشێوه‌ی حکومه‌ته‌که دیموکراسییه‌کی ئیفلیجه.
له ڕوویه‌کی تره‌وه هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌یه پێمان وابێت دیموکراسی کاڵایهکهو حیزب یان حکومه‌ت ده‌توانێت وه‌ک موه‌لیده‌یه‌کی کاره‌با هاورده‌ی بکات و کۆڵانه تاریکه‌کانی شار‌و شارۆچکه‌کانی پێ ڕووناک بکاته‌وه، یان به‌کردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵێک که‌ناڵی ڕاگه‌یاندنی بیستراوو بینراو ئیتر ده‌سته‌به‌ر ده‌بێت و ته‌واو، له‌هه‌مان کاتیش‌دا دیموکراسی به کۆمه‌ڵێک قسه‌ی زل و باق و بریقه‌دار له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی ڕۆژنامه‌کان ناتوانێت پێگه‌یه‌ک له‌ناو ده‌سه‌ڵات و کۆمه‌ڵگادا به‌شێوه‌یه‌ک بۆخۆی دروست بکات توانای گه‌شه‌کردنی هه‌بێت، ئه‌گه‌ر خاوه‌نی پێشینه‌یه‌کی کولتوری و ڕۆشنبیریی گه‌وره نه‌بێت، بۆیه پێم سه‌یره له کوردستان ئه‌وانه‌ی باس له دیموکراسی ده‌که‌ن بڕوا ناکه‌م له هه‌موو ته‌مه‌نیاندا دوو لاپه‌ره‌یان له‌سه‌ر ئه‌و چه‌مکه خوێندبێته‌وه، ئه‌مه کێشه گه‌وره‌که‌ی دیموکراسییه له ووڵاتێکدا، که هه‌موو پیاوه مه‌زنه سیاسییه‌کانی جێگای دیاریان له پۆسته باڵاکاندا هه‌یه توانای ساده‌ترین پێناسه‌ی ئه‌و چه‌مکه‌یان نییه و شه‌وو ڕۆژ له بۆنه‌و نابۆنهدا ده‌یئاخننه ناو قسه‌کانیانه‌وه، شوره‌ییه‌کی گه‌وره‌یه له ووڵاتێکی دیموکراسیدا ئه‌وانه‌ی ده‌چنه سه‌ر کورسی ده‌سه‌ڵات و پۆسته باڵاکانی ئه‌و حکومه‌ته ده‌گرن به‌ده‌سته‌وه به لای که‌مه‌وه خاوه‌ن بڕوانامه‌یه‌کی زانکۆ نه‌بن یان خاوه‌ن ئه‌زموونێکی سیاسی مه‌یدانی نه‌بن. سیاسییه‌کانی ئێمه هه‌موو جۆره‌کانی ویسکی سکۆتلاند ده‌ناسن به‌ڵام باسی ویلیا‌م هاملتۆن و تۆماس رایدیان بۆ بکه سهرڕادهوهشێنن و واده‌زانن ئه‌وانه ناوی جنۆکه و خێون، کاتێکیش ڕه‌خنه‌یان ئاڕاسته ده‌که‌یت تۆ ده‌بیته سه‌رلێشێواو ئاژاوه‌گێڕ، ئه‌گه‌ر تۆمه‌تی ده‌ستی ده‌ره‌کی و خیانه‌تی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ده‌نه پاڵت. ئه‌و عه‌قڵیه‌ته سیاسییه‌ی خۆی وه‌ک دیموکراسی پێشکه‌ش ده‌کات، به‌ڵام ناتوانێت ده‌نگێگی جیاواز له‌ده‌ره‌وی خۆی قبوڵبکات، ئه‌و ئه‌قڵیه‌ته‌ی پێی وایه ئه‌و دیموکراسییه‌و به‌رژه‌وه‌ندی گه‌ل له‌سه‌رووی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی حیزبه‌که‌یه‌وه ده‌بینێت، به‌ڵام دژی هه‌ر لایه‌ن و هێزێکی تره بیه‌وێت به‌شداری پرۆسه‌ی سیاسی بکات ئه‌وه له راستیدا عه‌قڵیه‌تێکه هێشتا له‌ده‌ره‌وه‌ی پرۆسه‌ی تێگه‌یشتنه له سیاسه‌ت، ئه‌وه عه‌قڵیه‌تێکه هێشتا له‌ناو کولتوری خێڵدا هۆشیاری و وزه وه‌رده‌گرێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دیموکراسی له سیاسه‌تدا پێویستی به چه‌ند بنه‌مایه‌ک هه‌یه به بێ تێگه‌یشتن و هه‌رسکردنی ئه‌و بنهمانانه ئه‌سته‌مه هیچ هێزو حیزبێک بتوانێت بیسه‌لمێنێت، که ئه‌و له ڕێڕه‌وه‌کانی دیموکراسی لای نه‌داوه‌و هێزو گه‌شه به پرۆسه‌که‌ی ده‌دات.
بنه‌مای یه‌که‌م: لێبورده‌یی یان دڵفراوانی Toleranz، ئه‌م چه‌مکه چه‌مکێکی هه‌م ئاڵۆز‌و هه‌م قوڵه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له هه‌ربوارێکدا ده‌توانرێت به شێوه‌یه‌کی تر قسه‌ی له‌سه‌ربکرێت (ئه‌گه‌ر چی تا ئێستا قسه‌کردن له‌سه‌ر ئه‌م چه‌مکه زۆر لاوازه له ڕۆشنبیریی کوردی‌دا به گشتی، هیوادارم بتوانم له داهاتوودا ڕوونتر وفراوانتر قسه له‌و باره‌وه بکه‌م). ئه‌وه‌ی گرنگه و من ده‌مه‌وێت لێره‌دا به کورتی باسی لێوه بکه‌م لێبورده‌ییه له سیاسه‌تدا، ئه‌گه‌ر چی هاتنه کایه‌ی ئه‌م چه‌مکه بۆ خۆی سه‌ره‌تا له ئایین و سیاسه‌ته‌وه سه‌ریهه‌ڵدا، وته‌یه‌ک هه‌یه ده‌ڵێت: (واز له ئازادی ئه‌وانی تر بهێنه با به ڕێگاکه‌ی خۆیاندا بڕۆن، لێیان گه‌ڕێ ئاسوده‌بن، کاتیان به‌رێ با جیهان له تێڕوانینی خۆیانه‌وه ببینن) ئه‌مه چه‌مکی لێبورده‌ییه، ئه‌مه ئه‌و چه‌مکه‌یه به یه‌کێک له‌هه‌ره کۆڵه‌که گرنگه‌کانی دیموکراسی ناوزه‌ند ده‌کرێت، هیچ هێزێک نییه له دونیادا بتوانێت باس له دیموکراسی بکات به بێ تێگه‌یشتن له‌م چه‌مکه، به بڕوای من گه‌وره‌ترین که‌مایه‌سی له‌ناو کۆمه‌ڵگا دواکه‌وتووه‌کاندا نه‌بوونی تێگه‌یشتنه له‌م چه‌مکه. تۆ چۆن ده‌توانیت په‌یره‌وی سیاسه‌تێکی ته‌ندروست بکه‌یت، به بێ قبوڵکردنی ئه‌و هێز و توانایانه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ی تۆ بیرده‌که‌نه‌وه!، تۆ چۆن ڕووت دێت باس له دیموکراسی بکه‌یت، له کاتێکدا ئاماده نیت کورسییه‌که‌ی ژێرت بۆ که‌سێکی له‌خۆت به تواناتر جێبهێڵیت!، بوونی لێبورده‌ییه له کۆمه‌ڵگا تهندرووستهکاندا فه‌زای دیموکراسی ده‌هێنێته‌وه ئاراوه، به بێ لێبورده‌یی باسکردن له دیموکراسی جگه له قسه‌یه‌کی بێ مانا هیچ مانایه‌کی تر نادات به‌ده‌سته‌وه.
بنه‌مای دووه‌م: لیبرالیزم که ناسراوه به ڕووه‌که‌ی تری دیموکراسی ئه‌گه‌ر چی زۆرێک له بیریاران دیموکراسی و لیبرالیزم به‌یه‌که‌وه له چه‌مکێکدا گرێده‌ده‌نه‌وه. لیبرالیزم بۆ خۆی هوشیارییه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی سیاسییه، که کار بۆ ئازادکردنی هه‌موو تاکه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگا ده‌کات له‌و به‌ندانه‌ی هێزه ده‌سه‌ڵاتداره‌کان دروستیانکردووه. ئه‌و چه‌مکه‌ی لیبرالیزمی پێ ده‌ناسرێته‌وه ئازادکردنی تاکه‌کانه له سێ بواری سه‌رکیدا (سیاسی، ئابوری، ڕۆشنبیریی) هه‌ر تاکێک له‌یه‌کێک له‌م سێ بوارانه‌دا ئازادییه‌کانی زه‌وت بکرێت، که‌واته له کۆمه‌ڵگایه‌کی نا ئازاد‌دا ده‌ژی، هه‌موو کۆمه‌ڵگایه‌کی نائازادیش کۆمه‌ڵگایه‌که زۆر دووره له ڕوناکی دیموکراسییه‌وه. هه‌ر هێزو ده‌سه‌ڵاتێک بخوازێت به‌ره‌و دیموکراسی هه‌نگاو بنێت پێویستی به‌وه هه‌یه تاکه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگا له کایه سیاسییه‌کاندا به سه‌ربه‌ستانه به‌شداری پێ‌بکات یان هانیان بدات بۆ به‌شداریکردن له‌و کایه‌و پرۆسه سیاسییانه‌دا، به بێ ئه‌مه ئه‌سته‌مه باس له دیموکراسی بکه‌یت، ئایا ئه‌مه قسه‌یه‌کی قۆڕ نییه له ووڵاتێکی وه‌ک کوردستان، له ژێر سایه‌ی دوو ده‌سه‌ڵاتی تۆتالیتاری ئهوتۆریتاریزمی وه‌ک یه‌کێتی و پارتیدا قسه له دیموکراسی بکرێت، له‌کاتێکدا هه‌ناسه‌یه‌ک نه‌ماوه مۆنۆپۆلیان نه‌کردبێت، ڕۆژانه گوێمان لێیه له‌لایه‌ن پیاوانی ئه‌م دوو ڕژێمه‌وه چۆن سوکایه‌تی به‌تاک و کۆی نه‌ته‌وه‌یه‌ک ده‌کرێت، له‌سه‌ر ئازادیڕاده‌ربڕین ده‌بینین چۆن سزای ڕۆژنامه‌نووسان ده‌ده‌ن و چۆن پیلانی تیرۆرکردنیان داده‌ڕێژن. فه‌یله‌سوفی فه‌ره‌نسی فۆلتێر ده‌ڵێت: (من له‌گه‌ڵ ئه‌و بیر‌و بۆچوونه‌ی تۆدا نیم، به‌ڵام ئاماده‌م ژیانم دابنێم، له‌پێناو ئه‌وه‌ی هه‌ته به ئازادی بیڵێیت) ئه‌مه پره‌نسیبی لیبرالیزمه له لێبوورده‌ییدا، تۆ خاوه‌نی ئه‌م جۆره پرنسیبه هیومانیزمییه نه‌بیت، ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئازادی سه‌روه‌ر بێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر تاکیک خاوه‌ن ده‌نگ و بیرکردنه‌وه‌ی خۆیان بن، تۆ له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونانه نیت، به‌ڵام داکۆکی لێده‌که‌یت، له‌بری ئه‌وه‌ی سزای بۆ ده‌ربکه‌یت، بۆیه به بێ ئه‌مه هیچ ده‌زگاو یاسا‌و سیسته‌مێک ناتوانێت له عه‌قڵی سته‌مکاری و توندوتیژی ڕزگاری بێت، که ته‌واو پێچه‌وانه‌ی دیموکراسی و هه‌موو به‌هایه‌کی ڕه‌وشتی مرۆڤانه‌یه.
بنه‌مای سێهه‌م: ناتوندوتیژی Non-violence ئه‌مه پرنسیبێکه هه‌ڵگری کۆمه‌ڵێک به‌های مرۆڤانه‌یه، ناتوندوتیژی تاکه فه‌لسه‌فه‌یه‌که ده‌توانێت زۆر به ئاسانی هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌کی پێ بناسیته‌وه، له رێگای ئه‌م فه‌لسه‌فه‌وه ده‌توانیت کۆمه‌ڵگای دیموکرات له کۆمه‌ڵگای نادیموکرات جیا بکه‌یته‌وه، (ئه‌ڵبه‌ته هیچ جێگایه‌ک نییه له‌م دونیادا به‌تاڵ بێت له تووندووتیژی) جیاکردنه‌وه‌که‌ش زۆر ئاسانه، هیچ خۆ ماندووکردنێکی ناوێت، ڕۆژنامه‌یه‌کی ڕۆژانه‌ی سه‌ربه‌ست یان ئه‌هلی بگره به‌ده‌سته‌وه یان ڕۆژنامه‌نووس و نووسه‌رێک بدوێنه، بزانه چه‌ند ده‌ستدرێژی، هه‌ڕه‌شه، کوشتن و زه‌بروزه‌نگ ده‌که‌وێته به‌رچاوو گوێت،زۆر به ئاسانی تێده‌گه‌یت ڕۆژانه چه‌ند حاڵه‌تی کوشتنی ئافره‌تان هه‌یه‌و ده‌سه‌ڵات خۆی له گێلی ده‌دات یان بێده‌نگه، قه‌ده‌غه‌نه‌کردنی کولتوری خێڵ و بنه‌ماڵه‌گه‌رێتی بۆ خۆی به‌زیندووڕاگرتنی ئه‌و دیارده ترسناکانه‌یه ڕۆژانه قوربانی لێده‌که‌وێته‌وه ئه‌گه‌ر چی هه‌ندێک جار ده‌گاته ئه‌وپه‌ڕی به‌ربه‌ریه‌ت وه‌ک کوشتنی دوعا، که ویژدانی مرۆڤایه‌تی ڕاچڵه‌کاند جگه له پیاوه سیاسییه‌کانی کوردستان نه‌بێت تاڵێک له سمێڵیان با نه‌یجووڵاند. له‌سه‌رێکی تره‌وه ئه‌م فه‌لسه‌فه‌ی ناتوندووتیژی به‌ته‌نها نایه‌ت کار له‌سه‌ر ئه‌و لایه‌نه فیزیکییانه بکات له‌سه‌ره‌وه باسم کردن، له‌به‌رئه‌وه لایه‌نێکی تری ترسناکتری وێرانکردنی سایکۆلۆژییه‌تی ئینسانه‌کانه له‌ڕیگای شهڕپێفرۆشتنی ده‌روونییه‌وه، ئه‌م ڕێگا ترسناکه زۆربه‌ی کاته‌کان به‌رامبه‌ر مرۆڤه هۆشیاره‌کانی کۆمه‌ڵگا کاتێک ده‌سته‌مۆ نابن به‌کارده‌هێنرێت، ئه‌و نایه‌ت وه‌ک دوعا به بلۆک سه‌ری پان بکاته‌وه به‌ڵکو دێت به بلۆک ڕۆحی وێران ده‌کات، توشی تێکشکانێکی ده‌روونی وای ده‌کات خۆی ده‌ستی بچیته خۆی، یان به شێوه‌یه‌کی تر نایه‌ت په‌لاماری خۆت بدات، به‌ڵکو په‌لاماری خێزان،دایک و خوشکه‌کانت ده‌دات، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه نایه‌وێت ئه‌و کولتوره‌ی هه‌زاران ساڵه جه‌هلی خێڵ به‌رهه‌می هێناوه له‌ناو به‌رێت و به یاسایی بکات تا بنه‌بڕ ده‌بێت، به‌ڵکو ئه‌و بۆ مانه‌وه‌ی خۆی له‌سه‌ر ئه‌و کورسییه ئه‌زه‌لییه‌ی له ئاسمانه‌وه بۆی هاتووه پێویستی به‌زیندوو کردنه‌وه‌و گه‌شه پێدانیانه، ئه‌مه‌یه له‌هه‌موو ئه‌و ووڵاته نا دیموکراتانه‌ی دونیادا خێڵ و سه‌ره‌ک خێڵ پێگه‌یه‌کی تایبه‌ت و کاریگه‌ریان له‌ده‌سه‌ڵاتدا هه‌یه.
که‌واته با لێره‌وه ئه‌م پرسیاره له خۆمان بکه‌ین، ئایا حکومه‌تێک له لایه‌ن دوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتداره‌وه مۆنۆپۆلکرابێت، تا چه‌ند ئه‌و حکومه‌ته ده‌توانێت حکومه‌تێکی دیموکرات بێت؟.
بێگومان کاتێک حکومه‌ت ده‌بێته کۆیله‌ی حیزب و حیزب ده‌بێته عه‌قڵی حکومه‌ت ئیتر جێگایه‌ک بۆ دیموکراسی نامێنێته‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه پرنسیبی دیموکراسی خۆی له فره ده‌نگ و ڕه‌نگییدا ده‌بینێته‌وه له ده‌سه‌ڵاتدا، قۆرخکردنی ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن حیزبێک یا دووان ته‌واو هاوشێوه‌ی ده‌سه‌ڵاته ئهوتۆریتاریزم و تۆتالیتاره‌کانه. ئه‌و وێنه‌ی یه‌کێتی و پارتی له‌هه‌ژده ساڵی ڕابردوودا نیشانی ده‌ره‌وه‌ی خۆیانی دا سه‌لماندی تا چه‌نێک ئه‌وانه شیاوی ئه‌وه‌ن جڵه‌وی ده‌سه‌ڵات له‌ده‌ستیاندا بێت، به‌ڵام تۆ چی له کۆمه‌ڵگایه‌ک ده‌که‌یت بووه به ئۆردوگای حیزب و حیزب بڕیارده‌ره له‌سه‌ر کۆی ژیانی، ئه‌م به ئۆردوگاکردنهی کۆمه‌ڵگا له لایه‌ن دوو حیزبی ملهوڕه‌وه هه‌مان کولتوری ده‌سه‌ڵات و هێزه دیکتاتۆره‌کانی دونیایه، هه‌ژده ساڵ یاریکردن به هه‌ست و ئه‌قڵی نه‌ته‌وه‌یه‌ک له لایه‌ن دوو حیزبی پاوانخوازه‌وه که‌م نییه بۆ ئه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌ک غه‌رقی ناو نه‌فامی ببێت. نووسه‌ری سویسری فریدریش دویرهنمات ده‌ڵێت: (له ڕووسیا خه‌ڵک له ڕێگای حیزبه‌کانه‌وه گه‌مژه کراون، به‌ڵام له ئه‌مه‌ریکا له ڕێگای ته‌له‌فزیۆنه‌وه) له کوردستانه‌که‌ی له‌مه‌ڕ ئێمه له ڕیگای هه‌ردووکیانه‌وه، ئه‌گه‌رچی له کوردستان ته‌له‌فزیۆنیان له‌به‌رچاوی خه‌ڵک خستووه، زۆرجار گوێمان له‌و گلهییهیه، که خه‌ڵک زیاتر ته‌ماشای که‌ناڵ و زنجیره عه‌ره‌بییه‌کان ده‌که‌ن، که‌سیش ناپرسێت ئه‌مه بۆ؟. ئێمه نه‌ته‌وه‌یه‌کین هێشتای فێری ئه‌وه نه‌کراوین پرسیار بکه‌ین، هێشتا نه‌مانتوانیوه له‌و گیانه کۆیلهیهتییهی له ناخماندایه خۆمان ڕزگار بکه‌ین، بێده‌نگی خه‌ڵکه ته‌مه‌نی دیکتاتۆره‌کان درێژ ده‌کات، که‌نعان مه‌کیه له هه‌ردوو کتێبی (کۆماری ترس و بێده‌نگی و دڵڕه‌قی)دا جوان ئه‌و خاڵه‌ی پێکاوه.
هه‌موو ئه‌وانه‌ی له عێراقدا ده‌سه‌ڵاتیان گرتووه به‌ده‌سته‌وه نه‌ک پرسییان به هیچ که‌سێک نه‌کردووه، به‌ڵکو ده‌رئه‌نجامی شۆڕش و کوده‌تای سیاسیی بوون، ئایا حیزبێکی وه‌ک به‌عس به کوده‌تا ده‌سه‌ڵاتی به‌ده‌سته‌وه گرتبێت هه‌روا به ئاسانی ئاماده‌یه ئه‌و ده‌سه‌ڵاته به جێ بهێڵێت؟. کولتوری سیاسی ووڵاتی ئێمه کولتوری زه‌بروزه‌نگه بۆیه هه‌رکه‌سێک هات و ده‌سه‌ڵاتی گرت به‌ده‌سته‌وه ئیتر به میراتی باو باپیرانی ده‌زانێت مه‌گه‌ر هێزێکی وه‌ک خۆی بتوانێت له ڕه‌گه‌وه هه‌ڵی ته‌کێنێت، ئه‌م حیزبانه‌ی ئێمه‌ش سه‌ر به‌هه‌مان کولتورن، کولتوری شاخ و شۆڕش، کولتوری کوشتن و خوێنڕشتن، ئه‌مه مێژووی واقیعی ئه‌وه و له‌م مێژووه دانابڕێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و له بناغه‌دا شۆڕشی وه‌ک ئه‌رکێکی ئه‌خلاقی و ئینسانی نه‌کردووه، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رگری له چین، توێژ یا نه‌ته‌وه‌یه‌ک بکات کاتێک ده‌بینێت ده‌چه‌وسێته‌وه، به‌ڵکو هه‌ڵکه‌وت و ڕێکه‌وتێکی سیاسی کردوویه‌تی به شۆڕشگێڕ، ئه‌گه‌رچی من بۆ خۆم هه‌میشه (شۆڕش) له نێوان دوو که‌وانه‌دا داده‌نێم، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی کورد تائێستا کردوویه‌تی جگه له خه‌باتێکی چه‌کداری سیاسی نه‌بووه به شۆڕش وه‌ک ئه‌وه‌ی به ته‌واوی سیسته‌مه کۆنه‌که بگۆڕێت به‌و سیسته‌مه نوێیه‌ی ئه‌و شۆڕشی بۆ کردووه، به ئێستاشه‌وه ئه‌و دوو حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌ی کوردستان خاوه‌ن په‌یڕه‌وو پرۆگرامێکی کۆنکرێت نین، که‌سێک بیخوێنێته‌وه تێ بگات ئه‌مانه سه‌ر به چ جۆرێک له جۆره‌کانی حیزبی سیاسین، له هیچ جێگایه‌کی دونیادا حیزبێک نییه پهیڕوو پرۆگرامی نه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵک تێ بگات ئه‌مانه چین و ده‌یانه‌وێت چی بکه‌ن، پارتی ده‌ڵێت: ئێمه دیموکراتین به‌ڵام بڕوای به هه‌موو شتێک هه‌یه ته‌نها دیموکراتی نه‌بێت، پارتێکی دیموکراته به‌ڵام قه‌ت که‌سێکی نابهرزانی ناتوانێت بگاته پۆسته باڵا هه‌ستیاره‌کان، یه‌کێتی ئه‌ڵێت: من سۆسیال دیموکراتم، به‌ڵام تا مام جه‌لال گڵۆپی سه‌وز هه‌ڵنه‌کات ناتوانن نه‌ک کۆنگره به‌ڵکو کۆبوونه‌وه‌یه‌کی مه‌کته‌بی سیاسی بکه‌ن. سۆسیال دیموکراتی ئه‌ڵمانیا تا ئێستا هه‌شت جار پرۆگرامی خۆیان ده‌ستکاریکردووه که دواتریان 2007 به‌بۆنه‌ی ڕۆژی پارته‌که‌وه بوو له هامبۆرگ، به‌ڵام ئه‌م پرۆگرامی نییه تا بیگۆڕێت یان ده‌ستکاری بکات، نه‌ک له ئه‌ندامێکی ساده به‌ڵکو له کادیرێکی ئه‌و دوو حیزبه بپرسه سیمبول و دروشمی حیزبه‌که‌ت چییه دڵنیابه نایزانێت، که ئه‌مه پرسیارێکی هه‌ر زۆر ساده‌یه، ئاخر ئه‌مه تراژیدیا نییه بۆ ئه‌و حیزبه مۆدێرنانه‌ی ئێمه شه‌وو ڕۆژ باسی دیموکراسی و شۆڕش ده‌که‌ن، که له ڕاستیدا ئه‌مانه له زانستی سیاسی‌دا ده‌چنه خانه‌ی حیزبه کلینتێلیسموس Klientelismus ه‌کانه‌وه، واته ئه‌مانه جۆره ئۆرگانێکن له وێنه ساده‌کانی فیودالیزم Feudalismus و فامیلیاریزم Familiarismus بۆیه هه‌میشه ده‌بینین به‌رژه‌وه‌ندی خێزان و حیزبه‌که‌یان ده‌که‌وێته پێش هه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌کی تره‌وه، ئه‌و کاته‌ش باس له به‌رژه‌وه‌ندی نیشتیمان و نه‌ته‌وه ده‌که‌ن، ئه‌وه ئه‌و کاته‌یه مه‌ترسییه‌کانی سه‌ر نه‌ته‌وه‌و نیشتیمان خه‌ریکن ده‌بنه مه‌ترسی بۆسه‌ر خیزان و حیزبه‌کانیان، خه‌ڵکیان ئه‌و کاته بیر ده‌که‌وێته‌وه، که پێویستیان پێیانه، که ئه‌مه ته‌واو پێچه‌وانه‌ی هه‌ر حیزبێکی مۆدێرنه له دونیادا، سیاسه‌تمه‌داری ئه‌ڵمانی کۆنڕاد ئادهناوهر ده‌ڵێت: (هه‌موو حیزبێک پێویسته بۆ خه‌ڵک بێت نه‌ک بۆ خودی خۆی) به‌ڵام ئه‌م حیزبانه‌ی ئێمه تا خۆیان وه‌ستابن خه‌ڵکیان بیرناکه‌وێته‌وه، چونکه ستراتیژی ئه‌و سیاسه‌تکردن نییه وه‌ک خاوه‌ن بیروباوه‌ڕێکی سیاسی یان هه‌ڵگری ئایدۆلۆژیایه‌کی تایبه‌ت به‌خۆی نییه کاری بۆ بکات، به‌ڵکو وه‌ک گووتم، ڕێکه‌وتێک کردوونی به سیاسهتمهدارو شۆڕشگێڕ.
ئه‌و کاریکاتێره‌ی یه‌کێتی و پارتی دروستیانکردووه‌و ناویان ناوه په‌رله‌مان جگه له مه‌زادخانه‌یه‌کی سیاسی له‌ده‌زگایه‌کی ئه‌کتیڤی سه‌ربه‌خۆ ناچێت، که کاری ئۆرگانیزهکردنهوهی سه‌رله‌به‌ری ده‌زگا ئیداریی و حکومییه‌کان بێت، په‌رله‌مان له زمانی فه‌ره‌نسی کۆندا به واتای گفتوگۆکردن دێت، واته ئه‌و جێگایه‌ی له ڕێگای گفتوگۆکردنه‌وه یاساکان داده‌ڕێژێت، په‌رله‌مان ئێستا له ووڵاته دیموکراته‌کاندا به بریکاری خه‌ڵک ناوی ده‌هێنن، واته نوێنه‌ری خه‌ڵک، له هه‌موو جێگایه‌کی دونیا ئه‌گه‌ر په‌رله‌مانێکی ته‌ندروست هه‌بێت ئه‌و خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری، یاسا و جێبه‌جێکردنه، که‌چی له کوردستان ئه‌و سێ ده‌سه‌ڵاته به خودی په‌رله‌مانیشه‌وه به‌ده‌ست حیزبهوهیهو حیزب چاوساغی په‌رله‌مانه، له هه‌موو جێگایه‌کی دونیادا خه‌ڵکانی به‌تواناو لێهاتوو خاوه‌ن ئه‌زموون ده‌بنه ئه‌ندام په‌رله‌مان، که‌چی له کوردستان به‌رپرسه نه‌خوێنه‌واره‌کانی حیزب کورسییه‌که‌ی به‌تاڵیان بۆ که‌س نه‌هێشتووه‌ته‌وه، له کوێی دونیادا ڕووده‌دات په‌رله‌مان ئاگای له بودجه‌ی حکومه‌ت نه‌بێت؟. کام په‌رله‌مان له دونیادا موچه له حیزب وه‌رده‌گرێت؟. ئه‌مه کاره‌ساته‌که‌یه له‌هه‌ر ووڵاتێکدا نه‌توانرێت حیزب له حکومه‌ت و کۆمه‌ڵگا له حیزب جیا بکاته‌وه!. کۆمه‌ڵگای ئێمه کۆمه‌ڵگایه‌که بێ ئه‌وه‌ی ئاگای له‌خۆی بێت بووه به به‌شێک له‌جه‌سته‌ی حیزب یان به پێچه‌وانه‌وه. هۆشیارییه‌کی گه‌وره‌ی ده‌وێت کۆمه‌ڵگای ئێمه له‌وه تێ بگات پێویسته حیزب خزمه‌تکاری خه‌ڵک بێت و نه‌ک وا تێبگات ئه‌و سواڵکه‌ری به‌رده‌رگای حیزبه‌و ئه‌وه‌ی حیزب بۆی ده‌کات له‌بابه‌تی سه‌رفتره‌و زه‌کاته، ئه‌م تێڕوانینه هه‌ژده ساڵه ئه‌و دوو زلحیزبه له ڕێگای که‌ناڵه جیاوازه‌کانیانه‌وه کاریان بۆ کردووه تا به‌و شێوه‌یه‌ی ئه‌مڕۆ کۆمه‌ڵگا بکه‌نه مێگه‌ل، مێگه‌له کۆمه‌ڵگاش ئه‌و کۆمه‌ڵگایه، که نه پرسیار ده‌کات و نه ڕه‌خنه‌ش ده‌گرێت، ئه‌گه‌ر کارێکیشی بۆ بکه‌ن ئه‌وا به خێری حیزبی ده‌زانێت، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه ئه‌م دوو حیزبه له کوردستاندا ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی ئه‌و وێرانکارییانه‌ی حیزبی به‌عس کردوونی ڕۆژانه زۆر به نرخێکی گران به خه‌ڵکی ده‌فرۆشن، که له ڕاستیدا ئه‌مه کاری حیزب نین وه پێویست ناکات حیزب خۆی له‌ناو ئه‌و پرۆژانه هه‌ڵقورتێنێت ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی دزین و خۆ ده‌وڵه‌مه‌ندکردن نه‌بێت، نمونه‌یه‌کمان له‌م دونیایه‌دا نییه حزب کاری پرۆژه‌سازی و ئاوه‌دانکردنه‌وه بکات ته‌نها له سیسته‌مه به‌ناو کۆمۆنیسته‌کانی وه‌ک ڕوسیای ستالین و ووڵاتانی هاوشێوه‌دا نه‌بێت، که حیزب ده‌بێته ئه‌و خوداوه‌ندی نان و ژیان له‌ده‌ستی ئه‌ودا ده‌بێت و خه‌ڵک پێویسته نۆکه‌ری حیزب بێت، هیچ که‌سێک خاوه‌نی هیچ نییه حیزب نه‌بێت، دیاره ئه‌م باسه دوور‌و درێژه ناچمه‌وه سه‌ری ته‌نها ئه‌وه ده‌ڵێم: ئه‌و کارانه ئه‌رکی حکومه‌تن، ئه‌گه‌ر حکومه‌تیش، شه‌قام بۆ ئه‌و جێگایانه‌ی شه‌قامیان نییه درووست نه‌کات، کاره‌با و ئاو بۆ هاوڵاتیان دابین نه‌کات، ئه‌و گوند‌و شارانه‌ی وێرانکراون ئاوه‌دان نه‌کاته‌وه، موچه بۆ که‌سوکاری ئه‌نفال و شه‌هیدان نهبڕێتهوهو له ڕێگای که‌ره‌سته‌ی نوێوه جوتیارو ئاژه‌ڵداره‌کان بۆ نۆرمالیزه‌کردنی ژیانیان ته‌یارو ئامادهنهکاتهوه، ئه‌ی نابێت بپرسین ئه‌رکی حکومه‌ت چییه؟!.
له‌وه ده‌چێت ئه‌رکی حکومه‌ت لای ئێمه کورتکرابێته‌وه بۆ دوو ئۆرگانی حیزبی، ئه‌م دوو ئۆرگانه‌ش وه‌ک مێژووه تاریکه‌کانی سه‌ده‌کانی پێشوو له‌نێوان خۆیاندا هه‌رێمه‌که‌یان دابه‌شکردووه، کاره‌که‌شیان کورتکراوه‌ته‌وه بۆ دابه‌شکردنی داهاتی هه‌رێم و به فیڕۆدانی هه‌موو ده‌سکه‌وته‌کان له پێناو به‌رژه‌وه‌ندی حیزبی‌دا یان خۆیان گووته‌نی به دوبه‌ی کردنی سلێمانی و هه‌ولێر، به‌ڵام دوبه‌یه‌کی بێ ئاو،کاره‌باو ئاوه‌ڕۆ، وه‌ک ئه‌وه‌ی هیچ شار‌و شارۆچکه‌یه‌کی تر له کوردستاندا نه‌بێت، له هه‌موو خۆشتریش باسی ئاوه‌دانکردنه‌وه ده‌که‌ن، سه‌باره‌ت به بودجه‌ی هه‌رێمیش په‌رله‌مان و حکومه‌ت وه‌ک سه‌گه‌که‌ی پاڤلۆڤ له دووره‌وه ده‌میان لیک ده‌کات، ژیانی خه‌ڵکیش به چ ئاراسته‌یه‌کدا ده‌ڕوات ئه‌وه کێشه‌ی ئه‌وان نییه، کاتێکیش ڕه‌خنه ده‌گریت، ئه‌وا هێنده نووسه‌ری ده‌رباریان هه‌یه نه‌ک ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ڵامت بده‌نه‌وه، به‌ڵکو به‌ڵگه‌ی تاوانباری و خیانه‌تی نیشتیمانیشت بۆ دروست ده‌که‌ن، وه ئهمهشیانکردووه، ئه‌گه‌ر ڕۆژانه گوێمان له نووسه‌ره ده‌رباره‌کانی ئه‌م دوو حیزبه بێت چ ژه‌هرێک ده‌رخواردی کۆمه‌ڵگا ده‌ده‌ن و چۆن که‌رامه‌ت و ئازادی ئینسان ده‌خه‌نه ژێر قۆندهرهکانیان و که‌سیش ناتوانێت پێیان بڵێت: "پشتی چاوتان برۆیه" مرۆڤ ڕقی له خۆی ده‌بێته‌وه ده‌بینێت کێ نوێنه‌رایه‌تی ده‌کات.
هه‌رچی فاشیل له سیاسه‌تدا، دوو ڕوو له ههڵوێستداو مشخۆر هه‌یه ته‌نها له ناو ئه‌م دوو حیزبه‌دا توانیویانه جێگایان بێته‌وه، هه‌موو ئه‌وانه‌ی بیروباوه‌ڕو که‌رامه‌تیان ته‌نها له به‌رژه‌وه‌ندی کهسێتیدایه، خاوه‌ن هه‌ڵوێستێکی سیاسی نین، له‌ناو حیزب و لایه‌نه‌کانی تر نه‌یانتوانیوه بمێننه‌وه ئه‌مڕۆ له‌ناو یه‌کێتی و پارتیدا هه‌ر یه‌کێکیان به‌نو ئه‌سه‌د بن خه‌زیمه‌ی (بن‌و أسد بن خزیمە) میدیاکانن. ته‌نها کاری ئه‌م ئه‌م به‌نو ئهسهدانه وه‌ڵامدانه‌وه و تۆمه‌تبارکردنی هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌یه ڕه‌خنه‌یه‌ک له ئاغا‌و سه‌رۆک خێڵه‌که‌ی ده‌گرێت، له‌پێناو ستایشێکی سه‌رۆک خێڵه‌که‌یدا ئاماده‌یه کام ناوه‌ی شیاو نییه له نه‌ته‌وه‌یه‌کی بنێت و به‌مافی خۆشی ده‌زانێت پێمان بڵێت: (نانت نه‌ده‌مێ وه‌ک سه‌گ پێم ده‌وه‌ڕیت) وه‌ک ئه‌وه‌ی ئه‌و پاره بێ شوماره‌ی ده‌ڕژێته ناو بانکه‌کانی ئه‌م دوو حیزبه‌وه به ڕه‌نجه شانی ئه‌و به‌ده‌ست هاتبێت. بۆیه ده‌شێت مه‌ترسی ئه‌م جۆره حیزبانه له‌وه‌دا بێت خه‌ڵکانی وا په‌روه‌رده ده‌که‌ن هه‌موو مافێک به خۆی بدات چی بڵێت و چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هاوڵاتیاندا بکات و چۆن له مافه‌کانی ئه‌و خه‌ڵکه ده‌ڕوانێت، که ڕۆژگارێک جگه له هه‌زاران قوربانی به‌ڵکو ژیانیشی قوربانی ئه‌م رۆژگاره لوکسۆسهی ئه‌مان کردووه، هه‌موو ئه‌و کاریزمایانه‌ی له‌ناو ئه‌و دوو حیزبه‌دا ده‌یانبینین به‌رهه‌می عه‌قڵی ئه‌م به‌نو ئهسهدانهن لهتهنگو چه‌ڵه‌مه‌و قه‌یرانه ترسناکه‌کاندا وه‌ک فه‌یله‌سوفی ئه‌ڵمانی نیتشه ده‌ڵێت: (خوێنهکانمانیان ده‌وێت نه‌ک ئازاره‌کانمان).
خاڵێکی تر که زۆر گرنگه ئه‌مڕۆ قسه‌ی له‌سه‌ر بکه‌ین و هه‌روا به ئاسانی به‌سه‌رماندا تێپه‌ڕ نه‌بێت، ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌یه له 25.7.2009 دا ده‌کرێت، که له ئێستاوه مه‌ترسییه‌کانی ئه‌و ده‌سکه‌وته مێژووی و هه‌له گه‌وره‌ی بۆ خه‌ڵکی باشوری کوردستان هاتۆته ئاراوه له لایه‌ن یه‌کێتی و پارتییه‌وه بکه‌وێته مه‌ترسییه‌وه، ڕه‌نگه که‌سێک بپرسێت مه‌ترسییه‌کان له کوێدان، کاتێک ئه‌و دوو حیزبه به‌رده‌وام بانگه‌شه‌ی ڕه‌خساندنی ئازادی به هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ی خوازیاری به‌شداریکردنن له‌م پرۆسه‌یه‌دا ده‌که‌ن؟.
به‌شی ته‌واوکه‌ری ئه‌م وتاره تکایه به کرته کردن له‌سه‌ر ئه‌م لینکه ، بخوێنه‌روه:
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=f415752b
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست