بێدەنگی زیاتری ئۆپۆزسیۆن دەستکردنەوەی زیاتری دەسەڵات
Sunday, 06/03/2011, 12:00
بۆ ڕێگری کردن لەپیلانەکانی دەسەڵاتی خوێن ڕێژی هەردووبنەماڵە بۆبەئاراستەبردنی خۆپیشاندەران لەڕێگەی بەکرێگیراوەکانیەوە بەرەو توندوتیژی و قۆستنەوەی لەلایەن دەسەڵاتەوە بۆ خوێن ڕشتنی زیاترو تۆقاندنی هاووڵاتیان خۆپیشاندەران مانگرتنی سەرتاسەریان ڕاگەیاند کەبەشێوەیەکی زۆر دیموکراسیانە داوای جێبەجێکردنی داواکاریەکانیان دەکەن ،لەبەرامبەریشدا دەسەڵاتی پاوانخوازی تاڵەبانی ومسعود بەچاوی دوژمن لەهاووڵاتیانی خۆیان دەڕوانن وئاسۆیەکیان لێ بەدی ناکرێ بۆ سەلماندنی داواکاری مانگرتوان تەنها لەڕێگەی ڕاگەیاندنەوە نەبێت بۆ چەواشەکردنی ڕای گشتی وپیشاندانی ڕووە تۆقێنەرەکەیان بە شێوەیەکی جوان بەجیهانی دەرەوە ،جگە لەمەش لەڕێگەی دەزگا سەرکوتکەرو شەلاتیەکانیانەوە بەردەوامن لەلێدان وترساندنی خەڵکی تادەست بەرداری مانگرتن ببن
هەرسێ حیزبی ئۆپۆزسیۆنی کاریگەریش گۆڕان،یەککگرتوو،کۆمەڵی ئیسلامی جگە لەپیشاندانی پشتیوانی سەرزارەکی بە کردەوە هیچیان نەکردووە کەتاڕادەیەك ئەوپشتیوانیەش دەوروکاریگەری خۆی هەبووە لەئیدامەدان بە مانگرتن،بەڵام بەکردەوە تاکو ئێستا هیچ لایەنێکیان هەڵوێستێکی جدیان نەنواندووە لەبەرامبەر ئەو لێدان وئیهانە پێکردنانەی دەسەڵات بە میللەتی ئەکات ،تەنانەت بۆ دانانی سنوورێك بۆ دەسەڵات دەیان توانی چەندین کارتی فشار لەبەرامبەر دەسەڵات بەکار بهێنن هەر لەکشاندنەوەیان لەپەرلەمان و هەڕەشەی بەشداریکردنی ڕاستەوخی ئەندام ولایەنگرانیان لەخۆپیشاندەرەکان و خستنە ئەستۆی بەرپرسیارێتی هەر ڕووداوێکی نەخوزراوو چاوەڕوان نەکراو بۆ سەر دەسەڵات
مانگرتنی میللەت درێژەی هەیە وتوندوتیژی دەسەڵاتی هەردووبنەماڵەش لەبەرامبەر خەڵکی بێ دیفاع وپشت بەستوو بەخۆیان درێژەی هەیەو ڕۆژ بەڕۆژ مەترسیەکان بۆسەرهاووڵاتیان لەزیادبووندایە،بۆیە پێویستە هەرسێ حیزبی ئۆپۆزسیۆن بەتایبەتیش بزووتنەوەی گۆڕان چیتر نەبنە تەماشاکەری کوشت وبڕی خەڵکی ولەچاوەڕوانی جێبەجێ کردنی پیلانە مەترسیدارەکانی هەردووبنەماڵەدا لۆش دانەمێنن وسنوورێك بۆ کۆتایی هێنان بەمەینەتیەکانی گەل بهێنن بۆئەوەی نەگاتە ئەوقۆناغەی هەمووشتێك لەدەست بچێ ودەسەڵاتیش بەسەرکەوتنی ئاهەنگی خۆی بگێڕێ.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست