دژى داڵدەدان و دەربازكردنى (قاسم ئاغا) ى ئەنفالچى خوێنەخۆرەتان هەڵوێستەیەك بكەن

Friday, 08/10/2010, 12:00




بانگەواز
جەماوەرى بەشەرەفى كوردستان

بەدرێژایى خەبات و تێكۆشانى دەیان ساڵەى گەلەكەمان لەپێناوى ئازادى و سەرفرازى دا ، كەڕووبارێك خوێن و دەریایەك فرمێسكى لەپێناودا ڕژاوەو مێشكى هەزاران لاوى تێكۆشەرى لەپێناودا پژاوەو هەزاران گوندو شارو شارۆچكەى ئەم وڵاتە لەگەڵ زەوى تەخت كراوە یان بەدوكەڵ و گازى ژەهراوى و كیمیاوى خنكێنراوەو هەزاران ژن و منداڵ و پیرولاوى كورد بەئەنفال براوەو سیاسەتى جینۆسایدى دژ بەمیللەتەكەمان لەلایەن دوژمنان و داگیركەرانى كوردستانەوە ئەنجامدراوەو نزیكەى 3/4ى خاكى كوردستان بەتەواوى سوتماك كراوە ، بەڵام تەواوى نەخشەو پیلانە گڵاوەكانى دوژمنان لەسەر تاشەبەردى قارەمانى و خۆڕاگرى گەلەكەمان وورد و خاش بوون و سەرئەنجام لەڕاپەڕینە جەماوەرى یە مەزنەكەى ئازارى ساڵى 1991دا بەشێكى زۆرى خاكى كوردستان لەژێر چنگاڵى ڕەشى بەعس ڕزگاركراو دواتریش بەهۆى كۆڕەوە ملیۆنیەكەى بەهارى هەمان ساڵەوە كەهەست و سۆزى كۆمەڵگاى نێودەوڵەتى بەرەو ڕووى گەلەكەمان بزواندو بڕیارى ژمارە 688 ى (UN) ناوچەكانى سەرووى هێڵى پانى 36 ى كردە ناوچەى پارێزراوى دژە فڕین و بەوشێوەیەش هەرێمى كوردستانى ئازاد بووە (دیفاكتۆ) و پاشتریش لەژێر فشارى جەماوەرو هێزى پێشمەرگەدا ناوچەكانى سلێمانى و گەرمیانیش كەلەدەرەوەى هێڵى 36بوون لەدەسەڵاتى بەعس پاككرانەوە . بەرەى كوردستانیش كەئەو كات دەسەڵاتى كوردستانى ئازادى بەدەستەوە بوو ، بۆ ڕێكخستنەوەى سیستمى كارگێڕى كوردستان بڕیارى هەڵبژاردنى داو لەئایارى ساڵى 1992 دا یەكەمین پەرلەمانى كوردستان هەڵبژێردراو پاشتریش یەكەمین كابینەى حكومەتى هەرێم پێكهێنرا كەزۆر جێگەى هیواو ئومێدى خەڵكى هەژارو بەش مەینەتى كوردستان بوو . بەڵام پارتى و یەكێتى لەسایەى ئەو متمانەو شەرعیەتەى كەلەگەلیان وەرگرتبوو لەبرى ئاوەدانكردنەوەى كوردستانى وێران و خزمەتكردن و دڵدانەوەى جەماوەرە هەژارو برندارەكەى كەوتنەوە ململانێ و دژایەتى كردنى یەكترو بەتایبەت كەسەرانى ئەو دووحیزبە لەدێر زەمانەوە بەخوێنى یەكترى تینو بوون ، بۆیە سەرەنجام پاش كەمتر لەدووساڵ حوكمى 50-50ى كوردستان بەهاوكارى و هاندانى دوژمنان و داگیركەرانى كوردستان بارودۆخەكەیان تەقاندەوەو كوردستانى برسى و ئابڵوقەدراوى نێو چەندین گەمارۆى جۆراو جۆریان لەخاك و خوێن دا گەوزاندو لەكاتێك دا كەزۆربەى هەرەزۆرى خەڵكى هەژارى ئەم هەرێمە ڕۆژانە عەوداڵى پارووە نانێك بوون ، ئەوان بەفەردەو خەروار پارەیان بۆ بەرەكانى شەڕى نەگریس و نەخوازراوى نێوانیان خەرج دەكردو خوێنى هەزاران ڕۆڵەى خێر لەخۆ نەدیوى ئەم گەلەیان بەفیڕۆ دەڕژاندو دەرگاو پەنجەرەى هەرێمى كوردستانیان بۆ داگیركەران خستە سەر گازى پشت و لەباكوورو باشوورو ڕۆژهەڵاتەوە لەشكرو سوپاى داگیركەریان پەلكێشى كوردستانى ئازاد كردو سەروەرى و ئەمنى قەومى كوردستانیان خستەژێر چەكمەو پۆستاڵى ڕەشى داگیركەرانەوەو سەرئەنجامى ئەم هەراو سات و سەودایەش جگەلەكوژرانى هەزاران گەنجى ئەم وڵاتەو ئاوارەبوونى هەزارانى ترو لەت و پەت كردنى پەرلەمان و حكومەتى هەرێم و وێرانتر كردنى ژێرخانى ئابوورى وڵات كوشتنى هەست و تۆوى ئیرادەو پابەندى و وڵاتپارێزى لەناخى تاكى كوردو دەیان تاوان و كارەساتى تربوو كەلەژماردن نایەن .
ئەم هەل و مەرجە بەردەوام بوو تالەكۆتایى نەوەدەكانى سەدەى ڕابردوودا كاتێك ئەمریكا پرۆژە یاساى ڕزگاركردنى عێراقى ڕاگەیاندو ئەگەرى سرەواندنى گورزى سەربازى لەڕژێمى عێراق ڕۆژ بەڕۆژ بەهێزتردەبوو ، وەزیرى دەرەوەى ئەمریكا سەرانى هەردووحیزبى بانگهێشتى واشنتۆن كردن و ئاشتى كردنەوە ، پاش ڕووخانى ڕژێمى بەعس و هاتنى لێشاوى پترۆدۆلارو پارەى زۆرو بێ حیساب سەران و بەرپرسانى ئەم دوو حیزبە زۆر نەدى و بدیانە كەوتنە هەڵپەى خۆدەوڵەند كردن و ڕووتاندنەوەى گەل و وڵات و پاشتریش بەهاوكارى كۆمپانیاو قاچاخچى یەكانى بوارى نەوت دەستیان كرد بە قاچاخ بردنى ئەو سامانە سرووشتى یەى گەلى كوردستان و كارگەیشتە ئەو ڕادەیەى كەمیادیاو ڕاگەیاندنە جیهانى یەكانیش هەواڵ و ڕیپۆرتاژیان لەوبارەیەوە بڵاوكردەوەو ئەمڕۆ بارودۆخەكە گەیشتووەتە ئاستێك كە عێراق و هەرێمى كوردستان لەڕیزبەندى پێشەوەى دەوڵەت و ڕژێمە گەندەڵەكانى جیهاندان .

خەڵكو خۆڕاگرى كوردستان ! هەموو ئەو تاوان و كارەسات و گەندەڵیانەى كەلەسەرەوە ئاماژەم پێكردن و دەیان و سەدان تاوانى ترى لەو جۆرەش بەقەد تاڵەمووى تاونێك لەناخەوە نامهەژێنێ كەڕۆژانە خوێ دەكاتەوە سەر برینەكانمان و خەریكە سوێمان بێتەوە ، تاوانێك كەباوەڕ ناكەم جگە لەسەرانى بڕیاربەدەستانى كورد لەهیچ كەسى تر بوەشێتەوە یان لەفەرهەنگ و مێژووى هیچ گەل و نەتەوەیەكى تردا بوونى هەبێت ! ئەویش تاوانى داڵدەدان و ڕێزلێنانى گەورە جاش و بەعسى و ئەنفالچى یەكانە ! ئەوانەى كەلەسەخت ترین ڕۆژگارەكانى بزووتنەوەى ڕزگاریخوازى گەلەكەماندا شانبەشانى داگیركەران سەنگەریان لێدەگرتین و بەهەزاران كوردى هەژارو بێ دیفاعیان شەهید دەكردو بەهەزارانى تریشیان دەسگیرو ڕادەستى بەعس دەكردو بەرەو چارەنووسى ڕەش و نادیار دەبران كەچى ئێستاش (موكەڕڕەم و موعەززەز) لەباوەشى نەرم و دیوەخانى گەرمى حیزب دا وەك نەبایان دیبێ و نەباران بەكوێرایى چاوى دایكى نیشتمان و كەس و كارى شەهیدان ، بەوپەڕى خۆشگوزەرانى یەوە ڕادەبوێرن .
پێشمەرگە دێرینەكانى كوردستان ! ئەرێ بەڕاست ئێوە لەڕۆژگارە سەخت و شەوگارە ئەنگوستە چاوەكاندا دەیان هاوڕێ و هەڤاڵ و هاوسەنگەرتان بەدەستى ئەو تاوانبارانە شەهید نەكران ؟ باشە ئێوە كەلەسەرقسەى پەڕلەمانتارێك كەبەمیلیشیاى ناوبردن ڕژانەسەرشەقامەكان و داواى دادگایى كردن و لێسەندنەوەى حەسانەى پەرلەمانیتان لەو پەرلەمانتارە دەكرد ! ئەى نەدەكرا جارێكیش لەدژى پاكانەكردن بۆ (نزارخەزرەجى) یان ڕێزلێنان لە(وەفیق سامەڕائى) یان دەربازكردنى (فەتاح بەگى جاف و شێخ جەعفەرى بەرزنجى و تاریق ڕەمەزان عەززاوى) و داڵدەدانى سەدان ئەنفالچى و تاوانبارى تر هەڵوێستەیەك بكەن و فزەیەكتان لێوەبێت ؟ دەى ئەگەر میلیشیانین (هەرچەند میلیشیابوون عەیب و عارنى یەو ئەو هەڵڵایەى نەدەهێنا كەپێیان بەرپاكردن ) ئێستا فەرموون ئەوە گورزو ئەوەش مەیدان دژى داڵدەدان و دەربازكردنى (قاسم ئاغا) ى ئەنفالچى و خوێنەخۆرەتان هەڵوێستەیەك بكەن و بیسەلمێنن كەئێوە میلیشیا(واتە هێزى چەكدارى حیزب) نین .
تێكۆشەرە دێرینەكان ! سوێندتان دەدەم بەگیانى پاكى ئەو هاوسەنگەرە شەهیدانەتان كەلەلایەن ئەو كوردفرۆشانەوە فرۆشران و لەزیندانەتاریكەكانى بەعس دا گوللەباران كران یان لەسێدارە دران ، لەڕۆژانى خەباتى نهێنى و ژێرزەمینى دا جگەلەوخۆفرۆشانە كێ سەرچاوەو فاكتەرى ترس و دڵەڕاوكێتان بوو ؟
زیندانە سیاسى یە خۆڕاگرەكانى جاران ! كێ چاوساغ و هاوكارى دام و دەزگا تۆقێنەرەكانى بەعس بوو لەدەستگیركردن و ڕاپێچكردنتان بۆ زیندانە ڕەشەكانى ڕژێم ؟ ئێوە كە دوێنێ لەناو زیندانە تاریك و ترسناكەكاندا بەگژجەلادەكانى بەعس دا دەچوونەوە بۆچى ئەمڕۆ لەشەقامەكاندا ناتوانن ڕووبەڕووى داڵدەدەرانى ئەو جەلادانەببنەوە ؟
كەسو كارى شەهیدە سەربەرزەكان ! چۆن چاوتان بەرایى دێت كەبكوژانى باوك و براو ڕۆڵەكانتان پۆزتان بەسەردا لێبدەن و خێسەتان لێبكەنەوە ؟ گەردەتانەوێ گیانى پاكى شەهیدەكان ئاسوودەبێت دەبێت دیوارى بێدەنگى بڕوخێنن و بەدەنگى بەرز هاوار بكەن (دەبێت نەك هەربكوژانى شەهیدەكان بەڵكو پارێزەرو داڵدەدەرەكانیشیان بدرێنە دادگاو سزا بدرێن) .
قوتابیانى سەرەڕمى شۆڕش و لاوانى هێزى لەبن نەهاتووى گەل ! ئەم ئازادى و سەرفرازى یەى ئەمڕۆ ئێوە لەسایەى دا دەژین بەرى ڕەنج و خەبات و تێكۆشانى گەلەكەمان و خوێنى گەش و ئاڵى ئەو شەهیدە نەمرانەیە كەبەدەستى ڕژێمى بەعسى فاشى و كۆمەڵێك جاشى خۆفرۆش و گەل فرۆش شەهیدكران ، كەبەداخەوە ئێستا زۆربەى ئەو جاش و ئەنفالچیانە لەسایەو سێبەرى دەسەڵاتى كوردى دا نەك هەر حەشاردراون و دەستى یاساو عەدالەتیان ناگاتێ بەڵكو هەموو خیانەت و جاشایەتیان بەخەبات و كوردایەتى بۆ ئەژماركراوەو لەهیچیان كەم نى یە ! بۆیە ئەركى ئێوەى نەوەى نوێ كەبەدواى ڕاستى یەكاندا بگەڕێن و قایل نەبن كەڕەش و سپیتان لێ تێكەڵ بكرێت و چەواشە بكرێن و لەخشتەببرێن .
لەكۆتاییدا ماوەتەوە بڵێم : ئیتر كاتى ئەوە هاتووە جەماوەرى گەلەكەمان بەهەموو چین و توێژەكانى یەوەو بەدەر لەتێڕوانین و دەمارگیرى تەسكى حیزب پەرستى و تاكپەرستى و لەڕوانگەى بەرژەوەندى باڵاى نیشتمانى و نەتەوەیى یەوە بێنە مەیدان و سنورێك بۆ ئەم بارودۆخە ناهەموارە دابنێن و گەل و وڵات لەم قەیرانە ڕزگار بكەن

 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە