کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


جینۆساید لەیاساكانی مافـی مرۆڤی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان (كورد بە نمونە)

Thursday, 15/11/2012, 12:00


جینۆساید لە یاساكانی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان
جینۆساید بەتەنیا كێشەیەكی سیاسی نیە بەلكو یاسایشە. هەربۆیە دەبێت لەم روانگەیەشەوە مامەلەی لەگەلدا بكرێت. جینۆساید وشەیەكی لاتینیەو لەزمانی یاساو سیاسەتدا بەكاردەهینرێ و بەواتای گەل كوژی دێت. لەبەر رۆشنایی ئەو راپۆرتانەی سەبارەت بە جینۆساید لەلایەن رژێمی نازیەوە بەتایبەت بەرامبەر بە یەهودیەكان كەبە هۆلۆكۆس ناسراوەو ئەنجامدراون، رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان لە سالی 1948 بریارێكی دەركرد سەبارەت بە رێگەنەدان و سزادانی ئەنجامدانی كۆمەل كوژی (جینۆساید). ئەم بریارە لە یاساكانی مافـی مرۆڤی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكاندا لە 9/12/1948 تۆماركراوەو لە بریاری 260 پەسەند كراوەو لە 12/1/1951 بوە بەیاسا. جینۆساید لەگشت خالەكانیدا پێناسەكراوە كە بەئامانجی وێرانكردنی سەرجەم یان بەشێكی نەتەوەیەك، كەمایەتیەك، رەگەزێك یان گروپێكی كۆمەلایەتی وئاینی ئەنجام بدرێت. لەناوبردنی عەمدی و نەخشەكێشراو بەرامبەر بەگەلێك، و گروپە كۆمەلایەتیەكان لەبەر رۆشنایی ئەو خالانەی كەئاماژەم پێدان. لە بەندى دووی ئەم پەیماننامەیەدا هاتووە:
أ) ئەنجامدانی زیانی گیانی و رۆحی.
ب) كوشتنی ئەندامانی كۆمەلگا.
ج) بەعەمدەن شێوەیەكی تری ژیان بەسەر ئەو كۆمەلگایەدا بسەپینێت كە پێشتر دەزانرێت دەبێتە هۆی لەناوبردنی گیانیی سەرجەم یان بەشێكی كۆمەلگاكە.
د) فەرمان دەركردن بۆ گرتنەبەری رێگاوشوێن بۆ رێگاگرتن لە مندال بوون.
جینۆساید بە زۆروكەمی ژمارەی كوژراو پێناسە ناكرێ كە ئەو بكەرەی پێگوناهبار بكرێ بە كرداری كۆمەل كوژی. جینۆساید دەكری ئەنجام بدرێ بێئەوەی تەنیا یەك مرۆڤیش تێیدا بكوژرێت. ئەوە بە جینۆساید (گەل كوژی) دانانرێت ئەگەر ئامانجەكە لەوەدا نەبێت گروپێكی كۆمەلایەتی یان بەشێكی گەل وكۆمەلەكە وێران نەكری بەمەرجەكانی جینۆساید كردن ئیتر ژمارەی ئەوانە هەرچەندێك بن كە دەكوژرێن. لیرەدا ئاماژە بە چەند بەندێك ئەدەم سەبارەت بە گرنگی یاسای جینۆسایدی سالی 1948:
لە بەندى یەكەمی ئەم پەیماننامەیەی ساڵی 1948 مەبەستە سەرەكیەكەى جینۆساید دەخاتەروو كە دەوڵەتانى ئەندام جەخت دەكەنەوە كە جینۆساید چ لە كاتى ئاشتى و چ لەكاتى جەنگدا بەتاوانێكى نێودەوڵەتى دەژمێردرێت. ئەوان بەڵَێن دەدەن كەبەر بە جینۆساید بگرن و ئەنجامدەرانى سزا بدەن.

ئەوەی پەیوەندی بە بەندى سێیەمی پەیماننامەكەوە هەیە و شیاوی سزادانە بریتیە لە:
1- جینۆساید.
2- پیلان دانان بۆ جینۆساید.
3- بزواندنى راستەوخۆو ئاشكرایانە بۆ ئەنجامدانى كوشتن.
4- هەوڵدان بۆ ئەنجامدانى جینۆساید.
5- بەشدارى لەكارى. جینۆساید.

جینۆساید كردنی كورد لەپرۆسە جیاوازەكانیدا
لە چوارچێوەى سیاسەتێكى دیاریكراودا تاوانەكان بەشیوەیەكی سیتماتیك ئەنجامدراون كە بریتین لە ئۆپەراسیۆنەكانی ئەنفال، كیمیاباران، ویرانكردنی گوندەكانی كوردستان، راگواستن، بەعەرەب كردن....،. ئەمانەش بە چەندین شێوە ئەنجامدراون.
1) بەكارهێنانى چەكى كیمیایی و فسفۆری و بایۆلۆژی. ئەمە كە دەبێتە هۆى كۆمەڵكوژى مرۆڤ و قڕكردنى ئاژەڵ و باڵندەو ژەهراوى كردنى ئاووهەواو كەرەستەكانى ژیان.
2) سەپاندنى مەرگ بەهەر جۆرێك بێت .
3) وێرانكردنى دێهات و شارۆچكەو باغ و بێستان و سەرچاوەكانى ژیان .
4) راگواستن لەدواى دیلكردن و بە كۆمەڵ كوشتنیان.
5) راگواستن دەبێتە هۆى هەڵتەكاندنى ستراكتورى ئاسایشی ژیانى خەڵكى
كوردستان. بنەماى ئابورى وێران دەبێت و پەیوەندیە كۆمەڵایەتیەكان تێكدەچن.
6) ئەنجامى ئەو كارانە دەبیتە هۆى شێواندنى بارى سایكۆلۆژى.
ئەم بەڵگەنامانە دەیسەلمێنێت كە گەلێك دوچاری جینۆساید بۆتەوە كە كوردیش بیبەش نەبووە لێی.

گرنگی دۆسیەی جینۆساید بۆ كورد
جینۆساید دۆسیەیەكی سیاسی ویاسایی گەورەو گرنگە بەدەست كوردەوە بۆ ئاسایشی نەتەوەیی لەسەر ئاستی نێوخۆو نێودەولەتی، هەروەها پێویستە بچێتە ناو بەرنامەی خوێندنی قوتابخانەو زانكۆكانەوەو چەندین سەنتەری لێكۆلینەوەو مۆزەخانە بۆ بواری جینۆساید دامەزرێنرێن و روداوی جینۆسایدكردنەكان و دۆكومینتەكان بكرێتە فیلم.

(بەپێی دەستوری عێراق ، هەرێمی كوردستان بۆی هەیە لەبالیۆزحانەكانی عێراق نوسینگە بكاتەوە)
بەپێی دەستوری عێراق هەرێمی كوردستان بۆی هەیە لەبالیۆزخانەكان و كۆنوسولگەریەكانی عێراق لەدەرەوە نوسینگە بكاتەوە. بوونی ئەم نوسینگانە كاریگەریەكی گەورەتری دەبێت بۆ كورد. لەبری ئەوە هەردوو حیزبە گەورەكە نوێنەری خۆیان لەدەرەوەی ئەم دەزگا دبلۆماسیانە داناوە كە لەراستیدا نوێنەرایەتی تەنیا حیزب و سەرۆك دەكەن. لیرەدا كۆمەلە كارێك بۆ بەرپرسە بالاكانی حیزب دەكریت كە ناتوانن لەناو بالیۆزخانەكانەو قونسولگەریەكاندا بیكەن، كەواتە ئەم كردارە، دوورە لەكاری موئەسەساتیەوە. دەولەتەكان بێگومان بەشێوازێكی تر مامەلە لەگەل ئەم دەزگا دبلۆماسیانەی وەك بالیۆزخانە و كۆنسولگەریەكان دەكەن وەك لەگەل نوێنەری حیزبێكی بێدەولەت. كورد دەتوانێت بەم رێگا دبلۆماسیەوە لەبواری جینۆساید ناساندنیشدا بەپێی دەستور چالاك بێت. بەلام بەبوونی ئەم نوێنەرایەتیە لەم دەزگا عێراقیە رەسمیانەدا كورد دەبێت دەست لەنوێنەرە حیزبیەكانی خۆی هەلبگرێت. كەواتە كامیان گرنگترە نەتەوە یان حیزب؟

كەرەسەكانی بەنێودەولەتی كردنی جینۆساید
(بریارەكانی دەولەتی عێراق)

گرنگیەكی سیاسی و یاسایی هەیە لەسەر ئاستی نێودەولەتی كاتێك پەرلەمانی فەرەنسا كۆمەلكوژیەكەی توركیای بەرامبەر بە ئەرمەنەكان وەك جینۆساید ناساند. ئەرمەنەكان دەتوانن كار بەم ددانپێدانە بكەن لەسەر ئاستی یاسای نێودەولەتی بەتایبەت كە دەولەتی توركیا ددانی بە كۆمەلكوژی ئەم گەلە نەناوە كە لەنێو دەولەتەكەی خۆیدا دەژی. بەلام دەپرسم بۆچی ریكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان كاتی خۆی رژیمی سەدام حسینی مەحكوم نەكرد بۆ بەكارهینانی چەكی كیمیایی بەرامبەر بە خەلكیی مەدەنی بەتایبەت لە هەلەبجە. دادگای بالای تاوانەكانی عێراق بەیاسا ددانی بە چوار كەیسی گرنگدا ناوە كە بریتین لە ئەنفال، هەلەبجە، كوردە فەیلیەكان ، بارزانیەكان). كەواتە ئەوەی پێویستە كورد كاری لەسەر بكات بریتیە لە بەكارهێنانی ئەم دۆسیە یاساییە لەسەر ئاستی نێودەولەتی. بەواتا بۆ ئەم مەبەستە كەرەسەی خاو لەبەردەمدا هەیە، بەلام دەسەلاتی كوردی هەتا ئێستە كاری لەسەر نەكردوە بۆ بە نیودەولەتی كردنی ئەم كەیسە بۆ نمونە وەك ئەوەی یەهودیەكان كاریان پیكردوە. پرۆژەیەكی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفال بۆ بە نێودەولەتی كردنی كەیسی جینۆساید خراوەتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران بۆ بریاردان لەسەری بەلام هەتا ئێستە بێ وەلام ماوەتەوە. بۆچی؟ لەبری دروستكردنی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم كە ئەنجومەنێكی هەوالگری و سەربازیە بۆ پاراستنی حیزب و بنەمالە دەبوایە ئەم دەسەلاتە كاری لەسەر دروستكردنی ئەنجومەنێكی نەتەوەیی و نیشتمانی بكردایە كە كەیسی جینۆسایدیشی لەخۆ بگرتایە چونكە ئەمەیان پەیوەندی بە ئاسایشی نەتەوەییەوە هەیەو لەسەر ئاستی یاساكانی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان كاری بۆ بكرایە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە