هاتنەوەى بەپەلەى هیرۆ و كوڕەكەى تەنها بۆ بچوككردنەوەى كۆسرەت رەسول بوو
Saturday, 05/01/2013, 12:00
لەزۆرینەى سیستمەكانى حوكمڕانى دەوڵەتەكانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا قەیرانى سەرەكى كاڵبوونەوەى دیموكراسى و پێشێلكردنى مافەكانى مرۆڤ نەبوونى میكانیزمێكى روون و ئاشكرا و تەندروستە بۆ (دەستاودەستكردنى دەسەڵات) ، واتە ئەگەر بەرووكەش دەستوور و پرنسیبێكى نوسراو یان راگەێندراویش هەیە ، بەڵام لەسەر زەوى واقیع باسەكە رەوتێكى تەواو جیاوازترە .
تەماشاكەن لەپادشانشینى ئوردن ، پادشا (حسین بن تەڵاڵ) لەبەروارى (11/8/1952 بــــۆ 7/2/1999) پادشاى ئەو وڵاتە بووە ، هەروەها لەساڵى (1965) وە (حسن بن تەڵاڵ) ى براى وەك شازادەى جێنشینى بەفەرمى دەستنیشانكردووە ، بەڵام كاتێ بارى تەندروستى تێكچوو و دووچارى نەخۆشى شیرپەنجە بۆوە و ئیتر دركیكرد بەوەى هێندەى لەژیاندا نەماوە ، لەبەروارى (25/1/1999) دا ، واتە بەتەنها (13) رۆژ بەر لەمردنى ، فەرمانى دەركرد بەدوورخستنەوەى (شازادە حسن) ى براى لەپۆستى جێنشین و دانانى (شازادە عبداللەى دووەمى كوڕە گەورەى) بە جێنشینى خۆى ، ئەمە لەگەڵ ئەوەى (حسن) ى براى بۆماوەى (34) ساڵى رەبەق بەفەرمى جێنشینى یەكەمى پادشا (حسین) بوو ، ئەمە یەكێكە لەسیماكانى نەخۆشى حوكمڕانى بنەماڵە ، چونكە هەرچۆنێك بێت كاتێ بابەتەكە پەیوەندى بەدەسەڵاتى رەهاوە هەبێت (كوڕ) لە (برا) لەپێشترە .
لە دەوڵەتى سوریا (حافز الاسد) لەبەروارى (22/2/1971) وە سەرۆك كۆمارى ئەو دەوڵەتە بووە تاكو مردنى ، لەساڵى (1984) وە (عبدالحلیم خدام) بەفەرمى خاوەنى پۆستى جێگرى سەرۆك كۆمار بووە لەو وڵاتەدا ، بەڵام كاتێ لەبەروارى (10/6/2000) دا (حافز الاسد) دەمرێت ، بەپەلە كار دەكرێت تاكو (بشار الاسد) ى كوڕى ببێتە جێگرەوەى لەپۆستى سەرۆك كۆماردا ، بەڵام دەستوورى كارپێكراوى سوریا رێگربوو لەبەردەم ئەم هەنگاوەدا ، لەبەرئەوەى مادەى (83) لەدەستوورى ئەو وڵاتە ئاستى خوارەوەى تەمەنى سەرۆك كۆمارى بە (40) ساڵ دەستنیشانكردبوو ، ئەمە لەكاتێكدا ئەوكاتە تەمەنى (بشار الاسد) تەنها (34) ساڵ بوو ، هەربۆیە پەرلەمانە كارتۆنیەكەى سوریا راستەوخۆ كۆبونەوەیەكى نائاسایى ئەنجامدەدات و لەسەر پێشنیارى (قیادەى قوترى حیزبى بەعسى سورى) بەكۆى دەنگ تەنا لەماوەى چارەكە سەعاتێكدا ، مادەى (83) ى دەستوور دەگۆڕن بەوەى ئاستى خوارەوەى تەمەنى سەرۆك كۆمار ببێتە (34) ساڵ لەبرى (40) ساڵ ، بەمەش دەستوور كە باڵاترین یاساى دەوڵەتە ئەكرێت بەقاتى بیجامە كەبە باڵاو قەبارەى خودى (بشار الاسد) بڕدراو و دوراو بێت .
لە هەرێمى كوردستانى خۆمانیش كاتێ بابەتەكە پەیوەندى هەبێت بە بابەتى دەستاودەستكردنى دەسەڵاتى كەسى یەكەمەوە .. باوەڕتان بێت چیرۆكەكە تەواو لەچیرۆكەكانى ئوردن و سوریا دەچێت ، هەموومان بینیمان كە چۆن لەكۆنگرەى سیانزەى پارتیدا مەسعود بارزانى بەئارەزووى خۆى لەنمایشێكى خێزانى پێكەنیناویدا نیچێرڤانى برازاى كردە جێنشینى سەرۆكى پارتى ، پاشتر هێندەى نەبرد كردى بە سەرۆكى ئەنجوومەنى وەزیران و مەسرورى كوڕە گەورەشى كردە سەرۆكى ئەنجوومەنى ئاسایشى هەرێم و راستەوخۆ بەستى بەسەرۆكایەتى هەرێمەوە ، هەرچەندە بەتووندى چاوەڕێ دەكرێت كەلەدواساتەكاندا مەسعود بارزانى ئەزموونەكەى پادشا (حسین بن تەڵاڵ) دووبارە بكاتەوەو نێچیرڤان پەراوێزبخات لەسەر حسابى مەسرورى كوڕە گەورەى .
لەناو یەكێتى نیشتیمانى كوردستانیشدا باسەكە زۆرێك جیاواز نیە و جۆرێكە لەكۆپیكردنى ئەو ئەزمونانەى لاى سەرەوە ، ئەوەتا بەپێى پەیڕەوى ناوخۆیى یەكێتى (كۆسرەت رەسوڵ عەلى) جێگرى یەكەمى سكرتێرى گشتیە ، بەڵام لەسەر زەوى واقیع چارەكى چارەكێكى دەسەڵاتەكانى (هێرۆى برایم ئەحمەد) ى نیە ، مەزنترین ئۆرگانى دارایى یەكێتى كە (دلێرى سەى مەجید) سەرۆكایەتى دەكات دەروێشى موتیعى هێرۆیە و لەژێر فەرمانى تەواوى ئەودایە ، هەموو دەزگاكانى راگەیاندنى یەكێتى هەر لە كوردساتەوە بۆ كەناڵى گەلى كوردستان و رۆژنامەى كوردستانى نوێ و هەموو كەناڵە بیستراو و بینرا و نوسراوەكانى تر ، لیواو و فەوج و هێزەكانى سكرتاریەت ، دەزگاى زانیارى دكتۆر خەسرەو و دەزگاكانى ئاسایش .. هەموویان عەبد وكویلەى چاوداخراوى هیرۆى برایم ئەحمەدن ، دەنا بزانین كۆسرەت كەبەناو جێگرى یەكەمى سكرتێرى گشتیە دەسەڵاتى سەرفكردنى دۆلارێكى هەیە لە ئیدارەى گشتى ؟! ، ئەى ئەتوانێت فەرمانبەرێكى كوردسات و گەلى كوردستان بگوازێتەوە ، یان بەرنامەیەكیان پێ بگۆڕێ ؟! ، ئەى باشە ئەگەر كۆسرەت جێگرى یەكەمە و ئیستا سكرتێرى گشتى بێهۆش و نەخۆشە ..ئایا كۆسرەت زاتى ئەوەى هەیە بچێتە كۆشكەكەى دەباشان و لەسەر كورسیەكەى تاڵەبانى دابنیشێت ؟! ، خۆ كۆشكەكەى دەباشان میراتى بنەماڵەى جەلال و برایم ئەحمەد نیە ، ئەوە بارەگایەكى حیزبى سرفە و بەوپێیەش كۆسرەت بەپێى پەیڕەوى ناوخۆى یەكێتى جێگرە ئەبێ بتوانى لەوێوە سەرپەرشتى یەكێتى بكات ! ، بەڵام پرسیارە تەوەریەكە ئەوەیە ئایا بۆچى كۆسرەت ناتوانێ هەموو ئەم شتانە بكات كەبەپێى پەیڕەوى ناوخۆ مافى خۆیەتى ؟!.
دیارە كۆسرەت چون دڵنیایە لەوەى لەسەر پێناسى بارى شارستانى ناوى (عبداللە) یە و ناوى (كۆسرەت) نیە ، بەوجۆرەش دڵنیایە لەوەى ئیمكان نیە هیرۆى برایم ئەحمەد و باڵە بەهێزەكەى رێگەبدەن بەوەى رۆژێ لە رۆژان ببێتە سكرتێرى گشتى یەكێتى ، ئەوە لەخەونیش دوورترە ، چونكە وەك لەسەرەتاوە ئاماژەمان پێدا ئەوە قەیرانى نەبوونى میكانیزمێكى شەفافە بۆ دەستاودەستكردنى دەسەڵات ، چۆن ئەو باڵ و دەموچاوانەى سەردەمێكى دوورودرێژە لەپەنا تاڵەبانیدا خاوەن پۆستبوون و سوودمەندبوون ئیستا بواردەدەن كۆسرەت هەموو ئەو هێز و جەبەروتەیان لە چاوتروكانێكدا هەرەس پێبهێنێت ، تەنانەت سەركردایەتى پارتى و شەخسى مەسعودیش بەهێزەوە بەشدارن لەپەراوێزخستنى كۆسرەت و باڵەكەیدا تاكو نەگاتە سەرەوەى هەرەمى دەسەڵات لە یەكێتیدا ، ئەى ئەوەنیە بەچاوى خۆمان دەبینین چۆن رۆژانە لەلایەن وەزیر و بەرپرسەكانى پارتیەوە سووكایەتى بەكۆسرەت دەكرێت و كار بەبڕیارەكانى ناكرێت ، بەڵێ ئەمانە هەمووى بەرنامەڕێژى پێشوەختەو بەردەوام كارى بۆدەكرێت و بۆى كراوە .. بەڵى بێ هیچ گومانێك هیرۆى برایم ئەحمەد سكرتێرى گشتى داهاتووى یەكێتیە ، ئیتر ئەوەى پێى خۆشە سەر چاو ، ئەوەشى پێى ناخۆشە با لەئاوى سیروان بخواتەوە ، ئەى هەڵوێستمان چیدەبێت .. ئەگەر پاش مەرگى تاڵەبانى كەسێكى وەك مەلا بەختیار بەچاوى پڕگریانەوە بێتە سەر شاشەى كوردسات و بڵێ ئەمە وەسیەتى هەڤاڵى كۆچكردوو تاڵەبانیە بە خەتنووسى خۆى كە تیایدا هیرۆى وەك جێگرەوەى خۆى دەستنیشانكردووە ؟!! .
لەماوەى ئەم چەند هەفتەیەیى هێرۆ لە رووداوەكان دووربوو ، لەبەرلینەوەى بەشەش چاوەوە چاودێرى كۆسرەتى دەكرد و خەریكبوو هەناوى رەش ئەبوو كاتێ كۆسرەتى ئەبینى سەرۆكایەتى كۆبوونەوەكانى مەكتەبى سیاسى دەكات ، هەرچەندە هیرۆ بەتەلەفونێك كۆسرەتى لە (سكرتێرى گشتى بەوەكالەت) وە كرد بە (براى گەورە) ، بەڵام هەر دڵى ئاوى نەخواردەوە تاكو ئەوكاتەى بە پرتاو و هەڵەداوان بەماسكى ئۆكسجین و سۆنەرى دڵەوە تاڵەبانى جێهێشت و لەگەڵ كوڕە گەورەكەى گەڕایەوە بۆ سلێمانى تاكو وەك شاژنى دەباشان لەسەر كورسیەكەى تاڵەبانى دابنیشێت و ئەوكات بەهاوكارى یاوەرەكانى بە هەڵوێستەوە بــــە كۆسرەت رەسوڵ بڵێ كێشى تۆ چەندە !!.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست