کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


لەدوعاوە بۆ مێرمنداڵەکە

Friday, 07/12/2012, 12:00








سێ ڕووداوی گەلێ ناخۆش و نامرۆڤایەتی کەڕەنگە هیچ کەس لە ئێمە نەتوانێ بەسانایی لەبیرخۆی بەرێتەوە، ئەو چەند ڕووداوە ئەمەندە جەرگبڕ،سەرنج ڕاکێش،تراژیدیا و کەم وێنە لەمێژووی گەلی کوردا، کەهیچ مێژوویەکی دوور و نزیك ئاشنامان ناکات لەگەڵ کەلتوور وهزری کوردایەتیدا. مێژووی ئەم ڕووداوانە کە تەنها لەچەند ساڵی ژێر دەسەڵاتی کوردیدا ڕووئەدا، ئەوەمان بۆ دەرئەخا کە دەرەئەنجام و لێکەوتەی ئەم دەسەڵاتە خۆماڵیە دز و مافیا و کوردکوژەی ئێستایە.
لەسەردەمی مەگۆلەکان شەڕو جەنگ و کوشتن تاکە ئاکامی ئەو سەردەمە بوو!؟ لەبەرئەوەی دەسەڵات و هێزو تێفکرین و هزری مەگۆلەکان وابوون. کاتێك گریگەکان خەریکی زانستی فەلسەفەو تێڕامان بوون، کەمترین جەنگ،کوشتن و بڕین تۆمار کراوە، بەرانبەر بەوە،زۆرترین خوێندگای فەلسەفی و زۆرترین کەسایەتی لەبواری زانست و فەلسەفەو بیرکردنەوە لەدایك بوون!؟ لەبەرئەوەی سەردەمەکە ئەوەی ئەخواست و دەسەڵاتدارانی وەك ئەسکەندەری مەکدۆنی کەسانی وەك (ئەرستۆ)ی وەك دکتۆر و ڕاوێژکار ئەخواست، ئەوە دەسەڵاتە فێری هاوڵاتیان بکا چی بکەن و چی بەرهەم بێنن. سەدام لەبەرئەوەی کەسێکی پیاو کوژ و دیکتاتۆر بوو، ئەبوو میلەتەکەی وا ڕابهێنیایە کەوەك خۆی وابن و وەك خۆی بیربکەنەوە. لێرەدا ئەگەینە ئەو دەئەنجامەی کەدەسەڵات وەك ئەو جووتیارە وایە کەچی بچێنێ ، ئەوەش ئەدورێتەوە.
لەکوشتنی دوعاوە ئەو ڕاستیەمان بۆ دەرکەوت کەدەسەڵات نەك هەر هانی ئەو جۆرە کارانە ئەکا، بەڵکە خۆی لەوێ وەك چاودێر ئامادەیەو هیچ کاتێکیش بەلایەوە نەنگی نیە کەکاری وا بکرێ و سەری یەکێ بەبلۆك پانبکرێتەوە لەژێر چاودێری پۆلیس و یاسادا.. ئەو پۆلیسانەی لەوێ بوون کاتێ دوعا بەردباران کرانەك هیچیان نەکرد، بەڵکە بوون بەبەشێك لەو ڕووداوە.
کاتێك گەنجێکی شاری هەولێر ئەڕفێنرێ و بەزۆری زۆرداری پیاوکوژەکانی پارتی لەژێر چەتری ئاسایش و یاسادا بەزۆر وا لەو مێرمنداڵە ئەکەن پێڵاوەکانیان ڕامووسن و دەستیان ماچ کەن،ئەمە هیچ زۆرە ڕۆیی نیە گەر بڵێین ئەم پیاوانەی ئاسایش و بەناو یاسای شاری هەولێر،بەبێ هەوانتەو بەبێ ئەوەی سڵ لەوە بکەنەوە کە دواتر لەسەر ئەو کارەی کەکردیان یاسایەك هەیە لێیان ئەپرسێتەوەو سزایان ئەدا، هەرگیز کاری لەو جۆرە ناکەن، بەڵام کاتێ کردیان ، باش ئەیانزانی کەئەمە بەرنامەی ئەو دەسەڵاتە سیاسیە بۆگەنەیە کەشاری هەولێری کردە گۆڕەپانی بێ حورمەتی و بێ کەرامەتی کورد، دەنا چۆن ئەبێ بەناوی یاساو بەبەرگی یاساوە خەڵکی وای لێبکرێ ئیهانە و مەلول بکەوێتە سەر قاچ و پێی ئەو نامەردانە.
وا ئێستاش لەم ڕووداوە نامرۆڤایەتیەدا ئەبینین کەکەسێك چۆن بەو جۆرە بەربەریە پەلاماری گەنجێك ئەدات و لاقەی ئەکا.. کێ هەیە بەو شێوەیە بتوانێ مرۆڤێك لەتەمەنی مناڵی خۆیدا بەو شێوەیە سزا بدا؟؟!! من دڵنیام ئەو کەسە لەلایەن ئەو یاسا وڕێسایانەی ئەوڕۆی کوردستانی باشوور نەك هەر سزا نادرێ ، بەڵکە وەك پاڵەوانێك وێنە ئەکرێ و لەلای دەسەڵات خەڵاتیش ئەکرێ.. ئەم دەسەڵاتە لەبەرئەوەی لەلایەن دوژمنانی گەلەکەمانەوە خەریکی شکاندن،تێکدان،هەڵوەشان،لێکترازان و هەپرون بەهەپرون کردنی تاکی کورد و کۆمەڵگای کوردین، ئەوە دڵنیاین ئەو کەسە نامەردە و ئەو چەند کەسەی لەگەڵیدا بەشداری ئەو تاوانەیان کرد، لای دەسەڵات وەك تاوانبارەکانی ئەنفال و کوردکوژی و دزی و مافیایی ڕێزیان لێ ئەگیرێ و کەس نابێ پێیان بڵێ ، سەری چاوت برۆیە. ئەم دەسەڵاتە مەگەر کارو ئەژندای ئەوە نیە ڕۆژانە کورد و کوردستان کەرامەتی ئەشکێنرێ و ئەمانیش تیایدا بەشدارن، ئەم دەسەڵاتە ڕۆژانە دوژمنان سنوورەکانمان ئەبەزێنن و زەویمان داگیر ئەکەن و ڕۆڵەکانیان ئاوارەو دەربەدەر ئەکەن و خۆشیان بۆ مشتێ دۆلار هیچ ناکەن.. ئەم دەسەڵاتە بەهێنانی خۆراك و دەرمانی بەسەرچوو،مەگەر ئەوە تاوان و لەناوبردنی کورد نەبێ و ڕۆژانە نەخۆشی کوشندەو ڕووداوی جەرگبڕ یەخەی هەموان نەگرێ ، بێ شك هیچ لەو تاوانانەی سەرەوە کەمتر نیە؟؟!!!
هەموو بیرمانە کە ژنکوژێکی وەك (سالە موزەلی)بەفەرمانی بەناو سەرۆکی هەرێم ئازاد کرا. گەر دەسەڵاتێك کاری پێشلکردنی مرۆڤی کورد نەبێ چۆن کاری وا ئەکا.. بۆیە ئەوەی لەکوردستان ئەگوزەرێ و رووئەدا ، ئۆباڵەکەی تەنها بۆ دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن ئەگەڕێتەوە.
٢ساڵ لەمەوبەر لەشاری ئەسینا پۆلیس گەنجێکی کوشت، هەموو گەلی گریك و شاری ئەسینا گڕیان لەشار بەرداو کارێکیان کرد کەدەسەڵات نەتوانێ هەروا بەسانایی هاوڵاتیانی خۆیان بکوژن، کەچی ئەوەتا ئۆپۆزیسیۆنی کورد، ئەم هەموو تاوان و کارەساتە مرۆیی و کوشتن و فڕاندن و تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسان و کوشتنی ژنان بەردەوامە کەچی نایانەوێ لەبەرخاتری پارەو پۆست و ڤیلاو پاسەوانکردنی خۆیان و ماڵ و مناڵیان هیچ جۆرە گوشارێك لەسەر دەسەڵات دروست بکەن.. ئەمەیە ئەو کارەسات و ئەو ڕووداوە (abnormal)نەی کەڕۆژانە ڕووئەدەن . دەسەڵاتێ تەنها بەدوای ئەو کەسانەوە بن کەداوای ئازادی ئەکەن و ڕاویان ئەنێن و تیرۆریان ئەکەن. لەبەرانبەردا هەمان دەسەڵات بەشداری لەو تاوانانە ئەکا کەڕووئەدەن تەنها ئەو پەیامەمان بۆ ڕائەگەیەنێ کەئەم کێشە وقەیران و کارەسات و ئیهانە و تێکشاندنی کەسایەتی کوردی لەبەردەوام بووندا ئەبێ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە