با هەموومان بچینە پرسەى ڕۆژنامەنوسانەوە

Wednesday, 01/09/2010, 12:00




ئەگەر دەریشمان نەبڕیبێت، ئەوا خەیاڵمان كردووە، كە هەموو ئەوانەى لەم هەرێمەى ئێمەدا كارى ڕۆژنامەنوسى ئەكەن ئەبێ پرسەیان بۆ بگێڕین، ئەبێ هەموو خەڵكیش بزانێ كە ئەبێ بێتە پرسەى ڕۆژنامەنوسانەوەو فاتیحایان بۆ بخوێنێ.

سەردەمێك لە پێناوى ئازادیدا هەموو گەڕەكێكى ئەم وڵاتە پرسەى شەهیدى جەنگى تیا بوو، فاتیحایەك بۆ مەفرەزەیەكى شەهید بە كۆڵێ دوعاشەوە بۆ زیندووەكانى ناو سەنگەر ئەنێردرا، هەموو ماڵێك شانازى بە بوونى شەهیدەوە ئەكرد... هەر ماڵێك شەهێدێكى هەبووایە پیرۆز بوو، چونكە لە پێناو ئازادیدا شەهادەتیان دابوو.

بەم ئاماژانەوەیە، ناكرێ ئێستا پرسەى پێشمەرگە قەڵەمبازەكان نەگێڕین، بە دڵنیاییەوە ئەو دایكەى ئامادەبوو ڕۆڵەكەى بنێرێتە جەبهەو بە دوعاوە سەركەوتنى كوردستانى لا مەبەست بێ ئێستاش ئازادى ئەوێ، ئازادى لە زوڵمو ستەمى بێگانەوە بۆ ئازادابوون لە گەندەڵى، پێشمەرگە چەك بەدستەكان شەو ڕۆژێك چەكەكەیان پاك ئەكردەوە تا باشتر ئامانجەكان بپێكن، پێشمەرگە قەڵەمبازەكانیش كیبۆردى كۆمپیوتەرەكانیان توند ئەگوشن تا وشەى تەواویان بۆ بێتو ئامانجەكەى پێ بپێكن. كەواتە بەم وردبوونەوانەوە، بەم بەراوردانەوە... چەك ئەبێتە قەڵەمو كیبۆرد، فیشەك ئەبێتە وشەو نیشانەش هەر سەرودڵ.

بارودۆخى هەرێم ئەگەر بۆ ڕۆژنامەنوسانو خوێندكارانى زانكۆ باش نەبێت بۆ كێ باشە؟ ئەگەر سەرنوسەرو مامۆستایانى حەقبێژى زانكۆ چركەیەك ئارام نەژین، ژیان بۆ كێ باشە؟ ئەگەر پەیامنێرو خوێندكار بە سەروو چاوى خوێناوییەوە شەوو ڕۆژ بگوزەرێنن، ئیدى كامەیە ماناى ئازادى؟

بۆیەش بە گومانبوون لە بوونمان كەم ناهێنین لەوەى لە شارە گەورەكانیشدا بەدواى تروسكایى ژیان بكەوین، كوشتنى ڕۆژنامەنوسانو خوێندكاران لە هەرێمێكدا كە هەموو خەڵكەكەى پێكەوە ڕاوە دوژمنیان كردووە، هەموو لە یەك كاتدا ڕاپەڕیون، بۆ یەك مەبەستیش چەك لە شان بوونو ستەمى دیكتاتۆریان لە دار داوە، چەندەمین بازار بۆ ستەم ئەكاتەوە؟

ڕووداوەكانى ماوەى ڕابردووو ئەو ناڕازیبوونانەى خەڵكى بە گشتىو بە تایبەت ڕۆشنبیران ئاماژەیەكى تەواون لەوەى ئەبێ لێرە نیشانەى پرسیار لە سەر هەموو مافێكى سەرەتایی دابنرێت، بەوەش دڵنیا دەبینەوە لەوەى كە بەشداریمان لە پرسەى ڕۆژنامەنوسێك دەستنوێژێكو دواییش دوعایەكى سەلامەتى ڕۆژنامەنوسێكیترى پێویستە.

لێرەشەوەیە كە ئەبێ ئیدى ڕۆژنامەنوسان پیاسەى شەوان ڕاگرن، ڕۆشنبیران چا نەخۆنەوە، خوێندكاران لە هۆڵى وانەشەدا ئینشاى ئازادى نەنوسن، تەنانەت ئەگەر بۆ تاقیكردنەوەش بوو.. ڕۆژنامە زەردەكان ڕەنگى خۆیان بگۆڕن، ڕەنگە باشترین ڕەنگیش پاش زەرد، ڕەنگى ڕەش بێت. چونكە ئەبێ شۆڕشى ڕەش ڕاپۆرتەكان ئامادە بكاتو هەواڵەكان بگێڕێتەوەو شیكارى بابەتەكان بكا... نەوەك هۆڵى پرسەكان پڕ بنو گۆڕستانەكان ئاوەدانتر.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە