کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بزووتنەوەی رابوون كە لەچەندین كادێر وپێشمەرگەی دێرینی یەكێتی نیشتمانیی پێكهاتووە

Tuesday, 23/06/2009, 12:00


بزووتنەوەی رابوون كە لەچەندین كادێر وپێشمەرگەی دێرینی یەكێتی نیشتمانیی پێكهاتووەو بزووتنەوەیەكی تری دەستی چەپە لەناو یەكێتیداو لەسەرەتای ساڵی 2007ەوە خۆیان راگەیاندووە بەو هۆیەوەی ناڕازین لەئەدای سیاسیی یەكێتی وبێ توانایی سەركردایەتی ئێستاو سەپاندنی بڕیارەكان لەلایەن سكرتێری گشتیی ونەبوونی دەستاودەستكردنی پۆستە سیاسییە باڵاكان لەناوخۆی یەكێتیدا، دەربارەی ئەم بزووتنەوەیەو پرسی هەڵبژاردن ئەم دیمانەیەمان سازدا لەگەڵ "مامۆستا یوسف كانیمارانی" ئەندامی رابوون لەفەڕەنسا.
ستیڤان: بزووتنەوەی رابوون وەك باڵێكی تری ناڕازی ناو یەكێتی چۆن وبۆ كام مەبەستی سیاسیی دروستبووە؟.
یوسف كانیمارانی: بزووتنەوەی رابوون وەك بزووتنەوەیەكی ریفۆرمیست لەپێناوی چاكسازیی وپاراستنی یەكێتی ریزەكانی یەكێتی ولەوێشەوە پاراستنی یەكێتی ریزەكانی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان وپارت و رێكخراوە سیاسیی وجەماوەرییەكانی كوردستان لەسەرەتای ساڵی 2007 دوای ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕا لەنێوان كۆمەڵێك كادیری پێشكەوتوو وپێشمەرگەی دێرینی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەدەرەوەو ناوەوەی كوردستان لەدەرەنجامی ئەوقەیرانە ئاڵۆزەی كەسەراپای یەكێتی گرتبۆوە دروستبووە. ‌بزووتنەوەی رابوون بەو ‌ئامانجە دروستبوو وكاردەكات كەناوەندێك بێت بۆ كۆكردنەوەی هەموو دەنگە ناڕازی وریفۆرمیستەكانی ناوەوە ودەرەوەی یەكێتی وئاڕاستەكردنێكی سەردەمییانەی پێشكەوتنخوازو بەكارهێنانی زمانێكی شارستانییانە لەدیالۆگ وگەیاندنی رەخنەو گلەیی وگازەندەی خەڵك بەسكرتێرو سەركردایەتی یەكێتی. هەمیشە وەك هێزێكی چاودێر ورەخنەگر لەسەر كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی بەوپەڕی هەستكردن بەبەرپرسارێتییەوە كارمان كردووە، دژی باڵ باڵێن وخەت خەتێنین، ئەوكەسانە بەدڵسۆزو تێكۆشەر دەزانین تاكو ئێستا خۆركەی گەندەڵی وپیاو پیاوێنێ لێی نەداون، چۆن دژ بەگەندەڵی وخزمخزمێنەو دەستەگەرێتی دەبینەوە ئاوهاش دژ بەهەر كەسێك دەوەستینەوە بیەوێت یەكێتی پارچە پارچە بكا، دەكرێت بگەڕێین بەدوای سكرتێرو سەركردایەتییەكی باشتر وتێكۆشەرتر رازی بن یان نا، بەواتایەكی تر گەڕان بەدوای بەدیلێكی باشتر لەم ناسەركردانەی ئێستا شتێكی ئاساییە، بەڵام دۆزینەوەی بەدیل بۆ یەكێتی بەبێ رێزیی بەرانبەر بەخوێنی هەزارەها لەشەهیدەكانمانی دەزانین. 
ستیڤان:كێشەكانی رابوون لەگەڵ یەكێتی چییە؟. 
یوسف كانیمارانی: ئێمە هیچ كێشەیەكمان لەگەڵ یەكێتی نییەو خۆمان یەكێتین وبەشێكی دانەبڕاوین لەیەكێتی، كێشەی ئێمەو هەزارەها تیكۆشەری تر لەگەڵ سەركردایەتی وسكرتێری گشتی یەكێتییە. سكرتێری گشتی سەرجەم بڕیارەكانی تاكڕەوانەیە هۆكاری سەرەكی گەیاندنی یەكێتی بەم قەیرانە سكرتێری گشتییە، هەموو ئەو كەسانەی لەناوسەركردایەتی ومەكتەبی سیاسیی ئەگەر بڵێن لەبریارەكانیدا پرسمان پێدەكرێت بەداوای لێبووردنەوە دەڵێم راست ناكەن. كێشەی ئێمە ئەوەیە 33 ساڵە یەك سكرتێرمان هەیە! لەدنیادا لەحزبێكی سۆشیال دیموكراتی شتی وا قابیلی قبووڵ نییە، ئەندامی مەكتەبی سیاسییمان هەیە بازرگانی سیاسییەو ملیاردێرە بەڵام سەدەها كەمئەندام ومناڵە شەهیدمان بێناز كەوتوون، كەس نییە لایان لێبكاتەوە، سەدان پێشمەرگەی دانەبڕاو بەناوی لایەنگری ریفۆرمەوە سوكایەتییان پێدەكرێت وسەدان جاش وخائین و خۆفرۆشیش خەڵات دەكرێت، ئەمانەو دەیان كێشەی تر. 
ستیڤان:رابوون دەنگ بەكێ دەدات؟. 
یوسف كانیمارانی: تاكاتی ئەم پرسیارەی بەڕێزتان ئێمە وەك رابوون زۆرینە لەگەڵ بایكۆتكردنی هەڵبژاردنین، هەرچەند نەبووە بەبڕیاڕ، بەتایبەتیش لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم نین چونكە هەر لەبنچینەدا ئەوە بەزیاد وناپێویست دەزانین، لەچەند رۆژی داهاتوودا كۆبوونەوەیەكی بەرفراوانمان لەپێشە بۆ یەكلاكردنەوەی پرسی هەڵبژاردن، دوای ئەوكۆبوونەوەیە لەبەیاننامەیەكدا رایدەگەیەنین. من بەش بەحاڵی خۆم جگە لەوەی دەنگێكم لەرابوون زۆر خۆشحاڵم كە دەبینم لەم هەڵبژاردنەدا چەندین لیست ودەنگی جیازاو لەهەڵبژاردنەكانی پێشووتر هەیە، ئەوەش قووڵكردنەوەی پرسی دیموكراسییەتە لەكوردستان، بەڵام بەداخەوە ناشەفافییەت لەكارو بەرنامەو كرداری زۆرینەی لیستەكان وام لێدەكات سووربم لەسەر هەڵوێستی بایكۆتكردن، ئەوە سەرباری ناڕەزایەتی كۆمەڵانی خەڵك لەدەسەڵاتی ئێستای كوردیی، راستە كۆمەڵێك لیستی بانگەشەی چاكسازیی وگۆڕان دەكەن بەلیستی پارتی ویەكێتیشەوە بەڵام جێگەی متمانە نییە ئەوانە كەی توانییان چاكسازیی گۆڕان لەبیركردنەوەو شێوازی بەرخودكردنیان لەگەڵ بەرانبەرەكانیان بگۆڕن ئەوسا دەتوانن گۆڕان لەدەسەڵات وكۆمەڵگەی كوردییدا بكەن. واقعێكی تری تاڵ هەیە بۆ ئێمە ئەویش ئەوەیە ئێمە ئەندامی یەكێتین واتە پێویستە دەنگ بەیەكێك لەسێ لیستەكەی یەكێتی بدەین (كوردستانی، گۆڕان، پێشكەوتن) بەڕای من دەنگدان بەهەر یەكێ لەولیستانەی یەكێتی دەمانخاتە ناو هەمان بازنەی داخراوی باڵ باڵێن وتەكەتولچێتی كەئەوەش لەستراتیجیەتی بزووتنەوەكەمان دوورمان دەخاتەوە، بەو هۆكارە بەڕای من ئەگەر بكرێت خۆمان دووربگرین لەوململانێیەی كە باوەڕمان پێی نییە باشترە، بەڵام هەمیشە پێمان باشە خەڵكی كوردستان بەو ئاڕاستەیە دەنگ بدەن ویژدانیان ئاسودە بكەن، هەڵبژاردن كارێكی زۆر گەورەو پیرۆزە دوای بوونی ئەو هەموو لیستە باوەڕێكم لا دروست بووە كەدەنگنەدان بەقازانجی دەسەڵاتی گەندەڵی ئێستایە، بەڵام بۆ بزووتنەوەیەكی وەك رابوون لەبەرئەوەی هیچ بەرچاوڕونییەكمان نییە تائێستا لەسەر لیستەكان ناتوانین خۆمان یەكلا بكەینەوە بەو ئاسانییە. . 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە