کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بڕیارێکی مه‌ترسیدار ، ویژدانی خنکاند، دادوه‌ری ژێرپێخست...!!

Tuesday, 16/06/2009, 12:00


وه‌ک چاوه‌ڕوان ده‌کرا؛ لیژنه‌ی دادوه‌ری هه‌ڵبژاردنه‌کانی هه‌رێمی کوردستان له‌ دادگای ته‌میزی هه‌رێمدا بڕیاری قه‌ده‌خه‌کردنی (لیستی هیوا)ی دا که‌ ئه‌و لیسته‌ مافی به‌شداریکردنی له‌پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌ماندا نییه‌. که‌ ئه‌مه‌ش به‌واتای لێسه‌ندنه‌وه‌ی مافی به‌شداریکردنی پاڵێوراوانی ئه‌و لیسته‌یه‌ له‌ خۆپاڵاوتن و لێسه‌ندنه‌وه‌ی مافی ده‌نگدان له‌هه‌موو ئه‌و ده‌نگده‌رانه‌ی که ده‌یانخواست به‌شداری له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا بکه‌ن و ده‌نگ به‌ (لیستی هیوا) بده‌ن. به‌مه‌ش دادگای هه‌رێمیش سه‌لماندی که‌ له‌ریزی دادوه‌ره‌کانی دادگای ته‌فتیشی سه‌ده‌ تاریکه‌کان و دادوه‌رانی زه‌مه‌نی به‌عسییه‌ فاشیسته‌کانه‌... چونکه‌ ئه‌و بڕیاره‌یان بڕیاری بێده‌نگکردن و کوشتنی ده‌نگ و ئیراده‌یه‌کی ئازادیخواز و دیموکراتیخواز بوو که‌ (لیستی هیوا) نوێنه‌رایه‌تی ده‌کرد و بێبه‌شیان کرد له‌به‌شداریکردن له‌م خوله‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کانی په‌رله‌مانی هه‌رێمی کوردستان. به‌مه‌ش ئه‌و دادوه‌رانه‌ نه‌ک هه‌ر ویژدانی خۆیان خنکاند و که‌سێتی و متمانه‌ی حقوقی خۆیان دۆڕاند، ته‌نانه‌ت سه‌رجه‌م به‌ها مافپه‌روه‌ری و دادوه‌رییه‌کانیشیان خسته‌ ژێرپێی گه‌نده‌ڵترین و سته‌مکارترین ده‌سه‌ڵات و داگیرکه‌رانه‌وه‌. من لێره‌دا هیچ جیاوازییه‌ک نابینم له‌نێوان ئه‌و بڕیاره‌ی ئه‌و به‌ناو دادوه‌رانه‌ی ژێرسێبه‌ری ده‌سه‌ڵاتی باشوور و ئه‌و بڕیارانه‌ی که‌وا کاتی خۆی به‌ناو دادوه‌ره‌کانی سه‌رده‌می به‌عس ده‌رهه‌ق به‌و مێردمنداڵه‌ کوردانه‌ی دادگایی ده‌کران و ته‌مه‌نیان گه‌وره‌ ده‌کرا و پاشان له‌سێداره‌ ده‌دران. چونکه‌ له‌ناوه‌رۆکی هه‌ردوو بڕیاردا سته‌م و نادادی هه‌یه‌ و که‌سانێک به‌ناوی یاساوه‌ هه‌م یاسا و هه‌م دادپه‌روه‌ری و ئازادی سه‌رده‌بڕن و باکیان به‌هیچ شتێکیش نییه‌ و له‌جیاتی پاراستنی گه‌ل ده‌سه‌ڵات ده‌پارێزن، له‌جیاتی ئازادی و دادپه‌روه‌ری سته‌مکاری و کۆیلایه‌تی ده‌سه‌پێنن..
ئیتر له‌م هه‌رێمه‌ سته‌مدیده‌دا هه‌ستیارترین کایه‌‌ و پانتایی که‌ کایه و پانتایی دادوه‌رییه‌، هیچ متمانه‌یه‌کی نه‌ما و ئه‌و گومانه‌ی کرده‌ یه‌قین که‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتێکی سته‌مکاردا دادوه‌ریش ناوه‌رۆکی خۆی له‌ده‌ست ده‌دات و ده‌بێته‌ دارده‌ستێکی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌. له‌راستیشدا له‌هه‌ر ‌جێگایه‌کدا تاوان هه‌بێت و سزا نه‌بێت، یان سزا هه‌بێت و تاوان نه‌بێت ئه‌وا مسۆگه‌ر له‌و جێگایه‌دا‌ نه‌ک ئازادی و دادوه‌ری، به‌ڵکو سته‌مکاری و نادادی هه‌یه‌، له‌و جێگایه‌دا جه‌للاده‌کان ده‌مامکی دادوه‌رێتی ده‌پۆشن و به‌ناوی یاسا و گه‌له‌وه‌ سزای هه‌موو بێتاوانه‌کان ده‌ده‌ن و هه‌موو تاوانبارانیش ده‌به‌خشرێن و ره‌وایه‌تیان پێده‌درێت...‌ ئه‌مه‌ راستییه‌که‌ ئیتر له‌هه‌ر جێگایه‌کدا یاسای دادپه‌روه‌ری نه‌بوو ئه‌وا ئازادیش نییه‌، ئازادی نه‌بوو ئه‌وا هیچ یاسایه‌کی دادپه‌روه‌ریش په‌یڕه‌وناکرێت.. ئه‌وه‌ی ئێستا له‌کوردستاندا به‌ڕێوه‌ده‌چێت ئه‌و راستییه‌یه‌ که‌ باسمان کرد...
راسته‌ ئه‌و جۆره‌ که‌سانه‌ خاوه‌ن شه‌هاده‌ن و یاسایان خوێندووه‌ و شاره‌زاشن له‌ یاسادا، به‌ڵام شه‌هاده‌ و خوێندنی یاسا و شاره‌زابوون هه‌رگیز نابنه‌ پێوانه‌ی دادپه‌روه‌رێتی و پاراستنی یاسا و ماف و ئازادییه‌کان. ئه‌وه‌ی ده‌توانێت واتا بداته‌ ئه‌و یاسایانه‌ ویژدانی زیندوو و باوه‌ڕبوونه‌ به‌ دادپه‌روه‌ری و مکوڕبوون و پێداگریکردنه‌ له‌سه‌ر دادپه‌روه‌رێتی و پاراستنی ماف و ئازادییه‌کان.
من دڵنیام له‌وه‌ی که‌ خودی ئه‌و دادوه‌رانه‌ له‌من و له‌ (پچدک) و (لیستی هیوا) و له‌ هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ش که‌ نیگه‌ران و تووڕه‌ن به‌و بڕیاره‌، باشتر و چاکتر ده‌زانن که‌ ئه‌و بڕیاره‌یان بڕیارێکی یاسایی و دادپه‌روه‌رانه‌ نییه‌ و زوڵم و سته‌مێکه‌ له‌مافی که‌سانی ناو ئه‌و لیسته‌یه‌ و ته‌نانه‌ت زوڵم و سته‌میشه‌ له‌و که‌سانه‌ی که‌ نیازمه‌ند و خوازیاربوون ده‌نگ به‌و لیسته‌یه‌ بده‌ن. به‌ڵام ئیتر چ له‌ترسان یان له‌ پێناو بڕێک پاره‌ و ئیمتیازات و پله‌وپایه‌ی به‌رزتر بێت، هاتن ئه‌و سوێنده‌ی دابوویان که‌وا دادپه‌روه‌ر بن شکاندیان و به‌رله‌هه‌موو شتێک درۆیان له‌گه‌ڵ خودی خۆیان و پاشان له‌گه‌ڵ خه‌ڵکدا کرد.
بێگومان مه‌سه‌له‌که‌ هه‌ر ئه‌و سێ که‌سه‌ی لیژنه‌‌ بڕیارده‌ره‌که‌ نییه‌‌ که‌ ده‌سه‌ڵات وه‌ک لیژنه‌یه‌ک دایناون و ئه‌و بڕیاره‌یان پێداون، هه‌روه‌ها مه‌سه‌له‌که‌ به‌شداریکردن و به‌شدارینه‌کردنی (پچدک) و (لیستی هیوا)ش نییه‌، به‌ڵکو مه‌سه‌له‌ مه‌ترسیداره‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ کۆی (سیسته‌می دادوه‌ری) ژێر ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی کوردستان سیسته‌مێکی گه‌نده‌ڵ و سته‌مکار و پاشکۆیه‌. بۆیه‌ له‌و باوه‌ڕه‌ دام؛ سبه‌ینێ ئه‌گه‌ر ئه‌و سێ که‌سه‌ش نه‌بن که‌ ئه‌و بڕیاره‌یان داوه‌، به‌ڵام که‌ حزبێکی تر و لیستێکی تر و خه‌ڵکانی تریش بن و بێن به‌ به‌رنامه‌ و ئه‌قڵییه‌تێکی به‌ڕاستی نوێی گۆڕانخواز و ئازادیخواز بخوازن به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌کان بکه‌ن ئه‌وا مسۆگه‌ر هه‌رهه‌مان سیسته‌می دادوه‌ری و هه‌مان کاره‌کته‌ر رێگیریان لێده‌که‌ن و به‌هانه‌ی جۆراوجۆریان بۆ ده‌دۆزنه‌وه‌ و ناهێڵن به‌شداری پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن ببن، که‌ مافێکی بێقه‌ید و شه‌رت و هه‌ره‌ ساده‌ی هه‌ر هاوڵاتییه‌که.
ده‌مه‌وێ ئه‌وه‌ش بخه‌مه‌ڕوو؛ که‌ زۆر گرنگ نییه‌ سه‌رچاوه‌ی ئه‌و بڕیاره ئه‌نقه‌ره‌یه‌ یان به‌غداده‌ یاخود هه‌ولێره؟! چونکه‌ دواجار ئه‌و بڕیاره‌ و جێبه‌جێکردنی ئه‌و بڕیاره‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی پاوانخوازانه‌ی هه‌ر سێ ده‌سه‌ڵاتی " ئه‌نقه‌ره‌، به‌غداد و هه‌ولێر"ه‌ و ته‌نانه‌ت له‌به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ر هێز و ده‌سه‌ڵاتێکی سته‌مکار و نکوڵێکاری تریشه... ‌‌به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش دڵنیام که‌ هه‌ر سێ ده‌سه‌ڵات به‌ته‌نسیق و راوێژکردن و پاشان له‌چوارچێوه‌ی سه‌وداو مامه‌ڵه‌یه‌کی پڕ قێزه‌وندا ئه‌و بڕیاره‌یان دا و جێبه‌جێشیان کرد...
ئیتر به‌لای منه‌وه‌ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ به‌فه‌شه‌لێکی مه‌زنه‌وه‌ کۆتایی پێهات، کۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن و دادگا و سیسته‌می به‌ناو دادوه‌ریش له‌باشووردا هه‌م مه‌رگی ویژدانی خۆیان راگه‌یاند، هه‌میش سه‌لماندیان که‌ به‌قه‌د تاڵه‌ مووێک له‌بازنه‌ی کێشراوی ده‌سه‌ڵات ده‌رناچن..
بۆیه‌ تا ئه‌و سیسته‌مه‌ دادوه‌رییه‌ نه‌گۆڕدرێت و له‌گه‌نده‌ڵی و سته‌مکاری و پاشکۆیه‌تی رزگار نه‌کرێت ئه‌وا نه‌ک هه‌ر پرۆسه‌یه‌کی دیموکراتی وه‌ک هه‌ڵبژاردن، ته‌نانه‌ت سه‌رجه‌م ماف و ئازادییه‌کانمان، به‌ها یاسایی و حقوقییه‌کان به‌رده‌وام له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی نکوڵی و ژێرپێخستن و له‌ناوچووندان و هه‌رچی به‌ده‌ستیشهاتووه‌ ئه‌گه‌ری له‌ده‌ستچوونی زیاتر ده‌بێت و مه‌ترسی ژیانی له‌مه‌ تراژیدی و مه‌ترسیدارتریش هه‌میشه‌ له‌ئارادا ده‌بێت.
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە