ڕاگەیاندنى یەكێتی خزمەت بە گۆڕان دەكات
Friday, 06/05/2011, 12:00
ماوەیەكە ڕاگەیاندنى یەكێتی بە شێوەیەكى زۆر نا عاقڵانە و دوور لە هەموو لۆژیك و ئیتیكێكى ڕۆژنامەنووسی دەستى داوەتە هۆنینەوەى هەندێك درۆ و پوختانى بێمانا دژ بە گۆڕان بەگشتى و هەندێك كەسایەتیش بە تایبەتى، لەم چوارچێوەیەشدا درێخیان نەكردووە و تەنانەت ئەوەندە بە سەر لێشێواوى دەستیان بەو هەڵمەتە كردووە زۆربەی جار ئەو شتانەى بڵاوى دەكەنەوە بەزەرەرى خۆیان و قازانجى گۆڕان تەواو دەبێت.
یەكێك لە یاساكانى پروپاگەندەى هەڵبژاردن ئەوەیە لە كاتى هەڵمەتەكەدا بە هیچ شێوەیەك نابێت تۆباسى ڕكابەرەكەى خۆت بكەى و ناویان بهێنی چونكە ناوهێنانى بەرانبەرەكەت بە هەر شێوەیەك بێت بەبیرهێنان و ئاشناكردنی ئەو لایەن و ناوەیە بە گوێچكە و چاوى خەڵك، بە تایبەتى ئەم ناوهێنانە كاتێك خراپە كە تۆ باسى هەندێك بابەتى لایەنى بەرانبەر بكەیت و ئەو شتەى كە باسى دەكەى زیاتر بە سەرخۆتدا بشكێتەوە، ئەمەى ئێستا ڕاگەیاندنى یەكێتى، بە سەتەلایتى گەلى كوردستان و كوردسات و كوردستانى نوێ و پیوكەى میدیاوە ئەنجامى دەدەن دەچێتە ئەم چوارچێوەیە و زۆربەى ئەوشتانەى بڵاو دەكرێنەوە بە سەرخودى یەكێتیدا دەشكێنەوە.
بۆ نمونە ماوەیەكە سەتەلایتى گەلى كوردستان هەندێك قسەى نەوشیروان مستەفا و محەمەد تۆفیق و عومەرى سەید عەلى و هەندێك كەسایەتی ترى گۆڕان وەكو فاسیل دادەبەزێنێت و گوایە كاتى خۆى ئەم هەڵوێستەیان هەبووە و ئێستا هەڵوێستێكى تریان هەیە! نەوشیروان كاتى خۆی باسى حكومەتى بە چاكە كردووە و ئێستا داوای هەڵوەشاندنەوەى حكومەت دەكات! پێموایە ئەم جۆرە فاسیلانە زیاتر لە گۆڕان بە زیانى خودى یەكێتى دەشكێتەوە، ئەو قۆناغەى نەوشیروان باسى حكومەتى بە چاكە كردووە، سەردەمێك بووە زۆرجیاواز لە ئێستا ئەو سەردەمە بووە حكومەتى سەدام لە بەغدا حوكمى دەكرد و ماڵى كوردى بە هۆى سەركێشیەكانى جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانییەوە دوو بەش بووە و نەوشیروانیش وەكو كورد نەك جێگرى سكرتێرى یەكێتیش ئەركى ئەوە بووە هەوڵ بدات بۆ ئاشتى و ئارامى، كەواتە لێدانى ئەو فاسیلەى قسەكانى نەوشێروان كە ئێستا یەكێتى بە حسابى زەربە لێدانى نەوشیروان بڵاوى دەكاتەوە هەزار قات زیاتر لە بەرژەوەندى نەوشیروان و گۆڕان دەشكێتەوە نەك یەكێتى، كاتێك نەوشیروان بەوپەڕى سەراحەتەوە بە ماستاوچییەكى وەكو توانا ئەحمەد دەڵێ: ئێوە تەقلیدى بەعس دەكەن! و ئێستا گەلى كوردستان بەحسابی لێدانى نەوشیروان بڵاوى دەكاتەوە، بێگومان نەك زەرەرى بۆ شەعبیەتى نەوشیروان و گۆڕان نییە بەڵكو تا ئەوپەڕى بۆ یەكێتی شكست و بۆ گۆڕانیش سەركەوتنە، خۆ نەوشیروان مستەفا درۆى نەكردووە كە بە ماستاوچییەكى وەكو توانا ئەحمەدى وتووە، ڕەفتارتان وەكو ڕەفتارى بەعسیەكانە!
خاڵێكى ترى لاوازى ئەم ڕاگەیاندنە چەواشەكارییەى یەكێتى ئەوەیە ماوەیەكە گوایە هەندێك بەڵگەنامە لەسەر كەسایەتییەكانى گۆڕان بڵاو دەكەنەوە و خۆیانى پێ هەڵدەكێشن، یەكێك لەو بەڵگەنامانە نامەیەكە بۆ وەرگرتنى شاهۆ سەعید لە خوێندنى ماستەر لە دەرەوەى ڕێنەماییەكان! بەڕاستى سەیرە شاهۆ سەعید لەدەرەوەى ڕێنەماییەكان لە خوێندنى ماستەر وەرگیراوە و ئێستاش دكتۆرای هەیە ئەمە كارێكى نا یاسایی و نا بەجێی یە، بەڵام ڕاگەیاندنی یەكێتى دەتوانێت پێمان بڵێت چەند كەسیتر وەكو ئەم شاهۆ سەعیدە، ئەفلام كارتۆنەكە وتەنی، بە ئەمرى یەكێتى مام جلال و ماسى كراون بە خاوەن شەهادەى دكتۆرای خسوسی؟! بەڵام تكایە باسی شێخ ئەرسەلان بایز مەكەن كە لە ڕۆژى هەینى و لەو كاتەوەى دەوام نەبووە شەهادەى دكتۆرای وەرگرتووە!! بۆچى باسى ئەو كەس و لایەنەش ناكەن كە ئەمرى كردووە شاهۆ سەعید بە نا قانونى لە ماستەر بخوێنێ؟! خۆ ئەو سەردەمە گۆڕان نەبووە؟
ئەى بۆ باسی ئازادە علوجیش ناكەن كە هەوڵیدا لەدەرەوەى ڕێنەماییەكان لە بەشی ڕاگەیاندنی زانكۆی سلێمانی بخوێنێت! بۆ باسی عارف ڕوشدى گەندەڵ ناكەن كە ئەویش لەدەرەوەى ڕێنەماییەكان وەرگیراو ماستەریشی خوێند و دكتۆراش تەواو دەكات، باشە ئەگەر ئێوە ئەوەندە پاك و بێگەردن و دژ بە گەندەڵین بە هەموو جۆرەكانییەوە، بۆچى باسی گەندەڵیەكانى سەر نووسەرى كوردستانى نوێ ناكەن؟! تۆ بڵێی بەڵگەنامەكانى چاودێرى دارای درۆ بن؟!
ئەم چەواشەكاریانەى دەزگاكانى ڕاگەیاندنى یەكێتى لە كاتێكدان خولە سەنگاوى و شێخی ئاخیر زەمان كە گوایە ئەندامى مەكتەبی سیاسی یەكێتی یە و لە هەمان كاتدا وەزیرى پێشمەرگەیە بە خوێنی شەهیدان سوێند ئەخوا و ئەڵێ: ئەو دەبابانەى برابوونە (بن دیوارى ئۆتێلەكەى جلال تاڵەبانى و هێرۆى ژنى) دەبابە نەبوون!! من تێناگەم ئێوە كەرن یاخود خەڵكى بە كاڵفام دەزانن؟
وەڵامتان هەرچییەك بێت بەم شێوەیەى كاركردنتان پێش هەر كەسێك ئەوەى زەرەر دەكات خودى یەكێتییە نەك كەسی تر، بەڕاستى ئێوە گەوجن، چۆن نازانن ئەمە سەردەمى ئینتەرنێت و فەیسبوك و تویتەرو مای سپەیس ویوتیوبە! كەچى ئەندامى مەكتەبی سیاسیتان دەڵێ من لە سیاسەتو دیپلۆماسیەت نازانم.
ئەوەى ئێمەش نایزانین ئەوەیە، ئێوە بەتەمان بەم عەقڵە چەواشەكاریتانەوە فێڵ لە كێ بكەن؟!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست