شەڕی شەمزینان و "دین بین فوو"ی ڤیێتنام
Monday, 20/08/2012, 12:00
لە رۆژی ٢٣ مانگی ئاگوست بەولاوە هێزەکانی پاراستنی گەل (ه.پ.گ) دەربازی قۆناخێکی نوێ لە خەباتی ئازادیخوازی بوون کە بە قۆناخی شەڕی شۆڕشگێڕی ناسراوە و ئامانجیشی ودەرنانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکە لە کوردستان. ئەو هەنگاوە مێژووییە کە لە شەمزینانەوە دەستی پێکردوە و خەریکی پەرەسەندنە، لە زۆڕ ڕووەوە لە شەڕی مێژوویی و یەکلاییکەرەوەی "دین بین فوو"ی ڤیێتنام دەچی کە لەو بابەتەدا باسی دەکەین.
بە گوێرەی تێۆری شەڕی گەریلایی "مائۆ زێدوونگ"، گۆڕپانی خەباتی گەریلا بە سێ دەڤەردا دابەش دەبێت کە بریتین لە؛ شاخەکان، دەشتەکان (دێهاتەکان)، وە شارەکان. بە گوێرەی ئەو تێۆریە، لە قۆناخی یەکەمی شەڕی گەریلاییدا، پێویستە هێزی گەریلا خۆی لە شاخەکاندا جێگرو رێکخستە و تۆکمە بکات. پاش ئەوەی کە دەڤەری شاخەکان مسۆگر بوو، پێویستە گەریلا تێکۆشانی خۆی ئاراستەی دەشتەکان و دێهاتەکان بکات. لە هەنگاوی سێهەمدا هێزی گەریلایی پێویستە خۆی دەربازی شارەکان بکات و پاشەکشە بە هێزی داگیرکەر بکات و لە وڵاتی وەدەرنێت.
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) وەکوو یەکێک لە گەورەترین هیزە گەریلاییەکانی دونیا، هەرچەند کاریگەری پێویستی لەو تێۆریە وەرگرت بەڵام لەبەرگرتنەوەی (کۆپی) نەکرد و دەقاودەق پەیرەوی نەکرد، کە ئەوەش یەکێکە لە تایبەتمەندیە جوانەکانی پەکەکە. سەرەڕای ئەوەی کە قازانج و سوود لە هەموو تێۆریەکان وەردەگرێ، بەڵام لەبەریان ناگرێتەوە و لاساییان ناکاتەوە و بە خوێندنەوەی ڕاستیەکانی کوردستان و تایبەتکارەکانی داگیرکەرانی کوردستان، هێڵیکاری خۆی و ڕێبازی خەباتی خۆی بەدەستی خۆی دادەڕێژێت.
پەکەکە هەنگاوی یەکەمی نە لە شاخەکان، بەڵكوو لە شارەکان دەستپێکرد. پاش کۆدەتای سەربازی ١٩٨٢ دەربازی شاخەکان بوو. بەڵام کاتێک کە لە شاخەکان بەرەی سەرەکی خەباتی خۆی کردەوە، فۆرمٶلی "شاخ دەشت شار"ی بە بنەما نەگرت. واتە تێۆریەکی مائۆی لاسایی نەکردەوە و نەیگوت مادام مائۆ وای گوتووە، دەبێ وابێ.. هاوتەریب لە گەڵ خەباتی شاخ، پەکەکە دەشتەکان، شارەکان، گرتووخانەکانی کوردستان و تەنانەت ئەوروپاشی بە بنەما وەرگرت و لە هەمووی ئەو دەڤەرانە خەباتی بەرەوپێش برد. هاوڕێ لە گەڵ ئەوەشدا ئامادەکاری بۆ تێکەڵکردنەوەی ئەو دەڤەرانە کردوە و ئەو پرۆسەی تێکەڵکردنەوەیەش لە شەڕی شەمزینان بە لووتکە گەیشتوە!
پرۆسەی شەڕی شەمزینان کە ١٥ ئاگوستی ١٩٨٤ دەستی پێکرد و لە ڕێکەوتی ٢٣ ئاگوستی ٢٠١٢دا بە لووتکە گەیشتوە و پاشەکشەی بە ئەڕتەشی داگیرکەری تورک کردوە، هاوشێوەی شەڕی مێژوویی دین بین فووی ڤیێتنامە کە لە ساڵی ١٩٥٤دا ئەرتەشی داگیرکەری فەڕانسەی تێکشکاند و بوو بە هۆکاری ئازادبوونی بەشێک لەو وڵاتە کە تا ساڵی ١٩٧٥ بە ڤیێتنامی باکوور دەناسرا. ڕەنگە نەتوانین لەو بابەتەدا شۆڕشی ڤیێتنام شڕۆڤە و شیبکەینەوە، بەڵام ئەوەی کە پێویستی بە باسکردن هەیە، هەندێک قۆناخی چارەنووسسازی پێش شەڕی دین بین فووە.
ڕێبەری ئەفسانەیی ڤیێتنام "هووشیمین" لە ساڵی ١٩٤١دا، "بەرەی سەبەخۆخوازی ڤیێتنام ڤیێتمین" دادەمەزرێنێ و لە پێناو ئازادی وڵاتەکەیدا دەچێتە نێو شەڕێکی دوورودرێژی گەریلاییەوە. ڤیێتنامی ئەو کاتەش هەر لە نیوەی سەدەی نۆزدەی زاینەوە ژێردەستی (کۆلۆنی) فەڕانسە بوو. سەرباری ئەو ژێردست بوونەش، هێزەکانی ژاپۆن هێرشیان بۆسەر هێنابوو و بەشێکی زۆری ئەو وڵاتەیان داگیرکردبوو. واتە گەریلاکانی ڤیێتمین لە دژی هەردووی ئەم هێزە داگیرکەرانەدا چوونە شەڕەوە.
پاش تێکشکانی ژاپۆن لە ساڵێ ١٩٤٥ لە لایەن بەرەی یەکگرتووی شەڕی دووهەمی جیهانیەوە، هێزەکانی ژاپۆن لە ڤیێتنام پاشەکشەیان کرد. ئەوەش بوارێکی باشتری بۆ گەریلاکانی ڤیێتمین ڕەخساند کە کۆنترۆڵی شارەکان بگرنە دەست خۆیانەوە. لە ئاکامدا، هووشیمین لە ڕێکەوتی دووی سێپتامبری ١٩٤٥دا کۆماری دێموکراتی ڤیێتنامی ڕاگەیاند. فەڕانسە ئەو کۆمارەی قەبوول نەکردو درێژەی بە شەڕی داگیرکەری دا. بەڵام لە شەڕی دین بین فوودا کە نزیکەی ٣ مانگی خایاند، واتە لە مانگی مارسی ١٩٥٤ەوە دەستی پێکرد و تا مانگی مەی کێشا، گەریلاکانی ڤیێتمین توانیان بۆ یەکەم جار داگیرکەرێکی وەکوو فەڕانسە لە وڵاتێکی ڕۆژهەڵاتیدا بە هێزی چەک تێکبشکێنن و لە وڵاتەکەی خۆیانی وەدەرنێن.
لە شەڕی دین بین فوودا هێزەکانی هووشیمین کە زیاتر لە ٧٠٠٠٠ گەریلا دەبوون توانیان ٦٦ رۆژی بەردەوام هێرش بۆسەر هێزەکانی فەڕانسە بکەن و لە ئاکامدا وەچۆکی بێنن. تامی ئەو تێکشکانە مێژووییە ئەوەندە تاڵ بوو کە سەرپەلی گشتی هێزەکانی فەرانسە نەیتوانی بیچێژێ و لە ئاکامدا خۆیکوشت. لەو شەڕەدا زیاتر لە ٧٠٠٠ سەربازی فەڕانسەوی کوژران و ١١٠٠٠سەربازی تریش بریندار بوون.
پاش ئەو تێکشکانە هێزەکانی فەڕانسە لە باکووری ڤیێتنام دەچنەدەرێ و بۆ هێزەکانی ڤیێتمینی چۆڵ دەکەن. پاشان لە ژێنێڤ پێتەختی سویس، شاندێکی ڤیێتنام لە گەڵ فەڕانسە، بریتانیا و ئامریکا دادەنیشێ و دەست بە دانووساندن لە سەر چارەنووسی ڤیێتنام دەکەن و بە دوو بەشی باکوور و باشووردا دابەشی دەکەن. باکووری ڤیێتنام ڕادەستی هووشیمین دەکەن و لە باشووریش ڕێژیمێکی دەستەمٶ و دەستکردی خۆیان بە سەرۆکایەتی "نگۆ دین دییەم" دادەمەزرێنن.
بەپێی ڕیکەوتنامەی ژێنێڤ، وا بڕیار دەبێت کە لە ساڵی ١٩٥٦دا، ڕاپرسیەکی گشتی بە مەبەستی یەکگرتنەوەی باکوور و باشووری ڤیێتنام لە هەمووی ئەو وڵاتەدا بەڕێوە بچێ. بەڵام لە ساڵی ١٩٥٦دا ئەو ڕاپرسیەگشتیە نەکراو شەڕ دەستی پێکردەوە و ئامریکاش خۆی تێکێشا. شەڕەکە تا ساڵی ١٩٧٥ی خایاند و ئاکامەکەشی تێکشکانی ئامریکا و یەکگرتنەوەی ڤیێتنام بوو.
شەڕی شۆڕشگێڕی شەمزینان لە زۆر ڕووەوە لە شەڕەکەی دین بین فوو دەچێ و هاوشێوەی ئەو شەڕە کە ئامانج و ئاکامی وەدەرنانی هێزی فەڕانسەوی بوو لە ڤیێتنام، ئامانجی شەڕی شەمزینانیش وەدەرنانی هێزی داگیرکەری تورکە لە کوردستان. تا ئێستا گەریلاکانی (ه.پ.گ) توانیویانە ڕووبەری ٤٠ کیلۆمیتر لە خاکی کوردستان لە ئەرتەشی داگیرکەری تورک پاک بکەنەوە و هێزی واتا بە هەموو ئازادیخوازانی دونیا ببەخشن.
لە شەڕی دین بین فوودا هێزەکانی ڤیێتمین پێکهاتبوون لە زیاتر لە ٧٠٠٠٠ گەریلا و ماوەی ٦٦ رۆژ لەسەریەک هێرشیان کردە سەر هێزە داگیرکەرەکانی فەڕانسە، بەڵام هەژماری گەریلاکانی ئێمە لە شەمزینان لەوانەیە لە ٧٠٠ کەسیش تێپەڕ نەکات.. هیچ گومانم لە سەرکەوتنی گەریلاکانی کوردا نیە، بەڵام وەکوو گەل، ئەرکی کۆمەڵگای کوردەواری بە هەموو پارت و لایەنە ڕامیاریەکانەوە چیە؟ گەلۆ لەو قۆناخە مێژوویەدا کە گەریلاکانمان ئاوا قارەمانانە هاتوونەتە پێشەوە، ئـێمەش دەبی دەستەوەستان ڕاوەستین و تەنیا چاودێری ڕەوتی ڕوداوەکان بکەین؟..
ئەگەر دەمانەوێ قۆناخی شەڕی شۆڕشگێڕی شەمزینان بە دوایین قۆناخەکانی سەرکەوتن بگات و بۆ هەمیشە کۆتایی بە داگیرکەری و ژێردەستی و مافخوراوی بێت لە کوردستان، ئەگەر دەمانەوێ هاوشێوەی گەلی ڤیێتنام خاوەن پێگە و شوێنێکی پڕشکۆ و سەرفەرازانە بین لە مێژووی گەلانی چەوساوەدا، ئەوە ئێمەش هاوشێوەی ڤیێتمین پێویستیمان بە هێزێکی گەریلایی ٧٠٠٠٠ کەسی هەیە و دەستپێکردنی قۆناخی شەمزینان بە هێزێکی چەندسەد گەریلایەوە، گوزارە لە کەمووکووڕی و بٶشاییەکی زۆر لەبەرچاوی کۆمەڵگای کوردەواری و پارت و لایەنە ڕامیاریەکانی کوردستان دەکات، کە پێویستە بە زووترین کات چارەسەر بکرێت!
لە هەموو کات زیاتر، ئەوڕۆکە ئێمە پێویستیمان بە بەهێزکردن و مەزنکردنەوەی هێزی گەریلا هەیە، کە بەشێکی ئەوەش دەکەوێتە سەر شانی کۆمەڵگای کوردەواری و بەشداربوونی لاوەکانی کورد لە ڕیزی هێزەکانی گەریلادا ئەو کەمووکووڕیە چاڕەسەر دەکات. بەشێکی تریشی دەکەوێتە سەر شانی ئەو لایەنە کوردیانەی کە بە کردەوە خوازیاری ئازادی کوردستانن. پێویستە ئەوانیش ئەو هەنگاوە شۆڕشگێڕانەیە بە خۆماڵی خۆیان بزانن و بە پێی توانستی خۆیان تێیدا بەشدار بن.
هاوکات لە گەڵ ڕیکخستنی هێزێکی گەریلایی ٧٠٠٠٠ کەسیش، پێویست ناکات تا ئەو ئاستە پێداگری لەسەر ڕێبازی "ئاشتی"یانە و "چارەسەری ئاشتیانە"ی پرسی کورد بکەیەن. ئەوە تەنیا نە بەمەبەستی ئەوەی کە کاتێک کە ئێمە باسی "ئاشتی" و چارەسەری دێموکراتیانە دەکەین، داگیرکەرانی کوردستان ئەوە بە خاڵی "لاواز"ی ئێمە لێکدەدەنەوە، بەڵکوو بە مەبەستی هێشتنەوەی هەندێک ئابڕوو و پارسەنگیە بۆ چەمکی "ئاشتی"..
ئەوەندەمان باسی "ئاشتی" و چەمکگەلی دەستکرد و بێواتای وەکوو "برایەتی گەلان" کردوە، ئابڕوو و کەرامەتمان بۆ ئەو چەمکانە نەهێشتۆتەوە و لە ماک و جەوهەرەی خۆیانمان دەرخستوون.. ئیدی کاتی ئەوە هاتوە بڵێین ئیدی بەسە.. بەسە ئیدی!..
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست