کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئەرکە نەتەوەییەکان لە کوێن ؟

Wednesday, 26/10/2011, 12:00








سەرەتای سەدەی بیستەم ، دەستپێکی ڕەها دابەش بوونی نەتەوەی کورد بوو لەسەر یەک نەخشەی نەتەوەیدا ، وە سەرەتای وشیاری و ناسینی کورد و کورد بوو وەک نەتەوە ، لەهەمانکاتدا دەست پێکی دابەش بوون و جوداخوازی و چینایەتی بوو لە نێوان خودی کورددا .
لەو سەدەیەدا سەرکردە و شۆڕشگێڕەکانی کورد لەسەر ئاستی ناو خۆ و دەرەوەدا بەدەرکەوتن و ناسران ، بەڵام نەبونی ئەزمونیان ، بوو بە هۆی دابڕان و پەرتەوازە کردنی نەتەوە لەیەکدی ، ئەوانەی کە وەک سەرکردە و شۆڕشگێڕ وە دەرکەوتن ، وشیار نەبوون لەفەلسەفەی شۆڕش و خەبات ، شۆڕشەکانیان کرد بەهەلێك بۆ دروست کردنی یەک حیزب و یەک فەرمان ڕەوا ، بە جۆرێك تەواوی دەسەڵاتی ئەو حیزبە لەلایەن بنەماڵەیەکەوە پاوان بکرێت و دواتر بۆ کوڕ و نەوە و نەوەزا .

لێرەداو لەسەدەی بیستەمدا چەمکی نەتەوە تەنها بۆ بەرژەوەندی حیزب بەکار هات ، وە خەبات و شۆڕش لە پێناو نەتەوەدا ، گواسترایەوە بۆ خەبات و شۆڕش لە پێناو حیزبدا .

لە مێژووی هەموو پارتە کوردییەکاندا بونێك نابینین بە هەقیقی بۆ نەتەوە ، لەپاڵ ئەمەیشدا ، لەهەموو ساتە وەخەتێكدا ، ئەوانەی وەک حیزب لە گۆڕەپانی سیاسی بوونیان هەبوو ، سیاسەتێکیان بەکار هێنا زۆر بێمانا و پێچەوانە بوو ، نەک هەر نەتەوەیان بەلاوە نا ، بەڵکو لەهەموکاتێك هەوڵیان بۆ ئەوەدا ، نەتەوە بچوکتر لە حیزبێك وێنا بکەن ، بەو شێوەی کە ویستویانە، میلەت وا تێبگەیەنن حیزب لە مرۆڤ و نەتەوە پیرۆزترە ، وێنای حیزبیان وا نیشانی میلەتداوە کە ئیتر بەبێ حیزب کورد نامێنێ و نەتەوە لە ناودەچێت . لە نێو خودی حیزبەکەیشدا تەنها کەسێک موقەدەس و گەورەیی نەتەوەیان لەو کائینەدا ناساندووە.

لە باشوری کوردستان و لە دەسپێكی حیزبگەرایدا ، تا هەنوکە ئەوەی بونی نەبێت لە پراکتیکی کاری پارتە کوردییەکاندا ، ئیش کردن بووە لەسەر نەتەوە ، تا ئەم چرکە ساتە ئەوەی پێی دەگوترێت حکومەتی هەرێمی کوردستان ، لە ناوەڕۆكدا دوو ئیمارەتی حیزبیە ، هەموو سەفارەتەکانیش کە بەناوی حکومەتی هەرێمەوە لەدەرەوە کراونەتەوە ، تێکڕا ئەندامانی سەوز و زەردە و جگە لەوان ئەندامی لایەنێکیتر بونی نیە ، ئەوەی پێی دەگوتریت سەفارەتی هەرێم لەدەرەوە ، تەنها نوسینگەیەکی حیزبیە نەک حکومی .

تا هەنوو پەیوەندیەک نیە بەناوی حکومەتی هەرێم لەگەڵ دونیایی دەرەوەدا ، ئەو پەیوەندییەی هەنوکە لە شاشەی تیڤییەکانەوە دەبینرێن ، تەنها پەیوەندییەکی شەخسیی و حیزبییە یان بەرژەوەندی بازرگانییە .

ئەوەی لە ڕابردو ئێستایش بەکاری دەهێنن خەبات بۆ یەک نەتەوە و دەستکەوت بۆ یەک نەتەوە ، جگە لە خۆ فریودانی خودی حیزب بۆ خۆی ، خیانەتیشە بەرامبەر بەنەتەوە و نیشتیمان ، ئەوانەی ئەمڕۆ خۆیان وەک سەرکردەی کورد وێنا دەکەن ، نەفەسی نەتەوەییان لێ ونە ، لەم هەرێمەدا خەبات بۆ کورد و بۆ نەتەوە و نیشتیمان ، تەنها تیۆرێکە بۆ بەرژوەندیی چەند کەس و حێزبێك ، بە پراکتیک بونی نیە .

 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە