گۆڕان بەڵێن ئەدات لەسەر تۆمەتەکانی لە حکومەتی داهاتوودا نەوشیروان مستەفا بدرێتە دادگا؟!
Sunday, 15/09/2013, 12:00
1526 بینراوە
بەشێکی زۆر لە خەڵکی کوردستان، خۆشباوەڕییەک زۆریان هەیە بەوە کە گۆڕان ڕەنگە باشتر بێت لە پارتیو یەکێتی! منیش پێموایە ڕەنگە هەندێ چاکسازی ڕووبدات تەنانەت ئەگەر گۆڕان بە ئۆپۆزیسیۆنیش بمێنێتەوە! هەر ئێستا لە پێشبڕکێی بەڵینداندا پارتیو یەکێتی بەرنامەی باشتر لە گۆڕان ئەخەنەڕوو. ئەو دوو حزبە تاقیکردنەوەی خۆیان داوەو ناجح نەبوون، بۆیە گڵۆڵەیان کەتۆتە لێژیو متمانەی جەماوەریان لە دەستداوە. بەم دوادواییە بۆیان جۆرناکرێتەوە. بەڵام لەبیرتان نەچێت کە گۆڕانیش سۆشیال - لیبڕاڵیزمی بۆرژوایی نوێنەرایەتی ئەکات. وە سەرئەنجام نوێنەری چینی بۆرژوازی کوردستان ئەکات، ڕەنگە نوێنەری هەندێک لە بۆرژوازیش بێت نەک هەمووی!! گۆڕانکاریی هەر هێندە ئەبێت کە نوێنەرێکی نوێی بۆرژوازی بە دەنگی خەڵکی یان بە تەقسیمکاری دابەشکردنی دەسەڵات، ئەچێتە نێو دەسەڵات یان تەنانەت ڕەنگە حکومەتیشی بەدەست بێت.
جیاکاری و هەڵاواردنو بێمافیو بێمەسکەنیو بێکاری و زۆر دەردی تر هەروا باقی ئەمێننەوە. بە سەرکەوتنی گۆڕان نە پارتی لە عەرز ئەدرێت، نە موعجیزە ڕووئەدات! گۆڕان لە دەمی نەوشیروان مستەفاوە ئەڵێ بەشداری دەسەڵات دەکەن. واتە بە ڕێکەوتن لەگەڵ پارتیدا دەسەڵات دابەش ئەکەن. ئیتر چی لە دۆخەکەی ئێستا ئەگۆڕێت!؟ بۆ نمونە؛ بزوتنەوەی گۆڕان ئەتوانێت یەک جەردەو مافیای پارتیو یەکێتی بداتە دادگا!؟ ئەتوانێت بەڵێنی وەها بدات، بەڵام ئایا عەمەلییە کارێکی وەها؟ یان ئەوکەسانەی نێو گۆڕان خۆیان کە تۆمەتبارن بە دزیو خۆدەوڵەمەندکردنو کوشتنی بەکر عەلیو ..تد ئەباتە بەردەمی یاساو لێپێچینەوە؟ یان نەوشیروان مستەفا ڕائەکێشرێتە دادگا لەسەر کوشتاری قڕناقاو پشتئاشانو کوشتاری کۆمۆنیستەکان؟ چاوەڕوانیی ئەمە لە ئۆپۆزیسیۆن یان گۆڕان ئەکرێت!؟
کەسانێک کە چاوەڕوانی زۆریان لە بزووتنەوەی گۆڕان هەیە، هەق وایە پێوەرێک دانێن بۆ لەمەحەک دانی گۆڕان. بۆ نموونە؛ ئایا یەکەم کاری گۆڕان لێپێچینەوە ئەبێت لە نەوشیروان مستەفا وەکو تۆمەتباری کوشتاری قڕناقاو پشتئاشانو سەرپەرشتیاری سەرەکی کوشتاری کۆمۆنیستەکانی کوردستان؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە پێوەرن بۆ کەسانێک کە سیاسەتی بنەماڵەیی پارتیو یەکێتی نیگەرانی کردونو بەهەر نرخێک قایلن گورزێک بدرێت لە پاتیو یەکێتی. وە خۆشباوەڕ بەمەی کە گۆڕان لە عەرزیان ئەدات! بزووتنەوەیەک کە ئیدیعای سەروەر کردنی یاسا ئەکات، ئایا یەکەم لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵ سەرۆکی گۆڕاندا ئەخاتە دەستووری خۆیەوە؟
هەر لە ووتارەکەیدا دوێنێی نەوشیروان مستەفا بەڕوونی داوای ڕێکەوتن ئەکات لەگەڵ پارتی. کوردستان جێگایەکە پارتی بە ئابووریی زاڵە بە میلیشیا زاڵە. بەداخەوە وەهمی قەومیش زۆرتر لە بەرژەوەندی پارتیدایە لەنێو خەڵکیدا. پاشخانی فکریو ئایدیۆلۆژی بزووتنەوەی گۆڕانیش هەر کوردایەتییە، بەڵام ڕۆشنبیرانێکی چەشنی مەریوان وریا قانع و ئاراس فەتاح بوونەتە بانگەشەکاری هەڵمەتی هەڵبژاردنو داوا لە خەڵکی کوردستان ئەکەن، بەشداری دەنگدان بکەنو بە دەنگدان بە گۆڕان سزای پارتێو یەکێتی بدەن! ئەگەر وورد بینەوە زیاتر لەم بانگەشەیە، دەرئەکەوێت ئەمە تەڵەیەکەو بۆ خەڵکی کوردستان دانراوە، هەتا خەڵکی دەستهەڵگرن لە شێوازی خەباتکارانەی خۆیانو ناڕەزایەتییەکانی چەندی ساڵەیان بسپێرن بەم وەکیلانەی پەرلەمان کە لەڕێی بزووتنەوەی گۆڕانەوە لەنێو هۆڵی پارلەماندا بیقڵیشیننەوەو تەپڵلێدەن و بوتڵی ئاو بهاوێژن! ئەمە ئیتر کەی گۆڕانکارییەک بوو خەڵکی عومرێکە لەپیناویدا تێئەکۆشێت!
خەڵکی کوردستان تاقیکردنەوەی ١٧ی شوباتیان هەیە چۆن بزووتنەوەی گۆڕان، خۆی کردە دەمڕاستی ئەو ڕابوونە جەماوەرییە، وە کردیە کارتێکی سیاسی بەدەستییەوە بۆ گفتوگۆ کردن لەگەڵ دەسەڵاتدا. پاشان لە چوار ساڵی رابردوودا هەم دەسەڵاتیشو هەم ئۆپۆزیسیۆنیش هاتوونەتە سەر ئەو باوەڕەی کە هەردوولا تەواوکەری یەکترین بەرانبەر بە خەڵکی ناڕازی. بهێننە بەرچاوتان ئەگەر لە ١٧ی شوباتدا ئۆپۆزیسۆن نەبوایە، ئەگەر زۆر بوو دەسەڵاتی بنەماڵەیی ڕاماڵرایە! ئێستا ئێمە لەنێو وەهمی هەڵبژاردنێکی دیکەدا نەئەبووین بۆ شەرعییەتدانەوە بە هەمان دەسەڵات بە هەندێ گۆڕانکاری شکڵیو هاتنی هەندێ دەموچاوی تازە بۆ نێوی. چینی بۆرژوازی کوردی، وە حزبەکانی، لە هەر کات زیاتر ئەمڕۆژانە پێویستیان بە ئۆپۆزیسیۆنێک هەیە تا فیلترەیشنی ڕەخنەو ناڕەزایەتی جەماوەریو کرێکاری بکەنو ئاراستەکەی بگرنە دەستی خۆیانەوە، نەک جڵەوی لەدەستیان دەربچێو قەڵای دەسەڵاتی خۆماڵی بهێننە خوار. ئەوسا هەم دەسەڵاتو هەم ئۆپۆزیسیۆن پێکەوە شتێکیان نامێنێتەوە شەڕی لەسەر بکەنو هەردوولایان زەرەرۆمەند ئەبن.
کەواتە هەڵبژاردن ئەو یارییەیە کە هەم دەسەڵات هەم ئۆپۆزیسیۆن سازو گەرمیان کردووە هەتا ڕیزی ناڕەزایەتی بەرهەقی خەڵکی لەنێو خۆیاندا بتوێننەوەو ئیحتیوای بکەن. بایکۆت کردنی هەڵبژاردن بەرگرتنە بەم سیاسەتو پیلانەی دەسەڵاتو ئۆپۆزیسیۆن پێکەوە! هێشتنەوەی متمانەیە لەنێو خەڵكی کوردستاندا، لەسەر کارابوونی بەردەوامیدان بە ناڕەزایەتییەکانیان تا هێنانە ئارای دەسەڵاتێکی خەڵکی کە زۆرترین مافو ئازادییەکان بۆ چینو توێژە کرێکارو زەحمەتکێشەکانی کوردستان دابینو مسۆگەر بکات. نەک جێگرتنەوەی بە بەڵێنی بێکردار لە هەردوولاوە!