هەرێمێکی فشەڵ و غەرق بوو لە ناپاکی
Tuesday, 02/09/2014, 12:00
2345 بینراوە
ئاشبەتاڵ
٣١ی ئاب
میژوو خۆی دووبارەدەکاتەوە.
من کەسێکی نیشتیمان پەروەر نیم، لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو ڕاستییە باش دەزانم، ناپاکی کردن لەوڵات, دوا پلەی بێڕەوشتیە. (ژاک)
----------------------------
ڕۆژگار هات و ڕۆی و دێت، هەمیشە ناپاکی و دوبەرەکی و درۆو دزی و قسەی زل، کوردان بەرەو هەڵدێران ڕادەنێت.
----------------------------
٢٣ساڵ شۆڕش بۆ (گەڵ)، نەک بۆ (گەل)!
----------------------------
گەڕانەوە بۆ ساڵی ١٩٧٥، تا ٢٠١٤،هێشتا سەرکردە خۆسەپێنەکانی کورد، ناتوانن گەرەنتی بدەن لەژیانی تاکێکی کورد، کاتێک شەو سەردەخاتە سەر سەرین، بەیانی کەلەخەو ڕابوو، کەس نازانێت چارەنوسی چیدەبێت. هیچ مرۆڤێکی ئەو هەرێمە, ناتوانێت بڵێ لەشەقامێکی پایتەخت و بەبەرچاوی پیاوانی حوکمەتەوە، نافڕێندرێت و دەمی پڕ فیشەک و دواتر فڕێ نادرێت؟ کام لەکوڕە بێ باوک و بێنازەکانی گەرمیان هەیە بڵێ، لەئێورەیەکی گەرمای دەشتی گەرمەسێردا جەلەدێکی داوێن پیس و دڵ ڕەشی، سەرو کەلە ڕەشکراوی وەک جلە ڕەشپۆشەکانی دایکی، لەباوەشی دایکیدا بەر ڕێژنەی فیشەک نەدرێت؟. ئەو هەرێمە خاڵیە لەهەموو پێوەرو یاساکانی ژیانێکی شایستە, بەمرۆڤێکی ئاسایی. کۆی سیستەمی بەڕێوەبردن، فاشیل و فشەڵە. ڕۆژانەو بەبەردەوامی لەماوەی ٢٣ ساڵدا، کاراسات و شکست, بەرۆکی خەڵکی بەرنەداوە, لەژێر سایەی مامەڵەو سەودای چەوتی سەرانی دەستڕۆیشتوی کورد.
لەئاشبەتاڵەوە بۆ ئاشبەتاڵ
دواین شکست و کارەسات, لەسەردەستی ئەوتۆڕەی جومگەکانی هەرێمی گرتۆتە دەست، بەکارەساتی (شنگال)ە ناودەبرێت. هەموومان بەبەڵگەی ڤیدیۆیەوە بینیمان چەکدارە شەڕنەکەرەکانی لایەنێکی دیاری کراو کەباڵادەستبوون لاناوچەی شنگال,بێ شەرمانە بێ هەستکردن و نابەرپرسیاری بۆ گیانی دەیان هەزار منداڵ و ژن و پیاو، کلک لەسەرشان، لەماوەی چەند کاتژمێرێکدا، قەزای شنگال و پێنج ناحیەو دەیان گوند، کەزۆربەیان خەڵکانی ئێزیدی بون، بەخاک و خەڵکەوە جێهێشت و کردیانە دیاری بۆچەکدارانی داعش. دواتر ئەوشکستەی چەکدارەگوێڕایەڵەکانی حیزب و بنەماڵە، بووە هۆی ڕوودانی ئەو کارەساتە مرۆیەی دونیای هێنایە سەرخەت. ئەمەش هەموو ئەوقسانە وچیرۆک و ئەفسانانەی سەرۆکی هێزەچەکدارەکانی زەربی سفر کردەوە دەربارەی فیدایەکانی بنەماڵە.
بازرگان و دز
بەرپرسێکی پارتی دەڵێ، نزیکەی دەهەزار چەکداری پارتی هەبوون لەناوچەی شنگال. ئەوان بازرگان و دز دەرچوون.
خۆ ئەگەر ئەو هەموو چەکدارە, چەند کاتژمێرک تەقەیان بکردایە، بێگومان کارەساتە بەو شێوەیە نەدەبوو، ئەو موو ژن و منداڵ و پەککە و تانە نەدەکوتنە دەستی داعش. دوای چەند ڕۆژیکی دیکە چەکدارەکانی داعش هێرش بۆسەر ناوچەی مەخمور دەکەن، بەهەمان وورەی ڕوخاوەوە چەکدارەکانی پارتی لەڕاکردندا کەس پێیان ناگات و ئەوێش چۆڵ دەکەن بۆ داعش. کاتێک ئەمەریکا هەست دەکات ستافی کۆنسوڵی ئەمەریکا, لەهەولێر ژیانیان پارێزراونابێت, ئەگەر داعش لەوە زیاتر نزیک ببێتەوە کەماوەی نیو کاتژمێریان مابوو بۆهەولێر، خێرا بڕیاری وەشاندنی گورزی سەربازی لەڕێگای فڕۆکە شەڕکەرەکانیەوە دەرکرد. ئەگەر بەهۆکاری پاراستنی گیانی ستافی ئەمەریکیەکان و کۆمپانیا نەوتیەکانی ئەمەریکاو خۆرئاوا نەبوایە، کوردان ئێستا تاڵاوی ئاشبەتاڵێکی دیکەیان لەئاشەکەی بنەماڵە, نۆش دەکردو چەند کاتژمێرێکی مابوو هیوای میلەتێک هەرەس پێبهێنن. تکایە بابەس بێت قسەی زلی سەرۆک و سەرکردەکان، لەپێداهەڵدان و هەڵنانی ناوی پێشمەرگە، گەرهێند ڕاستگۆو خاوەن شەرفی کوردانەن، بۆ حاڵی پێشمەرگە یەکسانە بەسفر. لانی کەم لەجیاتی ئەو قسە پوچانەی لایەنێکی دیاری کراو دەرهەق بەگەریلاکانی باکوردەکرێت، دەبو ڕوخسەت لەسەرکردە خاوەن ئەزمونەکانی (پکک) بخوازن، تاڕاهێنان بەپێشمەرگەی باشوربکات، تاوەکو وەک گەریلا، فێری پەروەردەی نیشتیمانی و هونەری شەڕو پێکدادان بکەن.
ئەگەر نیو هێندەی ئەو پارەیەی بۆگیرفانی مشەخۆرەکان دەڕوات، بۆ کەل و پەل و پێداویستی سەرەتایی پێشمەرگە خەرج بکرابایە، ئێستا پێشمەرگە لەدەورانێکی دیکەدا دەبوو. کڕین جل وبەرگ و هێلەگی گوللە نەبڕ و دووربینی شەوان و جۆرەها ئۆتۆمبیلی پێویست بۆ هێزی پێشمەرگە تەنها پێویستی بەچەند کلیکێک هەیە لەسەر ئینتەرنێت. کلیک لەسەر ئەم لینکە بکەو چەند هێلەگی سەربازی گولە نەبڕ دەخوازی دەتوانی بیکڕیت.
کڕینی دووربینی رۆژ و شەو
------------------------------------------------------
تورکیای دۆستی داعش و دوژمی کورد
ڕێکخراوی تیرۆرەرستی قاعیدە، ئێستا چەند لقێکی دیکەی توندڕەوی لێبۆتەوە، لەوانە داعش و بەری نوسڕە، کە ئێستا لەعێڕاق و سوریا شەڕدەکەن، زۆربەی چەکدارەکانیان لەڕیگای تورکیاوە دەچنە نێو خاکی سوریا. پەپێی ڕاپۆرتێکی نهینی سی،ئێن،ئین، بەشێک لەو چەکدارە جیهادیانە لەفڕۆکەخانە و سنورەکانی تورکیادا, ئاسانکاری و ڕێنوێنیان بۆ دەکرێ.
دوای ئەو جەنگەی نێوخۆیەی سوریاو زۆربوونی چەکدارە تیرۆرستیەکان، تورکیا بەبەرەدەوامی هاوکاری پەڕینەوەی چەکدارەکان دەکات بۆسوریا، بەتایبەت بۆ شەڕکردن دژی هێزە کوردییەکان، کەئێستا ناوچەی حوکمڕانی خۆیان لەژێردەستدایە. دواجاریش پەلاماردانی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، لەلایەن چەکدارەکانی داعشەوەو بێدەنگی تورکیا، جێ دەستی تورکیای بەڕونی بەسەر نەخشەی جەنگی داعشدا ئاشکراکرد. ئەوتورکیایەی نزیکترین دۆستی سەرانی پدک بوو، هەرئەویش زۆرترین کۆمپانیای لەهەریێمدا هەیە، هەرخۆشی بازرگانی بەنەوتی هەرێمەوە دەکات. لەولاوەش ڕێگا بەگەیاندنی هاوکاری مرۆی نادات لەڕێگای خاکەکەیەوە بگاتە هەرێم، کەچی سەرانی هەولێر، تەواوی هێلکەکانی خۆیان خستبوە نێو سەبەتەکەی تورکیاوە. ئەگەر ئەمەریکالەچەند کاتژمێری دوای هێرشەکانی داعش فریا نەکە و تبایە، ئاشبەتاڵی ئابی ٢٠١٤نزیک ببووە، بەهۆی سیاسەتە فشەڵ و چەوتەکانی سەرانی هەولێرەوە. هەموو ئەوانەی دەسەڵاتدارو خۆیان بەسیاسەتمەدار دەزانن لەهەرێم، هیچیان زانیاریان نیە تەنانەت هەفەتەیەک، یان مانگێکێکی دیکە چارەنوسی کوردانی باشور چی دەبێ. کورد ووتەنی، ئاشی نەزانەو خودا دەیگێڕێ! بەرپرسە کوردەکانی باشور، هێندە مل کەچ و ووڵات هەرزانفرۆشن لەبەردەم بێگانەو دوژمنانی کورد، بۆیە بەردەوام وەک کوێر ڕێ دەکەن. لەنۆکەری ڕەزاشاوە، تاسەددام و ئەردۆگانی دروستکەری داعش، یاری بەعەقڵیان دەکرێ. چارەنوسی میللەتێک، لەبازنەی نسکۆو ئاشبەتاڵدا دەخولێتەوە. ئەوەتا بەر لەهێرشی داعش بۆ ناوچەی شنگال، یاری کۆمپیوتەری چیای سنجار بڵاوبۆتەوە، کەچۆن سەربازو چەکدارەکان لەسەرچیای سنجار شەردەکەن.
لێرەوە دەبێ دانیشتوانی هەرێم، باش لەوە بگەن، کەچارەنوسی خۆیان داواتە دەست قەدەری کەسانی جاهیل و جەبان، مافیاو خێڵ، شێرەکانی ماڵەوەو ڕێویەکانی دەرەوە. چارەنوسێک لەچنگی تورکیای ئیسلامی و بەرژەوەندی خۆرئاواو ئەمەریکای خاوەن گەمەکانی درۆو سیاسەتدایە.
کوردان دەبێ ئیدی دووربکەونەوە لەدروشمی خۆفریودەرو پڕلەسۆزو عاتیفە، ووڵات و حوکمڕانی بەناوی گەورەو ناوەڕۆکی پوچ بەڕێوە ناچێ. ئەوەی ئەمڕۆ ناوی لێندراوە پێشمەرگە, هەموو لایەک بەدروشمی بریقەدار بەسەریدا هەڵدەڵێن، بێگومان کۆمەڵە هێزێکن بەسەرچەند لایەن و دواتریش چەند باندو بەرپرسدا دابەش دەبن. تائەو کاتەی سوپایەکی نیشتیمانی، پەروەردە کراو بەهونەری جەنگ و پەیوەست بێت بەخاک و نەتەوەی کورد دروست دەبێت، دەبێ هەموو بەیانیەک لەگەڵ خۆرهەڵهاتندا، چاوەڕێی ئاشبەتاڵ و ٣١ی ئاب و ناپاکی نیشتیمانی و ئەخلاقی هێزە پەرتەوازەکانی کورد بین.