ڕاگەیاندنەكان و ڕۆژنامەوانان گروپی فەتحوڵا گولەن، بە خاوەن ئایدۆلۆژیایەكی مەترسیدار لەسەر گەلی كورد دەزانن
Friday, 03/04/2009, 12:00
1796 بینراوە
ڕۆژنامەنووسان و ڕاپۆرتە ڕۆژنامەییەكان و ڕاگەیاندنەكانی دەرەوە و ناوخۆی كوردستانیش گروپی فەتحوڵا گولەن، بە ئایدۆلۆژیاكی مەترسیدار لەقەڵەم دەدەن و كارەپەروەردەیی و خێرخوازییەكانی ئەم گروپەش دەخەنە ژێر پرسیارەوە...
گروپی فەتحوڵا گولەن گروپێكی ئیسلامی میانڕەوە و لە باكووری كوردستان لەلایەن محەمەد فەتحوڵا گولەن، كە یەكێك بووە لە خوێندكارەكانی سەعیدی كوردی (سەعیدی نورسی) دروست كراوە، كارەكانی لە ڕێگەی كردنەوەی قوتابخانە و شوێنی ئاینی و هاوكاریكردنی هەژاران و كۆمپانیا بازرگانییەكانەوە ئەنجام دەدات، ئەم گروپە تا ساڵی (1990) كارەكانی یەكجار بەرچاو پەرەسەندوو نەبووە، بەڵام لە دوای ئەم ساڵانەوە گەلێك قوتابخانەی لە زۆربەی وڵاتانی دونیادا كردۆتەوە و توانیویەتی خۆی بەهێز بكات، كە باس لەوە دەكرێت لە هەرێمی كوردستانیش كۆلیجی سەڵاحەدینی ئەیوبی لەسلێمانی و ئیشق لەهەولێر و چەند قوتابخانەیەكی تر لەو شارانە و بەم دواییانەش هەندێ قوتابخانەی تر لە كەركوك، هەروەها چەندین كۆمپانیایی توركیش سەر بەم گروپەبن و ئایدۆلۆژیایی ئەوان بڵاو بكەنەوە...؟!
لەگەڵ ئەوەی ئەمڕۆ گروپی فەتحوڵا گولەن، لە باكووری كوردستان تاڕادەیەك شوێنپێی خۆی گرتووە و كاریگەری لە سەر خەڵك هەبووە لە ناوچەكەدا، بەڵام بەهۆی ڕوون بوونەوەی ئایدۆلۆژیای ئەم گروپە لای خەڵك ئەوەبوو لە تەمووزی ساڵی ڕابردوو پاش ئەوەی ئەم گرووپە ویستیان كۆنفرانسێكی بەناو نەتەوەیی لە دیاربەكر سازبكەن، بەڵام گەلی كورد لەو پارچەیەی كوردستان بەخۆپیشاندان و چالاكی ناڕەزایی وەڵامیاندایەوە و نەیان هێشت ئەو كۆنفرانسە لەوێ سەر بگرێ ئەمەش لەبەر ئەوەی بە بڕوایی ئەوان ئەو گروپە كارەكانی دژی گەلی كورد و لە خزمەتی دەوڵەتی توركیادایە..
ڕۆژنامەوانی ڕۆژئاوای كوردستان، ڕێزان سەفین،كە بۆیەكێك لەڕاگەیاندنەكان كاردەكات و چەند ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەوانی لەسەر ئەم گروپە ئامادەكردووە لەبارەی گروپەكەوە دەیوت: "بەپێی ئەو زانیاریانەی بەدەستم هێناوە، گروپی فەتحوڵا گولەن لە ژێرناوی چارەسەری كێشەی كورددا كاردەكەن، بەڵام لە ڕاستیدا چارەسەری كێشەی كورد ناكەن، بەڵكو كێشەی كورد قوڵ دەكەنەوە و بەرە و بێ چارەسەری دەبەن، وە ڕای وابوو لە بنەمادا ئەم گروپە كاری سیخوڕی دەكات و هەمیشە دژبووە لەبەرامبەر گەلی كورد. وە وتی: ساڵی 1994هاتوونەتە باشووری كوردستان و تائێستا لە سلێمانی و هەولێر و دهۆك و كەركووك یش قوتابخانەو كۆلێجیان هەیە كە ئەو گروپە بەڕێوەی دەبەن وەك (كۆلێجی ئیشق لەهەولێر و كۆلێجی سەڵاحەددین لە سلێمانی) وە چەندین كۆمپانیایی بازرگانیش كە ئێستا لە باشوور كاردەكەن سەر بەو گرووپەن، دەشیوت: "دەتوانم بڵێم دەوڵەتی توركیا لایەنی پەروەردە و ئابووری لە ڕێگەی ئەو گروپەوە داگیر كردووە ئەمەش بەو پێیەی ساڵی پار بەگوێرەی ئامارێكی حكومەتی هەرێم شەش ملیار دۆلار پەیوەندی بازرگانی لەنێوان حكومەتی هەرێم و دەوڵەتی توركیا بووە كە دەتوانم بڵێم زیاتر لە (90%)ی لە ڕێگەی كۆمپانیاكانی گروپی فەتحوڵا گولەنەوە بووە".
كەمال موراد، هاوڵاتی و ڕۆشنبیری باكووری كوردستان، پێی وابوو بۆ ئەوەی گروپی فەتحوڵا گولەن بناسرێت پێویستە پاشخانی مێژووی سیستەم و دەوڵەتی توركیا لە عوسمانییەوە تا ئێستا بناسیین بۆئەوەی بزانیین ئەو هۆكارانە چیین كە ئەم گروپەی بەرهەم هێناوە، بێگومان گروپی فەتحوڵا گولەن ئامانجیان سەپاندنی دەسەڵات و فكری خۆیان و بەدەستهێنانی دەسەڵاتە بە شێوەیەكی نەرم، وە ئێستا دەتوانین بڵێین ئەم گروپە لە توركیادا دەسەڵاتێكە لەناو دەسەڵاتێك یان دەوڵەتێكە لەنێو دەوڵەتێكدا، چونكە توانیویەتی هەم لە بواری ئابوری و هەم لە بواری سەربازی و ئیداری... كاریگەری خۆی هەبێت.
كەمال ئەوەشی وت: ئێستا لە باكووری كوردستاندا دەوڵەت بە تایبەتی ئارتەشی توركیا كە دژی فكری فەتحوڵا گولەنن چاوپۆشی لە چالاكییەكانی ئەم گروپە دەكات بۆ ئەوەی كورد لە ڕێگەی ئاینەوە سەركوت بكات و بەرەو تورك بوون و بێهەڵوێستی بەرێت، هەربۆیە دەتوانین بڵێین كە ئێستا ئەم گروپە لە ڕێی ئەو چالاكیانەی كە لە بواری پەروەردەیی و دابەش كردنی خۆراك بەسەر هەژارانی كورددا دەیكات... توانیویەتی كاریگەری خۆی هەبێت و ڕای خەڵك بەلای خۆیدا ڕابكێشێت، كە ئەمەش بەهۆی ئەو سیاسەتەوەیە كە دەوڵەتی توركیا لەڕێی برسی كردنی خەڵكەوە دەیەوێ خەڵك كۆنترۆڵ بكات و ئەو بۆشاییشەشی بۆ ئەم گروپە جێ هێششتووە بۆ ئەوەی پڕی بكاتەوە.
ڕاگەیاندنەكانیش باس لەمەترسی ئەم گروپە لەسەر گەلی كورد دەكەن، لە ژمارە (186) (27/3/2008)ی ڕۆژنامەی (ڕۆژنامە) كەڕۆژنامەیەكی ڕۆژانەیە و كۆمپانیایی وشە دەری دەكات ڕاپۆرتێكی (ئەلیف گۆرگۆ) بڵاوكراوەتەوە بەچەند ئەڵقەیەك، كە ڕاپۆرتەكە لە ڕۆژنامەی (ئەڤرەنسەل)ی توركی وەرگیراوە و (كامەران ئەحمەد) كردوویەتی بەكوردی، وە ناوەرۆكی ڕاپۆرتە كە تیشك دەخاتە سەر پەیدابوون و گەشەسەندن و مەترسییەكانی گروپە ئیسلامیەكان و لەنێویاندا گروپی فەتحوڵا گولەن لە توركیادا. لە بەشێكی ڕاپۆرتەكەدا هاتووە كە ئەم گرووپانە (هەوڵدەدەن بەقسەی خۆش خواستە سیاسییەكانی ئایندەی كورد پوچەڵ بكەنەوە...)، هەروەها ئەوە ڕوون دەكاتەوە كە پارتی دادو گەشەپێدانی توركیا لە ڕێگەی ئەم گروپانەوە دیار بەكری كردۆتە ئامانج تاوەكو كوردی تێدا لاواز بكات، وە بە پێی زانیاری ناو ڕاپۆرتەكە لە هەرشوێنێك پارتی كۆمەڵگای دیموكراتی بارەگای هەبێ لە بەرامبەریدا بنكەیەكی ئەم گروپانە دەكرێتەوە بۆ ئەوەی چەواشەكاری لەنێو گەلی كورددا درووست بكات.
كەمال موراد، باسی لەوەش كرد كە لە ڕوانگەی كوردانی باكوورەوە گروپی فەتحوڵا گولەن هیچ دڵی بۆ فەرهەنگ و زمان و كێشەی كورد ناسوتێ و بگرە ڕێگرێكی گەورەیە لە بەردەم گەشەسەندنی كورددا و بۆ خۆی فەتحوڵا گولەن زۆر جار بۆ خەڵكی فەلەستین و تەنانەت بۆ بۆسنەش فرمێسكی ڕشتووە كە چی تا ئێستا بۆ كورد فرمێسكێكی نەڕشتووە و تەنانەت وشەیەكی كوردیشی بەكار نەهێناوە و وە گوتویەتی: "پێم خۆش نەبوو كە سەعیدی نورسی كوردبووە... " ئەمەلەكاتێكدا كە خۆی تەلەبەی ئەو بووە ، وە بەم سیاسەتەشی لە ئارتەشی توركیا خەتەرترە بۆ كورد.
كەمال موراد ئەوەشی وت: "ئەم گروپە بە شێوەیەكی وا كاردەكەن كە لە شێوازو هەڵسوكەت و جلوبەرگدا بە شێوەیەكی مۆدێرن ڕەفتار دەكەن و زۆر بە لەسەر خۆیی كاردەكەن و پەروەردە دەكەن، وە لە باكووری كوردستاندا گەلێك دامەزراوە و بنكە و ڕاگەیاندنیان هەیە كە لەناوەرۆكدا خزمەت بەم گروپە و فەتحوڵا گولەن دەكات، بەڵام بە ڕاستەوخۆ ناڵێن سەر بە ئەوانیین و هەموو كەس ناتوانێت لە ناوەرۆكی سیاسەتەكەیان تێبگات...".
هەروەها بەپێی ڕاپۆرتێك كە لە ژمارە (211)ی هەفتەنامەی (ڕۆژی وڵات) لە (18/1/2009)دا بڵاو بۆتەوە و ڕاپۆرتەكە لە لایەن (سیاوەش گۆدەرزی)ەوە ئامادەكراوە هاتووە: (فەتحوڵا گولەن لە دوای كودەتا سەربازییەكەی ڕۆژی 12ی ئەیلولی 1980ی توركیا كەزۆر كەسی مەدەنی لەو كودەتایەدا كوژرا، پشگیری لەو كودەتا سەربازییە كردو دەستی خۆی لەگەڵ حكومەتی توركیادا تێكەڵ كرد و لەو كاتەشەوە ڕێگەی پێدرا كە قوتابخانەكانی بكاتەوە...) لە جێیەكی تری هەمان ڕاپۆرتدا باس لەوە دەكات كە (لە ساڵی نەوەد بەدواوە ئەم گروپە قوتابخانەی لە دەرەوەی توركیادا كردۆتەوە، وە پاشان بەهۆی ئەوەی ئەم گروپە لە ژێرەوە سیخوڕی بۆ دەوڵەتی توركیا كردووە لە هەندێك وڵاتدا قوتابخانەكانی داخراون بۆنموونە لە ڕووسیدا سەرجەم قوتابخانەكانی ئەم گروپە بەو تۆمەتە داخراون).
هەروەها بەپێی ڕاپۆرتێكی گۆڤاری (Middle East Quarterly) كە لە ئەمەریكا بڵاو دەكرێتەوە، ئێمە لە ماڵپەڕی (www.meforum.org/article/2045 bakılabilir) وەرمان گرتووە، باس لەوە دەكات كە گروپی فەتحوڵا گولەن دزەی كردۆتە نێو دامودەزگای ئارتەش و پۆلیس و یاسا و بەڕێوەبەرایەتییەكانەوە و وردەوردە خەریكە دەوڵەتی توركیا كۆنترۆڵ بكات، هەروەها ئەنیستیتیوی لێكۆڵینەوەی میدیایی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە لە واشنتن كاردەكا، لەهەمان ڕاپۆرتدا بڵاوی كردۆتەوە كە گروپی فەتحوڵا گولەن ئیتر تەنیا كار لەسەر ئەوە ناكەن كە كاریگەریان لەسەر دەوڵەتی توركیا هەبێت، بەڵكو ئێستا دەوڵەتی توركیا بەخۆیان ڕەوا دەبینن، وە دەڵێت: فەتحوڵا گولەن لە ڕێگەی لایەنگرانی و ئابووری و خانەی ئیشق و پەروەردەكردن و قوتابخانە كانییەوە سیاسەتەكانی خۆی بەڕێوەدەبات لە زۆر وڵاتدا...
لە لایەكی ترەوە د.كامەران بەرواری مامۆستای زانكۆی دهۆك و ئەندامی كۆنگرەی نەتەوەیی(knk) وتی: ئەم هەوڵ و كارانەی گروپی فەتحوڵا گولەن بەشێكە لەو هەوڵانەی دەوڵەتی توركیا بۆ لاواز كردنی یەكێتی نەتەوەیی گەلی كورد و هیچ كات ئەم گروپە خزمەت بە گەلی كورد ناكەن.
هەروەها سەرۆكی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان، دیار غەریب، مەترسی ئەم گروپەی بۆ ئەوەگێڕایەوە كە "ئەوان لەدەوری تەوەرەیەك كاردەكەن كە تەوەری ئیسلام توركە و ڕاستە كە بەناوی ئیسلام و پەروەردەكردنەوە كاردەكەن، بەڵام لە ئەنجامدا كارەكانیان خزمەت بە تورك و كەمالیست دەكات، بۆیە دەبێ گەلی كورد وشیار بێ لە بەرامبەر ئەوەی كە نەكەوێتە داوی سەنتێزی ئیسلام توركەوە چونكە لە ڕابردوودا زۆر جار ئەم گەلە لەبن ناوی ئایندا خەڵەتێنراوە و فێڵی لێكراوە".
[email protected]