زەحمەتكێشانو لێكترازان
Thursday, 09/04/2009, 12:00
1486 بینراوە
لەسەردەمى شاخو لەساڵانى ناوەڕاستى هەشتاكان كاتێك حزبى سۆسیالستى كوردستان لە ئاستى سەركردایەتى ناكۆكییان كەوتە نێوان لەسەر كۆمەڵێ لایەنى سیاسى كە ئەو كات بوونى هەبوو لەنێو ئەو حزبەدا، قادر عەزیز لەگەڵ كۆمەڵێ لە ئەندامانى حزبى سۆسیالستى كوردستانى ئەو كاتە جیابوونەوەى خۆیان راگەیاند بەبێ ئەوەى هیچ كەسێك لەدەرەوەى ئەو حزبە دەستى هەبێت لەو كارەدا، پاشان قادر عەزیز حزبێكى بەناوى زەحمەتكێشانى كوردستان راگەیاندو بەردەوام بوو لەخەباتى شۆڕشگێڕانەى خۆى دژ بە دەسەڵاتى بەعس، لەڕاپەڕینى 1991 یشدا زەحمەتكێشان یەكێك بوو لە حزبەكانى بەرەى كوردستانىو بەشدار بوو لە ئازادكرنى زۆرینەى شارو شارۆچكەكانى كوردستان، دواى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پەرلەمان لە 19-5-1992و رێكنەكەوتنى پارتىو یەكێتى لەسەر ئەوەى كێ زۆرینەیەو حكومەت پێكبهێنێ كێشە كەوتە نێوانیانو ئەنجام شەڕى ناوخۆى لێكەوتەوە كە بە سەدان گەنجى ئەم كوردستانەى كە ئێستا ئەوان خۆیان بە خەمخۆرى دەزانن بەكوشتدا لەپێناو دەسەڵاتو كورسىو پارەو دروست بوونى دوو ئیدارەیى.
پاش یەكگرتنەوەى حكومەتەكەى پارتىو یەكێتى بەهۆى فشارى دەرەوە ئەم دوو حزبە سەرجەم وەزارەتو دامودەزگاكانو سەروەتى كوردستانیان لەنێوان خۆیاندا دابەشكردو كەوتنە بەتاڵان بردنى داهاتى كوردستان، دواى ئاشكرابوونیان لەوەى كە ئەم دوو حزبە نەیانتوانى خزمەتى كوردستان بكەنو بەو داهاتەى كە هى خەڵكى كوردستانە گیرفانى خۆیان پڕكرد دەنگى ناڕەزاى لەم لاو لەولا دروست بوو و لەم ساڵانەى دواییدا ئەو دەنگە تەریب بە گەندەڵییەكانى ئەو دوو حزبە زیادى كرد، لەبەر ئەوەى هەمیشە دیكتاتۆر دژى دەنگى ناڕازىو سەركوتكردنى ئەو دەنگى ناڕازییە، بەردەوام لە هەوڵى لەناوبردنو لاوازكردنى ئەو لایەنانەن كە رەخنەیان لێدەگرن.
زەحمەتكێشانى كوردستان وەك حزبێكى كوردستانىو خاوەن خەباتى شاخو پێشینەى پاك كە حزبەكەو ئەندامانى هیچ دەست تێكەڵییەكیان لەگەڵ بەعسو دوژمنانى كورد نەبووە وەك دەنگى راستى بەردەوام هەڵوێستى كوردانەى خۆى لەسەر پرسە گرنگەكانى كورد هەبووەو رەخنەشى لە دەسەڵات گرتووە لەسەر ئەو هەموو پاوانخوازىو گەندەڵییەى كە پارتىو یەكێتى دەیكەن، لەسەر ئەو هەڵوێستانەشى چەندین جار باجى قورسى داوە.
لە ساڵى 2005دا بەشێك لە زەحمەتكێشان بەدەستى یەكێتى بەناوى رەوتى نیشتیمانى كوردستان جیابوونەوەى خۆیان راگەیاندو پاش ماوەیەك چوونە ناو یەكێتى، ئێستاش بەهۆى دەستى دەرەكى (هەردوو حزبى یەكێتىو پارتى)و دیسانەوە توانیان كێشەى ناوخۆى حزبى زەحمەتكێشان بقۆزنەوەو بە پارەو پلە ئەندامەكانى سەرەوەى زەحمەتكێشان بكڕنو جارێكى تر ئەو حزبە تووشى لێكترازانو كێشە بكەن، بۆ ئەوەى لەلایەك دەنگێك نەمێنێت كە پێیان بڵێت ئێوە گەندەڵنو پارەو سامانى خەڵكى كوردستان بە ئاشكرا دەخۆنو خزمەتگوزارى لەوپەڕى نەبووندایە بەپێى ئەو بودجەیەى كە هەرێم هەیەتى، لەلایەكى تر ئێستا چوار حزبەكە دەنگێكى كاریگەرو فشارن بۆ سەر حكومەتو پەرلەمانو وەزارەتەكانى حكومەتەكەى پارتىو یەكێتى، زەحمەتكێشانیش یەكێكە لەوان، بۆ لاوازكردنى ئەم حزبە لە هەڵبژاردنى پەرلەمانو نەهێشتنى دەنگى ناڕەزاى لە گۆڕەپانى سیاسى كوردستانو بۆ بەردوام بوونیان لەسەر كورسى دەسەڵاتو پارە كۆكردنەوە دەستیان خزاندە ناو ئەم حزبەو سەركردایەتییەكەیان كڕى، ئەوەش هەمووى لەترسى بەرگرتن لە دروست بوونى هێزى سێیەمو ئەڵتەرناتیڤى یەكێتىو پارتى.
زۆربەى ئەوانەشى كە ئێستا جیابوونەتەوە لە زەحمەتكێشان دەڵێن كێشەى تەنزیمیمان هەبووەو گەیشتووەتە بن بەست بۆیە ئەم ڕێگەمان هەڵبژاردو هیچ دەستێكى دەرەكیش لەپشت ئەم كارەوە نییە، لەكاتێكدا بە ئاشكرا دیارە چ لایەنێكو كێش ئەم پلانەى بۆ داڕشتوون.