سەندیكایەكى زیندوو لەهەناوى سەندیكایەكى لاوازدا - بەشى سێیەم
Wednesday, 17/04/2013, 12:00
بۆئەوەى سەندیكاكانى كرێكاران متمانەى تەواوى كرێكاران پەیدا بكاتەوە وەك پێشنیارێك ئەم خاڵانە دەخەمە ڕوو...........
1- سەندیكاكانى كرێكاران خاوەن پەیڕەوێكى ناوخۆ نیە بۆ ڕێكخستنەوەى كارو چالاكى و بوونى پرەنسیب و دیسپلینى كار, پێویستى بەپەیڕەوى كارهەیە.
2- سەندیكاكانى كرێكاران پێویستە پەیوەندییەكانى لەگەڵ كرێكاراندا بەهێز بكاتەوە, بۆ ئەوەى كرێكاران بەراستى سەندیكاكانى كرێكاران بەچەترى داكۆكیكار بزانن و وەك نوێنەرى ڕاستەقینەى خۆیان تێى بڕوانن.
3- پەیوەندییەكانى لەگەڵ ڕێكخراوە نیو دەوڵەتییەكان بەهێز بكاتەوە , كەلەئێستادا ئەكتیڤ نییەو لەخراپترین دۆخ دایە.
4- بەرگریكارێكى سەرسەخت بێت لەمافەكانى كرێكاران و دەس لەسەر فشار خستنەسەریان هەڵبگرێت و كار بۆ سەرجەم كرێكاران بكات بەبێ جیاوازى زمان و ڕەنگ و بیرو ئایدۆلۆژیاو ئاین.
5- فشارى زیاتر بخاتە سەر وەزارەتى كارو كارو بارى كۆمەڵایەتى تاكو كەم وكورتى و خاڵە لاوازەكانى یاساى خانە نشینى هەموار كراو بۆ جارێكیتر هەموار بكرێتەوە, بەتایبەتى ماف و ئیمتیازى ئاشكرا بۆ كرێكارى بینا سازى دەس نیشان بكرێت و سەندیكاكانى كرێكاران ئەندامى كاراى ئەو لیژنەیە بێت لەڕێگاى سەرۆكى سەندیكاى بینا سازییەوە .
6- هەمیشە بەشدارێكى كاراو چالاك بێت لەهەر لیژنەیەك كە بۆهەمواركردنەوەى یاساى كارو یاساى خانەنشینى كرێكارو یاساى دروستكردن یان ڕێكخستنى سەندیكایى پێك دەهێنرێت .
7- ئاڵو گۆڕ پێكردنى ئەو نوێنەرانەى كەتواناى وەرگرتن یان بەخشینى زانیارییان لەئاستێكى لاوازدایەو گرنگى دان بەكەسانى شارەزاو هەڵسوڕاوى كرێكارى .
8- كاراكردنى بەشى ڕاگەیاندنى لقى سلێمانى بەدەركردنى گۆڤارى مانگانە یان وەرزى یاڕۆژنامە یاخود كردنەوەى ئەكاونتێكى پێشكەوتوو لەتۆڕى كۆمەڵایەتى فەیس بووك و, دانانى كەسانى شارەزا لەبوارى ڕاگەیاندندا.
9- هەمیشە و بەردەوام ڕاویژ بەكەسانى شارەزاو لێهاتووى یاساى كارى عێراقى بكات , كە دیارە لەلقى سلێمانى شارەزاى ئەو بوارە كەمە .
10- خولى وشیارى بۆ سەرجەم ئەندامانى لق و سەرۆكى سەندیكاكان بكرێتەوە بەئامانجى وشیاركردنى زیاتر .
11- لەسەرجەم ڕووداوى گیان لەدەسدان یان هەر ڕووداوو فشارێك بۆسەركرێكاران پێویستە ناڕەزایى لەڕێگاى ڕێپێوانەوە یاخود هەرنەبێت بەبەیاننامەیەك ڕاى گشتى لێ ئاگادار بكاتەوە و لایەن و كەم و كورتیەكان و هۆكارى ڕووداوەكە بخاتە ڕوو.
12- شۆڕبوونەوەى سەرۆكى لق بۆ سەرجەم شوێن كارەكانى كرێكاران بەپێى بەرنامەیەكى ڕێكخراو.
13- هەوڵ بدات كۆنگرە ببەستێت كەبەپێى ڕێككەوتن ئەبوایا ساڵى (2010) ببەسترێت .
14- ستافێكى بەهێزو شارەزاو لێوەشاوە بۆ لق پێكبهێنێت تاكارو چالاكییەكانى سەندیكاكانى كرێكاران فراوانتر ببێت كەلەئێستادا ئەم ستافە لەئەوپەڕى بێهێزیدایە.
ئەم خالانە دەكرێت بكرێت بەبنەمایەك بەمەبەستى چاكسازى سودى لێوەربگیرێت پێویستە هەموولایەك زۆر بەدڵسۆزانە كار بۆ راستكردنەوەى بارى لارى یەكێتى سەندیكاكانى كرێكاران بكات .ئومێدى سەركەوتنى چاكسازى ئەخوازم ..
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست