کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)

  • Su
  • Mo
  • Tu
  • We
  • Th
  • Fr
  • Sa
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  • 1
  • 2
  • 24
  • 25
  • 26
  • 27
  • 28
  • 29
  • 30

ڕیکلام

وشە: لە ڕۆژی: تا ڕۆژی:


پێگەكانی بوون بە عێراقێكی دیموكراسی و ئالتەرناتیڤەكان

Friday, 15/08/2014, 12:00

2328 بینراوە


بۆ بوون بە عێراقێكی دیموكراسی پێویستە سیستەمەكە چەند پێگەیەكی سەرەكی هەبێت: دەبێت عێراقێكی دەستوری و هەروەها كۆمەلگایەكی جێگیر بێت. سەبارەت بە عێراقێكی كۆمەلگایی (هاولاتی بوون / ئینتیما بۆ دەولەت و عێراقی بوون) دەبێت جەخت لەسەر ئەو ڕاستیە بكرێت ئەویش هەبوونی (جیاوازی) یە لە عێراقدا (جیاوازیە ئێتنیكی و نەتەوەییەكان). بەلام كۆمەلگایی بوون و دداننان بە جیاوازیەكاندا لەم دەولەتەدا جێگیر نیەو بەدەستنەهاتوەو پێنەگەیشتووە. ئەو جیاوازیە لە دەستوردا بوونی هەیە بۆ ئەوەی یەكێك لە مەرجەكانی دیموكراسیەت تەواو بكات بەلام بۆ ئەوەی عێراق ببێت بە عێراقێكی دیموكراسی لەسەر لایەنە جیاوازەكان پێویستە ددان بەڕاستی چەسپاندنی دەستورو چەسپاندنی كۆمەلگایی بوون و جیاوازیەكان بنێن و بیچەسپێنن ، شتێك كە وەك پێویست نەكراوە. هەتا ئێستە شتێك نیە پێی بوترێ گەلی عێراق. ئەو لایەنە جیاوازانە لە رێگای دامەزراوە هاوچەرخەكانەوە بەرژەوەندی و ئامانج و خواستەكانیان دەربڕن وەك رێكخراوەكانی كۆمەلگای مەدەنی و حیزبە سیاسیەكان و دامەزراوە دەولەتی و حكومیەكانەوە... نەوەك خێل و عەشیرەت و مەزهەب.

پەرینەوەی عێراق بۆ كۆمەلگایەكی مەدەنی دیموكراتی ئاسان نیە
لەعێراقدا هەروەك سەرجەم ناوچەكانی رۆژهەلاتی ناوەڕاست پەرینەوە بۆ كۆمەلگایەكی مەدەنی دیموكراتی كارێكی ئاسان نیە بەتایبەت ئەو ولاتانەی كە پێشینەی دیموكراسییان نیە. بەواتا گۆڕانی كۆمەلایەتی بۆ دیموكراسیەت پڕۆسەیەكی قورسە. تەنها پێنج یەكی ئەو سەد ولاتەی كە لە قۆناغی گواستنەوە بۆ دیموكراسی دادەنران بە ئاڕاستەیەكی دروستدا رۆیشتوون. زۆربەی زۆری ئەو ولاتانە یان بۆ هەمان ئاستی پێشووی سەركوتكاری گەڕاونەتەوە یان وا دەردەكەوون كە لە هەرێمێكی خۆلەمێشیدا كەوتونەتە نێوان دیموكراسی و سەركوتكاریەوەو چەقیوون و بە خێرایی بە هیچ لایەكدا ناكەوون. پڕۆسەی بونیاتنانی دیموكراسیەت و تازەگەری و چاكسازی لە كۆمەلگا خۆرهەلاتیەكاندا پڕۆسەیەكە لەچینی سەرەوە دەستپێدەكات نەك لە خوارەوە. لێرەدا پێویست بوون بە بناغەیەكی فكریی هەیە كە لە ئەقلانیەتەوە سەرچاوەی گرتبێت و پشت بە عەلمانیەت ببەستێت بەلام تائێستە ئەم بناغە فكریە ئەقلانیە لە عێراق وەك پێویست بەردەست نیە. هەندێك مەرجی سیاسی بوونی هەیە لە عێراقدا وەك ئەنجامدانی هەلبژاردن ، دەستورێك هاتە ئاراوە ، فرەیی حیزبە سیاسیەكان بەرچاو دەكەون ، بەشێوەیەكی رێژەییش ڕاگەیاندنی سەربەخۆ بوونی هەیە. ئەمانە مەرجە سیاسیەكانن بەلام ئایا دەتوانرێت لە عێراقدا بناغەیەكی كۆمەلایەتی بۆ دیموكراسیەت بدۆزرێتەوە؟ وەلامەكەی نەخێر.
بەلام هەتا ڕادەیەك دەتوانریت پشت بەم مەرجە سیاسیانە ببەستریت بۆ بونیاتنانی دیموكراسیەت ، وەكو ئەوەی لە ئەوروپا رویدا. هەندێك لەو ئاستەنگانەی كە ڕوبەڕووی دیموكراسی دەبنەوە ئەوەیە دیموكراسی بەرقەرار نابێت ئەگەر خەلك باوەڕی پێ نەبێت بەلام بە تەنهاش باوەڕبوون بە شەرعیەتی دیموكراسی بەس نیە بۆ مسۆگەر كردنی دیموكراسی پایەوپتەو. دیموكراسی لەسەر بنەمای دامەزراوەكان پتەو دەبێت (دەستورەكان ، سیستەمی هەلبژاردن ، پارتە سیاسیەكان و هاوشێوەكانیان) هەروەها دروستبوونی پێكهاتەی كۆمەلایەتی خۆڕسك (گروپەكانی بەرژەوەندی ، میدیای سەربەخۆ ، گروپەكانی مافە مەدەنیەكان ، مافی مرۆڤ ، ئازادی تاك وەك یەكێك لە خەسلەتەكانی كۆمەلگای مەدەنی) كە لە دەرەوەی كایەی كۆنترۆلی دەولەتدا هەن و ئەركی كارلێككردنی دەولەت و تاكەكان دەبینن. دواجار مەرجێكی تر كە ئاستیكی قولی هەیە هەندێك دیاردە دەگرێتەوە لەوانەش پێكهاتەی خێزانیی وەك كۆلەكەیەكی گرنگی كۆمەلگا ، ئاین ، بنەما مۆرالیەكان ، هوشیاری ئێتنیكی ، هاولاتیبوون و هەندێك دابونەریتی مێژویی تایبەت. بەمەش ناوەندی كەلتوری سیاسیی و دیموكراسی تەواویش بەرقەرار نابێت ئەگەر لەناو كەلتوری سیاسیدا ڕەگی دانەكوتابێت. لێرەدا دەكرێ بگەمە ئەو تێڕوانینەی گۆڕانكاری لەم جۆرە كۆمەلگایانەدا زۆر هێواشەو بەدیهاتنی ئاسان نیە. گۆرینی دامەزراوەكان زۆر لە گۆرینی كەلتوور ئاسانترە.

كورد هەست بە عێراقی بوونی خۆی ناكات
كورد لە عێراق هەست بە عێراقی بوونی خۆی ناكات بەلكو خۆی بە بەشێك لە گەلی كورد دەبینێت كە ولاتەكەی لە لایەن هێزە كۆلۆنیالیستەكانەوە دوای جەنگی یەكەمی جیهانی دژ بەخواستی ئەم دابەش و كۆلۆنیزە كراوەو بە زۆر لكێندراوە بە دەولەتی تازە دروستكراوی عێراقەوە. ئەم هەلوێستەی كورد لە عێراق هۆكارو دەرئەنجامی خۆی هەیە. لە 90 سالی ڕابوردودا ، لەو كاتەوەی دەولەتی عێراق دروستكراوە ڕژێمە یەكبەدوای یەكەكانی عێراق كوردیان لەم دەولەتە دەستكردەدا هەمیشە وەك مرۆڤی پلە دوو مامەلە كردوە كە لە پڕۆسە سیاسیەكاندا پەراوێز خراوە. ڕوبەڕوی دەربەدەری و لەناوبردن و جینۆسایدكردن كراوە. ئەم سیاسەتە بوە هۆی ئەوەی كورد كە بەپێی ئامارە گشتیەكان %20ی دانیشتوانی عێراق پێكدێنێت نەبێتە خاوەن ناسنامەیەكی ڕاستەقینەی عێراقی وە نە لەم بارودۆخەدا ئەم ناسنامەیەی قبول بووە. ئەم ڕاستیە ئەوە دەگەیەنێت كە دیموكراسیەت و سەقامگیری و ئاسایشی نیشتیمانی بێ بەرقەرار بوونی بە كۆمەلگایی بوون و پێكەوە ژیانی ئارەزومەندانەی نەتەوەو ئێتنیكەكان و بێ ددان پێدانان بە جیاوازیەكان و مافەكانیان مەحالەو كۆمەلگایەكی ناجێگیر دەبێت. عەرەبە ناسیۆنالیستەكان و هەروەها لایەنە ئیسلامیە توندڕەوەكان بە ئەقلیەتی دەسەلاتی مەركەزیەت و دەمارگیریی نەتەوەیی و ئاینیی بیردەكەنەوەو ڕەفتار دەكەن. دەسەلاتدارانی عێراق بە سونەو شێعەشەوە بە ئەقلی مەركەزییەت و خۆسەپاندن بیردەكەنەوە. كەمایەتیەكی سوننە لە سەردەمی دەولەتی بەعسیشدا پیادەی دیكتاتۆریەتی كەمینەیەكی دەكرد بەسەر زۆرینەدا. ئێستە زۆرێك لە لایەنە شێعەكان دەیانەوێ پیادەی دیكتاتۆریەتی زۆرینە بكەن بەسەر كەمینەدا. ڕوانینە دیموكراسیەت وەك زۆرینەو كەمینە دیدێكی هەلەیە ئەگەر عێراق بەنمونە بهێنمەوە. ململانێ بە شێوە نادیموكراتیەكەی تا ئێستا لە عێراقدا هەر بەردەوامە. كەلتوری بەعسی كە لەسەر سرینەوەو ڕەد كردنەوەی ئەوی دی دامەزرابوو هەر هێشتا كەلتورێكی زیندووە.

دەولەت و كۆمەلگا عەرەبی و ئیسلامیەكان
ئەوەی لە نێوان كۆمەلگای عێراقی و دەولەتدا دەگوزەرێت لە دەولەتە عەرەبی و ئیسلامیەكانی كەشدا بەدی دەكرێ و هۆكاری ئەوەش بۆ چەند فاكتەرێك دەگەرێنمەوە:
1) نامۆبوونی سیاسەت لەم جۆرە كۆمەلگایانەو كەمیی یان نەبوونی بەشداریی سیاسی جەماوەر لە پڕۆسە سیاسیەكاندا.
2) كەلتوری سیاسی سیستەمە رۆژهەلاتیەكان رێگرن لە بەشداریی ئازادانەی جەماوەر.
3) چەوساندنەوەی رێكخراوە سەربەخۆكان لە لایەن سوپاو دەزگا موخابەرایەتیەكانەوە.
4) لەناوبردنی كۆمەلگای مەدەنی یەكێكە لە فاكتەرە بریاردەرەكان بۆ مەبەستی ڕاگرتنی سەقامگیریی دەسەلاتدارانی دەولەت.
5) هەولی نەهێشتنی ئۆپۆزیسۆن و ئەو رێكخراوانەی سەربەخۆن لە فەرمانڕەواكان و لێسەندنەوەی توانای بەشداریكردن و گوزارشت كردنیان لە ناڕەزایەتیەكانیاندا. بە شەخسەنە كردنی سیاسەت و دەولەت ، لێرەدا بەواتای بە دەولەت كردنی كۆمەلگا دەبەخشێت.

ئەزمونی سویسرا
ئەگەر سەرنجێك بدەینە باری ئاین و زمان لە سویسرا دەبینین لە 41% كاسۆلیك ، 40% ئێفێنجیلی (پرۆتێستانت) پێكهاتوە. دوو مەزهەبی جیاواز سەر بە یەك ئاین كە مەسیحیە. 5.5% سەر بە مەزهەبی جیاواز ، 11% سەر بەهیچ ئاینێك نین. لە سویسرا هەروەك لە زۆربەی ولاتانی ڕۆژئاوا ، بە پێچەوانەی عێراق لە نێوان ئاین و مەزهەبەكان لێك تێگەیشتن هەیەو ئاین بە تەقدیس نەكراوە جگە لەوە هاولاتی سویسری هەست بە ناسنامەی سویسری بوونی خۆی دەكات. لە عێراق 60% شێعە، 35% سونە كە هەردوو لایەن موسلمانە ، 2% مەسیحی ، توركومان... بەلام جەنگێكی خوێناوی ڕق و كینە هەیە لە نێوان شێعەو سونەی عەرەبیدا ئیتر هۆكارەكانی هەرچیەك بن ، ئەم دیاردەیەو بوونی فەناتیزمی ئاینی و مەزهەبیی و ئەقلی تایەفی و نەبوونی هوشیاری بۆ دیموكراسیەت رێگرن لەبەردەم پڕۆسەی سەقامگیری و دیموكراسیەت و لێكتێنەگەیشتن. دیاردەیەكی رێگر لەبەردەم فكری لامەركەزی و فیدرالیەتیشدا.

ئالتەرناتیڤەكان
مرۆڤایەتی لەگەل گەشەكردنی مێژووی ژیانیدا بەكۆمەلێك لە سیستەمی سیاسیدا ڕۆیشتوە بەلام كۆپی كردنی سیستەمی سیاسی ولاتێك بۆ یەكێكی تر دەقاودەق نەگونجاوەو پێویستە لەگەل بارودۆخی سیاسی و كۆمەلایەتی و ئابوری و كەلتوری و سایكۆلۆجی ئەو ولاتە خۆیدا گونجاوبێت و گەشە بكات. هەتا ئێستە هیچ سیستەمێكی سیاسی لەنێو ئەم دەولەتی عێراقی پلورالیستیەدا دروستنەبووە كە وەك سیستەمێكی سیاسی گونجاو گوزارشت بكرێت.
لەبەر ڕۆشنایی واقعی عێراق و قەیرانە مەزهەبی و تایەفی و ئێتنیكیە قولەكانی ئەم دەولەتە دەستكردە دەگەمە ئەو دەرئەنجامەی كە دیموكراسیەت و سەقامگیریی و دادپەروەری لە عێراقدا بەدەست نایەت ئەگەر دەسەلات خاوەن بناغەیەكی فكری نەبێت كە لە ئەقلانیەتەوە سەرچاوەی نەگرتبێت و خۆی لە فكرو ئەقلی مەركەزیەت بە دوور نەگرێت. مەركەزیەت نەك تەنها كۆی ئەقلی سیاسی و سیستەمی سیاسی دەولەتی عێراقی تەنیوە بەلكو لە هەرێمی كوردستانیشدا هێشتا لە ژیانی حوكمرانی و سیاسی و حیزبیشدا ئەقلیەت و سیستەمی مەركەزی و كەلتوری مەركەزی زالە. سیستەمە مەركەزیەكان ناكرێ لەگەل دیموكراسیەتدا كۆك بن چونكە خاوەن دوو جیهانبینی جیاوازن. تەنیا دەسەلاتی لامەركەزی خەسلەتی دیموكراسی پێوە دیارە. گونجاوترین ریگاش بۆ سیستەمی لامەركەزی لەم جۆرە كۆمەلگایانەدا بریتیە لە فیدرالیزمێكی ڕاستەقینە جونكە فیدرالیەت دەبیتە هۆی دابەشكردنی دەسەلاتەكان و كەمكردنەوەی دەسەلاتی ناوەند. كورد لە مێژووی دەولەتی عێراقداو لە نێو هەموو گەلانی تری نێو عێراق گرفتاری سیاسەتی مەركەزیەت و ڕوبەڕووی زیان بۆتەوە. هەربۆیە مەركەزیەت لە بەرژەوەندی كورددا نیە. فكری مەركەزیەت لە عێراق بەتەنها بۆ بەرژەوەندی نوخبەیەكی دیاری دەسەلات بووە. لەبەر ڕۆشنایی واقعی مێژووی سیاسی عێراق و پێكهاتە كۆمەلایەتی و ئەتنیكی و مەزهەبیەكەیەوە دەگەمە ئەو دەرئەنجامەی كە ئەم دەولەتە هێشتا دوورە لەوەی ببێتە خاوەن سیستەمێكی سیاسی ئەقلانی و ناشبێتە سویسرا چونكە ئەقل نایەوێت تێیدا كار بكات. نوسەر لە توێژینەوەیەكیدا باسی لە هەشت ئالتەرناتیڤی سیاسی كردوە بۆ عێراقی ئایندە بەلام گرنگترین دەرئەنجام بریتیە لەوەی خوارەوە:

عێراق / سێ دەولەتی شێعەو سونەو كورد
ئەگەر شێعەو سونە مەزهەبی عەرەبیی عێراق لەگەل یەكتردا تەبا بوونایە ئەوا دەكرا دوو دەولەتی كۆنفیدرالی كوردستان و دەولەتێكی عێراقی عەرەبی پێكبهاتایە بە گرێدانی چەندین بواری وەك بەرگری و كەلتوری و بازرگانی...تاد. دەكرێ بەم رێگایە كێشەكانی نێوان كوردو دەسەلاتی عەرەبی سەبارەت بە دۆزی كورد چارەسەر بكرێت. بەلام چارەسەری بنەڕەتی بۆ عێراق بریتیە لەوەی دەولەتی ئێستەی عێراق بكرێتە سێ دەولەتی كوردی و عەرەبی شێعەو عەرەبی سوننەو دەشكرێ بكرێتە سێ دەولەتی كۆنفیدرالی (سەبارەت بە دەولەتی كوردی لە باشوری كوردستان ئەم باسە قسە زۆر هەلدەگرێ بۆنمونە مەسەلەی كۆدەنگی و ستراتیژی سیاسی و نەتەوەیی). بەلام لێرەدا دەولەتە سوننەكە كێشەی ئابوری دەبێت بە بەراورد لەگەل ناوچە كوردی و شێعە نشینەكان چونكە سەرچاوە نەوتیەكان كەوتونەتە دوو ناوچەكەی ترەوە. لێرەدا گرنگە كار بۆ رێكەوتنێكی نێودەولەتی بكرێت كە دوو دەولەتەكەی تری كوردو شێعە بۆ مەودایەكی پێویست هاوكاری ئەم دەولەتە سوننە نوێیە بكەن هەتا دێتە سەرپێی خۆی. ئەوە ڕاستە توركیا و ئێران بە شوێن نفوزو بەرژەوەندی خۆیانەوە دەبن لەو دەولەتە نوێیانەدا بەلام ئەوەش بەندە بە ڕەفتارو فكر و سروشتی سیاسی ئەو دەولەتە نوێیانە خۆیانەوە. ڕاستە ئێران كاریگەریی لەسەر دەولەتە شێعەكە دەبێت بەلام مەرج نیە ئەم دەولەتە شێعەیە ببێتە بوكەڵەیەكی دەستی ئێران ، هەردولا خاوەن دوو ناسنامەی ئێتنیكی تایبەت بە خۆیانن و جەنگی عێراق / ئێران ئەم بۆچونەی سەلماند. هەندێك لە لایەنە شێعەكانی عێراق عێراقی و قەومیش بیر دەكەنەوە.
مەرج نیە بە دروستبوونی ئەم سێ دەولەتە گشت كێشەكان چارەسەر ببن بەلام بۆ ئەم پڕۆسەو قۆناغە مێژوییە سیاسیە كۆمەلایەتیە كێشە سیاسی و مەزهەبی و ئەتنیكیەكان بەشێوەیەكی بەرچاو كەم دەبنەوە. ئەوەی ماوەتەوە بوترێت ئەوەیە كە دەبێت سنورێكی جدی بۆ داعش دابنرێت و زێدە ڕەوی نەكات. من لەو باوەڕەدام ئەگەر باری ئابوری و كۆمەلایەتی خەلكیی باش بكرێت، خزمەتگوزاری و ماف و یاسای تەندروست بەرقەرار بێت ئەوا ئەم لایەنە ئاینیە دەمارگیرە تۆتالیتاریزمە نوێیانە وەك داعش و هاوشێوەكانی چانسی گەشە كردنیان نەمێنێت. مەرجیش نیە ئەم سێ دەولەتە نوێیە دەولەتی دیموكرات بن بەلام بۆ بوون بە دەولەتی دیموكراسی ئەوەش بەندە بە خەباتی چین و توێژە كۆمەلایەتیەكانی نێو ئەو دەولەتە خۆیەوە.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
سەرنج:
** كۆنفیدرالی بریتیە لە یەكێتیەكی پەیماننامەیی نێوان دوو دەولەت یان زیاتر. لە پێناوی چەند بەرژەوەندیەكی هاوبەشدا بۆ ماوەیەك كە ڕەنگە كاتی بێت ، دادەمەزرێت. هەر دەولەتێك لە یەكێتیەكەدا پایتەختی سەربەخۆی خۆی و ئالای تایبەت بۆ خۆی دەبێت. هەر دەولەتێك لەوانە هەر سێ دەسەلاتە تایبەت بە خۆكەی لەسەر ئاستی یەك لایەنە دەبێت (پەرلەمان ، حكومەت و دادوەری). دراوی تایبەت بە خۆی دەبێت و دەشكرێ لەسەر یەكخستنی دراو رێكبكەون. هەر دەولەتێك لەوانە مافی نوێنەرایەتی كردنی بە شێوەیەكی سەربەخۆ هەیە. هەروەها دەكرێ لە قۆناغێكی داهاتودا بە حوكمی رێككەوتن و گونجان بگۆڕدرێ بۆ یەكێتیەكی فیدرالی.

** هەندێك ناوچە هەن لە عێراقدا وەك مێژوو ، یان جوگرافیا دەگەرێتەوە بۆ ناوچەكانی یەكێك لەو دوو مەزهەبە سونە ، یان شێعە بەلام ئەمڕۆكە بەهۆی چەندین فاكتەرەوە بوونەتە تێكەلەیەك لە هەردوو مەزهەبەكە بۆ نمونە بەغدا ، هەربۆیە پێویستە بۆ ئەم دیاردەیەش چارەسەری گونجاو و دادپەروەرانە بدۆزرێتەوە ، هەر بەم شێوەیە كەركوك وەك مێژوو كوردستانیە بەلام لە چەند ئێتنیكێك پێكهاتوە. لێرەدا لێكۆلینەوە لە دەولەت و سیستەمە سیاسیە فیدرالیە پلورالیستەكان بە گرنگ دەبینم ، بۆ نمونە سویسرا.

چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر


(دەنگدراوە: 0)