گازى سروشتى و دابەزینى نرخى نەوت و موچەى فەرمانبەران
Friday, 16/01/2015, 12:00
2306 بینراوە
ئەگەر نرخى نەوت هەموو پێکهاتە ئابورییەکانى عێراقى هێنابێتە لەرزە و لەوێشوە هەرێم توشى قەیرانێکى کورت هێنان بوو بێت ، کاریگەرى لەسەر بەشە بودجەى هەرێم بێت ، بەو پێیەى کە نرخى نەوت لە 108 دۆلارەوە لە ماوەیەکى کەمدا دادەبەزێت بۆ 38 دۆلار ، ئەوا دەبێت ئەو پرسیارە لە خۆمان و دەسەڵاتدارانى هەرێم بکەین .. ئەى نرخى گازى سروشتى و فرۆشتنى بە چى ئاقارێکدا دەڕوات ...؟
خۆ ئەگەر ڕوسیا ویستبێتى شەڕى گازى ئەوروپا بکات ، ئێرانیش لەبەر لەمپەرى ئەمریکیدا نەتوانێت بەشدارى کاراى هەبێت لە بۆری نابۆکۆ ، ئەوا ئەوەى ئەوروپا وەک ئەلتەرناتیڤى گازى ڕوسى وێناى دەکات هەرێمى کوردستانە ، بە دیوێکى تردا ئەگەر سعودیە و قەتەر بیانەوێ گاز هەناردەى ئەوروپا بکەن ، ئەوا دەبێت لە سوریاوە بێت ، بە هەمان شێوە ئەگەر ئێران بە ناو خاکى عێراقدا گاز بەرێتە سوریا ، ئەوا بۆ ئێرانیش سوریا دەروازەى گرنگ دەبێت بۆ هەناردەکردنى گازى ئێرانى بۆ ئەوروپا ، کەواتە ئەوەى ببێتە خاوەنى سوریا ئەوا دەبێتە دەرگاوانى دەرگاى هەناردەکردنى گاز بۆ وڵاتانى ئەوروپى .
ئەوەش دەزانین کە جێگرەوەى نەوت بە پلەى یەکەم گازى سروشتى دێت و ڕۆژ بە ڕۆژ خواست و بەکارهێنانى زیاتر دەبێت ، هەر لەم ڕوانگەیەوە ئەگەر پێگەى (گازى یەدەگ) بۆ وڵاتان پۆلێن بکەین ئەوا بەم شێوەیە دەبێت :
1. فیگۆر و بیرى گۆڤیا لە ڕوسیا.
2. تورکمانستان.
3. ئازەرباینجان و ئێران .
4. جورجیا .
5. سوریا و لوبنان .
6. قەتەر و میسر .
7. کوردستان .
هەر بۆیە ئەگەر لەم نێوەندەدا تورکیا بێ هیوا بوبێت لە گازى ڕوسى ، ئەوا لە دو سەرەوە پێویستى بە گازى کوردستان دەبێت ، وەک پێداویستى ناوخۆى تورکیا و وەک باجى هەناردەکردنى بۆ ئەوروپا کە ساڵانە بڕى 4 ملیار دۆلار داهاتى بۆ تورکیا دەبێت ، ئەمەش دەبێتە هاوکاریەکى باش بۆ کوتهێنانى بودجەى تورکیا و دەچێتە خەزێنەى دەوڵەتى تورکییەوە ،بەدەر لەمە لە چەند ڕێگەیەکى ترەوە ئەیەوێت بە تەواوەتى گازى هەرێم ببێتە بەشێک لە ئاسایشى وزەى تورکى ، کۆمپانیاى (گەتەڵ ئیتێرچى تورکى) گرێبەست لەگەڵ هەرێم دەکات ، کە ببێتە خاوەن پشکى هەردوو کێڵگەى گازى (میران و بنەباوێ) کە دەکەوێتە سنورى پارێزگاى سلێمانى هەولێرەوە ،وە بڕیاریدا بە بڕى 150 ملێون دۆلار لە سەدا 36 پشکەکانى نەمساوى بکڕێتەوە و ببێتە خاوەنى تەواوى پشکەکانى OMV ، حکومەتى هەرێم لەگەڵ تورکیادا ڕێککەوتوە کە تا ساڵى 2017 ساڵانە چوار ملیار مەتر سێ جا و تا ساڵى 2020 ببێت بە 10 ملیار مەتر سێ جا ، لە ڕێ ى تورکیاوە هەناردە بکات ،ئەمەش بە پێ ى زانیاریەکانى پێگەى (بلۆمێرگى ئەمریکى) ، لە ڕێ ى بورییەکەوە دەبێت ، کە تواناى ناردنى 20 ملیار مەتر سێ جاى دەبێت لە ساڵێکدا ، کە وا بڕیارە لە 2015 تەواو ببێت ،لە ئێستادا تورکیا پێویستى بە 46 ملیار مەتر سێ جا گازى سروشتى هەیە ، پێشتر بڕێکى زۆرى لە ڕوسیاوە هاوردە دەکرد و ئێستە بەدواى سەرچاوەى تردا دەگەڕێت ، تا ئاسایش و سەقامگیرى وزەى وڵاتەکەى فەراهم بکات ، ئەمەش دواى ئەوە دێت کە کۆمپانیاى (هیرتاج ئۆبلى بەریتانى) کە لە بوارى دۆزینەوەى وزەى سروشتى کار دەکات ، ڕایگەیاند کە کێڵگەیەکى گەورەى گازى سروشتیان دۆزیوەتەوە کە لە ناوچەى میرانى سلێمانیدایە ، تواناکەى زیاتر لە 13 ترلیۆن سێ جا گازى سروشتیە ، وە نزیکەى 75 ملیۆن بەرمیل نەوتیشى تێدایە ، هەر بۆ ئەم مەبەستەش شێرکۆ جەودەت لە لیژنەى نەوت و گاز دەڵێ (هەرێم 8.3 ترلیۆن مەتر سێ جا ، گازى سروشتى لە کوردستاندا هەیە) ، هەر ئەمەش وا دەکات هەرێم کێبڕکێ ى گازى ڕوسى بکات ، وە ئەو ڕێککەوتنەى نێوان هەرێم و تورکیا ، بریتیە لە فرۆشتنى گازى هەرێم بە نرخێکى هەرزان لە ئاست بازاڕەکانى جیهان ، بە شێوەیەک بۆ هەر 28.26 مەتر سێ جا 7 دۆلار بێت ، ئەمە لە کاتێکدایە لە بازاڕەکانى جیهان بە 10 بۆ 11 دۆلارە ،کە تورکەکان دەڵێن هەرزانترین گازى سروشتى لەبەر دەرگاى ماڵەکەمانە ، واتا تیچونى گواستنەوەشى هەرزانە ، هەر بۆیە پڕۆژەى بۆرى گازى سروشتى تورکى (تاناب) کە لە 2003 دەستى پێکرد ، کە بۆرى کوردستانیش دەبەسترێتەوە بەم بۆرییەوە کە درێژیەکەى 1200 کم ساڵانە 16ملیار مەتر گاز دەگوازێتەوە ، کە لە نێوان تورکیا و ئازەرباینجاندا دروست دەکرێت ،هەر بۆیە تورکیا دەیەوێت ئاسایشى وزەى خۆى لە ڕێ ى باشور و ڕۆژئاواوە مسۆگەر بکات .
خۆ ئەگەر نرخى نەوت دابەزێت ئەوا لە بەرامبەردا نرخى گاز دانبەزیوە ، ئەگەر هەرێمى کوردستان وا بڕیار بێت لە چارەکى یەکەمى 2015 ناردنى گازى سروشتى لە ڕیگەى بۆریەکانى (تاناب و نابۆکۆ) وە بنیرێت ، ئەوا ئەوە دەزانین کە نرخى گاز ، بەرزترین نرخ 3.3520 و نزمترین نرخ 3.1670 یە ، خو ئەگەر هەرێم بتوانێت ئەو یارییە جیۆسیاسى و ئابورییە بکات ، ئەوا هیچ پاساوێک نامێنیتەوە بۆ ئەوەى ئەگەر نەتوانرێت بودجەى بەگەڕخستن و وەبەرهێنان بە پێ ى پێویستى هەرێم دابین بکات ، ئەوا ئەوە دەسەلمێنێ کورد نەیتوانیوە ببێتە خاوەن عەقڵێکى دەوڵەتدارى و بە دامەزراوەیى بون .
هەر لێرەوە ئەوە ڕونە کە بەشەى بودجەى عێراق خەرجى سیادى لێببڕێت و لە 17% بۆ هەرێم بێت و پێشمەرگە بچێتە سەر وەزارەتى دیفاعى عێراقى ، ئەوا دەبێت حکومەت لە 2015 دا بە تەواوەتى کێشەى هەردوو بەشەکەى بودجە چارەسەر بکات ، بە تایبەت موچە کە پەیوەندى راستەخۆى بە ژیانى هاوڵاتیانەوە هەیە ، وەک لە ڕاپۆرتى ژورى لێکۆڵینەوەى ئابورى بزوتنەوەى گۆڕاندا هاتوە :
بودجەى بەكاربردنو وەبەرهێنان
یەكەكان بودجەى خەملێندراوى 2014 رێژەى (%) لە كۆى بودجەى 2014
خەرجى بەردەوام /بەكاربەر 98793961.796 57.98
خەرجى وەبەرهێنان 69898458.619 41.01
خەرجى سەرمایە 1719243.000 1.01
كۆى خەرجى وەبەرهێنان+سەرمایە 71617701.619 42.3
كۆى گشتى بودجەى 2014 170411663.415 100
ئەگەر وردبینەوە لە چۆنیەتى تەرخانكردنىو دابەشكردنى بودجەى فیدرالأ وەك لە دیاریكراوە بۆماندەردەكەوێت كە:
رێژەى 58.2% لەم بودجە بۆ خەرجى بەردەوام/ بەكاربەر تەرخانكراوە كە بریتین لە:-
1. مووچەى كارمەندانو خانەنیشكراوان.
2. بەرنامە تایبەتیەكان لە:
A. ئەنجومەنى وەزیران.
B. وەزارەتى كاروبارى كۆمەڵایەتى.
C. وەزارەتى تەندروستى.
D. وەزارەتى پلاندانان.
E. كۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەكان.
3. پێداویستىو كەلو پەل.
4. بیمەو یارمەتىو زیادەى سەر قەرزو شتى تر(وەك مادەى 140).
5. چاككردنەوەى هەبووەكان(ێیانە الموجودات) وەك بنایەو شەقامو دامەزراوەكان.
رێژەى 41.01% لە بودجەى 2014 بۆ پرۆژەكانى وەبەرهێنان تەرخانكراوە ئەمەش زۆر كەمترە لە رێژەى ستاندەر كە 70%، ماناى وایە گرنگیدان بە گەشەى كەرتەكانى ئابورى وڵات نەدراوە وەك پێویست.
رێژەى تەنها 1.01% لە بودجەى 2014 بۆ پرۆژەكانى سەرمایەیى تەرخانكراوە، كە بریتیە لەو پرۆژانەى كە دواى جێبەجێكردنى بۆ ماوەى چەندها سالأ سوودى لێوەردەگیرێت.
بڕى 150 ملیار دینار تەرخانكراوە بۆ یەدەگى فریاكەوتن (احتیاگى الگوارئ).
بەراوردى نێوان خەرجى بەكاربردنو خەرجى وەبەرهێنان لە (2008 2013)/ ترلیون دینار
ساڵ بودجوى گشتى خەرجى بەكاربردن خەرجى وەبەرهێنان (%) خەرجى بەكاربردن بۆ خەرجى گشتى (%) خەرجى وەبەرهێنان بۆ خەرجى گشتى
2008 92 61.3 30.7 67 33
2009 69 54 15 78 22
2010 84 61 23 72 27
2011 102 74.76 27.54 73 27
2012 117 80 37 68.3 31.6
2013 138 83 55 60 40
2014 170 99 71 58.2 41.8
پشكى كوردستان لە بودجەى 2014ى عێراقدا
پڕۆژە بودجەى 2014ى عێراق بریتیە لە 170 ترلیۆنو 411 ملیارو 663 ملیۆنو 415 هەزار دینار، داهاتى 2014ى عێراقیش بە 139 ترلیۆنو 640 ملیارو 628 ملیۆنو 585 هەزار دینار خەمڵێنراوە، واتە عێراق لەمساڵدا 30 ترلیۆنو 771 ملیارو 034 ملیۆنو 830 هەزار دینار كورتهێنانى هەیە.
داهاتى هەناردەكردنى نەوتى عێراق بۆ ساڵى 2014 خەمڵێنراوە لەسەر بنەماى ناردنە دەرەوەى بڕى 3 ملیۆنو 400 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا (3 ملیۆن بەرمیل لە عێراقەوەو 400 هەزار بەرمیل لە هەرێمى كوردستانەوە)و نرخى خەمڵێنراو 90 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك، كۆى گشتى داهاتى نەوت دەخرێتە سندوقى پەرەپێدانى عێراق(DFI) دواى دابەزاندنى رێژەى (5%) لەم داهاتە وەكو قەرەبو بۆ دەوڵەتى كوێت، داهاتى نەوت رێژەى نزیكەى 93% ى داهاتى گشتى عێراق پێكدەهێنیت.
پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجەى 2014ى عێراق دواى بڕینى خەرجیە سیادىو حاکیمە باقیەکەى کە دەکاتە 19 تریلیۆن 760 ملیارو 797 ملیون 2 هەزار دینار بۆ هەرێم تەرخاندەکرێتو رێژەکەى دەکاتە (11.5%) لە کۆى گشتى بودجەى عیراق.
خۆ ئەگەر حکومەت نەتوانێت موچەى مانگى 10 و 11 لەگەڵ مانگى 1 و 2 دا بدات ، بە بیانوى ئەوەى کە نرخى نەوت دابەزیوە و خەرجى سیادى لە عێراق زیادى کردوە و بەغدا پارە نانێرێت ، خۆ ئێستا بەغدا پێویستى بە بۆرى نەوتى کوردستانە تا نەوتى کەرکوکى لێوە هەناردە بکات ، بە دیوى دوەمدا دەبێت هەرێم لەم ساڵدا گاز بنیرێە دەرەوە ، ئەو کات داهاتى گازى سروشتى هەرێم دەتوانێت دابەزینى نرخى نەوت پڕ بکاتەوە ، ئەوەى دەمێنێتەوە ئەو گەندەڵى و بەهەدەردانیە کە کەس نازانێت بەچى حسابێک ئەم داهاتانە دێنە کوردستان و وە چۆن خەرج دەکرێت ، کە لە ماوەى 22ساڵدا دوو حیزب پاوانى سەرجەم ئەم داهاتانەیان کردوە ، نەک میدیا و خەڵکى زۆرێک لە مەکتەب سیاسیەکانیشیان نازانن دەچێتە دەستى کێ و و چۆن دەدرێت بە حکومەت ، هەمو ئەمانە بەدەرە لە داهاتى ناوخۆ و گومرگەکان ، لێرەوە دێنە سەر ئەو پرسیارە کە ئەگەر گۆشارێک هەبێت لە لایەن بزوتنەوەى گۆڕانەوە بۆ ئەوەى هەموو کایەکان بە داهاتەکان و وەزارەتەکانیشەوە ببێتە نیشتمانى ئەوا ڕێگریەکى گەورە هەیە ، بەڵام گۆڕان دەیەوێت لە ناو دەسەڵاتەوە کار لەسەر ئەم ڕەهەندانە بکات ، ئەوەى کە لە دەروە بێت هەرگیز ناتوانێت کاریگەرى هەبێت ، ئەوەى دەمێنێتەوە ئەم پرۆسە گەندەڵیە و بەرهەمهێنەرەکانى.... پێمان دەڵێن چۆن قسە دەکەن و چۆن دەنوسن بنوسن ، گرنگە نەبێتە کردار و ئێمە بەردەوامى بە بەرژەوەندییەکانمان بدەین .