پەتی سێدارە دیاری هەڵەبجە نیە سیمبۆلی سەدەکانی ناوەڕاستە!
Friday, 16/03/2012, 12:00
لە کاتێکدا ئەمڕۆ ٢٤ هەمین ساڵڕۆژی کیمیابارانو لەسێدارەدانی شاری هەڵەبجەیە بە دانیشتوانیەوە بە گیاندارو ڕوەکو گوڵو بۆنو بەرامەو هەموو شتێکیەوە، ساڵیادی لەسێدارەدانی ویژدانو ئینسافی شارو خەڵکێکە کە بۆکڕووزی هەڵقرچانی حەقیقەت تیایدا گەییشتە ئاسمان، کەچی ئەبینین لە هونەرو داهێنانێکی ناوازەدا دەسەڵاتی کوردی خودی یادەوەریەکەی کردۆتە بۆنەیەک بۆ سیناریۆی پێشکەشکردنی "پەتی سێدارەی ئیعدامکردنی عەلی حەسەن مەجید(عەلی کیمیایی) بە خەڵکی ئەم شارە!". لینکی هەواڵی چۆنێتی بەدیاریکردنی پەتی سێدارەی عەلی کیمیایی لە مەراسیمی هەڵەبجەدا:
http://xendan.org/dreja.aspx?=hewal&jmara=37593&Jor=1 پەتی سێدارە چۆن ئەتوانێ ببێتە دیاری بۆ قوربانیانی ئیعدامی بەکۆمەڵ!؟ چۆن ئەبێتە دیاری بۆ قوربانیانی دڵڕەقیو دڵڕەشیو دڕندەیی بێسنوور!؟ ئەم "دیاریە ناشیرینە" کام دڵ پێی خۆش ئەبێو کامە دەروون پێی ئاسوودە ئەبێت!؟ ئەم دیاریە نەگریسە کامە برینی ناخو ویژدان ساڕێژ ئەکات!؟ ئەم سیمبۆلی سڕینەوەی ئینسانە وەکو "دیاری" وەڵامی کام گرێو گۆڵی هەڵەبجەو کوردستان ئەداتەوە!؟
بەڵام ئەم نەریتەو ئەم داهێنانەو ئەم هونەرەی دەسەڵاتی کوردی لە دووتوێیدا کام پەیامی هەڵگرتووە!؟ ئایا خەڵکی هەڵەبجەو کەسو کاری قوربانیانو ئێمە خەڵکی کوردستان، بارتەقای کۆکوژیو تاوانێکی وا گەورە کە بەرامبەرمان ئەنجامدراوە، لەجیاتی گرتنەبەری ڕێوشوێنی شایستەو نەوعدۆستانەو ئاشتیخوازانە بۆ داخستنی هەموو دەرگاو کاناڵەکانی توندوتیژیو دڵڕەقیو دڕندەیی بەرامبەر بە مرۆڤ، وە لەجێگایاندا ناشتنی درەختی شادیو بەختەوەریو چاندنی تۆوی پێکەوەژیانو ئاشتەواییو ئینساندۆستیو برەودان بە مۆڕاڵی ژیاندۆستی، بۆ ئەبێت "پەتی سێدارە" وەکو سیمبۆلی کوشتنی دەست ئەنقەستو بەبەرنامەی مرۆڤ، بکرێتە دیاریو لەساڵیادی دڕندانەترین تاوانی ئیعدامی بەکۆمەڵی هاوڵاتیانی ئێمەدا بکرێتە دیاری بۆمان!؟ ئەم کارەی دەسەڵات ناوازەو نەشازو نادروستەو پێویستە خەڵکی هەڵەبجەو کوردستان ڕەتیبکەنەوە. چونکە جگە لەوەی بەحسابهێنانی ئێستای ئێمەیە وەکو سەردەمی سەدەکانی ناوەڕاست کە یاسا درندەکانی ئیعدامو ملپەڕاندنو سووتاندنی ئینسان تیایدا سەروەر بوو وە دەسەڵاتی کڵێسا هەر بەرهەڵستکارێکی پێ ئەکردە قوربانی بۆ تەمبێکردنی ئەوانی تر، ڕێزدانانی داهێنەرانی ئەم نەریتەیە بۆ یاساکانی سەدەکانی ناوەڕاستیش!
ئەگەرچی پەتی سێدارە لە مێژوودا بەدەگمەن ڕووئەدات لەپای تاوانکاریەک بکرێتە ملو گەردنی تاوانکارێکی چەشنی سەدام حسەینو عەلی کیمیایی، بەڵام گەوهەری پەیامی خودی پەتی سێدارەو ئیعدام وەکو سیمبۆلی دڵڕەشیو دڵڕەقیو ئەوپەڕی شێوازی توندوتیژی بەرامبەر بە ئینسان، ڕاگرتنی مەیلو دەمارگیری تۆڵەسەندنەوەیە بەسەر سەری کۆمەڵگاوە، درێژەدانە بەهەمان نەریتی سڕینەوەی بێبەزەییانەی بەرامبەرو نەیارانی جۆراوجۆر لە ململانێی سیاسیدا، وە بەکاربردنی زەبرو زەنگو شێوازەکانی ملکەچپێکردنی بەکۆمەڵی مرۆڤو کۆمەڵگای ئینسانیەو نابێت ڕێگابدرێت ئەم نەریتی بەدیاریکردنەی پەتی سێدارەیە لە کۆمەڵگای ئێمەشدا جێبکەوێت!
لە کوێی مێژووی مرۆڤایەتیدا ئەدۆزرێتەوە پەتی سێدارە بکرێتە دیاری بۆ قوربانیانی خودی ئەو یاسا دژەمرۆییانەی لەنێو پێکهاتەی سیمبۆلیکی چەمکی ئیعدامو دەستەواژەی لەسێدارەداندا بەرجەستەو جێگیرکراون!؟ تاوانە گەورەکانی جینۆسایدکردنی میللەتانو کەمایەتیەکانو نەیارانی بە کۆمەڵو بەشێوازی سەدەکانی ناوەڕاست، بەڵام بە پێشکەوتوترین چەکو چۆڵی مۆدێرنو پێشکەوتوو لە سەردەمی ئەمڕۆدا، لە بنەڕەتدا دەبێ ببنە پردو بەردەبازی پەڕینەوەی مرۆڤایەتی لەسەردەمی دڕندەییەوە بۆ سەردەمێکی نوێ، بۆ سەردەمی ئارامشو ئاسایشی ڕەهاو بێئەوپەڕ، سەردەمی خاڵی لە توندو تیژیو خاڵی لە دڵڕەشیو خاڵی لە جەنگو لە ئیعدامو کۆکوژیو پەتی سێدارەو تەنانەت خاڵی لە نەریتی گۆڕینی سیمبۆلی ئینسان کوشتن بۆ دیاریو پێشکەشکردنی بە قوربانیان لە مەراسیمو ساڵوەگەڕی یادەوەری کۆستە بەکۆمەڵەکانی وەکو هەڵەبجەدا!!
خەڵکی کوردستان هێندە ووشیارو چاوکراوەیە ڕێگانادات لەجێگای نەریتی ئینساندۆستیو نەوعدۆستیو ئاشتیخوازیو یەکترقبوڵکردن کە چاویان تێبڕیوە، نەریتی زەبرو زەنگو پەتی سێدارەو دەمارگیریی تۆڵەسەندنەوە بەرچاویان تەنگو تاریک بکات! دانیشتوانی هەڵەبجەو کەسو کاری قوربانیانی هەڵەبجەو ئەنفال بە عیشقو تامەزرۆییەوە لەئاسۆ ئەڕواننو چاوەڕوانن ئەم کۆکوژیو تراژیدیا گەورانەی ئەوان ئەکتەری ڕاستەقینەی بوون، بکرێنە بنەماو بناغەی داڕشتنی یاساو ڕێساو ڕێوشوێنێک کە خەڵکی کوردستانو عێراقو ناوچەکە لە چەکی کۆکوژو بەکاربردنی لەدژی هاوڵاتیان بەدوور بگرێت. چاوەڕوانن هەڵەبجەو ئەنفال ببێتە پاڵنەرو هۆکارێک بۆ قەدەغەکردنی چەکی کۆکوژو بایۆلۆژی لەجیهاندا. دەرەنجام ئەوەشیان لێ چاوەڕوان ئەکرێت کە خوازیار بن خودی پەتی سێدارەو یاسای ئیعدام بۆ هەمیشە هەڵوەشێتەوەو لەنێو دەستوورو یاساکانی عێراقدا هەڵگیرێت. نەک پەتی سێدارە بکرێتە دیاریو پێشکەش بە هیچ کەسێک بکرێت!
١٦مارس٢٠١٢
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست