پێوه‌ری نیشتمانپه‌روه‌ریی له‌نێوان دوو حیزبی ده‌سته‌ڵاتدار و چوار حزبه کوردستانییه‌که‌دا چییه؟
Tuesday, 27/01/2009, 12:00
1817 بینراوە
* سه‌رۆکی هه‌رێمێک (به ده‌سته‌ڵه‌دار و به به‌رهه‌ڵسکاره‌وه) یان سه‌رۆکی حزبێک ؟
* دوو به‌ره‌ی نیشتمان په‌روه‌ری (به‌ڕێوه‌به‌ر و به‌ر هه‌ڵسکار) یان ده‌سته‌ڵاتێکی دوو حزبی و کۆمه‌ڵێک هاوپه‌یمانی کپ کراو ؟
* ئۆپزیۆنێکی کوردستانی ڕێز لێ‌گیراو یان برا گچکه‌یه‌کی به‌هێند نه‌گیراو؟
* حوکمه‌تێکی ته‌کنۆقڕاتی به‌هێز یان حکومه‌تێکی به‌حزبایه‌تی لاواز کراو؟
* په‌ڕلمانێکی نوێنه‌ری خه‌ڵک و چاو‌دێر به‌سه‌ر حوکمه‌ت یان په‌ڕلمانێکی پاوه‌ن کراو؟
* جه‌ماوه‌رێکی ووشیار، زیندو و ڕه‌خنه‌گر یان جه‌ماوه‌رێکی چه‌واشه کراوی ڕازی کراو؟
* میلله‌تێکی به ئاگا و به‌رهه‌م هێن یان میلله‌تێکی کوێر، که‌ڕ، لاڵ و مشه‌خۆر؟
با له‌سه‌ری سه‌ره‌وه‌مانڕا تا خواری خواره‌وه‌مان ئه‌م هاوکێشانه به‌راوورد بکه‌ین و بیانکه‌ین به پێوه‌ر (مه‌حه‌ک) بۆ دیاری کردنی ڕاده‌ی دڵسۆزی و خه‌م خۆریمان بۆ گه‌ل و نیشتمانه‌که‌مان.
تا ڕاستگۆ نه‌بین له‌گه‌ڵ خۆماندا، ناتوانین پێشمه‌رگه‌یه‌کی خۆنه‌ویست، نیشتمان په‌روه‌رێکی ڕاسته‌قینه ، کارگێڕێکی کارامه، کرێکارێکی شاره‌زا، جوتیارێکی به‌رهه‌م هێن، مامۆستایه‌کی سه‌رکه‌وتوو، سیاسیه‌کی بێ غه‌ل وغه‌ش، په‌ڕلمانتێرێکی بوێر و ڕابه‌رێکی گۆڕانکه‌ر بین ...هتد.
با لۆژیکانه‌تر هه‌ڵس و که‌وت له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌رماندا بکه‌ین و پێش ئه‌وه‌ی هه‌ر بڕیارێک بده‌ین به ئاگایانه ده‌رونی خۆمان بکه‌ین به پێوه‌ر و ئه‌ندازه‌گیر (قیاس النفس) بکه‌ین. جێگۆڕکێ به ڕۆڵی خۆمان و به‌رامبه‌ره‌که‌مان بکه‌ین، بزانین ئه‌م کاره گه‌ر به‌رامبه‌ر خۆمان بکرێت تا چه‌ند پێمان دروسته.
با پێکه‌وه بێ ده‌مارگیری حزبایه‌تی که‌مێک تیشک بخه‌ینه سه‌ر ئه‌م بابه‌ته و که‌مێک به‌هه‌ستیارانه تاو توێ‌ی بکه‌ین:
به‌ڕێزان له هه‌موانمان ڕوون و ئاشکرایه که حزبه کوردستانیه‌کان به‌تێکڕایی و پارتی و یه‌کیه‌تی به‌تایبه‌تی یه‌ک ده‌نگ بوون له‌سه‌ر دیاریکردنی به‌ڕێز کاک مه‌سعود بارزانی وه‌ک سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان، په‌ڕلمانی کوردستانیش وه‌ک نوێنه‌ری خه‌ڵکی کوردستان به‌کۆی ده‌نگ په‌سندیان کرد وله مه‌ڕاسمێکی ڕه‌سمی به‌شێوه‌یه‌کی یاسایی ڕایان گه‌یاند . خه‌ڵکی کوردستانیش هه‌موو لایه‌ک وه‌ک برا گه‌وره قبوو ڵیان کرد و که‌س لاری لێ نه بوو و خۆشحاڵی خۆیان ده‌ربڕی.
وا باشتر بوو پارتی دێموکڕاتی کوردستان هه‌ر له‌یه‌که‌م ڕۆژی ڕاگه‌یاندنه‌که‌وه به شانازیه‌وه کارسانیان بۆ حزب و لایه‌نه‌کانی تر کردبا که وه‌ک سه‌رۆکی خۆیان به‌مه‌رجه‌عی خۆیانی بزانن و هه‌موو چاوه‌ڕوانیه‌کیان لێ ی هه‌بێت. چونکا به یاسا بووه به سه‌رۆکی هه‌مووان و سنوری ده‌سته‌ڵاته‌کانی له سه‌رۆکی پارتێکی سیاسی به ته‌نها تێپه‌ڕاندووه. پێویست نه بوو پارتی زیاتر له خه‌ڵکی تر کاته‌کانی بۆ خۆیان ته‌رخان بکه‌ن. یان ئیره‌ی به‌لایه‌نه‌کانی تر ببه‌ن که به سه‌رۆکی خۆیانی بزانن و به مافی خۆیانی بزانن پێشنیار و گله‌ی لێ بکه‌ن.
گه‌ر لێم قبووڵ بکه‌ن به‌ڕای به‌نده هێشتا نه چووه بچێت با به به‌راوه‌ژووی شته‌کان نه‌خوێنینه‌وه و ته‌فسیری خراپ بۆ پڕۆژه‌ی چوار حزبه کوردستانیه‌که نه‌که‌ین و وه‌ک پێشنیار و داواکاریه‌کی جه‌ماوه‌ری قبووڵ بکه‌ین و له مه‌ڕاسیمێکی پڕ شکۆدا به‌ڕه‌سمی ڕای بگه‌یه‌نن که سه‌رۆک بارزانی، سه‌رۆکی هه‌موو کوردستانیانه به‌بێ جیاوازی بیر و ڕا، ئینتمای حزبی، دین و ڕه‌گه‌ز چ به‌ڕێوه‌به‌ر بی له ووڵات یان به‌رهه‌ڵسکارێکی نیشتمان په‌روه‌ر که خه‌بات بکات بۆ گۆڕانکاری و چاک سازی. بزانین له‌و ناوه‌نده که‌س زه‌ره‌ر مه‌ند ده‌بێت؟
به‌ڕای به‌نده وا وه‌ک سه‌ره‌تایه‌کی خه‌باتی دێموکڕاتی و پێکه‌وه ژیانی ئاشتیانه باشتره براده‌رانی مه‌کته‌ب سیاسی (پ.د.ک و ی.ن.ک) به پشوێکی درێژتر و سینگێکی فراوانتر ئه‌م پڕۆژه‌یه قبووڵ بکه‌ن. بۆ ئه‌وه‌ی ته‌ریب بێته‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و گۆڕان کاریانه‌ی که له دوای ده‌ست به‌کار بوونی سه‌رۆکی تازه هه‌ڵبژێردراوی ووڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا به‌ڕێوه‌ن. سیمایه‌کی جوانیش نیشانی دنیای ده‌ره‌وه‌ی بده‌ین که له کوردستان یه‌کتر قبوڵکردن خه‌مڵیووه و سه‌ر ده‌می چاو سوور کردنه‌وه و قسه‌ی زبر به‌سه‌ر چووه.
هه‌روه ک به‌ڕێز باراک ئۆباما یه‌که‌م سه‌رۆکی ڕه‌ش پێستی ووڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا له‌مه‌ڕاسیمی سوێند خواردنی ده‌ست به‌کار بوونی له 20. 01. 2009 به ڕاشکاوی بڕیاری گۆڕان کاری ڕاگه‌یاند و ووتی (زمانی زبر و هه‌ڕه‌شه وای له‌ئه‌مریکا کرد که هه‌موو که‌س له‌خۆی بکات به‌دووژمن به‌تایبه‌ت جیهانی ئیسلامی. ئێمه به‌سیاسه‌تی خۆماندا ده‌چینه‌وه و چێتر به‌زمانی ڕاکێت قسه له‌گه‌ڵ که‌س ناکه‌ین... هتد).
له 21. 01. 2009 یه‌که‌م ڕۆژی ده‌ست به‌کار بوونی بڕیاری داخستنی زیندانی گوانتینامۆی دا و بانگی دیالۆگی بۆ ئیسلامیه‌کان ڕاگه‌یاند. وه‌ک کاردانه‌وه‌ی ئه‌و گۆڕانکاریانه دادگای تاوانه‌کانی هۆڵندا به کێسی خێرت فیڵده‌رد سه‌رۆکی فڕاکسیۆنی حزبی ئازادی له په‌ڕلمانی هۆڵندا دا چۆوه که تۆمه‌ت بار کراوه به نانه‌وه‌ی فیتنه و سوکایه‌تی کردن به دینی ئیسلام.
وا باشتره پێش بینیمان لاواز نه بێت و ڕێگا به‌خۆمان نه‌ده‌ین چیتر پاشکۆی ڕووداوه‌کان بین. ملل ملانێ بۆ پێش که‌شکردنی خزمه‌تگوزاری باشتر پێویستی به ووتاری هه‌ڕه‌شه ئامێز و نان بڕین ناکات. چونکا تا ئێمه له‌گه‌ڵ یه‌کتر نه‌رم تربین له‌گه‌ڵ ڕه‌وتی دنیا باشتر دێینه‌وه و دووژمنانیش به‌سانای ناتوانن که‌لێنمان تێبخه‌ن.
هیچ جێ‌ی سه‌ر سوڕمان و توانج و لۆمه نیه هاوده‌نگی دوو حزبی عیلمانی و دوو حزبی دینی له پڕۆژه‌یه‌کی چاک سازیدا! به‌ڕای به‌نده ده‌بوو هه‌ردوو حزبه عیلمانیه‌که خه‌ڵات بکرێن که جیاوزی فکر و ئایدیایان وه‌لاناوه له پێناوی خزمه‌تی زیاتر به ووڵاته‌که‌مان. هه‌روه‌ها هه‌ر دوو حزبه ئیسلامیه‌که‌ش ده‌ست خۆشانه‌یان لێ بکرێت که هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی و کوردستانیان له‌به‌ر چاو گرتووه و به جیا نه چوون له گه‌ڵ هاو شێوه‌ی خۆیان له به‌غداد هاوپه‌یمانی گرێ بده‌ن.
به‌ڕێزانی چوار حزبه کوردستانی‌یه‌که گه‌ر له ناو ئیداره و به‌ڕێوه‌بردنیش دا نه‌مێنن ڕۆڵی به‌رهه‌ڵسکارێکی به به‌رنامه بۆ خزمه‌تی گه‌ل و ووڵات ببینن هیچ مه‌ترسی دار نیه بۆ سه‌ر کێشه‌ی نه‌ته‌وه‌که‌مان. به مه‌رجێک فشاریان نه‌خرێته سه‌ر له ڕووی مادی و ئاسایشه‌وه. چونکا ئه‌وان به 18 کورسی له په‌ڕلامانی کوردستان ووجودیان هه‌یه و به‌شدارن له هاوپه‌یمانی کوردستانی له به‌غداد و ناوچه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستان و سکرتێر و ڕابه‌ره‌کانیشیان ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی سه‌رکردایه‌تی سیاسی کوردستانن.
پێویسته هه‌موو خۆ ڕابێنین به‌گیانی ته‌بایی و یه‌کتر قبووڵ کردن کار بکه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی یه‌که‌م ته‌جروبه‌ی به‌ڕێوه‌بردن له کوردستان به ده‌ستی خۆمان زینده به چاڵ نه‌که‌ین.