ڕاستى لە كوێیە لە شەڕى بەڵگەنامەكانى پارتى وكۆمەڵ دا؟!
Sunday, 03/04/2011, 12:00
لەو چەند رۆژەى دواییدا هەموو لایەك ئاگادارى ئەو شەڕە میدیاییەى نێوان پارتى وكۆمەڵی ئیسلامى بوو، كە بە هێرشێكى چڕوپڕى تەلەفزیۆنى زاگرۆس دەستى پێكرد وبە وەڵامدانەوەیەكى توندترى كۆمەڵ كۆتایی یان پێی هێنا.
بێگومان نە بەڵگەنامەكانى زاگرۆس لەسەر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامى عەلی باپیر لەمەر پەیوەندیەكانى بە ڕژێمى بەعس نوێ بوون وخەڵكى ڕاچڵەكاند وتوشى چورتم كرد نە وەڵامەكانى كۆمەڵیش نوێ بوون وهیچ شتێكى نوێی خستە سەر ئەو شتانەى كە خەڵك دەیزانن دەربارەى پارتى.
بێگومان شەڕەكەش هۆی سیاسی هەنووكەیی لە پشتە كە زۆر بە زەقی دەتوانرێت چڕ بكرێتەوە لە بەشدارى كردنى كۆمەلأ لە ناڕەزایەتیەكانى سەراى سلێمانى وئەو چاوپێكەوتنەى عەلى باپیر لە تەلەفزیۆنى زاگرۆس كە تێیدا زۆر بە ڕاشكاوى هەموو ڕەخنەكانى لەسەر دەسەڵات خستەڕوو ولە قسەكانى وا دەرەنجام دەكرا كە هیچی تر ئەگەرى گەڕانەوە وخامۆش بون نیە لەلاى كۆمەڵ وئیتر بڕیارى یەكجارەكى جیابوونەوەى داوە لە دەسەڵات، سەرەڕاى ڕەتكردنەوەى بانگهێشتكردنى پارتى ویەكێتى بۆ كۆمەڵ و یەكگرتوو بۆ ئێران كەتێیدا دەسەڵات سوكایەتیەكى گەورەى بەو دوو حزبە كرد وبەزمانى حاڵ پێیان دەڵێت ئێوە دەسەنە ودروستكراوى ئێرانن ئەوە لەجیاتى ئەوەى لەگەڵ خودى خۆتان ڕاستەوخۆ قسە بكەین لەگەڵ ئاغاكانتان ووەلى نیعمەتتان قسە دەكەین، ئەو هەوڵە نەزۆكەی دوو زلهێزەكەى دەسەڵات بەداخەوە گوزارش لە چەقبەستنى فیكرى سیاسی وئیفلاسبوونى تواناى بیركردنەوەى دەسەڵات دەكات وهێشتا بەچاوى سەردەمى بەرەى جود وبەرەى كوردستانى سەردەمى شاخ قسە دەكات. دەسەڵاتێك كە هەموو تواناو ئیمكانیاتى دراوى وساسی ویاسایی لە ژێر دەستە وسەدان قونسلگەرى ئەوروپى وئەمریكى تێدا كراوەتەوە وپەیوەندی لەگەڵ هەموو جیهاندا باشە هەتا لەگەل قەزافی یش، كەچی كەسى نەماوە لەناوەوە و دەرەوە لە هاوڵاتیانى كوردستان بۆ ئەوەى بیكاتە نێوەند لە نێوان خۆیی وچەند حزبێكى ئۆپۆزسیۆن؟! ئەگەر هەركەسیش دەست نەكەوت لەناوەوە بۆچى پەنابردنە بەر ئێران؟ بۆچى شەڕەفی ناوبژیوانكردن دەدەیتە ئێران؟ ئەوە پاداشتى ئێران دانەوەیە لە جیاتى تۆپبارانكردنى ناوچە سنوریەكانى كوردستان یان لە جیاتى لە سێدارەدانى كوردە تێكۆشەرەكانى كوردستانى بندەستى ئێرانە؟! ئێوە ئەگەر رۆژگارێك لەسەردەمى شاخ هەموو دونیاتان لێگیرابوو تەنها دەرگاى ئێران نەبێت خۆ ئێستا دونیا هەمووى واڵایە بەسەرتان بۆچی ناتوانن لە پاڵتۆی ئێراندا دەربچن. كێشەكە لەوەدایە دەسەڵات بۆ تەرویج وبروپێدانى لۆكاڵی تانە وتەشەرە لە حزبە كوردیە ئیسلامیەكان دەدات سەبارەت بە پەیوەندیەكانیان یان وابەستەییان بە ئێران كەچى هەردوو حزبى دەسەڵاتدار ئێران لەگەڵ ئێراندا وەك باوكە دڵ ڕەق وپڕ لە دیسپلینەكانى وەك كەسایەتى (سی سەید) ڕەفتار دەكەن كە هەرچەندە ئەزیەتیان دەدات وتوندوتیژە لەسەریان بەڵام جاروباریش ڕەحمیان پێدەكات وئاوڕێكى باوكانەى پەتریاركیانەیان لێدەداتەوە!!
هەر ئەو هەستەشە ئێرانى وا بوغراكردوە تاڕادەى ئەوەى ڕاست وچۆپ دەست دەوەشێنى لە كوردستانى عێراق ئەوە باسی كوردستانى ئێران هەر ناكەین، وهەموو دەزگا سیخوڕیەكانى ڕەها كردوە لە كوردستان وبە هەوەستى خۆیان خەڵك دەكوژن وتیرۆر دەكەن وەك میری گوندەكە ڕەفتار دەكات.
بەنسبەت پەیوەندیەكانى هەردوولا بە ڕژێمى بەعس یش ئەوە زۆربەى هەرە زۆری حزبە كوردیەكان لەو پەیوەندیانە بە دوور وبەدەر نەبوونە، بەڵام نا ڕوونیەك لە مەسەلەكەدا هەیە لە هەندێك لایەندا، بۆ نموونە ئەگەر بێینە سەر پارتى وپەیوەندى لەگەڵ ڕژێمدا بەتایبەتى لە 31 ئابى 1996 ئەوە پارتى بۆ ماوەیەك زۆر بڕ وبیانووى بۆ دۆزیەوە تا ڕادەى ئەوەى یادى دەكردەوە وەك سەركەوتنێكى گەورە بەڵام كە زانیان ئەو رەفتارە زۆر ئیستفزازیە بۆ تاكى كورد لەوە دەچێت دەستیان لێی هەڵگرتبێت تا ڕادەى ئەوەى نیاز لاجانى بەڕێوەبەرى زاگرۆس تیڤى لەدوا قسەى دا بە هەڵەیەكى لەقەڵەمدا كە ئەوەش پێشكەوتنێكە لە هەڵوێستەكان هەرچەندە ئەو لە هەڵەكە زۆر كەمدەكاتەوە وەك گەردێكى نێگەتیڤ دەیخاتە پاڵ چیایەك لە سەروەرى. بەڵام هەر چۆنێكى بێت دان هێنان بە هەڵە چاكترە لە بەرگرى لێكردنى یان بت بۆ تاشینى وئاهەنگ بۆ گێڕانى.
ئەگەر بێینە سەر كۆمەڵی ئیسلامى ئەوە هیچ یەكێك لەو حزبەش ناتوانێت نكوڵی لە بوونى ئەو پەیوەندییە بكات پاش ئەوەى چەندین دۆكیۆمنت وبەڵگەى نوسراو بڵاوبۆتەوە لەپاش ڕوخانى ڕژێمى ێەدامەوە، هەروەها لەپاش ئەوەى لێپرسراوێكى گەورەى كۆمەڵ مامۆستا (موشیر گەڵاڵی) بەرپرسی پێشوى نوسینگەى دەرەوەى بەریتانیاى كۆمەڵی ئیسلامى دانى بەو پەیوەندییە هێنا، ئەگەر جەماوەرێكى وشیارتر لە كورد ولە بنكەى حزبی كۆمەڵى ئیسلامى لە كوردستان هەبوایە دەبوایە لەپاش ئەو دانپیاهێنانەى مامۆستا موشیر لە دوا كۆنگرەى كۆمەڵ یەخەى سەرانى ئەو حزبەیان گرتبا وهەموو كەین وبەینەكانیان پێیان ساغ بكەنەوە نەك تەنها مامۆستا (موشیر گەڵاڵی) بكەنە قۆچى قوربانى ئەو پەیوەندیە، گرنگترین شت لەو بوارەدا پێویستە خودى عەلى باپیر وئەوانەى ناویان هاتوە لە بەڵگەنامەكان بێنە سەر تەلەفزیۆنەكەى خۆیان وبە شێوەیەكى یاسایی وئایینى یان دانی پێدابهێنن یانیش بە ڕەتى بكەنەوە، چونكە هەرلەپاش بڵاوكردنەوەى دۆكیومێنتەكان لە زاگرۆس تیڤى وەڵامە بەراییەكانى كۆمەڵ بەتایبەتى لەسەر زمانى محمد حكیم كە ناوى هاتوە لەو پەیوەندیە گوماناوییەى لەگەڵ ڕژێمى بەعس زۆر لاواز ولەرزۆك بوون، خەڵكى كوردستان چاوەڕێی ئەوە لە عەلى باپیر وكۆمەڵ دەكات ڕاستیەكانى پەیوەندى بوون ونەبوونى خۆیانیان لەگەڵ بەعس پێ بڵێن نەك لەوەڵامدا باسى پەیوەندیەكانى پارتى وبەعس بكەن... من لە بازنەى نزیكى كۆمەڵ ڕاستى وهەقیقەتى بوونى پەیوەندى عەلى باپیر وچەندین كەسایەتى ناودارى كۆمەڵم گوێ لێبوە لەگەڵ ڕژێمى بەعس كەچى بەداخەوە تا ئێستاش كەسێك لە كۆمەڵ جورئەتى مامۆستا موشیر گەڵاڵی نییە لە دانهێنان بە بوونى ئەو پەیوەندیە، لە هەمووى سەیرتر لەكاتێكدا زۆر لە حزبە كوردیەكان پەردەپۆشی فایلدارەكانیان دەكەن بە جۆرەها بڕوبیانو كەچى سەركردایەتى كۆمەڵ وشەخسی ئەمیر دەستێكى باڵایان هەبوو لەو هەڵایەى كە لە دژى مامۆستا موشیر گەڵاڵی كرا وەك چۆن موخابەراتە بێ مۆڕاڵە گەورەكان ئەندامى خۆیان دەكوژن بۆ ڕزگار بوون لەو نهێنیانەى كە دەیزانێت، بەهەمان جۆر و بەهەمان شێوە مامۆستا موشیر گەڵاڵی یان تیرۆر كرد لەڕووى مەعنەوییەوە لەبەر چەند حقد وحەسەد ومونافەسەیەكى حوجرە ئاسا، لەكاتێكدا ئەو پیاوە داینەمۆیەك بوو لە ئەوروپا بۆ كۆمەڵ وڕەوندى كوردى. من زۆر ڕەخنەى ئاشكرام گرتوە لە مامۆستا موشیر گەڵاڵی لەسەر پەیوەندیەكانى بەڵام بۆ یەك ساتیش گومانم لە پاكى وكوردپەروەرى وئیسلامدۆستى ئەو پیاوە نەبوە چونكە دەزانم بەتەنها خاوەنى ئەو هەڵەیە وئەو ئیجتهادە غەڵەتە نەبوە، خۆزگە ئەوانەى وەك ئەو هەڵەیان كردوە وەك ئەو ئازا بن ودانیپێدا بهێنن نەك ئەمڕۆ خۆیان لێمان بكەنە بێگوناه وبەرى وەك بەرائەتى گورگ لە خوێنى حەزرەتى یوسف. جەماوەرى كۆمەڵ وكوردستان بە گشتى زۆر لەوە وشیارترە ئەمڕۆ وەك ئامرازێكى نێگەتیڤ بڕوانێتە شەڕ ومونافەسەى حزبی ومیدیایی پارتى وكۆمەڵ، ئەمڕۆ جەماوەر دەیەوێت بزانێت ڕاستیەكان لە كوێیە وچۆنە، بۆیە گومانم نییە كە ئەو داوایە داواى سەدان وهەزاران ئەندامى كۆمەڵی ئیسلامیشە لە ئەمیرى كۆمەڵ عەلی باپیر وئەندامە تێوەگڵاوەكانى تر: ئایا ئێوە پەیوەندیتان هەبوە لەگەڵ بەعس، دەمانەوێت بە سیغەیەكى شەرعى سوێند بخۆن كە ئەو پەیوەندیەتان هەبوە یان نا، چاوەڕوانى وەڵامتانین.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست