رونكردنەوەیەك بۆ خەندان جەزا، ژنەكانی یەكێتی و پارتی بە پەنجەیەكی تۆ ناژمێردرێن
Friday, 22/05/2009, 12:00
2082 بینراوە
لەم دوو رۆژەى رابوردوودا نوسینێكم لەماڵپەڕی كوردستان پۆستەكەمان بڵاوكردەوە كە تایبەت كرابوو بەو ژنانەى كە حزب و پیاوەكانی یەكێتی و پارتی هێناوێانن لەكەناڵە بە ناو پرۆفیشناڵەكەى زاگرۆس عەرزی عالەمى دەدەن و بەرگری لەكارە جوانەكانی 18 ساڵی حزبەكانیان دەكەن، ئەى بۆ باسی 18 ساڵ كوشتن و ئەتككردن و سوكایەتیكردنی ژنان بكەن، پێم بڵێن لەكام وڵاتى ئیسلامی و جاهیل و دواكەوتوودا نیو هێندەى كوردستان كە یەكێتی و پارتییەكەى ئێوە داگیریان كردووە، ژن و كچ و ئافرەت كوژراوە؟، كاتێك ئێوە لەو شاشەیەوە ناوی خۆتان ناوە رۆژنامەنووس و شیكەرەوەى سیاسی و چی و چی، دێن بە شان و باڵی حزبە پیاو پەرست و ژنكوژەكانتاندا هەڵدەدەن، ئەى باسی نەهامەتى و دەردیسەرى ژنانی پاشماوەى ئەنفال و ژنى شارە دوورە دەستەكان بۆ ناكەن كە دەتوانن بێن بە چاوی خۆتان بیانبینن كە بزان چۆن دەژین و لەچ ژیانێكدان.
باش بزان ئێوەى ژنانی یەكێتی و پارتی كاتێك وەسفی ئەو دوو حزبە دەكەن، ژنانی كوردستان زۆر لێتان توڕەو بێزارن، هەر دوێنێ چەندین ئیمەیڵم بۆ هاتوو كە دەستخۆشیم لێكراوە بۆ ئەو نوسین كە لەسەر جەنابتانم نوسیوە، ژنێك بۆی نوسیوم ئەگەر تۆ وەڵامی ئەو جاسوسانەت نەدایەتەوە ئەوا من دڵم دەتەقی، چەندی نامەى تر كە دژی ئێوە قسەیان كردووە.
وەكوو هەمیشە وتوومەو دهیڵێمەوە ئەو ژنانەى لەرێكخراوەكانی ژنان و ئافرەتانى یەكێتی و پارتیدا كاردەكەن و دەڵێن ئێمە چالاكی دەكەین یان خزمەتى ژن و ئافرەت دەكەین، 100% پێچەوانەكەى راستەو بەڵكو خزمەت بە بەرپرس و پاوە دەست سوورەكانیان دەكەن، منیش لەم نوسینەدا دەمەوێت بۆ بەڕێز (خەندان جەزا) روونی بكەمەوە كە رەنگە لەنوسینەكەى پێشوودا لێڵییەك هەبووبێت و بەڕێزتان بەهەڵە لەمن گەیشتبێتن كە من بەڕێزتانم تێكەڵ بەو جۆرە ژنانەى یەكێتی و پارتی كردووە، لێرەوە دەڵێم بمبوورە من لەو نوسینەى پێشوودا ئەو وتەیەى تۆ كە لەگۆڤارى نێوەند وتوتە (ئەو ژنانەى لە8ی هەڵدەپەڕن هیچیان كەمتر نییە لەو پیاوانەى ژن دەكوژن)، كردوومە بە نموونەیەك بۆ ئەو ژنانەى یەكێتی و پارتی كە ئەمڕۆكە هاتوون هەڵدەپەڕن و بە باڵا جوانە ژنكوژەكەى حزبدا هەڵدەدەن، هیچ كات تۆی بەڕێز ناكەم بە هاوڕێی ئەو ژنانەی یەكێتی و پارتی و بگرە ناگەن بە پەنجەیەكی تۆدا، خۆزگە ژنانى ئەو دوو حزبە زەڕڕِەیەكی تۆ غیرەتی ژنێتییان هەبوایە.
[email protected]