نووسەرانی میدیای ئازاد بەهەمان عەقڵی دەسەڵاتی كوردیی لە كوردستانپۆست دەڕوانن؟
Thursday, 10/06/2010, 12:00
مامۆستایەكی برادەرم بۆی گێڕامەوە، كە لە ساڵی 1991 - 1992 لە وڵاتی سوید هونهرمهندێک کاریکاتێرێکی لهسهر سهرهک وهزیرانی سوید کرد، که ناوی ئینگڤار کارلسۆن بوو، ئهو کاریکاتێره دهموچاوی وهک بنی پێڵاو لێکردبوو، به درێژایی یەك هەفتە له تهلهفیزیۆندا باس ههر باسی ئهو کاریکاتێره بوو، یهکێک له قسه کهرانی ناو تهلهفیزیۆنهکه، دەیپرسی دەزانن ئەم بنە پێڵاوە لە چی ئەچێت؟ دواتر وێنەی سەرۆك وەزیرانی سویدی پێشان ئەدا بە دەموچاوی ئەوی دەشوبهاند. دوای دوو مانگ ڕۆژنامە نووسێكی سویدی چاوپێكەوتنێكی لە گەڵ سەرۆك وەزیرانی سوید ئەنجامدا، لە یەكێك لە پرسیارەكانیدا لێی پرسی وەڵامت چییە بۆ ئەو کاریکاتێره كە دەموچاوی تۆی بە بنە پێڵاو شوبهاندووە؟ سەرۆك وەزیران بە پێكەنینەوە وەڵامی دایەوە و ووتی: دیارە ڕاستەكەن دەموچاوی من لە بنە پێڵاو دەچێت.
زۆرجار ووتوومە كە میدیای دەسەڵات بە زمانی تەور قسە دەكات، ئەگەر تۆش بە زمانی نەرم و گوڵ قسە بكەیت وەكو میدیای ئازاد و ئۆپۆزسوێن، ئەوە لەو كاتەدا سەرت پێش تەورەكان ئەكەوێت یان ئەتكوژێت یان بریندارت دەكات، بۆیە دەبێت میدیای ئازاد و ئۆپۆزسوێن بە زمانی چەكوش بەرهنگاریان ببێتەوە و بتەكانیان تێك بشكێنێت.
كوردستانپۆست وەكو سایتێكی سەربەخۆ و بوێر كە بە زمانی چەكووش لە بتەكانی دەسەڵات ئەدات، ئەوە وای كردووە دەسەڵات هەراسان بكات و بە جوێنفرۆش و شتی تر لە قەڵەمی بدەن، لێ قەت گلەیی لەو دەسەڵاتە ناكرێت هەرچی تۆمەت و قسە و قسەڵۆكی ناشرین هەیە بیداتە پاڵ قەڵەمە ئازادەكانی كوردستانپۆست.
گلەیەكەی من لێرهدا لە ڕۆژنامەنووس و نووسەرە ئەهلیەكانی كوردستانە، كە هەر خۆیان بە میراتگری میدیای ئازاد دا ئەنێن و پەنجەكانیان گۆ ناكەن باسی ڕۆڵی گرنگی سایتی كوردستانپۆست بكەن، كە دەسەڵاتی هەراسانكردووە، ڕەنگە نووسەر و ڕۆژنامەنووسەكانی میدیای ئەهلیش بە هەمان ئەقڵێتی دەسەڵاتی كوردی كوردستانپۆست بە جوێنفرۆش لە قەڵەم بدات، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو كەلتورە سەقەتەی ناوچەكە و كوردستان كە هەموو كەسێك خۆی پێفریشتەییە.
ئەپرسم ئەگەر كوردستانپۆست جوێنفرۆشە ئەی باشە چۆن وڵاتی سوید سایتەكە داناخات؟ ئەی بۆچی سەرۆك وەزیری سویدی له سهر ئهو کاریکاتێره، به هونهرمهند و رۆژنامه و تهلهفیزیۆنهکهی نهوت جوێن فرۆش؟ بهداخەوە جاری نووسەر و ڕۆژنامەنووسەكانی میدیای ئەهلیش هەمان بیركردنەوەی دەسەڵاتی كوردییان ههیه، ئەیانەوێت هەموو پیرۆزیەكان بۆ خۆیان قۆرخ بكەن.
ئێمهی كۆمەڵێك نووسەر لە دەرەوەی وڵات و ناوەوەی وڵات نووسەری كوردستانپۆستین و خوێنی خۆمان لە كاسە ناوە و بە ناوی خۆمانەوە ڕەخنە لە دەسەڵات دەگرین، بەبێ هیچ بەرامبەرییەك، جگە لەوەش گەورەترین هەڕەشەمانیش لە سەرە و ڕووبەڕی ڕفاندن و تیرۆر و دادگاش بووینەتەوە، كەچی بەداخەوە زۆریەك لە نووسەرەكانی میدیای ئەهلی لە كوردستان تەنها خۆیان بە ئاڵا هەڵگری ڕەخنەگرتن لە دەسەڵات دەزانن، چاویان له ئاستی كوردستانپۆستی دەسەڵات هەراسانكەر نابینێت.
قەتیش ناڵێم كوردستانپۆست بێكەم وكوڕیی نییە، ئەو كەم و كورتیانە لە ناو میدیا ئەهلیەكانی كوردستانیشدا بوونی هەیە، ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە دەرگای ههواڵ و زانیاریەكانی هەموو دامودەزگاكانی كوردستان كیلیل قوفڵی لێدراوە، ئەو زانیارانەش كە میدیای ئازاد دەستی دەكەوێت لە ئەنجامی ململانیەی نێوان حیزبەكان دەست دەكەون، بۆیە جاری واهەیە هەواڵەی ناڕاست دەدرێتە میدیای ئەهلی، ئەوەش بۆ ئەوەیە مسداقیاتی میدیای ئەهلی لە پێش چاوی خەڵك نەهێڵن، كوردستانپۆستیش وەكو میدیایەكی ئەهلی سەربەخۆ جاری واهەیە شتی ناڕاستی دەدرێتی، بۆیە ئەوە ناكاته ئهوهی كە ئیتر برادەرانی میدیای ئەهلی وەكو دەسەڵات لە ڕۆڵی گرنگی كوردستانپۆست كەم بكەنەوە.
پێم باشە كوردستانپۆست داوا لە نووسەرە ئازادەكان بكات كە هەرچی ڕهخنە و پێشنیاریان هەیە لە كەم و كورتیەكانی كوردستانپۆست بینێرن و بۆیانیش بڵاو بكاتەوە، بۆ ئەوەی كوردستانپۆست بە ڕهخنە و پێشنیارەكان كەم و كورتیەكانی چاك بكاتەوە، بەو كارە كوردستانپۆست ئەوەندەیتر گەورەتر و بەرزتر دەبێتەوە لە ناو خەڵك و خوێنەرانیدا.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست