شارپرێس خەڵکی هانی سواڵکردن دەدات
Saturday, 08/05/2021, 1:47
1246 بینراوە
کێشەی خراپی باری ئابووری خەڵک لە باشووری کوردستاندا بە سواڵکردن چارەسەر ناکرێت. میدیا دەبێت ڕۆڵی وشیاریی و ڕۆشبیرکردنی خەڵک ببێنێت، نەک هانایان بدات سواڵ بکەن. ئەگەر هەموو گەلی کورد لە باشوور ئاگای لە دەرامەتی نەوت و گاز و بازرگانی خاڵە سنوورییەکانی باشووری وڵات نەبێت، ئەوە بەدڵنیاییەوە میدیاکان یان قەڵەم بەدەستەکان ئەوەتا سەر بەدەسەڵاتی باشوورن یان سێبەرن یان سیخورن و ئاگایان لەو دزیە هەیە کە لە باشووردا بەدەستی خێزانی تاڵەبانی و بنەماڵەی بارزانی و دارودەستەیان دەکرێت.
هەژاری خەڵکی کوردستان، لە ئەنجامی ئەوەدا نییە، کە باشوور وڵاتێکی هەژارە، بەڵکو لەبەرئەوەیە کە خێروبێری ئەو وڵاتە لەلایەن ئیران و تورکیادا لە ڕێگەی لێپرسراوانی هەرێم دەدزرێت و بەشەکەی دیشی لێپرسراوانی هەرێمی پێ بوون بە ملیاردێر. مەبەست لێرەدا ئەوەیە کە چارەسەری ئەو دۆخە بەوە ناکرێت خەڵک فێری ئەوە بکرێت دەست پانکاتەوە وەک ئەوەی ماڵپەڕی "شارپرێس"ی سێبەری دەسەڵاتدارانی باشوور دەیکات و هەر ڕۆژەی پەیامنێرێکیان دەنێرن بۆ ماڵە هەژارێک بە وێنە و ڤیدیو بڵاوی دەکەنەوە کە لە ڕێگەی شارپرێس ماڵە هەژارێک فڵانە دەوڵەمەند کرێی یەک مانگی خانووەکەیانی دا، یان "شارپرێس" کێشەی ماڵە هەژارێکی گەیاندە بەرپرسان. جا شارپرێس ئەگەر لەبەرپرسان نزیک نەبێت چۆن دەنگی دەگا بە ئەوان؟
دۆخی خراپی باری ئابووریی خەڵک بەوە چارەسەر دەکرێت، کە میللەت هۆشیار بکرێتەوە، بۆ ئەوەی بزانن لەنێو کۆمەڵگەی کوردییدا ماف و بەرپرسیارەتیان چییە، خەڵک فێری سواڵکردن و نەفسنزمی و دەستپانکردنەوە گەلی باشوور زێتر بەرەو هەڵدێر دەبات!