كام كه‌م و كام كه‌ڵ ژیان له ئێستای یه‌كێتیدا بوونی هه‌یه؟!
Tuesday, 31/05/2011, 12:00
گه‌ر كه‌م ژیان و كه‌ڵ ژیان بكرێته پێناسه‌ی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و به‌و پێوه‌ره دۆست و لایه‌نگر و سه‌ركرده‌كانی به یه‌كێتی له قه‌ڵه‌م بدرێت،ئه‌وا بێگومان مامه ڕیشه و شه‌هید ئارام و خاڵه شیهاب و شه‌هید ئاسۆ و هه‌زارانی تر یه‌كێتی ڕاسته‌قینه بوون. گه‌ر مه‌به‌ست له كه‌م ژیان و كه‌ڵ ژیان ته‌مه‌ن كورتی بێت له پێنا و ئامانج و دۆزێك ئه‌وا ئه‌و پۆله شه‌هیده كه‌م ژیان و كه‌ڵ ژیان. خۆ ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست لێی خۆڕاگری و سازش نه‌كردن بێت له ئاست بیروڕا چه‌سپاوه‌كان و مافه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و ئازازادییه گشتییه‌كان،ئه‌وا دیسان ئه‌و پۆله شه‌هیده شایه‌نی ئه‌و په‌ند و پیاهه‌ڵدانه‌ن.
یه‌كێتی مامه ڕیشه و خاڵه شیهاب جیاوازه له گه‌ڵ یه‌كێتی تاڵه‌بانی و سۆزانی خاڵه شیهاب. سه‌یر له‌وه‌دایه ڕاگه‌یاندنی ئه‌و لایه‌نه تازه به تازه و دوای 36 ساڵ له سه‌ركردایه‌تی تاڵه‌بانی وه‌ك سكرتێری گشتی ئه‌و پارته و ته‌مه‌ن درێژی سكرتێره‌كه‌یان نزیك به 80 ساڵ،باس له كه‌م ژیان و كه‌ڵ ژیان ده‌كه‌ن. پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه كام كه‌م و كام كه‌ڵ له ئێستای یه‌كێتیدا بوونی هه‌یه؟ كه‌سێك ئه‌گه‌ر 80 ساڵ ته‌مه‌نی بێت و 36 ساڵ سكرتێری پارتێك بووبێت كه‌م ژیاوه؟! ئه‌ی ئه‌گه‌ر كه‌سێك خیانه‌تی له سیاسه‌ته چه‌سپاوه‌كانی یه‌كێتی كردبێت و پێچه‌وانه‌ی بنه‌ما نه‌گۆڕه‌كانی دژی ئازادییه گشتی و تایبه‌تییه‌كان بوه‌ستێت و پارتی ئاسا فیشه‌ك به ده‌می ڕۆژنامه‌نوسدا بكات و به ته‌واوی كه‌وتبێته ده‌ست پارتی دیموكراتی كوردستان،كه بۆ زیاتر له چه‌ند ده‌یه‌یه‌ك ده‌چو سیاسه‌ت و بیروبۆچونیان جیاواز بوو،كه‌ڵ ژیاوه؟! بێگومان وه‌ڵام ڕوون و هۆكاره‌كانیش ئاشكران.
یه‌كێتی ئێستا بووه‌ته‌وه هه‌مان باڵی سیاسی ئه‌وسای پارتی و ده‌كرێت به لقێكی گه‌وره و فراوانی پارتی له قه‌ڵه‌م بدرێت. گه‌ر تاڵه‌بانی له بیری چووه كه كاتی خۆی چۆن و به چ شێوه‌یه‌ك پێشوازی لێ كراوه،ئه‌وا بیری ده‌خه‌ینه‌وه و ده‌ڵێین با ئه‌م جاره دۆست و لایه‌نگره‌كانی له شه‌قامی سالم به‌م شێوه پێشوازی لێ بكه‌ن،هه‌روه‌ك چۆن له سات و وه‌ختی شۆڕشی ئه‌یلولدا ده‌یان گوت"بژی وه‌فدی بارزانی،مام جه‌لال تاڵه‌بانی؟!" ئه‌وه ئه‌و یه‌كێتییه كه ئێستا كه‌ناڵه‌كانی "نها"و "ئێستا" به كه‌م ژیا‌و و كه‌ڵ ژیا‌و ناوزه‌دی ده‌كه‌ن. باسێك كه ته‌نها و ته‌نها دۆست و لایه‌نگره‌كانی توڕه ده‌كات و ڕۆژ به ڕۆژ د‌رك به "یه‌كێتی زه‌رد هه‌ڵگه‌ڕاو" ده‌كه‌ن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست