گەنجێتی
Sunday, 22/12/2013, 12:00
گەنجێتی ئەو قۆناغە پڕ لە خۆشی و هەیەجانەی تەمەنە کە هەرگیز ناگەڕێتەوەو دوپات بونەوەی نییە، ئەگەرچی مرۆڤ لەو قۆناغەدا هەست بەچێژو گرنگییەکەی ناکات و بەهای نازانێت و کاتەکانی تیایا ڕێکناخات، لەو قۆناغەدا ئەندامەکانی جەستەو مێشکی مرۆڤەکان لە باشترین دۆخ و ڕەوشدان بۆ گەشەپێدانی بەهرە شاراوەو دیارەکان و پەرەپێدانیان ، برایەتی و هاوڕێیەتی پاکژەو تێکەڵی هیچ جۆرە تموح و بەرژەوەندییەکی ئەوتۆ نییە کە مرۆڤ لێی بسەڵەمێتەوە، جا ئەگەر گەنجێتی و بەڕێکردنی ئەم قۆناغە زێڕینە لە ناوەندێکی مەعریفی و ئەکادیمیدا بێت بەچێژتر دەبێت.
هەتا ئەم قۆناغە تێنەپەڕێنیت و دور نەکەویتەوە لە هاوڕێیانی سەردەمی گەنجیت هەست بە گەورەیی هاوڕێکانت و نرخ و ئەرزشی ئەو قۆناغە ناکەیت.
بەڵام کاتێک ئەو سەردەمە زێڕینەت دەربازکردو دورکەوتیتەوە لێیان و ژیان و پابەندییەکانی سەرقاڵ و کەلەپچەیان کردیت و مەوداو بواری گرێدانەوە و نوێکردنەوەی ئەو پەیوەندییە زێڕینەی قۆناغی گەنجییان پێنەدایتەوە ئەوکات دەکەویتە ژێر کاریگەری و حەسرەتی لە دەستدان و لەدەست دەرچونی وەرزی بەهاری تەمەن و خلۆربونەوە بۆ ناو کەندەڵانی جەنجاڵی پێگیرییەکانی ژیانێکی بێ ماناوە کە هەمو چرکەو خولەك و ڕۆژو مانگەکانی کتومت لەبەرگیراوەی یەکترن و هیچ جۆرە چێژو نوێگەری و گۆڕانکارییەکی تیادا بەدیناکرێت .
بەیانیان هەستە لە خەو بڕۆ بۆ کار وەرەوە ماڵێ ، ئەم ڕۆتینە بێتام و چێژەی ژیان دوبارە و سەد بارەو هەزار بارەیە، وێڕای دروست بونی دەیان ئەرك و لێپرسراوێتی و پێگیری گران کە بڕەست لەبەر مرۆڤ دەبڕێت و مرۆڤ دەکات بە ئەو ڕۆبۆتەی کە بیر دەکاتەوە و دەخوا و دەخەوێت.
کە هیچ کام لەم پێگیر بون و لێپرسراوبون و ئەرکانە بەم ئەندازەو قەبارەیە لە گەنجێتیدا بونیان نەبووە.
گەورەترین مەراقی قۆناغی گەنجێتی بڕینی قۆناغە جیاجیاکانی خوێندن و دەسکەوتنی دەلاقەیەکی سۆزداری و دەستخستنی هەندێك کەرەستەی ساکاری ژیانە ، کە هەمو خەم و هیوایەتەکانی ئەو قۆناغەی لە دەوری خۆیان کۆ کردۆتەوە ، ئای بۆ ئەو قۆناغە، کە ژیان لە ئەوپەڕی ساکاری و دڵگەشی و بێخەمیدایە ، ئەگەرچی
ئەم قۆناغەش بۆ زۆرێك لە لاوانی ئەم وڵاتە بەو شێوەیە ناڕەخسێت کە پێشتر باسمان کرد ، چونکە بڕێکی زۆر لە گەنجانی ئەم نیشتیمانە بە هۆی کەوتنە ژێرباری گرانی ژیانەوە، بەهۆی لە دەستدانی گەورەکانەوە لەم چێژی گەنجێتییە بێبەش بون ، بەڵام زۆریشمان هەن لەمڕۆدا کە هەمو پێداویستییە جوانکاری و ناچارییەکانی ژیانیان بۆ فەراهەم هاتووەو لە هیچ شتێکیان کەم نییە ، بەڵام ئاواش پەست و نیگەران و جاڕسن و وەك چۆلەکەی تەڕی بەر باران کرمەژۆڵەیان کردووەو خۆیان ون کردووەو دەستیان لە خۆیان و ژیانیش بەرداوە ، بە بێ ئەوەی لە گرنگی و بایەخ و بەهای ئەو قۆناغە زێڕینەی تەمەن تێبگەن کە ئەوان تیایدا ئەژین .
ئاخر خۆ ئەوان نازانن کە دەتوانن لەو قۆناغەدا بونیادی ماددی و واتایی خۆیان بکەن لەڕێگەی ڕێکخستن و بە گرنگ زانینی کات و جوڵان و چالاکی نواندنەوە تیایدا، ئەوان توانان ، بەڵام مەخابن هێندە زانا نین بەهای گەنجێتی بزانن ، کاتێکیش کە زانا دەبن بۆ بەهرەوەربون لە ژیان بیانەوێ کارێك ئەنجام بدەن تواناییان نەماوە !
بۆیە ئەم هاوکێشەیە ژیانی کردووە بە شانۆگەرییەك هەتا ڕۆڵەکە نەگێڕین تیایدا گرنگی و بایەخی ئەو ڕۆڵە نازانین کە گێڕاومانە ، کاتێکیش بمانەوێ جارێکی تر ڕۆڵەکە بگێڕینەوە بۆ جوانتر ئەدا کردنی کاتی شانۆگەرییەکە کۆتایی دێت ، ئەمەش سەرەنجامی ژیانمانە لە دنیادا.
بابان بریزی
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست