کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بە ڕاشكاوی هۆكارەكانی شكستی یەكێیتی لە هەڵبژاردنەكاندا

Saturday, 29/08/2009, 12:00


لێكدانەوە هەڵەكانی سەركردایەتی یەكێیتی
دەرئەنجامەكانی هەڵبژاردنی ئەمدواییەى پەرلەمانی كوردستان نەك یەكێیتی تووشی شوك كرد، بەڵكو پێموایە تووشی جەڵتەیەكی كرد گەر بەرەحمی خوا نەبوایە هەڵسانەوەی نەدەبوو، هەرچەندە هێشتاش یەكێیتی بەخودا نەهاتۆتەوە.
نزیكەی مانگێك پێش دەستپێكرندی هەڵمەتی هەڵبژاردن، كاتێك لەگەڵ كاك نەوشێروان دانیشتم تەنها یرسیارێك لەمێشكمدا دەخولایەوە ئەوە بوو ، بزانم ئایا كاك نەوە لیستێك رائەگەیەنێت بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی گوردستان؟ ئەویش بە وەڵامێكی حاسیم دڵنیای كردمەوە، كە بەڵی دێتە ناو ململانێی هەڵبژاردنەوەو، لێشی تێگەشتم كە ئەو پەلەی نییە لە دەسەڵات گرتنە دەست، بەقەدەر ئەوەی ئەیەوێت وەكو روحییەتی پێشمەرگایەتی جاران ، ئەمجارە خەباتی سیاسی خۆی درێژە پێبدات، وەك چۆن كە شۆڕشی دەستپێكرد لەتەك چەند هەڤاڵێكیەوە كە لەژمارەی دەست تێپەڕیان نەئەكرد.

دوای چەند رۆژێك لەگەڵ برادەرێكی مەكتەبی سیاسی ئەم هەنگاوەی كاك نەومان شیئەكردەوە.. ئەو پێی وابوو كەوا لیستەكەی كاك نەوشێروان ئەوپەڕی دەتوانێت 4-5 كورسی پەرلەمان بەدەست بێنێت. دەیووت ئەوانەی پشتگیری كاك نەوە دەكەن تەنها نوخبەیەكی بچووكی چیینی رۆشنبیرانن لەگەڵ هەندێ پیشمەرگە كە لەسەر حیسابی ئەون!!.دیار بوو ئەویش كەوتبووە ژێر كاریگەری داتاو ئامارە چەواشەكارییەكانی ریكخستن ومەكتەبو دەزگاكانی یەكێتیەوە.
منیش بە پێچەوانەوە پێموابوو كەوا مەسەلەكە تەنها پەیوەست نییە بە خودی كاك نەوشێروانەوە بەقەدەر ئەوەی كە خەڵكی ئەم دەڤەرە گەیشتۆتە بینەقاقایان لە تووڕەیی وڕق كیینە بەرامبەر بەم دەسەڵاتە گەندەڵەی هەردوو حزبی پارتی ویەكێیتی كە كوردستانیان لەناو گەندەڵیدا خنكاند، بە تایبەتیش لەم چەند ساڵەی دواییەدا، كە بە دەیان ملیار دۆلار دابارییە سەر هەرێمەكەمان لە بەغداوە.
بەڵام ئەو برادەرەم مكوور بوو لەسەر بچووككردنەوەی هەوڵەكەی كاك نەوە، كە ئەمەشم زۆر لە دلأ گران بوو، چونكە لام وابوو بە دیدێكی ناواقیعیانەوە سەیری مەسەلەكە ئەكات، بە تایبیەتیش لەو هەلومەرجە بابەتی وزاتییەی یەكێیتی پێیدا تیپەر دەبێت، تەنانەت ئەو برادەرە وادەی دوای هەڵبژاردنی بۆ دانام كەوا دوو قسەی ترم لەگەڵدا دەكات. ئێستاش هەڵبژاردن كۆتایی هات ودەرئەنجامەكانی دەركەوتو ، كاتی ئەوەش هاتووە من قسەی خۆم بەراشكاوی بۆ ئەوو سەركردایەتی یەكێتیش بخەمەڕوو.

كارەساتی ئەمجارە بۆ یەكێتی تەنها لەدەركەوتنی لیستی گۆران بەو گورَو تیینە جەماوەرییەوە نەبوو،بەڵكو كارەسات لێرەدا ئەوەیە ، كە لیستێك بەر لە وادەی هەڵبژاردن بە مانگێك دەركەوێت، ئەو لیستەی كە ئەندامێكی باڵای راگەیاندنی یەكێتی لە چوارچێوەی " كۆمپانیا" یەكدا بچووكی دەكاتەوە، بتوانێ بەم شێوەیە ململانێی سەركردایەتی ڕەوتێكی جەماوەری بەو حەجمە فراوانیەوە بكاتو، شان لە شانی دوو حیزبی زۆر گەورەی كوردستان بدات، وتەنانەت پێگەی جەماوەری لە پارێزگای سلیمانی بە یەكێتیش لەقبكات، دەبێ لە ئاییندەدا قەبارەی جەماوەری چی تری لەدەست دەرچێت ، كە چەندین خولی تری هەڵبژاردنمان لە پێشایەو، دەبێ زەبری ئەمجارەیان چۆن بێت.

هەڵبەت كاتێك سەیری ئەنجامەكانی هەڵبژاردن دەكەین، بردنەوەی لیستی گۆران تەنها ئەو 25 كورسییەی پەرلەمان نییە، بە قەدەر ئەوەی بە حیسابێكی وردتر دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی كە لیستی گۆران لە ماوەیەكی زۆر كورتدا توانی هاوكێشە سیاسیەكانی سەر گۆڕەپانی كوردستان لە بنچیینەدا بهەژێنێتو، واقعێكی تازە بێنێتە كایەوە.
ئەگەر پارتی وەكو قسە هەیە گوایە لەدابەشكردكردنی كورسیەكانی پەرلەماندا ژمارەی كورسیەكان بە فیفتی فیفتی وەكو جاران دابەشى نەكاتەوە كە ئەوەش دەبێتە كارەساتێكی گەورەتر بە نیسبەت یەكێیتیەوە، بەڵام گریمان وەكو جاران نیوە بە نیوە دابەشیان كردەوە واتە 30+29 ، ئەوە مانای وایە كەوا لیستی گۆران توانیویەتی لە رێژەی هەردوو حزبەكە زۆر نزیك ببێتەوە بەو 25 كورسییەی وەدەستی هێناوە،لێرەشدا بۆمان دەردەكەوێت كە لیستی گۆران توانیویەتی سەركەوتنێكی زۆر گەورە بەسەر هەردوو حیزبدا تۆمار بكات، كە یەكێكیان تەمەنی خەباتی خۆی لە 63 ساڵ ئەدات ئەوی تریشیان 45 ساڵ.
دەمیك بوو پێشبینی ئەو دەرئەنجامەم دەكرد نەك بە نیسبەت لیستی گۆرانەوە، بەڵكو بەنیسبەت هەر هێزێكی ئۆپۆسزیۆنی راستەقیینە كە بتوانێت بێتە دامەزراندنو بەشداری هەڵبژاردن بكات، چونكە نغرۆ كردنی كوردستان لەو گەندەڵیە كوشندەیەی ئەم ساڵانەی دوایی هەر ئەوەی لێ چاوەڕوان دەكرا، تەنانەت لە وتارێكمدا باسم لەوە كردبوو كەوا لە ئاكامدا ئەو گەندەڵییە بێچارەیەی حكومەتی هەرێم سەری هەردوو حیزبەكە دەخوات..

كارەساتی ئیدارەی سلێمانی لە حكومەتی هەرێمدا
لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2005دا ، پارتی ویەكێتی توانیان سۆزی جەماوەری میللەتەكەمان بۆ لای خۆیان راكێشن، كە ئەوسا هەم گەندەڵییەكە بەو رادەیەوە دەرنەوكەوتبوو، هەم پرسە نەتەییەكانیشمان مەترسیان بەسەرەوە مابوو.. تەنانەت خزمێكی نزیكی خۆم لەم ماوەیەیا گلەییەكی زۆری لە پارتی ویەكێتی هەبوو، منیش پێموت" ئاخر خۆت دەنگت پێیان دابوو لە هەڵبژاردنەكانی پێشوودا، ئێستا چی وای لێكردووی لەدژیان بووەستیت؟؟. جوابی دامەوە هەرچەندە نەخوێندەواریشە، وتی" ئاخر جارێ پێشوو پارتی ویەكێتی ئەوندە ئێمەیان ترساند كە دەیانگوت ئەگەر لەو هەڵبژاردن دەرنەچین عەرەب زاڵ ئەبێتەوە بەرسەرماناو، جارێكیتر ئەنفال وكیمیابارانمان ئەكەنەوەو، كەركوكمان لە دەست ئەچێت، بەڵام ئەمجارە ئەو قسانەیان نایخوات، نە ترسی عەرەبمان ماوە چونكە مالكی لە پارتی ویەكێتی باشترە، كەركوكیشمان خۆ لەدەست دەرچووە وكەس ناویری فزەی لێوە بكات، ئیدی لە چی بترسین !!..
ئەمجارەیان لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی كوردستاندا هەڵبەت باسی ئەو پرسە نەتەوەییانە نەدەكرا بەقەدەر ئەوەی هەموو لیستەكان مەسەلەی گەندەڵییان كردبووە دروشمو، لەناوبردنیشی ببووە بەرنامەی سەرەكی لیستەكانیان، بەڵام بە پێچەوانەوە لیستی كوردستانی كە خۆی ئەسڵی گەندەڵییەكەیە مەگەر بە شەرمەوە لە یەكدوو شوێندا باسی لەناوبردنی گەندەڵی كردبێت، ئەویش چونكە جەماوەر باوەڕیان پێ نەمابوو بۆیە ئەو پرسەش ئامانجەكانی نەپێكا.

لەدوای هەڵبژاردنی 2005ەوە یەكێتی هەڵەی زۆری كرد، بەڵام گەورەترینیان یەكخستنی هەردوو حكومەتی هەرێم بوو، كە پێموایە ئەسڵەن هاندەرە سەرەكییەكەی گەندەڵییەكە بووە، چونكە ئەو یەكگرتنەویە لە كاتێكدا هاتە ئاراوە كە بودجەی ساڵانەی بەغدا ڕژایە سەر هەرێم بەبێ هیچ حیسابو كتابێكیش، بەڵگەشم ئەوەیە كە تا ئەم ساتەش ئەو دوو حكومەتە نەبوونەتە یەك، لەوانەیە لە حكومەتی ئاییندەشدا مۆركی دوو ئیدارەیی بە روخساری حكومەتی هەرێمەوە بمێنێتەوە بە تایبەتیش كە هیچ باوەڕیم بەوە نییە پارتی ئاوا بە ئاسانی دەستەبەرداری دەسەڵاتەكەی بێتو، نەیەوێت وەكو ئیدارەی پێشووی سلێمانی پشكی لە بودجەی هەرێمدا هەبیًَتو، ئیدارەیەكی تایبەت بەخۆشیەوە لەناو حكومەتی داهاتووی هەرێمدا دابمەزرێنێت .

هەڵەی دووەمی یەكێتی ناردنی دكتۆر بەرهەم بوو بۆ بەغداو، دانانی ئیدارەیەكی زۆر لاواز وبگرە مردووشی بۆ سلێمانی لە حكومەتی هەرێمدا دانا . ئەو ئیدارەیە ئەوەندەی بە تەنگ گەندەڵییو بەرژەوەندی تایبەتی خۆیەوە بوو ، ئەوەندە پەرۆشی شارەكەی سلێمانی نەبوو، كە مەڵبەندی هێزی یەكێتییە، ئەوەتا لە ئاكامدا و لە ئەنجامی ئەدای خراپی ئەو ئیدارەیەوە خەڵكی سلێمانی لە دژی یەكێتی كەوتنە ڕقەو لێی تۆران، تەنانەت زۆریش لێی كۆڵدار بوون كە كار بگاتە ئەوەی رێژەیەكی زۆری دانیشتوانانی شارەكەی یەكێتی پشتی تێبكەن..خۆ ئەگەر لە هۆكارەكانی نسكۆی یەكێتی بكۆڵینەوە دەبێت بەر لە هەموو كەس محاسەبەی ئەو ئیدارەی پێشووی سلێمانی بكرایە، چونكە گومانم لەوەدا نییە كە رێژەیەكی زۆری خەڵكی ئەم شارە دەنگیان لە دژی یەكێیەتی داوە بەو حیسابەی لە چوار ساڵی رابردوودا هیچیانی بۆ نەكردووە غەیری پارەخواردن و ئیهمال كردن نەبێت،ئەگینا بەڕای منەوە مەسەلەكە تەنها پەیوەست نییە بە دەركەوتنی لیستی گۆڕانەوە..

گۆرمامشەكانی ناو یەكێتی
لە سەرەتای هەڵگیرسانی شۆڕشی نوێی گەلەكەمانەوە دەركەوتنی یەكێتی وەكو هێزیكی مۆدێرنو ئازادیخوازی سۆشیال دیموكرات توانی جەماوەرێكی زۆر لە دەوری خۆیدا كۆ بكاتەوە، كە ئەمەش بە پارتی نەدەكرا لەبەر چەند هۆیەك كە پێویست بە باسكردنیان ناكات لێرەدا، بۆیە یەكێتی زوو توانی پێگەی خۆی لەناو جەماوەردا بكاتەوە، سەروەرییەكانی یەكێتی لە سەردەمی خەباتی شاخداو چالاكییە پیشمەرگانەكانی ، یەكیتی لەناو دڵی جەماوەردا زۆر خۆشەویست كرد.
رۆلی ئیزگەی یەكێتی بە تایبەتی لە ڕاپەریندا ، یەكێتی وەكو سەركردەی ڕاپەڕینو ورزگاركەری كوردستان بە جەماوەر ناساند.ئەو سەروەرییانەی یەكێتی كە بە خەباتێكی دوورو درێژو چەندین ساڵەی تۆماری كردبوو، بەم چوار ساڵەی دواییە هەمووی كردە قوربانی چەند كەسانێكی تازە گەندەڵو، وایكرد یەكییەتیش بەشێكی زۆری ئەو دزی وتاڵانو برۆیانەی سامانی میللەتی بەر بكەوێت.
حكومەتی سلێمانی زۆر جیاواز بوو لە حكومەتی هەولێر لە سەردەمی دوو ئیدارەكەدا، بە تایبەتیش لە بواری خەمخۆری بۆ میللەتەكەی.لەسەردەمی بەرهەم ساڵحدا دەیان بریار دەرچوو لە بەرژەوەندی چیینی هەژارو كەمدەرامەت كە لە هەولێر كاری پێ نەدەكرا.
ڕووخانی سەدام و ڕژانی ئەو بودجە زلو زەبەڵاحەی ساڵانە بەسەر هەرێما كە بێ چاودێری دارایی لە بەغداوە سەرفدەكرا، وایكرد یەكێتش دەست بە گەندەڵی بكات وشەریكەبەش لەگەل پارتیدا بكەوێتە ناو زەلكاوی گەندەڵییەوە.
سەركردەكانی یەكیتی وا دڕندانە كەوتنە وێزەی بەشەكەی سلێمانی لە بودجەی ساڵانەكە هەر وەك توركمانەكانی هەولێری پێی دەڵین (گۆرمامش) واتە نەدیو بدی بەمەش سلێمانییان خستە ژێر ڕەحمەتی چەند كەسێكی ویژدان مردوو.
كورد كە وەسفی كەسێك بكات لە پڕێكا بووبێتە كوڕێك پێی دەڵێن" نەدی بدی "، بەڵام توركمانەكانی هەولێر پێیان دەڵێن" گۆرمامش ".
لەناو یەكێتیشدا كەسانێكی زۆری گۆرمامشی سەركردایەتی وخزمو كەسانیانو ، لە خوار ئەوانیشا كادیرانی باڵای یەكێتی بە شێوەیەك خزانە ناو گەندەڵی داراییو ئیدارییەوە كە دەتوت لە ژیانیانا پارەیان نەدیوە..
خۆ مەسئوولانی پارتیش لەمەسەلەی گەندەڵی بێبەری نەبوون، تەنانەت سەرانی پارتی بە رَاشكاوانەش باسیان لە بوونی ئەو دیاردەیە دەكرد ، كە یەكێتیە گۆرمامشەكان لە دوورو نزیكەوە خۆیان لە قەرەی ئەو باسانە نەدەدا. پیاو هەقیش بڵێ، ئەگەر چی هەندێ مەسئوولانی پارتی گەندەڵیش بووبن ، بەڵام خۆ بایی مشتێكیش بێت پارەیان لە پرۆژەی زۆر گەورەی خزمەتگوزاریدا سەرفكردووە، بە دەلیل لە هەولێر هیچ كەسێك ناتوانێت نكووڵیی لەو پێشكەوتنە بەرچاوە بكات كە لەم ساڵانەی دواییەدا هەولێر بە خۆیەوە دەبینێت لە سەدان وبگرە هەزاران پرَۆژەی خزمەتگوزاری و نۆژەنكردنەوەو چاكسازی كە بەشێكیان پڕۆژەی ستراتیژیشن، بەڵام مەسئوولانی یەكێتی چونكە " گۆرمامش" بوون، بۆیە بودجە زەبەلاحەكەی ساڵانەیان كە زۆری كەمتریش نەبووە لە بەشی پارتی لە بودجەی بەغدایا، بەشێكی زۆریان لفكردوو، قڕانێكیان لەسەرچاوی خەڵكی سلێمانی دانەنا، مەگەر مووچەی فەرمانبەرانی حكومەت نەبێت كە ئەویش هەڵبەت لە ترسانا داویانە ئەگینا ئەویش بە ئاسانی لفئەكرا،. هەر بۆیەش خەڵكی سلێمانی گەشتە بینەقاقایان كاتێك ئەیانبینی سەدان ملیۆن دۆلار لە دەمی مناڵانەوە ئەبڕێتو لەسەر حیسابی پڕۆژەكانی شارا دەچێتە ناو ورگی كەسانێكی كەمەوە.

دامەزراندنی یەكێتی وەرچەرخانێكی مێژووی بوو لە واقیعی سیاسی كوردستاندا. تا ئەم ساڵانەی دواییەش جەماوەری یەكێتی بە تەمای ئەوە بوون، ڕۆژَێك لە ڕۆژان یەكێتی جڵەوی دەسەڵات بگریًتە دەستو،بەرنامە سیاسییەكەی خۆی جێبەجێ بكات بە دامەزراندنی كۆمەڵگەیەكی مۆدیرنو دیموكرات كە هەموو مافەكانی مرۆڤی تێدا بەرجەستە كرابێت، كە ئەویش كۆڵەگەی دروشمەكانی یەكێتییە وەك حیزبێكی سۆشیال دیموكرات، هەمیشە جیاوازی فیكری وسیاسی بە مەودایەكی زۆریشەوە یەكێتی لە پارتی جیا دەكاتەوە.. ململانێی ئەو دوو حیزبە لە زۆربەی قۆناغەكانی ژیانی سیاسی كوردستاندا، تەنانەت لە ساڵانی خەباتی شاخیشدا بەردەوامی هەبووە، لە دوای ڕاپەرینیشەوە كار گەیشتە سەر ئەوەی شەڕی براكۆژیشی لێ بكەوێتەوە، بەڵام ئەوەی زۆر سەیرو سەمەرەیە ئەوەیە چۆن یەكێتی لەم چوار ساڵەی دواییەدا بەو ڕادەیە كەوتە ژێر ڕكێفی پارتییەوە، كار بگاتە ئەوەی تەنانەت لە مافی سروشتی خۆی بە پێی رێككەوتننامەی ستراتیژی نێوانیان دەست بەرداری بەڕێوەبردنی حكومەتیش بێت.
دەستەبەردانی یەكێتی لە مافی وەرگرتنەوی حكومەتی هەرێم دووساڵ لەمەوبەر وای لە یەكیەتی كرد بە تەواوی بچێتە ژێر باری پارتی كە ئەمەش یەكێتیەكانو جەماوەرەكەشی سەرسشام كردبوو، تەنانەت زۆربەی ئەندامانی ناو ریكخستنەكانیشی تووڕە كرد، كە گەندەڵی وپشتگوێ خستنی داواو مافی جەماوەریشی هاتە سەر زەڕبەیەكی زۆر كوشندەی بەر یەكێتی كەوت .

من خۆم نۆ ساڵ لە سلێمانی بووم، ئەوەی ساڵی 96 بینیومە لەوێ هەمان شتە كە ئێستا ئەیبینم،ڕەنگە نەوەی ساڵانی شەستو حەفتاكانیش سلێمانییان هەروا دیبێت بە تایبەتیش لە بواری پڕۆژەی ژێرخانی ئابووری وخزمەتگوزاریدا، بۆیە زۆر كەم هەست بە گۆڕان دەكرێت لەم بوارانەدا،كەسیش پێم نەڵێت ، ئەی خێرە چاوت ئەو هەموو باڵەخانەو هوتێل وپرۆژە گەشتو گوزارییانە نابینێت كە لەم ساڵانەدا دروست كراون، چونكە من سووڕ ئەزانم ئەم پرۆژانە بە پارەی حكومەت نەكراوەو بۆ بەرژەوەندی میللەتیش نییە، بەڵكو كۆمەڵێ گەندەڵی دەسەڵات پارەی میللەتیان دزیوەو، ئیستا ئەیانەوێ لەم رێگایەوە بە گزی وفزی پارەكانیان سپی بكەنەوە ئەویش زۆربەی زۆری ئەو كۆمپانیاو پرۆژەو باڵەخانانە هەڵبەت بەناوی خۆیانەوە نییە، بەڵكو بەناوی كەسو كاریانەوەیە، بە تایبەتیش بەناوی خزمو كەسانی ژنە دووەمەكانیانەوە؟

ماستاوچیی و كڵاوچییەكانی ناو یەكێتیو درۆ دەڵەسەكانیان
یەكێتی لە چوار ساڵی رابردوودا لەگەڵ ڕژانی ئەو ملیۆنەها دۆلارەی ساڵانەى بەغدا، دەستی كردە سەرفكردنێكی ناعەقڵانەو، بگرە لەسەر هەمان رێبازی حیزبە دیكتاتۆرییەكانەوە كە دەیانەوی ویژدانی خەڵكو وەلائیان بە پارە بكڕن، ئەوەش هەڵبەت لە كاتێكدا بوو كە ئەسڵەن یەكێتی پێویستی بەوە نەبووە، چونكە ئەوانەی لە ناو یەكێتیداو، لە دەوروبەریشی كۆ ببوونەوە ساڵانێكی دوور درێژ چارەنووسی خۆیان بە رێبازی یەكێتییەوە بەستابوو ، چ لە سەردەمی خەباتی شاخاو چ لە خەباتی شاردا، زۆر جار قسەم دەبیست كە هەندێ كەس دەیانووت، ئەگەر یەكێتی لێی بقەومێ تەنها لەناو شارا هەزاران عارەبانچی شێخەڵڵای هەولێرو ، حەماڵەكانی ژێر پردەكەی سلێمانی كلاشینكۆفەكانیان لەناو عارەبانەكانیان دەرئەكەن وئەچنە شەڕی دیفاع لە یەكێتی، بەڵام ئێستا گومانم هەیە تەنانەت پێشمەرگە كۆنەكانی شاخیش ئامادە بن بەرگری لە یەكێتی بكەن ئەگەر بە قسەش بێت، بەڵگەشم هەڵگەڕانەوەی سەدانو هەزاران پێشمەرگەی دێرینو كادیری یەكێتیە لەم هەڵبژاردنەی دواییەدا كە ئێستا یەكێتی نانبراویان دەكات.

سەركردایەتی یەكێتی ئەو پارە جوانەی كە مافی ڕەوای میللەتە بە شێوەیەكی هەرزەكارانە تەخشانو پەخشانی كرد.. كادیرانی وا هەبوو كە نان نەبوو بیخوات ، بەم چوار ساڵە نەك بووە خاوەن چەندین سەیارەی مەرزیەو مۆنیكا وچاووبرۆو تەنانەت ئۆباماش، جگە لە خاوەندارێتی فیللا وخانووی گوندەكانی ئەڵمانی وئینگلیزی، ورێزە دوكان وپرۆژەی سیاحی وبەنزینخانەو سەدان پرۆژەی تر، ئەمەش هەمووی لەسەر حیسابی بەشی میللەت كە لێی ئەدزراو ، ئەدرا بە كەسانێكی زۆر كەم، یەكێتی حیسابی ئەوەی نەكردبوو كە دانی دەیان دەفتەر دۆلار بە زۆرناژەنێكی ڕاگەیاندن، یا كاسەلێسێكی هەڵپەرست، یا پیرە ماستاوچییەكی سەر بۆیەكراو لە ڕۆژانی هەڵبژاردندا تەنها یەكدوو دەنگی بۆ دێنێت، بەڵام هەمان ئەو پاەریە بدرایە خەلك یا لە پرۆژەیەكی ئاوەدانی وخزمەتگوزاریدا سەرفبكرایە ئەوا سەدان وهەزاران دەنگی بۆ مسۆگەر دەكرد.
دەیان ملیۆن دۆلار مانگانە دەچووە مەسروفاتی دیوەخانانەی بەناو سەرۆك عەشایەرو پیاو ماقوڵان، دەیان ملیۆن دۆلار دەخرایە گیرفانی كاسەلێسو ماستاوچیەكانەوە، دەیان ملیۆن دۆلار ساڵانە سەرفدەكرا لە سەفەریاتی ئەندامە باڵاكانی یەكێتی لە دەرەوەی وڵات، كە هەندێكیان شەرمیان بەوەش نەدەكرد ژنی سۆزانیش لەگەڵ خۆیاندا ببەنە سەر بەحرەكانی ئەستەنبۆڵو، لە وڵاتانی ئەوروپادا لەگەڵ خۆیاندا بیانگێڕن، ئەمەش لە كاتێكدا بوو كە گەڕەكی وا هەبوو لە سلێماندا ئاو نەبوو بیخۆنەوە، چ جای قیرتاو كردنی جادەكانی بەردەمی ماڵیان وكۆنكرێت كردنی كۆڵانەكانو چاكردنی وەزعی كارەبا وزیادكردنی داهاتی خەڵك.
گەنجێك دوای چەندین ساڵی خوێندن دەرئەچوو وەزیفەیەكی دەست نەئەكەوت، لەبەرامبەریشا كادیرانی یەكێتی هەریەكەو 3-4 وەزیفەی هەبوو لە حكومەت ولە حزبیشا،برادەرێكم كادیرێكی یەكێتیە لەمرۆژانە بۆی باسی كردم كە خانەنیشن كراوە، بەڵام چونكە مووچەكەی كەمە كردوویانە بە ئەندامی مەكتەبێك بۆ ئەوەی مووچەكەی بۆ زیاد بكەن، ئەوەش لە كاتێكدایە كە قەڕاری حكومەت وحزبیش ئەوەیە نابی هیچ كەسێك دوو مووچەی هەبێت؟
هەر ئەوانەش بوون یەكیەتییان چەواشە كردو، وكڵاویان نایە سەری بە داتاو ئاماری ساختەكارانە، كە زۆربەیان شاراوەن و، هەندێكیان لە سەر رووپەری رۆژنامەكاندا بڵاو بوونەتەوە.. خۆ ئەگەر یەكێتی دەستی بە محاسەبەكردن كردبێت، دەبێت بگەڕێتەوە سەر ئەو لێدوانە چەواشەكارانەی هەندێ لە خودی ئەندامانی سەركردایەتیو كادیرانی خۆی كە باسیان لەو داتاو ئامارانە دەكرد لە رۆژنامەكانا.
ئێستا هەقوایە یەكیتی لەو ملیۆنان ملیۆن دۆلارە بپێچێتەوە كە ساڵانێكە خستویەتیە ناو ورگی سەرۆك عەشرەتەكانو كادیرانی باڵای یەكێتیو ئەندامانی رێكخستنەكانو مەكتەبەكانی كە بەهاریان بۆ ئەهێنایەوە سەر چۆكانو، دونیایان كردبووە شامی شەریف، هەقوایە ئەو دەموچاوە قێزەونانەی راگەیاندنە چەواشەكارەكانیش لا بدات كە ئەم كارەساتەیان بەسەریدا هێناو، سنوورێكیش بۆ قەڵەمفرۆشەكانو كاسەلێسەكان دابنێت كە تەنهاو تەنها بەرژوەندیەكانیان لەپارەی یەكێتی دایەو، بەیانی نەیمێنێت ئەچنە ناو حیزبی نەیارەوە.

دوایین فرسەتی عومری یەكێتی
ئێستاش من پێموانییە كار لەكار ترازابێت و، یەكێتی نەتوانێت متمانەی خەڵك بگێڕێتەوە لای خۆی، چونكە رابردووی پڕ لە شانازی یەكێتی لە ساڵانی خەباتی شاخدا زۆر لەوە گەورەترە ئاوا بە سووك ساناییو، بە ئەنجامی دژەكردەیەكی عاتیفیانەوە لەدەست بچێت، چونكە گومانم لەوەدا نییە ئەو هەڵوێستەی خەڵكی سلێمانی دژەكردەی گەندەڵی ئیدارەی پێشووی سلێمانییە لە حكومەتی هەرێمدا..

بۆ ئەوەی یەكێتیش بتوانێ قەرەبووی ئەو خەڵكە بكاتەوەو، هەوڵبدات متمانەیان بسەنێتەوە،یەكێك لە ئەركە هەرە سەرەكییەكانی ئەوەیە كەوا ئەمجارەش دەستبەرداری سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێم نەبێتەوە، ئەگەر جاران بە هەر بیانوویەك بووبێت سازشی لەو پۆستە كردبێت، ئەمجارە مانو نەمانی بەندە بەو سەرۆكایەتییەوە، چونكە ئیمە لە كوردستانا ئەژین و زۆر باش ئەزانین ئەوەی لەسەر ترۆپكی دەسەڵاتدا نەبێت هیچی بۆ ناكرێت، بەڵگەش ئەوەیە یەكێتی تا ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێتو ، سەرباری رێككەوتننامەی ستراتیژی و ئەو تەبایی وبرایەتیو یەك هەڵویستییەی مام جەلال وكاك مەسعود، بەڵام تا ئەمڕۆش یەكێتی نەیتوانیوە حوكم لەهەولێردا بكات.یەكێتی بە هۆی سازشەكانی بوونێكی بەرچاوو كاریگەری نییە لە ناو حكومەتدا، بۆیە وەكو عەرەب وتەنی ئەمجارە بەددانیش بێت نابێ دەستبەرداری ئەو فرسەتەی سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێم بێت، چۆن پارتی 12 ساڵە دەستەبەرداری دەسەڵاتەكەی نەبووەو بەو رێگەشەوە توانیویەتی خەڵكێكی زۆر بۆ لای خۆی رابكێشێت، یەكێتیش ئەمڕۆ پێویستی بە هەمان شتە، وە نەبێت ئەمەش تەنها بەرژەوەندی یەكێتی تیا بێت، بەڵكو بەرژەوەندی پارتیشی تێدایە، چونكە نەمانی یەكێتیو لەدەستدانی هاوپەیمانیەتی لەگەڵ پارتیدا زۆر بە گران لەسەر خودی پارتیشا ئەكەوێت چونكە بەدیلەكەی بەرامبەری زۆر بە روون وئاشكرا دەركەوتووە.
دانانی دكتۆر بەرهەم لە پۆستی سەرۆكایەتی حكومەتی داهاتووی هەرێم ئەو پەڕی حیكمەتە لە لایەن یەكێتییەوە، چونكە بمانەوێ ونەمانەوێ كاك بەرهم یەكێكە لە زۆربەی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بە ئەزموونتر بە تایبەتیش لە بواری ئیدارە كردناو لە هەمووشیان شاییستەترە بۆ ئەو پۆستە، چونكە هەم دەستی لە گەندەڵیەكانی هەرێمدا تێكەڵ نەكردووە، بە بەرنامەو بی سازشكردنیش دژایەتی گەندەڵی دەكات، بە تایبەتیش كاتێ لە سەرۆكایەتی حكومەتی سلێمانیدا بوو بەرنامەیەكی چاكسازی باشی پێ بوو بۆ ئیدارەو بەرێوەبردن، بەڵام رووخانی سەدامو چوونی بۆ بەغدا ویەكخستەوەنی هەردوو حكومەتی هەرێم ئەو بەرنامەی لێ تێكدا، ئێستاش كاتی ئەوە هاتووە رێگەی پێبدرێت هەمان بەرنامەی خۆی جێبەجێ بكاتو ، ئەگەر ئەو گەندەڵییەش بنەبڕ نەكات بەڵام دەتوانێ لە رێگەی چاكسازی ئیدارییو داراییەوە دیاردەكە كەمبكاتەوەو، سنوورداری بكاتەوە، جگە لەوش بایەخێكی زیاتر بە قەرەبووی شاری سلێمانی دەدات، بەم رێگەیەش یەكێتی تا ئاستێك دەتوانێت متمانەی جەماوەرەكەی بگێڕێتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە