ئه‌مریکا، سه‌ددام و گازی ژه‌هراوی
Thursday, 28/11/2013, 12:00
2857 بینراوە
(په‌یوه‌ندیه نهێنییه‌کانی ئه‌مریکا وسه‌ددام له هه‌شتاکاندا)
و. له ئه‌ڵمانییه‌وه: هیوا ناسیح
به‌ڵگه‌نامه نوێ ئاشکرابووه‌کانی CIA ده‌یسه‌لمێنن، که وڵاته‌یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مریکا ساڵی 1988 له رووی سه‌ربازییه‌وه هاوکاریی سه‌ددام حوسێنی دیکتاتۆریان کردوه، هه‌رچه‌نده که ده‌یانزانیت، له جه‌نگه‌که‌یدا دژ به ئێران هێرشی گازی کیمیایی به‌کاردێنێت، تا ئه‌م کاته لایه‌نی فه‌رمیی ئه‌مریکا دانی به‌وه‌دا نه‌ده‌نا، که هاوکاریی کردبێت.
وڵاته یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مریکا هاته سه‌ر ئه‌وباوه‌ڕه‌ی، که هێرشی سه‌ربازی بکاته سه‌ر ئه‌و وڵاته، ئه‌مه‌ش وه‌ک وڵامێک بۆ رژێمی سوریا که چه‌کی گازی ژاراوی به‌کارهێنا بوو. به پێی گۆڤاری ئه‌مریکی فۆریه‌ن پۆلیسی (Forein Policy) دیاریده‌دات که واشێنگتۆن پێش نزیکه‌ی ٣٠ ساڵ به‌ر له ئێستا، به هێرشی کیمیایی زانیوه و زیانه‌کانیشی زۆر زیاتر و کاره‌ساتبارتر بوونه له‌مه‌ی سوریا، که‌چی پێشی پێنهگرتوه! ساڵی ١٩٨٨ له قۆناغه‌کانی کۆتایی جه‌نگی ئێراق ئێران‌دا وێنه‌کای سه‌ته‌لایت ده‌ریانخستبوو، که ئێران به نیازه هێزه‌کانی بۆ هێرشێکی گه‌وره مۆڵ بکات و سود له که‌لێنێکی لاوازی هێزی به‌رگری سوپای ئێراق له به‌ره‌ی جه‌نگه‌وه وه‌ربگرێت، تا ئامانجێکی گه‌وره‌ی ستراتیژی بهێنێته دی. ئه‌و کات ئه‌فسه‌ره هه‌واڵگرییه‌کانی ئه‌مریکا زانیاریان له باره‌ی شوێنی مۆڵدانی ئه‌و یهکهسهربازییانهی ئێران به ئێراق دا، که دهشیانزانیت ده‌شێت سه‌ددام به گازی ژه‌هراوی هێرشیان بکاته سه‌ر. ئه‌مریکییه‌کان کارتی نه‌خشه و وێنه‌ی سه‌ربازیی یه‌که‌کان، شوێنه‌کانیان، جموجۆڵیان، خه‌تی گه‌یاندنی کۆمه‌ک و ناردنی هێزه‌کان و خاڵی چه‌که دژهههواییهکانی ئێرانیان به ئێراق ده‌دا.
سه‌ره‌تای ١٩٨٨ ئه‌مریکیه‌کان زانیاریی ته‌واویان له‌وباره‌ی شوێن و نه‌خشه‌ی هێرشێکی مه‌زنی چوارقۆڵی ئێرانیان گه‌یانده ئێراقیه‌کان، سوپای ئێراق به گازی ژه‌هراوی سێنف (خه‌رده‌ل) و سارین په‌لاماریدان، که گورزێکی وابوو، ئێرانی ناچار کرد بێته سه‌ر مێزی گفتوگۆ و دانوستان و به‌م سیاسه‌ته‌ی رێگان (سه‌رۆکی پێشووی ئه‌مریکا و) ئێراق جه‌نگه‌که‌ی برده‌وه. دیاره ئه‌و هێرشه دوا ئه‌ڵقه‌ی زنجیره‌یه‌ک هێرشی کیمیایی تر بوون، که ئێراق له ساڵانی زووتردا ئه‌نجامی دابوون، ئه‌مریکاش به‌مه‌ی ده‌زانیت و ئاشکرای ناکرد.
لایه‌نی فه‌رمی ئه‌مریکی هه‌میشه نکۆڵی له پێ‌زانین و چاوپۆشیلێکردنی ده‌کرد، که رژێمی عێراق گازی کیمیایی به‌کارهێنابێت و وای نیشان ده‌دا، که ئه‌مان هه‌رگیز ئاگادار نه‌بوونه، به‌ڵام عه‌قید ێ. ڕ. ریک فرانکۆنه که له ساڵی ١٩٨٨وهک پاشکۆ (مولحه‌ق)ی سه‌ربازیی ئه‌و وڵاته له به‌غدا جێگیر بوو، وێنه‌یه‌کی ترمان ده‌داتێ.
له گفتوگۆیه‌کدا ئه‌و ئاشکرای ده‌کات: ((ئێراقییه‌کان هه‌رگیز به ئێمه‌یان ناگوت، که ده‌یانویست گازی ده‌ماره‌کان به‌کاریبهێنن، یان به‌کاریانهێناوه، دیاره پێویستیشیان به‌مه نه‌بوو، چونکه ئێمه هه‌موویمان ده‌زانیت)).
له ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ی سی ئای ئه‌ی دا که به‌م دواییه ئاشکرا بوونه، هه‌روه‌ها به پێی چاوپێکه‌وتنێک له‌گه‌ڵ ئه‌فسه‌ری پێشووی هه‌واڵگری ئه‌مریکا (فرانکۆنه) دیار ده‌که‌وێت، که حکومه‌تی ئه‌مریکا هه‌ر له ساڵی ١٩٨٣ وه به‌ڵگه‌ی له‌سه‌ر به‌کارهێنانی هێرشی کیمیایی ئێراقییه‌کان هه‌بووه. تاران ئه‌و کات ئه‌مه‌ی له‌قاودا و رایگه‌یاند که هێرشی گازی ژه‌هراوی کراوه‌ته سه‌ر یه‌که سه‌ربازییه‌کانی و ئه‌مه پێشێلکاری مافی گه‌لانه و سكاڵا ده‌باته نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان. ئه‌وه بوو ئێرانییه‌کان پاشتر به‌ڵگه‌ی حاشاهه‌ڵنه‌گر و متمانه‌پێکراویان نه‌بوو پیشانی بده‌ن. هه‌ڵبه‌ت سی ئای ئه‌ی له راپۆرته نهێنیه‌کاندا بۆ واشینگتۆن به‌ڵگه‌ی ته‌واویان لابوو، به‌ڵام هیچ قسه‌یان له مه‌سه‌له‌که‌دا نه‌کرد و گوێی خۆیان لێ خه‌واند. رێک به پێچه‌وانه‌ی ئێستاوه که نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان له‌سه‌ر ئه‌گه‌ری به‌کارهێنانی گازی کیمیایی له لایه‌ن رژێمی سوریاوه که‌وتنه گفتوگۆ، ئه‌مریکا هاته سه‌ر خه‌ت. واته ئه‌مریکا خوێنساردانه نکۆڵی کرد یان چاوپۆشی له به‌کارهێنانی گازی ژه‌هراوی کرد کاتێک سه‌دام دژی سوپای ئێران و گه‌له‌که‌ی خۆشی به‌کاریهێنا، مرۆڤ ده‌توانێت بڵێت خۆیان لێ نائاگا کرد و تۆلێرانت ره‌فتاریان کرد و چونکه ئه‌وان چاویان له کۆتایی و به‌رئه‌نجامی جه‌نگه‌که بوو، بۆیه کاتێک ئێران نه‌یتوانی به‌ڵگه و فاکتی باوهرپێککهر و رازییکهر له‌سه‌ر هێرشی گازی کیمیایی بێنێته نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان، ئه‌مان خۆیان لێ بێده‌نگ کرد ،هه‌رچه‌نده ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه لای ئه‌مان بوونیان هه‌بوو. ئاماژه‌ی واش هه‌بوو که یه‌کێتی سۆڤیه‌تی ئه‌وکات له ئه‌فگانستان چه‌کی کیمیایی که‌موزیاد به‌کارهێنا بێت.
هاوکارییه‌کی روپۆشکراو
دیاره پێشتر راگه‌یه‌ندرا که ئه‌مریکا زانیاریی تاکتیکی سه‌ته‌لایتی به ئێراقییه‌کان داوه، به بێ ئه‌وه‌ی ئه‌وه له‌به‌رچاو بگیرێت، که سه‌ددام دوور نییه گازی کیمیایی به‌کاربهێنێت. به‌ڵگه و دۆکیۆمێنته‌کانی سی ئای ئه‌ی که له نێو کۆمه‌ڵێکی زۆر دۆکیۆمێنتی تر له ئه‌رشیفی نیشتمانی پارکی کۆلیجی ماریلاند شاردرابوونه‌وه، هه‌روه‌ها چێوپێکهوتنی تایبه‌تیی فه‌رمانبه‌ره‌کانی ده‌زگای هاوڵگری زانیاری نوێ بۆمان ئاشکرا ده‌که‌ن، که تا چ راده‌یه‌ک واشینگتۆن ئاگاداری به‌کارهێنانی گازی کیمیایی و ژه‌هراوی بووه له لایه‌ن ئێراقیه‌کانه‌وه. لێپرسراوانی به‌رزی ئه‌مریکی به رێک‌وپێکی و به‌رده‌وامی له قه‌باره و رێژه‌ی گازی ژهراویی ئێراقییه‌کان ئاگادار کراونه‌ته‌وه. به‌ڵام پاراستنی دۆکیۆمێنته‌کان به به‌رده‌وامی و له خراپترین هێرشی گازی کیمیاییشدا، که ده‌بوون به هۆی دانپێدانانی ئه‌مریکییه‌کان، ، هاوکاریییه‌کی ڕوپۆشکاو بووه.
سه‌رۆکی پێشووی ده‌زگای سی ئای ئه‌ی ئه‌مریکا (ولیام کاسی) که هاوکات که‌سێکی نزیکی سه‌رۆکی ئه‌وکاتی ئه‌مریکا (رۆناڵد ریگان) بوو، زانیاری ده‌رباره‌ی جێگای به‌رهه‌مهێنانی چه‌که کیمیاییه‌کانی ئێراق پێگه‌یشتبوو. ئه‌وان تێگه‌یشتبوون که ئێراقییه‌کان سه‌رجه‌م پرۆژه‌کانی له‌ژێر ناوی پێویستی گازی سێنف (خه‌رده‌ل) دا شاردبۆوه، که مه‌کینه‌کانیان له ئیتالیاوه هێنا بوو، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنانی نارنجۆک و بۆمب و گوله‌تۆپی گازی ژه‌هراوی پێ خێراتر بکه‌ن، به‌مه که توانیتیان گازی ده‌ماره‌کان پێ ئاماده بکه‌ن، که له به‌رامبه‌ر ئێرانییه‌کان و به ئه‌گه‌رێکی زۆر به‌رامبه‌ر به خه‌ڵکی سیڤیلیش به‌کاری هێنان. ئه‌وان ته‌نانه‌ت له‌مه‌ش ئاگادار کرانه‌وه، که دوور نییه ئێرانییه‌کان (لێدانی تۆڵه) وه‌ک هێرشی تیرۆریستی بکه‌نه سه‌ر پێگه و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ئه‌مریکا له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌راستدا، گه‌ر پێیانزانی که ئه‌مریکا هاوکاری چه‌کی کیمیایی ئێراقی کردوه. له راپۆرتێکی سی ئای ئه‌ی رێکه‌وتی نۆڤه‌مبه‌ری ١٩٨٣ دا هاتوه: ((گه‌ر هێرشه‌کانی ئێراق چڕ بوونه‌وه و زیادیان کرد، ده‌بێت ئه‌وه له‌به‌رچاو بگیرێت، که هێزه‌کانی ئێران نارنجۆکی گازی خه‌رده‌لیان ده‌ستده‌که‌وێت که به ئێراقی له‌سه‌ری نوسرابێت. ئێرانیه‌کان ئه‌وه وه‌ک به‌ڵگه‌یه‌ک ده‌هێنن بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان و ئه‌مریکای پێ تاوانبار ده‌که‌ن، که به‌شداری پێشێلی یاسای نێوده‌وڵه‌تی کردوه)).
له‌و کاتانه‌دا پاشکۆ (مولحه‌ق)ی سه‌ربازی ئه‌مریکی عه‌قید (فرانکۆنه) به رێگه‌ی وێنه‌ی سه‌ته‌لایتی چاودێری ئاماده‌کاری و جموجۆڵی سوپای ئێراقی ده‌کرد به‌ر له هێرشکردن. له وێنه‌کانه‌وه ده‌زانرا، که به‌ر له هه‌ر هێرشێک چه‌کی کیمیایی بۆ جێگه‌کانی تۆپهاوێژه‌کان ده‌گوازرێته‌وه، که به‌رامبه‌ر ئێران ئاماده‌کراوه.
عه‌قید فرانکۆنه، که شاره‌زایه‌کی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌راست و عهرهبیناس بوو، وه له ده‌زگای هه‌واڵگری نیشتمانی (NSA) و ده‌زگای هه‌واڵگری به‌رگری (DNA)کاری کردبوو، گوتی، که یه‌که‌مجار ساڵی ١٩٨٤، له‌کاتی کاره‌که‌یدا له عه‌ممان له به‌کارهێنانی چه‌کی کیمیایی له‌لایه‌ن ئێراقییه‌کانه‌وه وریا کرایه‌وه. زانیارییه‌کان به‌روونی ئه‌وه‌یان ده‌رده‌خست که ئێراقییه‌کان دژ به سوپای ئێران له باشوری ئێراقدا گازی ده‌ماره‌کانیان به‌کارهێناوه.
له به‌ڵگه‌نامه ئاشکرابووه‌کانی سیئایئهی دا دیاره، که سه‌رۆکی ئه‌وکاتی ئه‌وده‌زگایه و لێپرسراوه به‌رزه‌کانی تری ئه‌مریکا چه‌ندباره ده‌باره‌ی به‌کارهێنانی چه‌کی گازی کیمیایی ئێراقییه‌کان ئاگادارکراونه‌ته‌وه، هه‌وه‌ها ده‌رباره‌ی پلانی ئێراقییه‌کان، که له داهاتوودا ئه‌وجۆره چه‌که به‌کاربهێنن. له یه‌ک له دۆکیۆمێنته‌کاندا هاتوه: ((گهرئێراقیهکان گازی خه‌رده‌لیان ده‌ستبکه‌وێت یان به‌رهه‌می بهێنن، بێ دوودڵی له دژی سوپای ئێران و شاره سنورییه‌کانی ئێران به‌کاری ده‌هێنن)).
سه‌رۆک ریگان ده‌یوسیت به هه‌ر نرخێک بێت سه‌رکه‌وتنی ئێراق له جه‌نگه‌که‌دا ده‌سته‌به‌ر بکات. له دۆکیۆمێنتێکی سیئایئهی دا ده‌رکه‌وتوه، که ((به‌کارهێنانی گازی ده‌ماره‌کان، ده‌کرێت ئێران هان بدات، له‌و ستراتیژه‌ی هه‌یبوو که به هێرشی شێوه شه‌پۆلی مرۆییانه‌ی زۆر ده‌یکرد، ده‌ست هه‌ڵبگرێت)). ئه‌و تاکتیکه‌ی ئێران به‌کاری ده‌هێنا و تێیدا سه‌رکه‌وتوو بوو، که به شه‌پۆلی مرۆڤی هێرشی ده‌هێنا و سه‌رده‌که‌وت به‌سه‌ر سه‌نگه‌ری چه‌که ته‌قلیدییه‌کانی ئێراقدا، زۆر جاران وه‌ک جه‌نگی یهکلاییکهرهوهش وێنای ده‌کرد. له مانگی مارتی ١٩٨٤ دا وه‌ک سیئایئهی راپۆرتی له‌سه‌رداوه، که‌وا ئێراق ((له به‌ره‌ی به‌سره‌وه بۆ یه‌که‌م جار گازی ده‌ماری به‌کارهێناوه، وه ئه‌و چه‌که کیمیاییه‌ی به مه‌زه‌نده تا کۆتایی پایز به رێژه‌یه‌کی سه‌ربازیی زۆر به‌کارهێنا)).
به‌کارهێنانی چه‌کی کیمیایی به پێی په‌یماننامه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ژنێڤ ١٩٢٥ قه‌ده‌غه کراوه. له‌و پرۆتۆکۆڵه‌دا هاتوه که لایه‌نه‌کانی واژۆیان کردوه، هه‌موو هه‌وڵێکی خۆیان ده‌خه‌نه‌کار، بۆ جێبه‌جێکردنی ئه‌و بڕیارانه وه راکێشانی ئه‌و وڵاتانه‌ی ئه‌و چه‌کانه‌یان هه‌یه که په‌یوه‌ست بن پێوه‌ی. ئێراق ئه‌و په‌یماننامه‌یه‌ی واژۆ نه‌کردبوو، ئه‌مریکا خۆی یه‌که‌مجار ساڵی ١٩٧٥ واژۆی کرد. په‌یماننامه‌ی قه‌ده‌غه‌ی به‌رهه‌مهێنان و به‌کارهێنانی چه‌کی کیمیایی یه‌که‌مجاریش ساڵی ١٩٩٧ خرایه بواری جێبه‌جێکردنه‌وه.
له یه‌که‌م هێرشی کیمیایی ئێراقدا که له ساڵی ١٩٨٣ دا بوو، گازی خه‌رده‌ل به‌کارهات. ئه‌و که‌ره‌سته‌ی چه‌که به‌هه‌ر حاڵ ئه‌وه‌نده کوشنده نه‌بوو، به‌ڵام زیانی زۆری به پێست ده‌گه‌یاند، که هه‌وکردنی مه‌ترسیداری لێده‌که‌وته‌وه. ده‌کرا کوێربوون و نه‌خۆشی بۆریه‌کانی هه‌ناسه‌دانی لێبکه‌وێته‌وه، که هانی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه بدات. ئه‌مریکییه‌کان له‌و کاتدا هه‌رگیز زانیاری سه‌ربازییان نه‌ده‌دایه ئێراقییه‌کان، به‌ڵام پشتیوانی ئێرانییهکانیشیان ناکرد، به‌ڵگه و ده‌لیلی وایان بده‌نێ که بۆ سه‌لماندنی ئه‌وه‌ی ئێراق چه‌کی کیمیایی به‌کارهێناوه سودی هه‌بێت یان ئاشکرای بکه‌ن، تا به پێشیلکردنی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌کان تاوانبار نه‌کرێت. زانیاری نه‌ده‌دا به نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کانیش. ئه‌مریکییه‌کان لایان وابوو که ئێران شوێنی به‌رهه‌مهێنانی چه‌که‌کان پێ ده‌زانێت و ده‌توانێت که بۆمبابارانیان بکات.
ساڵی ١٩٨٤ به‌ڵگه‌ی ئه‌وه ده‌ستکه‌وت که ئێراق چه‌کی کیمایی به‌کارهێناوه، به‌ڵام ئه‌مه سه‌ددامی له‌وه سارد نه‌کرده‌وه، که به‌رده‌وام ئه‌و چه‌که به‌کاربهێنێت، ته‌نانه‌ت دژ به گه‌له‌که‌ی خۆشی. سیئایئهی ئه‌مه‌یان ده‌زانیت، به‌ڵام لێپرسراوانی به‌رزی ئه‌مریکا نکۆڵییان ده‌کرد، که له کاتی جه‌نگه‌که‌دا زانیاری سه‌ربازی بده‌نه ئێراق. پنتاگۆن ساڵی ١٩٨٦ پێشنیازی ئه‌وه‌ی کرد، که له‌گه‌ڵ ئێراقدا زانیاری ئاڵوگۆر بکه‌ن، به‌ڵام به پێی قسه‌ی مولحهقه سه‌ربازییه‌که‌ی ئه‌مریکا له به‌غدا عه‌قید (فرانکۆ) ئه‌مه جێبه‌جێ نه‌کرا، چونکه سیئایئهی و وه‌زیری ئه‌وکاتی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته سه‌دامیان به (شه‌یتان) و هاوکاره‌کانی ناوبراویشیان به (پیاوکوژ و چه‌قۆکێش) وێنا ده‌کرد.
ساڵی ١٩٨٧ دۆخه‌که گۆڕا، به هۆی سی ئایئهیهوه بێ هیچ گومانێک زانرا، که ئێران ماشێن و چه‌که سه‌ربازیه‌کان و سوپای خۆی له خۆرهه‌ڵاتی به‌سره مۆڵ ده‌کات. به‌نیازی هێرشێکی مه‌زن، چونکه وه‌ک زانرا ئێران که‌لێنێکی به‌ره‌ی شه‌ره‌که‌وه دۆزیه‌وه، که ده‌که‌وته نێوان خۆرهه‌ڵاتی شارکه و نیوه‌دورگه‌ی فاو، ئه‌مه ئه‌ندازیارانی سه‌ربازیی ئێرانی سه‌رسام کرد، وای لێکردن به‌نیاز بن له هێرشێکی مه‌زن و به‌ربلاو له سه‌ره‌تای ساڵی داهاتوودا له‌وێوه بکه‌ن.
کۆتایی ساڵی ١٩٨٧ ده‌زگای هه‌واڵگری سه‌ربازیی ئه‌مریکی به راپۆرتێکی زۆر نهێنی به ناونیشانی (له پێش ده‌روازه‌کانی به‌سره‌دا) وریاییان دا، که ئێران سه‌ره‌تای ساڵی داهاتوو هێرشه به‌ربڵاو و مه‌زنه‌که‌ی ده‌کات و هه‌موو ئه‌گه‌ره‌کانیش وا ده‌گه‌یه‌نن، که به‌سه‌ر به‌ره‌ی ئێراقدا سه‌رده‌که‌وێت، وه شاری به‌سره داگیر ده‌کات، خۆ گه‌ر به‌سره‌ش بگیرێت ئه‌وا ده‌بێته کۆتایی سوپای ئێراق و ئێران له جه‌نگه‌که‌دا سه‌رده‌که‌وێت.
(سه‌رکه‌وتنێکی ئێران قبوڵنه‌کراوه)
سه‌رۆک رێگان له په‌راوێزی راپۆرته‌که‌وه بۆ وه‌زیری به‌رگری ئه‌و ولاته (فرانک کهرلوسی)ی ئه‌مه‌ی نوسیت ((سه‌رکه‌وتنێکی ئێران قبوڵ نه‌کراوه)).
ئیتر لێره‌و له به‌ررزترین ئاستی حکومه‌ته‌وه بڕیاریان وه‌رگرت، که به زانیاری و تێگه‌یشتنی سیئایئهی و ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نیشتمانی هاتن ده‌زگای هه‌واڵگری سه‌ربازییان ده‌سته‌ڵات پێدا، که درێژه‌ی زانیارییه‌کان له باره‌ی جموجۆڵی سوپای ئێران و شوێنی مۆڵخواردنیان بده‌نه ئێراقییه‌کان، له نێویاندا وێنه‌کانی سه‌ته‌لایت و زانیاری ئه‌له‌کترۆنی پوخته‌کراوی تر. ئه‌مانه سه‌رجه‌م سه‌باره‌ت به باشوری خۆرهه‌ڵاتی به‌سره بوون، که به‌دیتنی ده‌زگای هه‌واڵگری سه‌ربازی گه‌وره‌ترین هێڕشی سه‌ربازی ئێرانی داهاتوو به‌خۆیه‌وه ده‌بینێت. ده‌زگای ناوبراو زانیاری له‌سه‌ر رێگاوجێگای هێزه‌کانی ئێران و خاڵه لۆجستییه گرنگه‌کانیان هه‌روه‌ها جێگه به‌هێزه‌کانی چه‌کی دژه ئاسمانی و هێزی ئاسمانییان. عه‌قید (فرانکۆنه) ناوی ئه‌و دۆسیه‌ی زانیاریانه‌ی نا به (پاکێچی به‌ئامانجگیراو)، که بۆ تێکشکاندیان له لایه‌ن هێزه‌کانی ئاسمانی ئێراقه‌وه یاریده‌ده‌ر ده‌بوون. ئینجا به‌دوایدا لێدان و هێرش به گازی سارین روویدا، ئه‌م چه‌که ده‌بووه هۆی گێژبوون، هه‌ناسه‌ته‌نگی و شه‌له‌لی ماسولکه‌کان و ده‌کرێت ببێته هۆی مردن.
سیئایئهی نه‌یانده‌توانی به‌ته‌واوی ژماره‌ی کوژراوانی ئێرانی ئه‌نجامی هێرشه‌کان بزانن، چونکه توانای ده‌ستراگه‌یشتن به دۆکیۆمێنتی ئێرانییه‌کان و نوێنهرهکانییان نه‌بوو. به‌ڵام له هه‌ر یه‌ک له چوار هێرشه‌که‌ی ئێراقدا، که چه‌کی کیمیایی تێدا به‌کارهێنرا، به‌پێی مه‌زه‌نده‌کردنه‌کانی سیئایئهی (سه‌دان تا هه‌زاران) که‌س له‌نێوچووبن. هه‌ر به گوێره‌ی زانیارییه‌کانی ده‌زگای ناوبراو، ته‌نها له ساڵ و نیوی کۆتایی جه‌نگدا دوو له‌سه‌ر سێی ئه‌و که‌ره‌سه‌ی چه‌کی کیمیاییه‌ی ئێراق هه‌یبوو به‌کاریهێنا. له ساڵی ٨٨ و به‌دواوه ئیتر له‌لایه‌ن ده‌زگای هه‌واڵگری ئه‌مریکاوه زانیاری بێ‌شومار له‌سه‌ر ئێراقییه‌کان کۆکرایه‌وه. ئه‌وه‌بوو له مانگی مارتدا به‌گازی کیمیایی (گازی ده‌ماره‌کان) هێرش کرایه سه‌ر شاری کوردنشینی هه‌ڵه‌بجه له باکوری ئێراقدا. مانگێک دواتر هێزه‌کانی ئێراق به به‌کارهێنانی بۆمبی گازی ژه‌هراوی توانیان له‌شکری ئێران له باشوری خۆرهه‌ڵاتی به‌سره تێکبشکێنن و نیوه‌دورگه‌ی فاو بگێرنه‌وه ژێر ده‌سته‌لاتی خۆیان، که ئیتر ئه‌مه ئه‌گه‌ری هێرشی گه‌وره‌ی بۆ سه‌ر به‌سره دوور ده‌خسته‌وه. به پێی قسه‌ی عه‌قید (فرانکۆنه) واشینگتۆن زۆر به‌م ئه‌نجامانه خۆشحاڵ بوون.
بڕی زانیارییه‌کان له‌سه‌ربه‌رنامه‌ی چه‌کی کیمیایی ئێراق هاودژی (ناکۆکی) به‌رچاوی تێدا ده‌بینرێت. سه‌باره‌ت به زانیارییه‌کانی که سیئایئهی هه‌روه‌ها ده‌زگاکانی تر پێش جه‌نگ ساڵی ٢٠٠٣ دهستیانخست. ساڵانی هه‌شتاکان ئه‌مریکییه‌کان زیاتر ده‌ستیان راده‌گه‌یشت به ناوچه‌که، شێرهزایان توانییان رای خۆیان بده‌ن، که له شوێنی خۆیان چه‌که کیمیاییه‌کان تێکبشکێنرێن.
کاتێک عه‌قید (فرانکۆنه) کاتێکی که‌م پاش گرتنه‌وه‌ی نیوه‌دوورگه‌ی فاو له لایه‌ن ئێراقه‌وه ، شوێنه‌که‌ی به‌سه‌ر کرده‌وه، بینی له شوێنی جه‌نگه‌که‌دا ده‌رزی ئه‌ترۆپین که‌وتوه، که دژ به گازی سارین به‌کارده‌هێنرێت. ئه‌و چه‌ند دانه لهسرنج و ده‌رزییه‌کانی کۆکرده‌وه، به‌ره‌و به‌غداد له‌گه‌ڵ خۆیدا بردنی، که ئه‌مه‌ش به‌ڵگه بوو که ئێراق له نیوه‌دوورگه‌که سارینی به‌کارهێنابوو. له‌مانگه‌کانی دواتریشدا به پێی قسه‌ی ناوبراو سێ جاری تر به رێژه‌ی زۆر گازی سارین به‌کارهاتبوو، که هه‌موویان به هۆی گوله‌تۆپ و بۆمبی دوکه‌ڵه‌وه هاوێژرابوون, بۆ ئه‌وه‌ی شوێنه‌واری گازی ده‌ماره‌کان شوێن‌بزر بکات. هه‌موو هێرشه‌کان به‌م جۆره سه‌رکه‌وتووبوون.
دوا هێرشی ئێراقییه‌کان که به هێرشی ره‌مه‌زان ناونرا له نیسانی ١٩٨٨ روویدا، تێیدا زۆرترین رێژه‌ی گازی سارین به‌کارهێنرا.
وا بۆ چاره‌که سه‌ده‌یه‌ک ده‌بێت هێرشی گازی کیمیایی رووینهداوهتهوه، تا ده‌گاته هێرشی ئه‌م دواییه‌ی دیمه‌شق..
تێبینی و سه‌رچاوه:
١. ئه‌م بابه‌ته له رۆژنامه‌ی هاوڵاتی ژ (١١٧٥)ی چوارشه‌ممه ٦/١١/٢٠١٣ بڵاوکراوه‌ته‌وه.
٢. به ئینگلیزی له لایه‌ن گۆڤاری (Forein Policy)ی ئه‌مریکیه‌وه بڵاوکراوه‌ته‌وه.
٣. به زمانی ئه‌ڵمانی له ژماره (٣٧) ی ساڵی (٨١)هه‌مینی مانگی ئه‌یلولی ٢٠١٣ له گۆڤاری (دی ڤێلت ڤۆخه)
ئهلمانیزمانی سویسریدا بڵاوکراوه‌ته‌وه.
٤. وێنه‌که سه‌ردانی دۆناڵد رامسفێلد له‌گه‌ڵ سه‌دام حوسێنه له کاتی جه‌نگی ئێراق - ئێران و له ٢٠/١٢/١٩٨٣ دا.