کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نامەیەکی کراوە بۆ هەر سێ سەرکردەی ئۆپۆزسیۆن

Friday, 22/04/2011, 12:00







نه‌وشیروان مسته‌فا
سه‌لاحه‌دین به‌هادین
عه‌لی باپیر

ئێستا کوردستان به‌ گشتی‌و سلێمانی به‌تایبه‌ت له‌دۆخێکی ئاڵۆزو ناجێگیرو مێژووییدایه‌، ئێستا نه‌وه‌ی نوێ‌و ئازادیخوازان داوای گۆڕانێکی بنه‌ڕه‌ت ئه‌که‌ن له‌ سیستمی سیاسی‌و ئابوری‌و سه‌رجه‌م لایه‌نه‌کانی ژیانیان. حیزبه‌ باڵاده‌سته‌کان به‌ته‌واوی خۆی یه‌کلایی کردۆته‌وه‌ بۆ دژایه‌تی کردنی ئه‌و نه‌وه‌یه‌و خواسته‌کانیان.
، سەڕەڕای ئەمەش کەوتۆتە سەركوتكردنى خۆپیشاندەران وڕەشبگیر كردنى خەڵكى ، ئێستا ئەم وڵاتە لە مەملەکەتێکی سەربازی دەچێت. لەماوەی دوو مانگی ڕابردودا دەسەڵات ئەوەی پیشانی ئێمەدا کە تەنها یەک مۆدێل لە سیاسەتکردن دەزانێت ئەویش بێدەنگکردنی بەرامبەرە لەڕێگەی هێزو توندوتیژییەوە. پێدەچێت ئەوە نەزانێت کە بەم کردوە عەسکەرتارییەتەی مەودای‌ نێوان ده‌سه‌ڵات‌و شه‌قام فراوانتر ده‌كات‌و كێشه‌كان زیاتر ده‌بێت.
ئەوەی بە لای ئێمەوە جێگەی نیگەرانییە بێدەنگی هەرسێ سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنە بەرامبەر بە سوكایەتی و بێڕێزیی بە خەڵكی خۆپیشاندەرو مامۆستاو خوێندکاران، نوسەران و شكاندنی حەرەمی زانكۆ.، ده‌بوایە یەكسەر ئەم سێ سەرکردەیە هەڵوێستێکی جدی و یەکلاکەرەوەیان هەبوایە، دەبوو بێدەنگ نەبونایە بەرامبەر ئەو رەفتارانەی هەردوو حزبی یەكێتی و پارتی و قبوڵی سەرکوتکردنی خەڵکی کوردستانیان نەکردایە. ئێمە نازانین لایەنەكانى ئۆپۆزسێون چاوەڕێى چى دەكەن ؟
خۆدزینه‌وه‌و هه‌ڵوێستی مته‌وازع له‌م بارودۆخه‌ی ئێستادا ده‌بێته‌ گورزێکی کوشنده‌ له‌ ئۆپۆزسیۆن، ده‌بێت ئۆپۆزسیۆن بزانێت که ‌له‌گه‌ڵ نه‌وه‌یه‌کی هۆشیاردا مامه‌ڵه‌ده‌کات، ناکرێت ئه‌وان چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ بکه‌ن که‌ شه‌قام کۆنترۆڵی باردۆخه‌که‌ بکات‌و پاشان بێنه‌ سه‌ر سفره‌ی حازری، ئه‌گه‌ریش شه‌قام شکستی هێنا ئه‌وان خۆیانی لێ بێبه‌ری بکه‌ن‌و شه‌قام بێ خاوه‌ن بهێڵنه‌وه‌.
لە هەر شوێنێکیتری دونیا دەسەڵات بەم شێوە نامرۆڤانەیە ڕووبەڕوى هاوڵاتیانى خۆى ببێتەوە، ئۆپۆزسیۆن و سەرکردەکانی لەگەڵ جەماوەردا دێنە سەر شەقام و بە ڕادەیەك فشار دەخەنە سەر دەسەڵات تا ناچارى دەكەن بەدەم داواكانى خەڵكەوە بێت. لێرەدا وەك کۆمەڵێک گەنجی كوردستان، داوا لە ئۆپۆزسیۆن و سەرکردەکانیان دەكەین بەتەواوى خۆیان یەكلا بكەنەوەو لەوە زیاتر بێدەنگ نەبن بەرامبەر كوشتوبڕو داپڵۆسینی هاوڵاتیان، داواتان لێ دەکەین ئەم هەلە میژووییە لە دەست مەدەن.
داواتان لێدەکەین :
1- خۆ یەکلایی کردنەوە و هاتنە ڕیزی خۆپیشاندەران.
2- داخستنی دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ دەسەڵات تا کۆتای هێنان بە ئابڵوقەی سەربازی.
3- هاتنە دەرەوەی سەرجەم ئەندامانی ئۆپۆزسیۆن لە پەڕلەمان.

گروپی گه‌نجانی سلێمانی
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە