لەدوای ڕێو ڕەسمی بەخاكسپاردنی (جێرمایە سمۆڵ) لەسلێمانی پێویستە چی بەسەركردەكان بوترێت....
Friday, 09/03/2012, 12:00
لەكاتێكدا ئێوە دەمانچە بكەنە جوانترین و بەنرخترین دیاری بۆ ئێمە، بۆیە دەبێت هەمیشە دەستمان لەسەر دڵمان بێت و هەموو ساتێك چاوەڕێی ڕووداوی لەم چەشنە بكەین كە ڕووبدەنەوە، بۆیە داوا لەبەریزان تاڵەبانی و بارزانی و د.بەرهەم و كاك نێچیرەڤان ئەكەین با چی تر دەمانجە بەدیاری نەدەن بەلایەنگرەكانیان و تەنها بیریان لای چەند دەنگێكی خۆیان بێت لەهەلبژاردنەكاندا، با لەجیاتی دەمانچە پارەكەی بكەن بەپرۆژەو بیخەنە خزمەتی گەنجانەوە....
تكایە.... تكایە.... سەركردەكان بەس دەمانچە بەناوی دیارییەوە بەئەم و ئەو ببەخشنەوەو پۆز لێبدەن و لێی بنووسن (دیاریی هەڤاڵ و دیاریی سەرۆك بۆ ئێوە) ، چونكە هیچ دوور نییە ئەو دەمانچەیەی كە جێرمایەی پێ تیرۆركرا دیاریی یەكێك لەئێوە نەبێت و بەدیاریی ئێوەش دڵسۆزانی میللەتەكەمان تیرۆربكرێت. تكایە سەرۆكەكان چەكەكانتان بێدەنگ بكەن و بیانشارنەوەو با ئیتر قەڵەمەكان قسەی خۆیان بكەن، بەچەكدارەكانیشتان بڵێن چەكەكانیان لەشان دابنێن و خۆشتان لەسەر كورسییەكانتان وەرنە خوارەوە، ئێستا نۆرەی قەڵەمەكەی جێرمایەیە قسەتان بۆ بكات و ئەمڕۆ جێرمایە سەرۆكەو بەڵام ئەیەوێ لەداخی ئێوە سەری خۆی هەڵبگرێت و بۆ هەتا هەتایە بەجێتان بهێڵێت، فەرموون سەرۆكەكان وەرن بۆ ڕێوڕەسمی ماڵئاوایی كردنی، خۆ ئەو هاتبوو مناڵانی وڵاتەكەی ئێوە فێربكات، بەڵام بەچەكەكانی ئێوە كۆتایی بەژیانی هات....
ئەزانن سەرۆكەكان جێرمایە دواجار كە ماڵئاواییم لێ كرد چی پێ وتم، پێی وتم كە وڵاتەكەی خۆتان خۆش بوێ و خزمەتی گەل و نیشتیمانەكەی خۆتان بكەن. سەرۆكەكان ئەگەر جێرمایە لەهەر شوێنێكی وڵاتەكەی ئێوە گەشت و سەیرانی بكردایە، ئەچوو ئاڵای كوردستانەكەمانی بەبەرزی و شەكاوەیی لەسەر لووتكەی شاخەكان بەجێدەهێشت، كە تا ئێستا هیچ كوردێك ئەمەی نەكردووە....
جێرمایە ئەو مردنەی كە تۆ پێت بەخشرا مردنێكی شەرەفمەندانە بوو بۆ خۆت و خانەوادەكەت، بڕوابكە من زۆر دەمێكە ئاواتم بەو مردنەی تۆ خواستووە، كە لەناو پۆلداو لەكاتی وانە وتنەوەو بەبەرچاوی خوێندكارەكانمەوە گیانم دەرچووایە، بۆئەوەی لەو شوێنەدا بمردمایە كە بۆی دەژیام و هەموو تەمەنم بۆ تەرخان كردبوو، ئێستاش من ئیرەیی بەمردنەكەت دەبەم، چونكە من پێش تۆ ئاواتم پێ خواستبوو، مردنەكەت لەناو پۆلدا زۆر شكۆدارترو سەربەرزانە تر بوو، وەك لەوەی لەناو ماڵەكەتداو بەبێدەنگی ماَڵئاواییت لێ بكردینایە، مردنی جیر هەر بەتەنیا دڵی خێزانەكەی خەمبار نەكرد، بەڵكو دڵی هەموومانی لەگەڵ خۆی برد....
بۆیە لەكۆتاییدا ئەڵێم چۆن جێرمایە بوو بەقوربانی دەستی بەیار، ئەوا بەیاریش خۆی قوربانی دەستی ئەو پەروەردە هەڵەیەی دەسەڵاتی كوردی و بنەماڵەكەیەتی كە تیایدا پەروەردەبووە، كە چەك بكەنە بەنرخترین و جوانترین دیاری بۆ ئێمە
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست