کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پەیکەرێک بۆ حاجی لەقلەقە تیرۆرکراوەکەی مزگەوتی خانەقا..

Friday, 15/07/2011, 12:00


چەند ڕٶژێک لەمەوبەر لەهۆردیسکەکەم بەدوای وێنەیەک دەگەرام. یەکێک لەو وێنانەی بەرچاوم کەوت ، هێلانە ی حاجی لەق لەقە تیرۆرکراوەکەی مزگەوتی خانەقا بوو ، کە لەسەردانی سالی ٢٠٠٧ م ، لەپیرە هەولێر و لە یەکێک لەو شوێنانەی زیارەتم کرد وێنەیەکم بۆ یادگاری لێ گرت . ماوەیەک بەتەنیشت مزگەوتەکەی خانەقاوە ، خەیال بردبومی بەرامبەر دەیان بیرەوەری ، هاوکات ئەو خۆشەویستی سەدان هەزار بوو لە خەلکی کوردستان بەگشتی و هەولێریەکان بەتایبەتی . لە هەموو چین وتوێژ و ئایدیەلۆجیا سیاسیەکانیەوە . تەنانەت هزرم بۆ ئەوەش رۆیشت بەعس بەهەموو فاشیەتی و رامالینی هەزاران جوانی کوردستان لەمرۆڤ و رەزو باغ و سروشتیەوە ، کەچی دەستی بۆ ئەو جوانیە دەگمەنەی هەولێر نەبرد، بەلام چەتەشەرانگێزەکانی پارتی ویەکێتی تیرۆریان کرد . لەوێنەکەش دیارە سەرباری تێپەرێنی ١٢ ساڵ زیاتر هێشتا هێلانەکەی وەک خۆی ماوە ، ئەوەی دیار نەبوو لەسەر مزگەوتەکەی خانەقا ، ئەو حاجی لەقلەقە دەنوک درێژە دەیان ساڵە بوو ، کە ساڵانە هەزاران کیلۆمەتری لەولاتە بیابانەکانی ئەفەریقاوە دەبڕی و دەهاتەوە سەر مزگەوتەکەی خانەقا و وەک(مانگ وپیرە قەڵا) جوانیەکی تری بە شار دەبەخشی .
بەگرنگم زانی بەبیر خەلکی بهێنمەوە بۆیە لەپەیجی فەسیبوکەکەم وێنەکەیم دانا ، خۆشەویستی بۆ حاجی لەقلەق و نەفرەت لە تاوانەکەی پارتی ویەکێتی ، دەیان کۆمینتاری بەدوادا هات و هەریەکەی ئازاری خۆی یان بیرەوەریەکی لەتەکیەوە دەنوسی ، لەسەرەنجاما گەلالەی ئەوەکرا کەهەوڵبدەین لە کەمینێکا داوای دروستکردنی پەیکەرێکی لەهەمان شوێنی بۆ بکەین .
لەمنالیم چەندین جار لەدیبەگەوە لەگەڵ باوکی شەهیدم هاتبمایە هەولێر ، ئەوا لەدورەوە دەمان بینی وتا ون دەبوم سەیرم دەکرد . کەگەورەتریش بوم ، هەموو جار کەدەهاتمە شار ولەکاتی گەرانەوەشم لە گەراجی (دیبەگە . هەولێر) تا نەفەری ئۆتۆمۆبیلەکە تەواو دەبوو ، لەگەل جوڵە و جوانی حاجی لەقلەقەکە کاتەکەم بەسەر دەبرد . وام دەزانی بینینی حاجی لەقلەقەکە تەنیا لای هەولێریەکان ئەو گەرم و گوڕیەی هەیە ، بەلام کاک عومەر سەیداش لەکۆمینتارێکی نوسیبوی ئەویش هەموو جار کەهاتبێتە هەولێر سەیری کردوە لەکاتێکدا خەلکی گەرمیانە. بەسوپاشەوە ئاماژەی بەوەکردوبو کەهونەرمەندیكی شێوەکار(سمکۆ ئەحمەد) تابلۆیەکی بۆ کێشاوە . کاتێک چومە سەر وێنەکە ، لەتەنیشت وێنەکە ی مزگەوتی خانەقا و حاجی لەقلەقەکە وێنەی شەهید سەردەشتیشی لەتەک دانابوو . ئای کەجوان هاتە بەرچاوم . ئاخر پارتی یەکێک لەهەڵە ستراتیژەکانی تیرۆرکردنی شەهید سەردەشت ئەوەبوو ، بۆ هەولێریەکان کردیە سیمبول ، کەدەمێکە لەو شارە سیمبول دروست نابێت .
گەنجێکی تری پیرە هەولێر (نەبەز لۆڤە) بۆی نوسیبووم ، پەشێو پارچە شێعرێکی جوانی لەسەر داناوە . سەیرکەن دەیان روداو لەکوردستان زۆرمانی هەژاند کەچی پەشێوی نەجولاند !؟ بەلام خۆشەویستی وبیرەوەری لەگەل حاجی لەقلەق هەستی شیعری جولاندوە . بەکەسایەتیەکی نزیکی خۆمم وتت زانیاریم بۆ کۆبکەوە لەسەر ئەو حاجی لەق لەقە، وتی بۆچیتە ، وتم دەمەوێت هەولی جولاندنی ئەو کەیسە بدەم ، وتی کەسێتی خۆت بچوک مەکەوە لەناو سەدان کەیسی مرۆڤ مەچووە سەر ئاژەلان ، کوردستان سوێد نیە !؟ لەکاتێکدا پەیکەر مەرج نیە تەنیا بۆ مرۆڤ بێت بەتایبەتی بۆ مرۆڤەکانی حزب ، وەک نمونە پارتی لەهەولێر کردویەتی ، کە هەموو شوێنە گرنگەکانی ، بەناوی بەرپرسە حزبیەکانی کردوە ، وەک گەورەترین جسر بەناوی ئەکرەم مەنتکە ، گەورەترین هۆل بەناو سەعد عەبدوڵلا ، گەورەترین یاریگا بەناوی فرانسۆ ، گەورەترین باخجەش بەناوی سامی عەبدولرەحمانە .... بی ئەوەی یەک پەیکەر بۆ عەبدولخالق مەعروف یان جەمیل رەنجبەر دروست بکات لەکاتێکدا ئەوانە سیمبولی هەولێریەکانن . تەنانەت لەدوای ٣١ی ئابدا ئەوپەیکەرەی لەهەولێر و لەبەردەم هٶلی میدیا بۆهەردو شەهیدی بیرمەندی کورد (موسا عەنتەر و عەبدولحالق مەعروف) دروست کرابوو ، بەعس ئاسا تەختی کرد .
کاک شیروان عومەریش کە گەنجێکە پیرە هەولێرە و چەند سالێکە پەراگەندەی هەندەران بووە ، چەندین کۆمینتاری لەسەر نوسی ، لەیەکێک لەکۆمینتارەکانی ئاماژە بەوەدەکات کەدوای جەنگی جیهانی دووەم رەسول حەمزاتۆف سەردانێکی هیروشیما کردوە ، لەو سەردانەیدا لەگۆرەپانی ئەوشارەی ژار بارانکراوە ، منالێک دەبینێ و لەپەرە کاغەزێک وێنەی حاجی لەق لەقێکی دروست کردوە ... زۆر کاری تیا دەکات و پارچە شیعرێکی لێ دروست دەبێت و تاڕٶژگاری ئەمڕۆش ، بوتە گۆرانیەکی هەرە باوی ولاتە کۆنەکانی یەکێتی سوڤیەت . بۆیە ئەگەر شاعیرێکی وەک رەسول حەمزاتۆف هەست و دڵی بەوێنەیەک گربگرێت بۆئێمە بەتیرۆری حاجی لەقلەقێک کەدەیان ساڵ هاوڕیی هەموو شار بێت و لەبەرجاومان تیرۆری بکەن و وەک لەنوسینێکی کاک سەرکەش عەبدولکەریمیش نوسراوە ، ماوەی ٢ ڕۆژ بەتیرۆرکراوی لەسەر هێلانەکەی باڵەساردەکانی شۆربۆتەوە . بۆیە دروستکردنی پەیکەرێک بۆ ئەو ئاژالە جوانەی پیرە هەولێر ئەرکێکی ئەخلاقی هەموو دەنگێکی ئازادیخوازە بۆ ئەوەی تابمێنین نەفرەت لەجەنگە ناوخۆیەکانی مەلایی وجەلالی کۆن و پارتی ویەکێتی نوێ بکەین . ئافەرین بۆ ئەو هونەرمەندە شیوەکارەی پەیکەرەکە دورست دەکات بۆ ئەو بەرپرسەش ئەو بوێریەی هەبێت پەیکەرەکە لەناو هێلانەکەی یان لەناو مزگەوتەکە دروست بکات.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە