هەولێر جارێ قسەی خۆی نەکردووە
Thursday, 24/03/2011, 12:00
هەولێر شاری ئەدەب و ڕەوشت و فیکرە، بە هیچ ئەجندایەکی زۆرەملێی و زۆرداری کۆڵی پێنادرێ و شکۆی نەوی ناکرێ.
هەولێر خاک و موڵکی گەوهەرە، هیچ داگیرکەرێک بۆ یەک چرکەساتیش ناتوانێت دڵنیا بێت لەوەی ڕەونەقی بەرێت.
هەولێر شاری ئەدەب و ئەدیبانە، بێ ئەدەبی پێکردن لە هیچ داگیرکەرێک قبوڵ ناکات.
هەولێر براگەورەی سلێمانی و شارەکانی ترە، سۆزی برا بچوکانی خۆی لە هەموو شتێک لا ئازیزترە.
هەولێر شاری ڕەوشتە، هیچ حیزبێک و ئەجندایەک ناتوانێت لە ژێر هیچ ناوێکدا بێ ڕەوشتی پێ بکات و خۆی بەسەردا بسەپێنێت.
ئەو مینبەرە لەرزۆکەی بە زۆر و بە بێ پرسی هەولێریان لە دامێنی قەڵادا دانرا و مۆڵەتی نەبوو، شێرە بەفرینەیەو بەرگەی گەرمیی توڕەبونی هەولێریان ناگرێت.
هەولێریان زۆر لەوە هۆشیارترن بە باڵەخانە بەرزەکان و، بە دەمەقاچانەکانی گەمژەیی داگیرکەران بخەڵەتێن.
هەولێر شاری فیکرە و هیچ پیرەباڵێک ناتوانێت بێ حورمەتی پێبکات و خۆی بکات بە خاوەنی و بە ناوی ئەوەوە جنێو بە برابچوکەکانی بدات.
هەولێر هێشتا قسەی خۆی نەکردووە، کە کردی قسە دەکات ئەمما قسە!
هەولێر دڵی لە سەرایە و ڕوحی لە ناو لەپی دەستی هەموماندا، وەکو چاومان دەیپارێزین.
هەولێر بە وانە فریو ناخوات کە کاسە لێسی بەر دەرگەی سەدە تاریکەکانن.
هەولێر دەزانێت ئەوەی ئەوان دوای کەوتوون کڵاوی بابردووەو موخەلەفاتی سەدە فەوتاوەکانە.
هەولێر برا گەورەیە و لوتفی هەیە لە پێشدا ڕێگە بە برا بچوکانی خۆی بدات قسەی خۆیان بکەن.
هەولێر گوێگرێکی گەورەیەو دوای ئەوەی سلێمانی و کۆیە و کەلار و چەمچەماڵ و هەڵەبجەو ڕانیە و سەیدسادق و زاخۆ و دهۆک و بادینان و کەرکوک قسەی خۆیان کرد دێتە گۆ.
کە فەرموشی و کەوتە قسە، قسە دەکات ئەمما قسە.
ئەوسا هیچ ئەجندایەکی چەواشەکاری و داگیرکاری و خۆسەپاندن بەرگەی نەعرەتەکەی ناگرێت.
ئەمە لە وەڵامی بێخەباتەکەی ئەجندا خۆسەپێنەرو داپلۆسێنەرەکەی سەری ڕەشدا!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست