تەنزى سیاسیى بژى دیموكراسى دۆڵمە
Wednesday, 06/05/2009, 12:00
2130 بینراوە
رۆژگارێكى وەها تێكەوتووین دەبێ هەمیشە دەستەونزا راوەستن، كە رووداوێكمان لێ روونەدا، چونكە گەنجە پەیامنێرەكانى ئەمڕۆى سەر بە گۆڤار و رۆژنامە ئەهلیەكان بە چەشنی رەشەبا لێمان لە هەڵڵا دەدەن و ئابڕووى 18 ساڵ كەموكورتیەكانمان لە تورەكەى ئەمریكى دەنێن، رووداوەكانیش هێندە بۆنى دێ دەڵێى لە (دۆت كۆمى كۆم)تەوە هاتۆتە دەرەوە و ئامادەن تا دوایین رۆژى تەعزیەى تەمەنت بۆ ریپۆرتاژ و چاوپێكەوتن وەدووتكەون!
تۆ بزانە لەم وڵاتەى ئێمە كە قەیرە كچێكى نەگبەت لە سایەى لوتبەرزى باوك و براكانیەوە چرۆى جوانى تەمەنى خۆیان دەهێڵنەوە و ناهێڵن میرد بكەن، پاشان كەسەر بە هەوێ مێرد دەكات، چۆن پەیامنێر و رۆژنامەنووسەكان بە پرسیار هێرشى دەكەنە سەر و هەزار بێنە و بەردەى لەگەڵدا دەكەن و تام و لەززەتى مانگى هەنگوینى لە بیر دەبەنەوە! كەچى هەندێ لەو پەیامنێرانە تاكو ئێستاش ناوێرن و زاتناكەن، كە بچن بەرۆكى مێژووى سیاسەت بگرن و بە (دیموكراسى) بڵێن: بۆچى و لە پێناوچی سەر بە دوو (هەوێ) مێردت كرد؟!
لەوانەیە خوێنەر یەكسەر بڵێ: تۆ تەماشاكە نووسەر چ ناماقوڵیەكى لە حزوورى سیاسەتدا خوڵقاندووە، منیش ئەو دەم ناچار دەبم بڵێم ئاخر ویژدانتان بێت و كەمێك وەبیر خۆتان بێننەوە پێش رووخانى كەرپووچە سوورەكانى رۆژهەڵات.. تەنها دوو بەرەبابى سیاسەت هەبوون، ئەوانیش (بەرەبابى ئیستعمار و كەریم كەریم لیلئەمام) هەبوون، كاتێك گۆڕانەكان بە خێرایى گوزەریان دەكرد.. مەندیلى (سپى و رەش)یش وەك دوو دومبەڵان بە گرمەى (گۆڕان)ەكان لە بەهارێكى ناوەختدا هەڵتۆقین! كە ئەوەش گەورەترین لەرزوتا و گرانەتاى پێشهاتە سیاسیە دەرك پێنەكراوەكانى ئەو سەردەمەبوو!
هەر بۆیە دواى رووخانى كەپووچە سوورەكان، هەردوو بەرەباب لە ژێرەوە رێككەوتن كە گچكەترین كچى مێژووى فەرهەنگى سیاسەت (دیكوكراسى) بوو، سەر بە دوو (هەوێ) بە مێرد درا، كە هێشتا (دیموكراسى) لە رووى تەمەنەوە نەگەیشتبووە حاڵەتى بێ نوێژى مانگانەى خۆى، كەچى لە ترس روواوەكان بە زۆر تەمەنى باڵق بوون و ورووژان و خرۆشانى ژێر لێفەیان بۆ گەورە كرد و رۆژێك لە ناكاو بە ئاوازێكى ناڕەسەن سێ چوار (تلیلیلی) بە رێیان كرد!
ئاخر (دیموكراسی)ەت بەو تەمەنە ساوایەوە، كە بیرۆكراتیەت لە كۆمەڵگاى ئێمەدا لە پەنجا ساڵ لە (دیموكراسی)ەت گەورەترە، چۆن دەتوانێت ژیانى لەگەڵ بسازێنێت و بگونجێت؟!
ئاى.. (دیموكراسى) دەستى شكاوم چۆن لە پێناو ئاڵۆشبوونى بەرژەوەندیەكانى ئابوورى سەرمایەداری و حیزبى لە كۆمەڵگاى ئێمەدا بە زۆر بە مێرد دراى، كە مارەییەكەشت پێشەكیەكەى بریتیە لە چاودێریكردنى چەند ساڵێ بۆ چاڵە نەوتەكان و پاشەكى مارەییشت بریتیە لە جێبەجێ كردنى بڕیار و پێشنیارەكانى (بیكەر هاملتۆن و دیمستۆرا)
هەربۆیەشە تاكو ئێستا (دیموكراسى) لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست نەیتوانیوە لە سەر پێى خۆى راوەستێ، بۆیە بڕیارى داوە حەبى مەنع و لەولەب بەكار بێنێ لە پێناو ئەوەى لە بیرۆكراتیەت نەوەى لێ نەیەتە وجوود! من خۆم شەخسى تاكو (دیموكراسی)ەت وەك ناو مەنجەڵى (دۆڵمە) نەبینم، كە چۆن هەموو توخم و پێكهاتەكان یەكترى قبوڵ دەكەن، هەرگیز بڕوا بە (دیموكراسی) سیاسسیى لە نێو كایە سیاسیەكانى ئەمڕۆى كۆمەڵگاى خۆمدا لە رووى حیزبى ئیداریدا ناكەم.
بۆیە ئەگەر بڕوانینە (دیموكراسی)ەتى دۆڵمە دەبینین هەرچى توخمەكانى ناو مەنجەڵەكە هەیە بە یەكسانى ریزبوون.. لە سەرەتاوە دەبینین لاسكە سڵق و پاقلە بناغەیان داڕشتووە، پاشان (دۆڵمە)كان شانیان لەسەر داداوە و چواردەورى مەنجەڵیش پیاز دەبینى، دواتر كلینچكەى حەیوان، یا باڵى مریشك، یا پەراسوو دەبنە رازاوەى (دیموكراسى)ەتى جەوهەرى (دۆڵمە).. لە دواییدا باینجان و كودى و بیبەر و تەماتە، سەرباقى هەمووشیان ئاوى سماق و كەمێك دۆشاو ناخى هەموو توخمەكان تەڕ و پاراو دەكات.. دواى كوڵانیش لەسەر سینیەك دەیانبینى كە هیچكات باینجان و پێست رەش لەگەڵ سپى پێستى پیازا كێشەیان نییە و بە یەكچاو تەماشاى یەكتر دەكەن و، نەشم بیستووە هیچكات پۆزى سوورێنى خۆى بەسەر ئەوانى دیكەدا لێبدات، بیبەریش زۆر بە ئەدەبەوە قسە لەگەڵ كودیدا دەكات بۆ ئەوەى نەبادا كودى هەست بە قەیرەیى خۆى بكات.. ئەوا گۆشتیش بە رەگەزى نێر و مێوە هیچكات بە توخمەكانى ناو مەنجەڵەكەى نەگوتووە ئەگەر من نەبم ئێوە وجوودتان نابێت، بەڵام هەمیشە گوتوویەتى من بە ئێوەوە جوانم و بە ئێوەش بە منەوە زیاتر بە لەززەتتر و بە تامترن، بڕوانن كاتێك خەڵك لە خواردنتان لێ دەبێتەوە چۆن پەنجەكانیان دەلێسنەوە!!
بە راستى (دیموكراسى دۆڵمە) وایە، هەربۆیەشە هەموو توخمەكانى زۆر بە ئەدەبەوە لەسەر سفرە لە حزوورى ماستاودا بە مەرجێ ماستى مەڕە كوێر بێ و پڕ قەزوان بێ جا بزانە چۆن دڕڕ بە (بیرۆكراتی)ەت لێدەدا!
ئاخر بۆیە دەڵێم بمرێ (دیموكراسى) سیاسیى بە زۆر بە مێرددراوى سەر بە دوو هەوێ.. بژى و پایەداربێ (دیموكراسی)ەتى نێوان توخمەكانى (دۆڵمە)...!!
[email protected]