"ئاڵای کوردستان" و چەند ڕاستیەک
Monday, 26/03/2012, 12:00
یەکێک لە هێما نەتەوەییەکانی هەر نەتەوەیەک ئاڵای نەتەوەیی ئەو گەلەیە. بۆ نەتەوەیی بوونی هەر ئاڵایەکیش، پێویستە یان نەتەوە بۆخۆی بە شێوازێکی ڕاستەوخۆ لە سەری بگاتە بڕیارێک، یان ڕێکخراوەیەکی نەتەوەیی وەکوو کۆڕیگشتی (مجلس) ئەو وڵاتە کە لە هەموو پارتە ڕامیاریەکان پێکهاتبێ ئەو ئاڵایە دروست بکات، ئەگینا ئەو ئاڵایە ناتوانێ ئاڵایەکی نەتەوەیی بێت. ئەڵبەت بۆ گەڵێکی بێ وڵاتی وەکوو کورد کە هێشتا رەوتی نەتەوەبوونی تەواو نەکردوە، تەنیا یەکینەیەکی ڕامیاری کە دەتوانێ ئاڵای نەتەوەیی کوردستان دەستنیشان بکات و قەوارە و چۆنێتی ڕەنگەکانی داڕێژێ، کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستانە نەک کۆنفرانسی لاوانی کورد، یان هەر پارتێکی ڕامیاری کوردی!
یەکێک لە ڕەخنەکانی کە پارتە سوننەتیەکانی کوردستان لە بزاڤی ئاپۆیی دەکەن ئەوەیە کە بۆچی ئەو تەڤگەڕە "ئاڵای کوردستان" ی وەکوو ئاڵای نەتەوەیی کوردستان قەبووڵ نیە و لە شوێن و بۆنە و کۆڕ و کۆبوونەوەکانیدا هەڵی نادا. یەکەم شتێک کە لە میانەی ئەو ڕەخنەیەدا بەناو مێشکی مرۆڤ دەپەرێ ئەوەیە کە ئەو پارتانە، بە تایبەتی پارتە سوننەتیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هیچ کاتێ سەربەخۆیی کوردستانیان لە بەرنامەدا نەبووە و هەتا ئێستاش کوردستان بە کوردستانی ئێران، تورکیە، ئێراق و سوریە دەزانن.. هەندێکیان هەتا دوێنێ، نەتەوەگەری (ناسیۆنالیسم)یان وەکوو خەیانت لە کرێکارانی دونیا دەبینی و هەڵوەدای یەکخستنی کرێکارانی دونیا بوون و ئێستاش لە هەموو ئێرانیەک زیاتر خۆیان بە ئێرانی دەزانن.. بەڵام کاتێک کە دێتە سەر مژاری ئاڵا، یەکدابەدوو دروشمی، "پ.کا.کا ئاڵای کوردستانی قەبووڵ نیە"، بەرز دەکەنەوە، بێ ئەوەی کە بزانن بە مژارکردنی ئاڵا لەو دۆخەدا چ قازانجێکی بۆ پێشوەچوونی یەکێتی نەتەوەی کورد هەیە.
ئەوە لە کاتێکدایە کە پارتی کرێکارانی کوردستان ٣٠ ساڵ لەوە پێش ئەو بیرۆکەیەی تێکشکاند کە کوردستان بە خۆماڵی تورکیە، ئێران، ئێراق یان سوریە دەزانێ و کوتی کوردستان ماڵی کوردانە و لە لایەن ئەو دەوڵەتانەوە داگیرکراوە(مستعمرە)یە. بە تێپەڕاندنی سنوورە دەستکردەکانی کوردستان، پ.کا.کا گوتار (دیسکۆرس)ی باکور، باشوور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای کوردستانی بۆ یەکەم جار لە مێژوی کورددا پێشخست و هەنووکەش تەنیا پارتێکە کە، سەرەڕای ئەو هەمووە گوشار و پیلانگێری و گەلەکۆمەیە، لە هەموو بەشەکانی کوردستان و هەندەران شێلگیرانە چالاکە. بەڵام ئەو گوتارەی کە پ.کا.کا ٣٠ ساڵ لەو پێش بە بنەمای گرت، ئێستاش ئەو پارتانەی کە باسی "ئاڵای کوردستان" دەکەن، لێێ تێناگەن و هیچیش پێیان بێڕیزی بەخۆ و بە گەلی خۆ نیە کاتێک کە دەڵێن، کوردستانی ئێران.. کوردستانی ئێراق.. کوردستانی تورکیە.. و کوردستانی سوریە!
بەڵام باڵیرەدا بچینە سەر ئەو "ئاڵای کوردستان" ەی کە ئەو لایەنانە بۆ هێرش کردنە سەر پ.کا.کا کەڵکی لێوەردەگرن، با بزانین لە کۆوە هاتوە و چۆن دروست کراوە و گوزارە لە چی دەکات؟
ئەو لایەنانە دەلێن ئەو ئاڵایە هەمان ئاڵاکەی کۆماری کوردستانە لە مهاباد، کە پاش ڕووخانی کۆمار، لە لایەن قازی محەممەدوە دراوەتە دەست مەلا مستەفای بارزانی و داوای لێکردوە کە هەردەم بە شەکاوەیی بیهێڵێتەوە.
لە ڕاستیدا ئەو ئاڵایە، ئاڵاکەی کۆماری کوردستان نیە.. ئاڵای کۆماری کوردستان لە سێ ڕەنگی سوور، سپی و سەوز پێکهاتوە و لە ناوەندی سپێنێکەیدا دوو گوڵە گەنمی تێدایە. بەڵام ئەو ئاڵایەی ئیستا لە بری دوو گوڵە گەنمەکە، رۆژێکی بیستویەک تیشکی تێدایە کە لە لایەن بارزانێکانەوە دانراوە. بەو پێیە مرۆڤ دەتوانێ بڵێ کە ئەو ئاڵایە زیاتر دەستکردی پارتی دێموکراتی کوردستان و بارزانێکانە تا خۆماڵی کۆماری کوردستان بێت. هەر بەو هۆیەش بوو کە تا ماوەیەکی زۆر یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش تەنانەت، ئەو ئاڵایەی وەکوو ئاڵای کوردستان قەبووڵ نەبوو و وەکوو ئاڵای بارزانی دەناسی.
بەڵام بارزانێکان زۆر پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە ئەوە ئاڵای کۆماری کوردستانە و مادام قازی محەممەد داوای لە مەلا مستەفا کردوە کە بە شەکاوەیی بیهێڵێتەوە، پێویستە هەردەم شەکاوە بمێنێتەوە. بەڵام گریمان ئەو ئاڵایە، ئاڵای کۆماری کوردستانیش بێت، نابێ بزانین چۆن دروست کراوە و گوزارە لە چی دەکات؟
ئەگەر مێژوی کۆماری کوردستان بخێنینەوە و چاوێک بە دادگەیی کردنی قازی محەممەددا بخشێنینەوە، بۆمان دەردەکەوێ ئەو ئاڵایە لە کۆوە هاتوە و پێشەوا قازی چۆنی دروست کردوە!
کاتێک کە لە دادگەدا قازی محەممەد بە خەیانت لە دژی ئێران تاوانبار دەکرێ، پێشەوا قازی بەرپەرچی خەیانەت دەداتەوە و دەلێ من خەیانەتم لە ئێران نەکردوە. دادوەر دەڵێ چۆن تۆ خەیانەتت نەکردوە کاتێک کە تۆ کۆمارت ڕاگەیاندوە و کابینە و ئاڵای تایبەتت بۆ دروست کردوە. لە سەر مژاری ئاڵا، قازی محەممەد لە وڵامدا دەڵێ، ئەو ئاڵایەی کە من دروستم کردوە جیاوازیەکی ئەوتۆی لەگەڵ ئاڵای ئێراندا نیە.. من تەنیا جێگۆڕکێم بە ڕەنگەکانی کردوە. ئاڵای ئێران سەوز، سپی و سوورە، من سوورەکەم بردۆتە سەرێ و سەوزەکەم هێناوەتە خوارێ، لە بری شێروخورشیدەکەش دوو گوڵە گەنمم داناوە (نەک ڕۆژی بیستویەک تیشکی)..
واتە ئەو ئاڵایەی کە زۆری شانازی پێوەدەکەن و بە ناوی "ئاڵای کوردستان" بە گەلی کوردی هەمیشە ترساو لە پرسیار و لێکۆڵینەوەیان ناساندوە، لە دەستپێکدا ئاڵای شایەنشای ئێران بووە.. لە لایەن قازی محەممەدەوە شوێنگۆڕکێ بە ڕەنگەکانی کراوە و لە بری شێروخورشید، دوو گوڵە گەنم لە نێو سپێنێکەیدا دانراوە، پاشان لە لایەن بارزانیەوە لە بری ئەو دوو گوڵە گەنمە رۆژێکی بیستویەک تیشکی دادەنرێ و لە ژێر ناوی "پیرۆزە.. پیرۆزە"ەدا.. مافی پرسیار کردنیان لە هەموو شوێنکەوتوان و پەیجوورانی ڕاستێتی سەندۆتەوە و هەرکەس بە چاوی ڕەخنەگرانەوە سەیری بکا یان تێبینیەکی جیاوازی هەبێ، مۆری ناکورد بوون و بێباوەڕی بە "ئاڵای کوردستان" یان لێداوە!
تا ئێرە باسمان لە لایەنی مێژویی و چۆنێتی دروست کردنی "ئاڵای کوردستان" کرد، با لێرەدا هەندێک بچینە سەر لایەنە فەلسەفیەکەی.
فرانس فانۆن (١٩٢٥-١٩٦١) تێۆریسیەن و شۆڕشگیری بە ناوبانگی ئەلجەزایەری لەو باوەڕەدا بوو کە، بەو پێیەی کۆیلەداری و داگیرکەری بە ئامرازەکانی توندوتیژی ئاوابووە و بە هەموو شێوازێک کەسایەتی مرۆڤی کۆیلە و داگیرکراوی بە درێژایی زەمان تێکشکاندوە و هیچ پێگەیەکی مرۆیی بۆ نەهێشتۆتەوە، پێویستە مرۆڤی کۆیلە لە دژی کویلەدار توندوتیژی پەیرەوکا؛ یەکەم بۆوەی کە لەپێشدا ئەو کەسایەتیە سووک و چرووک و پلەنەزمەی کە داگیرکەر بۆی دروست کردوە لە خۆیدا تێکشێنی؛ دوهەم بۆوەی کە داگیرکەر لە وڵات وەدەرنێ. واتە بۆ کەسێکی وەکوو فرانس فانۆن، توندوتیژی کردنی کۆیلە بۆ دەربازبوونی لە دۆخی کۆیلاێەتی مەرجی سەرکەیە و بە بێ توندوتیژی کردن، دەرباز بوون لەو دۆخە ئاستەمە.
بەڵام بە بۆچوونی من توندوتیژی مەرجی سەرەکی ڕزگار بوون لە دۆخی کۆیلایەتی و داگیرکەری نیە و هەر وەک کە ڕێبەر ئاپۆ دەڵی، ئەگەر توندوتیژی لە چوارچێوەی پاراستنی ڕەوادا نەبێ، جەنایەتە.
بەڵام ئەوەی کە مەرجی سەرەکیە بۆ ئازاد بوونی کۆیلە، خۆدابڕانی کۆیلەیە لە کۆیلەداری لە گەلێک ڕووەوە، بە تایبەت لەواری دەروونی (سایکۆلۆژیک)، کەسێتی و ناسنامەییەوە. ئەوەی کە مەرجە بۆ ئازاد بوونی داگیرکراو لە دۆخی داگیرکەری، خۆ پێناسە کردنی داگیرکراوە لە دەرەوەی هەرێمی ژێر کاریگەری و رکێفی داگیرکەر!
ئەوە چلۆن ئازادیەکە کە کۆماری ئیسلامی بڕوا بەڵام ئێمە ئاڵاکەی بێنین و شوێنگۆڕکێ بە ڕەنگەکانی بکەین و بڵێین ئەوە "ئاڵای کوردستان"ە.. واتە نەتوانین لە دەرەوەی هەرێمی ژێر رکێفی ئێران خۆمان پێناسە بکەین و لەدەرەوەی ئاسەوارە داگیرکەریەکانیدا سەر لە نوێ خۆمان بخولقێنینەوە. ئەوە چلۆن ئازادیەکە کە لە چوارچێوەی پێوەرە پێناسەییەکانی کۆماری ئیسلامیدا خۆمان پێناسەکەین و بەڕەنگەکانی کۆماری ئیسلامی هێما نەتەوەیەکانی خۆمان بخولقێنین؟..
ئەوە چلۆن ئازادیەکە کە پاش رۆوخانی رێژیمی بەعس ئاڵاکەی سەدام حوسێن بێنین و شۆێنگۆرکێ بە ڕەنگەکانی بکەین و بلێین ئەوە "ئاڵای کوردستان"ە و بەسەر هەموو کوردێکدا دایسەپێنین و ئەگەر کەسێکیش بەرهەڵستی کرد یان تێبینیەکی جیاوازی هەبوو، بە قەبووڵ نەکردنی "ئاڵای کوردستان"ی تۆمەتبار کەین؟..
یەکێک لە کۆڵەکەکانی ئیدۆلۆژی ئاپۆیسم، دێموکراسی ڕاستەوخۆیە کە بە پێی وی دەبێ گەڵ بەشێوازێکی ڕاستەوخۆ خۆی بەڕێوەبەرێ؛ واتە هەم بەڕێوبەری خۆی بێ و هەمیش بەڕێوەبراوی خۆی. پارتی کرێکارانی کوردستان زۆر باوەڕی بە دێموکراسی نوێنەرایەتی و لیبرال نیە، چوونکە ئەو شێوازە لە دێموکراسی بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین یان سەر لە کوێخایەتی دەردێنێ یان ڕێگا لە دیکتاتۆری و سەرەڕۆیی دەکاتەوە.
بە پێی دێموکراسی ڕاستەوخۆ، پێویستە گەلێ کورد بۆخۆی بە شێوازێکی ڕاستەوخۆ لەسەر مژاری ئاڵای نەتەوەیی بڕیار بدا و لەسەر هێما نەتەوەیەکان تریشی بگاتە ئاکامێک. بەڵام پیش ئەوەی بڕیار بدا، پێویستە زانیاری تەواوی لەسەر ئەو ئاڵایە پێبگا و بزانێ کە لە کۆوە هاتوە و چۆن دروست کراوە.
زۆر ئاستەمە گەلی ئیمە بۆ دامەزرانی ئاڵای نەتەوەی کوردستان ئاڵای داگیرکەران بە بنەما بگرێ، چوونکە بە بنەماگرتنی چەمکی داگیرکەری بۆ ئازاد کردنی خۆ، ڕاستەخۆ خەڵەتاندنی خۆیە، بە بنەماگرتنی هێماکانی داگیرکەری بۆ ئافراندی هێماکانی خۆیی، بایەخ نەدان بە بنەماکان و ماک و جەهەری خۆییە، شۆنگۆرکێ کردن بە ڕەنگەکانی ئاڵای داگیرکەر و داسەپاندی بەسەر کۆمەڵگای داگیرکاراودا کارەساتی کارەساتەکانە..
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست