کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


منداڵ بیردەکاتەوە و هەست بە زۆر شت دەکات !

Monday, 24/02/2014, 12:00


منداڵ هەتا تەمەنی دوساڵ کە هێشتا تەواو زمانی ئەوەندە گەشەی نەکردوە بتوانێ پێویستیە مادی و دەرونیەکانی بە وشە دەرببڕێ، خۆبەخۆ و بە شێوەیەکی سروشتی بە ئەندامەکانی هەست و بە بزوتن و جوڵەی ئامانجدار نیاز و پێویستی و حەز و ئارەزوەکانی بە شێوەیەکی سەرەتایی دەردەبرێ، کە دەنگێکی بەرز و ترسناک دەبیسێ دەموچاودەدا بەیەکدا و دەگری، بە دەنگێکی میهرەبان دەکەوێتە شنە شن و دەیەوێت بفڕێ! کە هێشتا ناتوانێ گاگۆڵکێ بکات خۆی دەنوشتێنێتەوە و چمکی ئەو بەتانیە نزیکەی بوکەشوشە ڕەنگاوڕەنگەکەی لە سەر دانراوە ڕادەکێشێ بەنیازی ئەوەی دەستی بیگاتێ. کە تەمنی گەیشتە حەوت ساڵ و بەتەواوی فێری زمان بو ئیتر زیرەکی و توانای بیرکردنەوە و هەستکردن بە جیهانی دەوروبەری گەشەیەکی سەرسوڕهێنەر دەکات. لە دادگاکانی ئەڵمانیا چۆن گوێ بۆ شایەتیی گەوران دەگیرێ ئاواش گوێ بۆ منداڵ دەگیرێ و قسەکانی بەهەند وەردەگیرێ! زۆرجار دایک و باوک منداڵ دێنن بۆ لام لە نۆڕینگەکەم، کێشەکانیان جۆراوجۆرن: کەمخەوی و کەمخۆری ، سەرئێشە و سکئێشەی توند، ڕشانەوە و سکچون...هتد. منداڵێکی شەشساڵە بەهۆی سەرئێشەیەکی توندەوە دوای ئەوەی دایکی لە ماوەی یەک مانگدا بردبویە لای هەشت دوکتۆر(هی منداڵان و هەناوی و قوڕگ و لوت و گوێ و نەشتەرگەر)، وە هەمو تێڕوانینەکان(خوێن و وێنەی تیشکی و..) ئاسایی بون و هەمو دەرمانەکانی کە خواردبوی بێسود بون، ئینجا هێنایانە لای من. دوای گوێگرتنی ورد لە خودی مناڵەکە و لە دایک و باوکی بۆمدەرکەوت کە لە پشتی پشتەوەی ئەم سەرئێشە نەگریسەی دوکتۆر و تاقیگە و نۆڕینگە و دەرمانەکان گیریانخواردوە بە دەستیەوە، ترس و تۆقانێکی زۆر هەیە و کەس پێینەزانیوە، یا پێیانزانیوە بەڵام کەس گرنگی پێنەداوە و بەهەندی وەرنەگرتوە! ترسی منداڵەکە لەوەبو کە دایک و باوکی بمرێ و ئەم بەتەنیا جێبمێنێ! شیوەن و گریانی دایکی منداڵەکە بۆ دایکی خۆی کە تازە مردبو ئەم ترسەی منداڵەکەی هوروژاندبو، ترسەکە خۆی لەو سەرئێشەیەدا دەردەبڕێ کە بە ڕێنمایی و چارەی دەرونی و کۆمەڵایەتی چارەدەکرێت. دایک و باوک دەبێت بۆ منداڵەکانیان ڕونبکەنەوە بۆ غەمبارن و بۆ دەگرین، وە لێگەڕێن منداڵەکانیان باسی ترسەکانیان بۆ بکەن. ئەو کێشانەی پەیوەندیان بە خودی منداڵەکانەوە نیە، بۆ نمونە کێشەی ژن و مێرد لەگەڵ یەکتر، یا کێشە و شەڕی ئەوان لەگەڵ دەوروبەر ، نابێت لە بەردەم منداڵەکانیان باسیبکەن، چونکە بە تایبەتی منداڵی ئەم سەردەمە هەر بەناو منداڵن! دەنا هەر کێشەیەکی کە دەیبیسن وەک ئەو بەردەی فڕێیدەدەیتە ناو گۆمێکەوە سەد بازنەی بیرکردنەوە و ترس و نیگەرانی لە دەرون و مێشکی منداڵەکە دروستدەکات! دەبێت دایک و باوک منداڵ دڵنیابکات لە ژیانی ئێستا و ئایندەی، وە لێگەڕێ وەک منداڵ لە جیهانی منداڵاندا بژی نەک لە جیهانی پڕ لە نەخۆشی و توندوتیژی و ڕق و کینەی گەوران!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە