پەیامەکەی قەرەزاوی پەیامێکی فاشیانەیەو پێویستە ڕیسوای بکەین....!
Sunday, 18/08/2013, 12:00
1566 بینراوە
دوینێ لە شاری هەولێر لە ژێر دەسەڵاتی پارتی ، دۆستی ئۆردوگانی فاشی ئیسلامی سیاسی ، ئیسلامی یەکانی کوردستان، بە بانگەوازی یەکگرتوو کۆمەڵی ئیسلامی، بۆ پشتیوانی لە دەسەڵاتیی ڕوخاوی مورسی و ئیخوانی یەکان نارەزایەتی یان دەربڕی و دەستیان دایە شینو شەپۆڕ بە ناوی ئیدانەی کوشتاری خەڵکی میسر لە لایەن سوپاوە. هەر لەوێدا لەسەر زاری عەلی قەرەداخی، جێگری قەرەزاوی سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئیسلامی ،پەیامی قەرەزاویی ڕاگەیاند کە دەڵێ: ئێمە شانازی بە کوردەوە دەکەین، چونکە ئەوان ئێمەیان لە فاتیمیەکان رزگار کرد و شیعهیان تێکشکاند، هەر بۆیە هەمو کارێکی چاکیان لێ چاوەرێ ئەکەین.
دیارە ئەوە ڕوون و ئاشکرایە کە زۆربەی خەڵک و لایەنە سیاسی یە ئازادیخوازەکانیش لە ئاستی میسر و جهان بە شێوازی جۆراوجۆر ئیدانەی هیرش و کوشتاری سوپایان کرد بۆ خۆپیشاندەران و لایەنگرانی مورسی چونکە ئەم هێرش و کوشتارە لە لایەن سوپاوە زیاتر بە زیانی ڕاپەرینە و زەنگێکی مەترسیدارە بۆ داهاتوی ڕاپەرین و شۆڕشی جەماوەری ئازادیخوازی میسر لە کرێکاران و توێژە ستەمدیدەکان و هەنگاوێکە بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی سەربازییانەی سوپا.
بەڵام ناڕەزایەتی و شین و شەپۆڕی ئیسلامی یەکانی کوردستان هەرگیز بۆ ڕاپەرین و شۆڕش و تەنانەت لە دژی دەسەڵاتی سوپاو خوێن ڕشنتی خەڵکی خۆپیشاندەر نەبوەو نی یە .بەڵکو هەموی بۆ پشتیوانی ئیخوان و دەسەڵاتە ڕەشە ئیسلامی یە ڕووخاوەکەیانەو دەیانەوێ لەم ڕێگایانەوە ناڕەزایەتی خەڵکی ئازادیخواز لە دژی سوپاو سەرکوتگەری یەکەی بهێێنە ژێر ئاسۆی سیاسی و ئامانجەکانی خۆیانەوە.
پەیامە فاشی یانەکەی قەرەزاویش کە قەرەداخی دەیگەیەنێ بە خەڵکی کوردستان لەم ناڕەزایەتی یەیان تەنها بۆ ئەوەیە کە سۆزی جەماوەری ئازادیخوازی کوردستانی بە گشتی بۆ خۆیان ڕاکیشن چونکە دەزانن کە جەماوەری کوردستان دژی هەمو ستەم و سەرکوتگەری یەو دەیان ساڵە قوربانی دەستی ڕژێمە سەرکوتگەرەکانە.
بەڵام ئەم پەیامەی قەرەزاوی تەنها بەوەوە ناوەستێ بەڵکو دەیەوێ خەڵکی کوردستان بکات بە لایەنگری یەکێک لە جەمسەرەکانی کێشەو ململانێی و شەڕو کوشتاری نێوان ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسی لە سوننەگەراو شیعەگەراو لە ناوخۆی خەڵکی کوردستانیشدا ئەم ململانی و ناکۆکی یە پەرە پێبدا بە قازانجی خۆیان.
هەڵبەت ئیسلامی سیاسی و هەمو ڕەوتەکانی وەک باڵێک لە باڵەکانی بۆرژوا سەرمایەداری ئەم سەردەمە دەیانەوێ لە ڕێگای زیندوو کردنەوەی شەڕو ململانێ و نەریتە کۆنەکانیان، کە چەند سەدەیان بەسەرا تێپەڕ بووە، زیندو بکەنەوە لە پێناوی گەیشتن بە دەسەڵاتی سیاسی یان و سەپاندنی دەسەڵاتی ڕەشی سیاسی دژی مرۆییان لەو ووڵاتانەی کە گیرۆدەی دەسەڵاتە قەومی و ئیسلامی یەکانن لەوانە کوردستانیش.
بێگومان دەوڵەت ئیمپریالی یەکانی جهانیش ،لە پێشیانەوە ئەمریکا ،لە چەند دەیەیەی ڕابردوو تا ئێستا گڕی ئاگری ئەم ناکۆکی و ململانێی یەی خۆش کردوەوفوی کردوە پیایداو هەر جارەی هاوکاری ڕەوتێکیان کردوە بە پێێ بەرژەوەندی یەکانیان.
هەر لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوەش بکرێت کە ئەم ئیسلامی یانەی کوردستان کە ئێستا ئاوا شین و شەپۆڕ دەکەن بۆ ئیخوانی یەکان کە لە لایەن سوپاوە سەرکوتکراون هاوکات تا ئێستا بە ئاشکرا هیچ هەڵوێستێکیان نەبووە بەرامبەر ئیسلامی یەکانی بەرەی نەسرەو و ئەوانی تر و دەسەڵاتەکەی ئوردوگانی برایان کە کەوتونەتە کوشتو بڕی خەڵکی کوردستانی سوریا،و ئیدانەی ئاشکرای تورکیاو بەرەی نەسرەو ئیسلامی یەکانی تریان نەکردوە. گەر قسەیەکیشیان کردبێت ئەوە لە ترسی ناڕەزیەتی خەلکی کوردستان بووە .
بۆیە پێویستە هەمو ئازادیخوازانی کوردستان پەیامەکەی قەرەزاوی ،کە ئەمرۆ بۆتە گەورەترین بانگخوازو بانگێشتی ئیخوانی یەکانی جهان بۆ تیرۆرو کوشتو بڕو تەقیننەوە، ئیدانەو ڕیسوا بکەن.
قەرەزاوی و قەرەداخی و ئیسلامی یەکانی کوردستان و ئیخوانی یەکان و هەمو ڕەوتە ئیسلامی یەکان مافی خۆیانە کە پەیامی پشتیوانی لە نێوان خۆیان ئاڵوگۆڕ بکەن بەڵام مافی ئەوەیان نی یە ئەم پەیامە کۆنەپەرست و دژی مرۆییانە بە ناوی جەماوەرەوە ڕاگەیەنن .
ئەوەی ئاشکرایە ئەوەیە کە قەرەزاوی بەم پەیام و بانگشەو فەتوایانەی کە بە پاڵپشتی میرەکانی قەتەرو لە ڕیگای کەناڵی جەزیرەوە بڵاوی دەکاتەوە بۆتە هۆکاری زیاتر گەشەی تیرۆریزم و کوشتو بڕو جیاکاری تایەفی و قەومی.قەرەداخیش لە ڕێگای گەیاندنی ئەو پەیامانەوە بە ناوی خەڵکی کوردستانەوە دەیەوێ خەڵکی کوردستان بە گشتی بگلێننە ئەم شەڕ و کوشتارو ململانی یانەی نێوان ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسی یەوە.
بۆیە دەبێت جەختی لێبکەینەوە کە پێویستە جەماوەری کوردستان و هەمو لایەنێکی ئازادیخواز ئەم پەیامەی قەرەزاوی و قەرەداخی ڕیسوا بکەن چونکە بە ئاشکرا پەیامێکی فاشیانەیە بۆ جیاکاری نێوان خەڵکی کوردستانو خەڵکی ووڵاتانی تر بەناوی ڕەوتی شیعەگەراو سوننەگەراو تەنها لە قازانجی سیاسەتە کۆنەپەرستەکان ئەواندایە.
موزەفەر عەبدوڵا
[email protected]