نۆرە ... نۆرە... پەرلەمان و حوكمەت هەر بۆخۆمە!!...
Sunday, 12/02/2012, 12:00
چوارشەممە سەرۆكى پەرلەمان و جێگرەكەى ئاڵوێر دەكرێن، بە ڕێكەوتنى ستراتیژى... پیرۆزە....
لێ كەسێك نیە ببێژێ ، ئەرێ ئەى سكرتێرى پەرلەمان؟!... دیارە ئیتفاقى ستراتیژى باس لە سكرتێرناكات!!...
خۆ پەیڕەوى ناوخۆكەى پەرلەمان لە :
مادەى (13)/1 دەڵێت(سەرۆكى كاتى ، دواى سوێندخواردن جاڕى دەرگاكردنەوەى پاڵاوتن بۆ فرمانەكانى دەستە دەدا كە سەرۆكى ئەنجومەن و جێگرەكەیى و سكرتێرن).
مادەى(13/2 دەڵێت (دواى دەرگا داخستن لەسەر پاڵاوتن،كردارى هەڵبژاردن بە ڕێگاى دەنگدانى نهێنى ئەنجام دەدرێ،ئەوەى زۆرینەى دەنگى ئامادەبوان بێنێ، ئەو پلەو پایەى پێ دەبڕێ).
سەیرى ئەم دەسەڵاتە بەحوكم وبیانوى زۆرینەى ، چۆن پێشێلى یاسا كانى تەنانەت خۆشیان دەكەن!!...
ئەم میللەتە بەگەمژە و ڕەعیەت ئەشوبهێنن!!!...
ئاخر ... پەرلەمانتارێك نەتوانێت بڵێ، هۆ كاك و مامەكانى بەسەروەركردنى یاسا ئەمە یەكەم بنەماى پێشێلكردنى یاسایە، ئەى چۆن بە خەڵكى ئەفرۆشنەوە؟!..
بەئیرادەى(سەركردەو حیزب)، لە كون فەیەیەكونێكدا ئەبیتە یەكشەوە.
كەسیش بۆى نیە بڵێ كاكە ئێمە ئەگەر نوێنەرى گەلین ، ئەمە خیانەتە لەو سوێندەى كە خواردومانە!!...
ئەوە قسەى ئێمە نیە... ئەڵێ (دۆست ئەوەیە دەتگریێنێ ، وەلێ دوژمن پێ پێ ئەكەنێ).
ئەم قسەیە بۆ ئەوە ناكەم خوانەخواستە بەندە دۆستى دەسەڵاتم، نەوەڵا قسەكەم ڕوو لەو پەرلەمانتارانەیە كەبەدەنگى كۆى میللەت گەیشتونەتە ئەو پلەو پایەیە.
ئاخر ناكرێ ، لەبەردەم چەردەیەك پارەدا ، زەلیل و كەساس بیت، ئەمە چیە، ئیرادەى سەرۆكەكانمان وایە، یاخود حیزب وادەڵێت!!...
بێینەوە سەر ئەك و دەسەڵاتەكانى سكرتێرى پەرلەمان، هەر لەو پەیڕەوە دا هاتوە:
چوارەم :ئەرك و دەسەڵاتەكانى سكرتێر:
مادەى (19)/برگەكانى(1،2،3)....
پێنجەم:ئەرك و دەسەڵاتە هاوبەشەكان:
مادەى (20)/بڕگەكانى(1،2،3،4)...
دەرئەنجام(سكرتێرى پەرلەمان) گرنگە هەم وەك پلە، هەم وەك ئیمتیاز، دواجار وەك هاوبەشى كردن.
ئەوە خێرە بیست ساڵە ئەم پلەیەدراوە بەیەك حیزب و یەك كەسایەتى نێو هەمان حیزب؟!..
ئێوە وەكو یاسا شكێنى... هەر ئەیكەن ... ئەیكەن، دەفەرمون ئەو پۆستەش تەنگەتاو بكەن و بیوروژێنن(نۆش بالەسەر دەبێت)!!!...
ئەگەر بڕیارە شكۆ بۆ پەرلەمان بەرقەرار بێت... برا بە دەنگ و ڕەنگ و نوسینى ئێمە مەكەن،وەلێ بەحوكمى یاساكانى خۆتان ڕەفتار بكەن!!...
سەلبى ئیرادەى پەرلەمان،نسكۆیەكى گەورەیە لەسیستمى سیاسى و پەیوەندى بە ناوەندى بڕیارو كۆى سیاسەتى گشتى هەیە.
ئەم ڕەفتارەى ئیرادەى سەركردەو حیزب، هەناسەیەك نەماوە بۆ ڕێز لەیاسا ، تەنانەت ئەو یاسایانەى خۆیان، كە دەریان چواندووە!!...
چوارشەممە... ئەوەى نیازە لەپەرلەمان بۆ سەرۆك و جێگر بكرێ و بەدەر لەسكرتێر كۆى پرۆسەكە خۆى لەخۆیدا پێش وەخت پێچەوانەى دەقى مادەكانى پەیڕەوى ناوخۆى پەرلەمانى كوردستانە كەلەسەرەوە ئاماژەم بۆ كردووە.
نابێ و ناكرێ تەواوى پەرلەمانتاران بەم كردەو نزاو ئیرادەیە بڵێن ئامین!!...
براینە تەنانەت گەر بۆجارێكیش دەنگتان لەپاڵ دەنگى میللەتەكەتان بێت. مێژوو ڕەحم بەكەس ناكات.
ئەوەى لەكوردستان لەژێر چەترو سایەو سێبەرى ئیتفاقیەى هەردوو سەركردەو حیزبدا ڕادەگوزەرێ ، دەرهەق پەرلەمان و پەرلەمانتاران پێش ئەوەى بۆ ئەوان نەنگ و شكست بێت، دڵنیابن لاپەڕەكانى مێژوو یەخەى ئێوە دەگرێت.
بەناوى یاساوە ، بێ یاسایى و سەرپێچى یاساكانى خۆتان كە تەشریع و یاساو بڕیارەكانە پێش هەموو كەس ئێوە لێى بەر پرسنّ!!...
پرسیار ئەوەیە ... لە كوێى ئەم دونیایەدا پەرلەمانەكان ئا بەم شێوەیە نەخشە ڕێگایان لەلایەن سەركردەو حیزبەكانیانەوە لە دەرەوەى قوبەى پەرلەمانەكەیان بۆ دیارى دەكرێت؟!...
یەك پەرلەمانم پێ بڵێن... تا دەیان نوسین خاترو بەقوربانى سەركردەو حیزبى بكەین!!...
دەنگدان ... بەو پاكێجە یەك گوژمەیەى (سەرۆك و جێگر بەدەر لە سكرتێر)، پێچەوانەى پەیڕەو ئیرادەى ئێوەیە!!...
پێنج شەممە... كڵۆڵى و بەدبەختیەكەى ئەم میللەتە هەر تەواو نابێت... ئەمەریكا زیاتر لە سى حوكمەتى گوزەراندووە... ئیسرائیل زیاتر لە (32)حوكمەتى گوزەراندووە، بەریتانیا، فەرەنسا....
چوزانم بۆسنە، سۆمال،هایتى.... كوێ و كوێ....
لەكام حوكمەت لەوانە... پەرلەمانەكەیان سەرۆكى حوكمەت و جێگر تەكلیف بۆ پێكهێنانى حوكمەت دەكات؟!...
دیارە لە كوردستان ئەمەش بیدعەیەكى ترى ئیرادەى سەركردەو حیزبە بەئیتیفاق....
پرۆژە دەستورى هەرێمى كوردستان، لە مادەى (65)ئەرك و دەسەڵاتەكانى سەرۆكى هەرێمداهاتووە:
بڕگەى چواردەهەم/1 : ڕاسپاردنى پاڵێوراوى ئەو فراكسیۆنەى زۆرترین ژمارەى هەیە،بۆ پێكهێنانى وەزارەت لەماوەى.....
ئەم دەقە باس تەنها لە پاڵێوراوێك دەكات، ناڵێت پاڵێوراوێك بۆ سەرۆك و یەكێكى تر بۆ جێگر، ئەمە لەلایەك...
لەلایەكى ترەوە با بگەڕێینەوە بۆ بەندەكانى ئیتیفاقیەى ستراتیژى هەردووسەرۆك و هەردوو حیزب.
تەحەدا دەكەم بە وشەیەك لەو بڕگانەى كە ئیتیفاقە موعلەنەكەى پێ داڕێژراوە، بە سوسەش باس لەوە كرابێ (سەرۆك و جێگر) ڕادەسپێردرێ لەلایەن سەرۆكى هەرێم و متمانەیان لەلایەن پەرلەمانەوە پێ دەدرێت بۆ پێكهێنانى حوكمەت لەماوەى ئەوەندە ڕۆژدا!!!...
نیە ... شتى وانیە...
ئیدى پێنج شەممە ، برایانى پەرلەمان ئێوە چۆن دەست بەرزدەكەنەوە بۆ متمانەدان؟!....
ئەم سوێندەتان لەبیرە(سوێند بە یەزدانى مەزن پارێزگارى لە یەكێتى گەل و خاكلى كوردستانى عێراق و بەرژەوەندیە باڵاكانى دەكەم).
بەم نۆرە ... نۆرەیە... قۆرغى دەسەڵات لەلاى تاكە حیزبێك فەراهەم و گینگڵ دەخوات.
ئەوەتا(سەرۆكى هەرێم... سەرۆكى ئەنجومەنى وەزیران...جێگرو سەرۆكى پەرلەمان) هەمووى بۆ خۆمە!...بەشەكەى تۆش هەر بۆخۆمە!...
ماوەى (20)ساڵە ئەم پۆستە بۆ برادەرانى پارتیە، یەكێتى قڕوقەپى لێ كردووە!!!....
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست