ئه‌و پرسیارانه‌ی ڕابردوو وه‌ڵامی داونه‌ته‌وه، به‌ڵام هێشتا هه‌ر پرسیارن!
Monday, 24/05/2010, 12:00
ـ ئایا دوای ده‌رکرانی هێزه سه‌رکوتگه‌ره‌کانی به‌عس و پێش هه‌ڵبژاردنه‌که‌ی ساڵی 1992 و دروستبوونی حکومه‌تی هه‌رێم، له کۆمه‌ڵگای کوردستاندا شه‌ڕی چینایه‌تی ڕووی داوه؟ واته ئایا مه‌سه‌له‌ی وا هه‌بووه، که خه‌ڵکی کوردستان بکات به دوو به‌شی جیاواز و دژ به‌یه‌ک و هه‌ر لایه‌نه هه‌وڵ بدات به‌شێکی زیاتری هه‌بێت؟
بۆ نمونه مه‌سه‌له‌ی به‌شه ژیان(خواردن، مه‌عاش، زه‌وی و مه‌سکه‌ن، ئاو، کاره‌با، خه‌سته‌خانه و داوده‌رمان، سوته‌مه‌نی، وه‌سایله‌کانی خۆشگوزه‌رانی و به‌خته‌وه‌ری، سه‌لامه‌تی،..) دڵنیایی(له داهاتووی خه‌ڵکی کوردستان،..) ،به‌شه ئازادی(بیروباوه‌ڕ، ڕاده‌ربڕین، ڕه‌خنه گرتن، چاپه‌مه‌نی، ئینسان بوونی ژن، جل و به‌رگ، خۆشه‌ویستی، هاوسه‌رگیری، جیابوونه‌وه، کۆبوونه‌وه، مانگرتن، خۆپیشاندان،..)، به‌شه ده‌سه‌ڵات(ڕێکخراوبوون، چه‌کداربوون،..) ؟
ـ ئایا له‌و شه‌ڕه‌دا(شه‌ڕ له‌سه‌ر به‌شه ژیان و دڵنیایی و ئازادی و ده‌سه‌ڵات) سه‌رکرده و سیاسه‌تمه‌دار و کادیره‌کانی لایه‌نه‌کان(حزبه‌کانی ناو به‌ره‌ی کوردستانی) و بیروباوه‌ڕه‌کانیان، سیاسه‌ته‌کانیان و مه‌لاکان و بیروباوه‌ڕی ئیسلام و عادات و ته‌قالیده‌کان، چۆن ده‌وریان بینی؟
ـ پاشان په‌رله‌مان و حکومه‌ت و داموده‌زگاکانی(پێشمه‌رگه، پۆلیس، ئاسایش، زانیاری، پاراستن، ڕاگه‌یاندنه‌کانیان) و مه‌لاکان چۆن ده‌وریان بینی؟ له‌کاتی هه‌بوونی حکومه‌تیشدا، ینک و پ‌د‌ک و ئیسلامی یه‌کان و ئه‌و ڕێکخراوانه‌ی که سه‌ر به ئه‌وان بوون(ڕێکخراوه‌کانی: ژنان، مامۆستایان، هونه‌رمه‌ندان، نوسه‌ران،...)، که‌سایه‌تی یه به‌رجه‌سته‌کانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، که ئه‌و کاته له یه‌کێتی نیشتمانی کوردستاندا بوون(نه‌وشیروان، جه‌لال جه‌وهه‌ر، عومه‌ری سه‌ید عه‌لی، سالار عه‌زیز، دانا ئه‌حمه‌د مه‌جید، عوسمانی حاجی مه‌حمود،...) چۆن ده‌وریان بینی؟
ـ ئاکامه‌کانی ئه‌و شه‌ڕه چی بوون؟ ئێستا کام لایه‌نانه زۆرترین سه‌رکه‌وتنیان به‌ده‌سهێناوه؟ وه‌ک به‌ره‌نجامی سه‌رکه‌وتنی ئه‌و لایه‌نانه، به‌شی کام چین له ژیان و دڵنیایی و ئازادی و ده‌سه‌ڵات زیاتره و به‌شی کام چین که‌متره؟ ئایا له نۆزده ساڵه‌ی ئه‌م شه‌ڕه‌دا سه‌روه‌تی هه‌ر ده‌وڵه‌مه‌ند و سه‌رکرده و سیاسه‌تمه‌دار و وه‌زیر و په‌رله‌مانتار و کاربه‌ده‌ستێک ده‌یان و سه‌دان و هه‌زاران ئه‌وه‌نده‌ی سه‌روه‌تی: کرێکارێک، کارمه‌ندێکی بواری ته‌ندروستی و دایره‌کان ، مامۆستایه‌ک، پۆلیسێک ، ئاسایشێک، خانه‌نشینێکی ئه‌وانه، ده‌سفرۆشێک، خاوه‌ن دوکانێکی بچووک ، ئه‌ندازیارێک ، دوکتۆرێکی موقیم، ... نابێت؟
ـ ئایا ئه‌مه ئه‌وه ده‌رناخات که په‌رله‌مان و حکومه‌ت و هه‌موو ئه‌و یاسایانه‌ی ده‌ریان کردوه و سه‌رجه‌م داموده‌زگا سه‌ربازی و پۆلیسی و ئیعلامی یه‌کان بۆ پاراستن و زیادکردنی سه‌روه‌ت و سامانی ئه‌و ده‌وڵه‌مه‌ند و سه‌رکرده و سیاسه‌تمه‌دار و کاربه‌ده‌سته گه‌ورانه و دژایه‌تی کردن و سه‌رکوت کردنی کرێکاران و توێژه به‌شخوراوه‌کان دامه‌زراون؟ ئه‌ی کرێکاران و توێژه به‌شخوراوه‌کان له‌و ماوه‌یه‌دا و ئێستا چی یان ده‌سکه‌وتوه بۆ پاراستنی خۆیان؟
ـ ئایا ئه‌و جۆره دابه‌شکردنه‌ی به‌شه ژیان و ئازادی و دڵنیایی و ده‌سه‌ڵات، هیچ گومانێک ده‌هێڵێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی که هه‌موو ئه‌و بیروباوه‌ڕ و عادات و لایه‌نانه‌ی دژی هه‌وڵدان بوون بۆ: بیمه‌ی بێ‌کاری، بۆ ئازادی ڕاده‌ربڕین، سوته‌مه‌نی، مه‌عاش و زیادکردنی ، مه‌سکه‌ن، ئاشتی، ڕێکخراوبوون، سه‌ربه‌خۆیی کوردستان و کۆتایی هێنان به به‌ستنه‌وه‌ی به عێراقه‌وه و... له ڕاستیدا دوژمنی کرێکاران و مامۆستایان و ژنان و لاوان و زۆربه‌ی هه‌ره زۆری خه‌ڵکی کوردستان بوون؟
ـ ئایا ئه‌و ئاکامانه و ئه‌و مه‌رجانه‌ی بۆ ژیانی: کرێکاران، کارمه‌ندانی دایره‌کان،کارمه‌ندانی بواری ته‌ندروستی، مامۆستایان، پۆلیس و ئاسایشی ساده، خانه‌نشینه‌کانیان، ده‌سفرۆشان، خاوه‌ن دوکانه بچووکه‌کان، له ئاکامی شه‌ڕێک ناچێت، که چینی سه‌رمایه‌داران و ده‌وڵه‌مه‌ندان و سه‌رکرده و سیاسه‌تمه‌داره‌کان تیایدا سه‌رکه‌وتبن و ده‌ستیان گرتبێت به‌سه‌ر هه‌رچی سه‌روه‌ت و سامانی کۆمه‌ڵگادا هه‌یه و مه‌رجیشیان بۆ شکستخواردووه‌کان(کرێکاران و توێژه به‌شخوراوه‌کان) دانابێت؟
ـ ئایا ڕابردوو وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌ی نه‌داوه‌ته‌وه؟
ـ ئایا ئه‌و پرسیارانه، هێشتا هه‌ر پرسیاریش نین؟
ـ ئایا بۆ زیادکردنی به‌شه ژیان و ئازادی و ده‌سه‌ڵات، چینی کرێکار و توێژه به‌شخوراوه‌کان پێویستیان به‌وه نی یه که ئیتر هه‌موو ئه‌وانه‌ی وا له بیست ساڵی ڕابردوودا دوژمنایه‌تی خۆیان بۆ به‌شه ژیان و ئازادی و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و سه‌لماندوه، وه‌ک دوژمنی خۆی سه‌یریان بکات؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست