ئەو پرسیارانەی، کە پێویست بوو بکرانایە؟ هەشت هەزار بەرزانی و هەڵەبجە بە نمونە!
Tuesday, 15/04/2014, 12:00
زەردەشت دەڵێت:
حەقیقەت لەبەر تیشکی خۆڕ دادەنێم تا هەموو کەس بت بینێت.
ئەمەریکێکان شەڕ لە سەر داهاتوو دەکەن، پلانیان هەیە بۆ ئەستێرەکان
کورد خەڵتانی ڕابردووی خۆیی بووە، پلانی هەیە بۆ نەمری سەرکردەکان
ئەوان کابرایەکی مردوویان لێکردووین بە زیندووی داستانەکان،
لەبەدبەختی ئێمە سەرکردەکان بەشێکن لەو مێژووە ڕەشەی بۆیان خوڵقاندوین
نامۆ سامان
بە عەرەب کردن پرۆسەیەک بوو هەر لە دروستکردنی دەوڵەتی عێراقەوە نەخشەیان بۆ کێشا بە یارمەتی دەوڵەتی عێراقی تازە و دەوڵەتی بەریتانی، بەڵام ئینگلیزەکان سنورێکیان بۆ ئەو بە عەرەب کردنە دانا ئەویش لە دوای هێڵی ٣٦ نابێت ئیتر پرۆسەکە بەردەوام بێت واتە ئینگلیز هەم بەشداری بوو لە عەرەب کردنی کوردستان لەهەمان کاتیشدا سنورێکی دانا بۆ ئەو پرۆسەیە. سروشتی ئینگلیز وایە ئەو پاش داگیرکردن کە ئازادی کردیت دەوبەستێت بە کۆمەڵی کێشەی ترەوە کە تۆ دەبێت نزیکەی هەموو تەمەنت بۆ ئەو کێشانە تەرخان بکەیت. بەیانە فەرمێکەی دەوڵەتی عێراقی تازەو بەریتانیای گەورە لە ٢٢ کانونی یەکەم ١٩٢٢ دانیاندا بەکورد کەمافی هەیە لە سنووری عێراقدا دەوڵەتی کوردی دامەزرێنێت.
کورد هەرگیز ئەو پرسیارەی لە خۆیی نەکرد کە بۆ لە ساڵی ١٩٩١ ئینگلیزو نەتەوەیەکگرتۆکان هێڵی ٣٦ بۆ کورد جیاکردوە تا لە دڕندەیی عەرەب و سەدام بیانپارێزێ، ئایا هەموو باشوور هێڵی ٣٦ بوو یان ئەمە پرۆسەیەک بوو هەر لەسەرەتاوە ویستیان کیانێک بۆ کورد لەناو عێراقدا دروستکەن. ئێمە سەردەمی عەبدول سەلام عارفیش ئەو مافەی کە ئێستاکە هەمانە لەو کاتەیشدا هەمان بوو، ئەمە هەمان لامەرکزییە کە پەنجا ساڵ لەمەو پێش دایان پێمان، واتە ئێمە لەسەردەمی عەبدول عارفەوە تاکو ئێستاکە ئەوی دایان بە ئێمە هەر ئەوەیە بەڵام ئێمە لە پێناوی ئەم تۆزە مافەدا میللەتێکمان سەرگەردان و نائومێدو ئەنفال کرد، تۆ دەبێت ئەوە بزانیت کە ماف ئەدرێ بەڵام ئازادی ئەسەندرێ ئێمە ئەم دوانەیشمان تێکەڵکردووە هەرگیز ئێمە لە بنەماکانی ئازادی نەگیشتووین بۆیە خۆمان بستۆتەوە بە مافەو کە لەپێناویدا یەک میللەتمان ئاوارە و ئەنفال کرد.
ساڵی ١٩٢٢ ئینگلیز دەڵێت: کورد بۆی هەیە لە سنوری دەوڵەتی عێراقدا دەتوانێت کیان و سەربەخۆی خۆی ڕاگەیەنێت تانەتە زمانی کوردی لە عێراقدا بە شەقی شێخ مەحمود بوو ئەو سێ پارێزگاییەی کە ئێستاکە هەیە هەمان پارێزگایە کە لە سەردەمی شێخەوە تاکو هەر چوار جمهورێکەی عێراق ئێمە خاوەنی ئەو سێ پارێزگایە بووین کە بە هەموو سێ پارێزگاکە یەک عەرەبی تێدا نەبوو بەڵام ئێستاکە زیاتر لە پێچ سەد هەزار عەرەب لە و سێ پارێزگایەدا هەیە، ئەمە پلان و پرۆسەیەکی تری دووژمنە بۆ پەنجا ساڵی تر داڕشتووە تائەو کاتەیش هیوادرام کورد لە ململانی یەکێتی و پارتی ڕزگاریان بێت یەکێکی تر ملیان نەشکێنێت.
وشیار زێباری ساڵی ٢٠٠٣ لە کاتی لێدانی عێراقدا لە هەولێر بە بەرچاوانی کامێرای ڕۆژنامە نوسانی بیانوی و کوردەوە ووتی: موسڵ کوردستانی نییە بەڵکو عەرەبییە ئەو دەڵێت من خۆم خەڵکی موسڵم بەڵام موسڵ کوردستانی نییە بەڵکو عەرەبییە. تۆ دەبێت لەوە تێبگەیت کە بۆ ووشیار زێباری دەبێت بە وەزیری دەرەوەی عێراق، دەبێت لەوە بگەیت گەر سەرکردەیش نەبێت تۆ دەتوانیت لەو سێ پارێزگایەدا بە ئاسودەی بژیت ئەگەر تۆ لەوە بگەیت حیزب هیچ واتایەک نابەخشێ بە خۆشبەختی بەڵکو حیزب زیاتر ئاڵۆزترت دەکات لە بنەماکانی خود.
جەلال تاڵەبانی لەسەر دەمی پۆلبلیمەردا واژووی بە پارێزگارکردنی عێراق کرد و کە هەر سێ پاریزگایەک دەتوانێت هەرێمێک پێکبهێنێت، مەسعود بەرزانی سەرۆکی پارتی هاواری کرد لە ڕۆژنامەی خەباتدا سەر بە پارتی خۆی بابەتێکی بڵاو کردەوە لە دژی واژووکردنی بە پارێزگاکانی عێراق لە دژی جەلال تاڵەبانی زۆر کەس پشتگیری خۆی دەربری بۆیان، بەڵام تا ئەو کاتە تاکی کورد هەموو ڕابردووی خۆی لە بیرکرد بە دڵێکی فراوانەوە سنگی بۆ ئەم دوو سەرکردەیەوە کردەوە و باوری پێکردن زۆر کەس پشتگیری خۆی دەربری بۆ مەسعود بەرزانی چونکە هەر وەک لە سەرتادا ووتم ئەم هەرێمەی هەمان هەرێمی سەردەمی عەبدول عارفە، بەڵام سەرۆک تا ئەو کاتە نەیدەزانی نەوت چۆ دەروات بۆ دەرەوەی وڵات بە تاڵانکردنی نەوت چۆن چۆنییە، چونکە ئەوان لەسەر پارەی براهیم خەلیل یەک میللەتیان ئاوارەو دەربەدەرکرد و کەسیش باسی ناکات ئەری پارەی براهیم خەلیل چووە گیرفانی کامتانەوە؟ لەوەیش سەیرتر ئەوە بوو کە خودی سەرۆک پاشا ماوەیەک کە کەس نەیزانی چۆن خودی خۆیشی واژووی بە پارێزگاکردنی شارەکانی عێراقی کرد، واتە ئەو کە خۆی دژی بوو لە هەمان کاتیشدا واژووی کرد ئیتر قروقەپی لێکرد و کەسیش باسی نەکرد. ئاخر ئەمەیە سیاسەتی کورد، کە تۆ خاوەنی ئەوە نەبوویت ئیتر چۆن بەدووی خۆتا میللەتێک سەرگەردان دەکەیت. بە کورتێکەی ئەم فیدراڵییەی کە ئێستاکە هەیە فیدراڵی شارەکانە و هیچی تر ئەمانە مادەم دەستووری عێراقیان واژووکرد بیشفرن ناتوانن دەوڵەتی کوردی دروستکەن، دەبێت پێش هەموو شتێک دەستووری عێراقی هەڵوەشێتەوە. دەستوری عێراقی چۆن هەڵدەوەشێتەوە بە نەچوون بۆ دەنگدان بۆ ئەنجومەنی شارەکان چونکە بە دەنگدان تۆ جارێکی تر دەنگ ئەدەیتەوە بەوو دەستوورە عێراقییەی کە لەسەر ئێشە زیاتر هیچی بۆ ئێمەی کورد پێی نییە، دەنگدان بە ئەنجومەنی پارێزگاکان دەنگدانە بە دەستووری عێراقیو تازەکردنەوە و تەمەندرێژی دەستووری عێراق، بەو واتایەی کورد پەرلەمانی هەبێت یان نەبێت هیچ لە بارەکە ناگۆرێت هەر بۆیە ئەنجومەنی پارێزگاکان زۆر گرنگە، بۆ نموونە سەرانی کورد دەستووری عێراقیان واژووکرد لەهەمان کاتیشدا ووتیان ئەم دەستوورە ئەگەر چی هەموو مافەکانی کوردی تێدا نییە بەڵام لەم کاتەدا دەستوورێکی باشە، پەرلەمان و ئەندامانی پەرلەمان هیچیان نەووت و دەستووری عێراقی لەلایەن کوردەوە واژووکراو دەنگیان بۆدا ئیتر ئەمەریکێکان کێشەیان نەما لە عێراقو کوردستاندا، لەبەر ئەوە دەنگدان درۆیەکی گەورەی دۆراوەکانی باشورە. ئیتر نابێت کورد بە هیچ جۆرێک پەیوەندی بە عێراقی عەرەبییەوە هەبێت هیواداریشم لە دوایی عەرەب خۆیان بە تورکی موسڵمانەوە نەلکێنن. هەموو حیزبەکانی کوردو هەموو ئەندامی پەرلەمانەکانی ساڵانی ٢٠٠٣ تاوانبارن لە واژووکردنی دەستووری عێراقی و تاکو ئێستاکەیش کەس باسیان ناکات، سیاسەت وەک ڕم هاویشتن وایە دەبێت هەمیشە لە سەدەکە بدەیت هەرکاتێک لێت نەدا دەبێت پلانت هەبێت، کورد هەرگیز لە سەدەکەی نەداوە و لێشی نادات پلانیشی نەبوو بۆ قەیرانەکان و لەپاشەڕۆژیشدا پلانی نابێت، کورد میللەتێکە بێ پلان، بێ بەرنامە تەنها ئەوە دەزانێت لە ڕابردووی خۆیدا بخولێتەوە کەسە مردۆکانمان لێبکات بە قارەمانی داستانەکان، ئێستامان بلکێنێت بە ڕابردووەوە، ڕابردوومان لێ پیرۆزکات لەهەمان کاتیشدا هێڵی سوری ئێمە بێت.
کە سەدام ڕووخاو ئەمەریکێکان بە تەواوەتی عێراقیان داگیرکرد یەکەم شت کە هەڵیان وەشاندەوە کەرکوک بوو کە گەرایەوە بۆ ناوە ڕەسەنەکەی خۆی کە کەرکوکە، سەدام و بکر لە ساڵی ١٩٧٢ ناوی کەرکوکیان گۆریو کردیان بە تائمیم و جاڕی خۆماڵیکردنی نەوتی عێراقیاندا ، بەڵام کەس ئەو پرسیارەی نەکرد کە تەنها بۆ کەرکوک گەرایەوە ناوە ڕەسەنەکەی خۆیی، ئێمە زۆر شت هەیە کە نایزانین کەنایشی زانین پرسیارێک ناکەین تەنانەت پرسیارێکیشمان لا دروست نابێت، پاشا کەرکوک ئەمریکێکان هاتن وەزارەتی نەوتو سوپای عێراقیان هەڵوەشانەوە ئیتر کاری ئەمان تەواو بوو، ئەمریکێکان تەنها نەهاتن بۆ ڕوخاندی سەدام بەڵکو بە پلانەوە هاتن، بەڵام تاکو ئێستاکە ئێمە نەمانتوانی ناوی هەولێری ڕەسەن بهێنینەوە ناوەکی خۆی لە ئەربیلەوە بیگۆرین بۆ هەولێر تەنانەت نەمانتوانی ناوی فرۆکەخانی ئەربیلیش بگۆرین لەوە زیارتریش نەمانتوانی ناوی سلێمانی لە ئەل سلێمانییەوە بگۆرین بۆ سلێـمانی ئەمانە بە پێی کاروباری فەرمی نێودەوڵەتی ئیتر ئێمە میللەتێک بێ پرسیار، بەڵام کە کیلۆیەک تەماتە یان تەبەقێک هێلکە دەکڕین هەزارو یەک پرسیار دەکەین تەنانەت پرسیاری مریشکەکەیش دەکەین.
ئەنفال هەر خۆی لە بنەرەتدا پرۆسەیەک بوو لە عەرەب ئەو بە درێژایی داگیرکردنو تاڵانکردنی سەروەتو سامانی خەڵکی سوودیکی زۆری لەو پرۆسەیە بینییوە هەر بۆیە عەرەب توانیی لەو توندو تیژییەی کە هەیەتی ٢٢ وڵات دروست بکات، بەڵام کورد نەیتوانی تەنانەت یەک هەریمێش بە ئارامی دروستبکات. تۆ دەبێت لەوە بگەیت کە سەرکردە چ ڕۆڵێکی گەورەیەی هەیە لە ژیانی گەل و شۆرشدا، ئێمە پاش ئەو هەموو سەرگەردانی و ئەنفال و کوشتنو برین ئاوارەیییە پرسیارێکمان لە سەرکردەکان نەکرد پێیان بڵێن تاکەی سەرگەردانمان دەکەن ئیتر بەس نییە ماڵوێرانی ئیتر بەس نییە بێ وڵاتی ئیتر بەس نییە درۆ کردن و ناپاکی .
سینۆهە لە پەرتووکەیدا دەنووسێت ئێمە لە خانەی ژیاندا بۆمان نەبوو پرسیار کەین تەنها ئەوە نەبێت کە گوێ بگرین و شتەکان ئامادەکەین، ئێمە وا ڕاهاتبووین ئێمە وا فێرکرابووین کە پرسیارکردن بۆ ئێمە نییە ئەوەی لەسەرمانە گوێگرتن و کار ڕاپەراندنە تا ئەو کاتەی ژنێک هات بۆ خانەی ژیان ئێمە دەمانزانی بە هۆی میزی ژنەوە کەدەمان کردە دڕەختو ئینجانەکانی بەردەممان دەمانزانی ئەو ژنە دووگیانە یان دووگیان نییە، تا ئەو کاتەی ژنێک هاتوو ووتی بۆ دەبێت ئەمەیان وابێت بۆ ئەمەیان وا نەبێت ئیتر لەو بۆییەوە ژیان من گۆرا هەر ئەویش بووە هۆی ئەوەوە فێری پرسیارکردن بووم تا لە خانەی ژیان دەرکرام. ئێمە ڕاهاتووین کە پرسیار نەکەین کاتێک سەرکردەکەمان گفتێکان ئەداتێ و نایباتە سەر ئێمە پرسیار ناکەین، کاتێک حیزب گفتێک ئەدات و نایباتە سەر ئیمە پرسیار ناکەین، ئیتر ئێمە وافێرکرواین کە هەرگیز پرسیار نەکەین، کاتێک کورەکانمان بە ناوی ئەم نیشتیمانەو لە کێڵگەکانی جەنگدا دەکوژرێن ئێمە هەر پرسیار ناکەین، ئێمە میللەتێکین بێ پرسیار و بێ گفت و بێ کۆنتراک لەگەڵ سەرکردەو حیزبو خۆمان.
ساڵی ١٩٨٢ کاتێک قیادە مۆقەتە لە ئێران دێتەخوارەوە لەگەڵ پاسداراندا خۆی ئامادە دەکات بۆ گرتنی ناوچەی حاجی هۆمەران بە سەرپەرشتی ئێران و پاسدار، سەدام ئەو کاتە لە تەلەڤیزۆنی عێراقییەوە هوشداری ئەداتە سەرانی کورد کە شتی وانەکەن، هەرگیز پاسدار نەخاتە ئەو شوێنانە، نەیدات بە دەستەوە و هێرش نەکاتە سەر پادگکانی سەربازی عێراقی بەڵام پارتی گوێ ناگرێت و ئەو ئۆپراسون ئەنجام ئەدات و ڕادەستی پاسدارانی دەکات لە بەرهەمی ئەو چالاکیانەدا سەدام بە چەند ڕۆژێک هەشت هەزار بەرزانی ئەنفال دەکات و ڕایاندەگوازێت و کەسیش نەیزانی بۆ کوێ بران لە کۆێدا کوژران لە کۆێدا لە ناوبران، لەگەڵ ئەوەیشدا یەک کەس لە کورد و خیڵی بەرزان پرسیاریان نەکرد بۆ سەدام تەنها بەرزانێکیانی لەو کاتەدا ئەنفال کرد ئایا هۆی چی بوو بۆ نەهات هەش هەزار زێباری بەرێت یان هەشت هەزار سۆرانی بەرێت یان هەورامی بەرێت یان تادوایی، ئێمە تاکو ئێستاکە ئەو پرسیارەمان لە سەرۆک نەکردووە بەرزانێکان بۆ تاقە ئامانجی سەدام بوون یان ئەوە سیاسەتی چەوتی خۆتان بوو کە سەدامی هارکرد تاو ئەو خەڵکە هەژارو داماوەی بەرزان بەر لێشاوی ئەنفال ببن. تاکو ئێستاکە ڕوونکردنەوەیەک لە خودی سەرۆک و پارتییەوە نەوتراوە بەڵکو وەک کارەساتێک و درندەیەکی دووژمن ئەمە کراوە بەو کارتەی کە بەکاری دهێنن و لە پاڵ ئەم کارەساتە گەوورەیەدا وەڵامەکان لەگەڵ مەرگی ئەو هەشت هەزارەدا زیندەبەچاڵکراوون. بەهەمان شێوەیش هەڵبجەیش کاتێک بە پاڵپشتی هێزی چەکداری کورد پاسداری بردە کەرکوک و لە چاڵە نەوتەکانیانداو بۆرێکانیان تەقاندنەوە لەئەنجامی ئەو کارەدا بە فیتی ئێران و گەمژەی سەرکردایەتی کورد هەڵبجە کیمیاباران کرا، ئەوە دڕندەیەی سەدامی زیاتر شێتگیر کرد کە پەلە بکات لە پرۆسەی بە ئەنفالکردنو کیمیابارانی هەموو ناوچەکانی کوردستان، گەمژەی کورد لەوەدا بوو کاتێک عێراق لە شەڕدا بوو لەگەڵ ئێران نەیان توانی تاکی کورد ، کوری کورد زیاتر هۆشمەند بکەن، کورد بە درێژایی ئەو هەشت ساڵەی جەنگی عێراق و ئێران زەررمەند نەبوو تاکوو ئەنفال و هەڵبجەی لی نەقەوما، ئەمە پلانێک بوو کە دووژمنان کردیان لە کورد بەبێ ئەوەی تاکو ئێساتکەیش هەستی پێکردبێت. ئێستاکەیش بارەکە بە جۆرێکی دیکەیە ئەویش ئەوەیە ئەگەر تۆ نەوت بەقاچاغی نەنێریت بۆ تورکیاو بۆری نەوت بەقاچاغی درێژ نەکەیتەوە بۆ ناو خاکی تورکیا لەهەمان کاتدا میوانداری تورک نەکەیت بە بێ ڤیزە بۆ ناو خاکی عێراق دەبێت بڵێم عێراق چونکە کەرکوکیش عێراقە بچکۆلانەکەی ئێوەیە کە وەزیری دەرەوەی تورکیا بەبێ فیزە خۆییکرد بە کەرکوکدا واتانکرد گورگەکە زیاتر لیکی نەوت بە دەمیا بێتە خوارەوە، ئیتر بارەکەی بەو شێوەی گۆرا کە مالیکی دەیەوێت ئەگینا مالکی بۆ بوجە دەبرێت؟ مالکی بۆ هارو دیکتاتۆر دەبێت؟ تۆ دەبێت لەوە بگەیت کە عەرەب، تورک، فارس خاکی داگیرکردوویت وە یەک پێناسەی هاوبەشیان هەیە کە ئەویش دووژمنن نەک دۆستو هاوپەیمان ئێوە سیاسەت ناکەن بەڵکو کڕینوفرۆشتن دەکەن.
جەنگی عێراق- ئێران کە هەشت ساڵی خایاند لە کۆتایی ساڵەکانی هەشتاکاندا لە کۆتایی جەنگدا کە هەردوو دەوڵەت هیلاک و ماندوو بون لە جەنگ کە هەردووکیان گەیشتنە ئەو بڕواییەی کە ناتوانن کەسیان براوە بن هەردووکیشیان درکیان بەوە کردبوو کە کورد سودمەندە لەم جەنگەدا چونکە کورد لەم جەنگە ڕاییکردو بە جەنگی خۆی نەدەزانی لێ نەکوژرا، دووژمن لە کۆتایی جەنگدا هاتن شەڕیان خستە ناوچەکانی کوردەوە ئەو ناوچانەی کە کوردی تێدا نیشتە جێییە بە واتایی ئەوان جەنگیان گواستەوە بۆ کوردستان بە بێ ئەوەی سەرکردایەتی کورد خۆی بۆ ئامادە کردبێت یان هەر بیریشی لێکردبێتەوە هەر بۆیە لە کۆتایی جەنگدا کورد گەورەترین زەرەمەندی جەنگ بوو دوایی ئەوەی کە کیمیابارانکرا و ئەنفالکرا شارەکانیش نائومێدێکی زۆری پێوە دیار بوو شارەکان چاوەرێ کارەساتی گەرەتر بوون بەڵام جەنگی کوێت کوردی لەو قەیران گەورەیە ڕزگار کرد، بەڵام جارێکی تر سەرکردایەتی کورد لە کۆتایدا دەستی کردەوە بە شەری براکوژیوو لە جاران زیاتر تاکی کوردی بێ هێوا کرد، ئێستاکەیش هەمان سەرکردایەتییە و دەبێت چاوەرانی مل شکاندنووو شکستیو سەرگەردانی تر بین، تا ئەم سەرکرداییشە هەبێت دەبێت هەمیشە خۆمان بۆ کارەسات و ماڵوێرانی تر ئامەدە کەین، نەگبەتی گەلی کورد لەوەدایە کە سەرکردایەکی هەیە نەخوێندەوار بڕوانامەی پێشمەرگایەتی هەیە کەچی حوکمی یەک سەد هەزار خوێندەوار دەکات، بە سەدان دکتۆر و ئەندازیار و پاریزگای دەورری داو بە سەدان مامۆستای زانکۆ ئەندامی حیزبی ئەون بە گریمان نەخوێندەوارێک، مەلایەک لە مزگەوتەکاندا دەتوانێت بە سەدان کەس لە خۆ کۆکاتەوە بە هەموو چینەکانەوە بەڵام خویندەوارێک، مامۆستایەک ناتوانێت تەنانەت دوو کەس لە خۆی کۆکاتەوە ئەمە سکانداڵی هزری کوردە لەبەر ئەوە ئێمە هەمیشە دەبێت چاوەروانی شتی خراپ کەین نەک باش ئێمە لەگەڵ خراپەکاندا گۆشتە بووین هەرگیز ڕاستێکان ناچێت بە هۆشو هزری ئێمەدا.
لەوەدەچێت عەقڵێتی سەردەمی شاخ وایی بیکردبێتەوە تا قوربانی زۆر بەیت خەباتت زیاتر فراوانتر دەبێت، هەر بۆیە ئاخیان بۆ هەڵبەجەیەکیتر هەڵکێشاوە بەڵام هەرگیز بیریان لەوە نەکردبۆوە کە پاش هەڵبجەکان ، پاش ئەنفال و قوربانێکان تۆ نەوەیەک بەجێدێڵێت کە لێواولێو پڕ بێت لە ناسۆر، پڕ بێت لە نائومێدی، پڕ بێت لە کارەساتە جەرگ بڕەکان، نەوەیەک کە نەتوانێت لە ئاخ زیاتر هیچی تری بۆ مێنێتەوە، کۆمەڵگەیەک ناخی پڕ بێت لە برینو ئازار ، جەستەی ماندوو ڕۆحیشی پڕ بێت لە شکێستێکان کە نەتوانێت هەرگیز بە ئاسودەیی سەربنێتەوە، ئەوان هەرگیز بیریان لەوە نەکردبۆوە کە دوایی ئەم هەموو کارەساتە ژینگەیەک بەرهەم دهێنن کە تاکەکانی هەمیشە بەدووی ڕۆحی خۆیاندا بەگەرێن کە لێنان وونبووە، ژینگەیەک پڕ لە بێوەژن و کچوکوری بێ باوک و بێ براو دایکی جەرگ سووتا، لە هەمان کاتیشدا پڕ لە گەورە کچ کە بەدیاری پەنجەرەی چاوەڕوانییەوە دەبێت هەمیشە لەو پەنجەرەیەوە بڕاوانێت ئاخۆ کەنگێ شۆرەسوارەکەی دەگەرێتەوە، ئاخۆ کەنگێ دڵدارەکەی دێتەوە پڕ بە حەزەکانی پڕ ماچ و باوەشی خۆشەویستی دەکات، ئەوان هەرگیز نەیاندەزانیو بیریشیان لێنەکردبۆوە کە جەنگ ئەگەر سەریشکەویت دەبێت ئەم باجانە بدەیت خۆت بۆ قەیرانەکان ئامادە کەیت.
ئێمە گەر عێراقی بین دەمانتوانی سەردەمی سەدامیشدا عێراقی بین، ئەگەر عێراق وڵاتمانو عەرەب برامان بێت بە هەمان شێوە دەتوانیین برای تورکیش بین و تورکیش بین، دەتوانیین ئێرانیش بین و فارس براو کەسمان بێت تا دوایی، ئەمە ئەو دەسەڵاتە کە بێ پرسیار هەموومان دەباتە بەر لوولەی مەرگ و بەسەر شەرەفی نیشتیمانەوە کارەسات دوایی کارەسات بە جیماندهێڵێت بەبێ ئەوە کەسێکمان پرسیارێکان لا دروست بێت، بەبێ ئەوەی کەسێکمان بەرپرسی ئەم هەموو شکستییە بخاتە ئەستۆی خۆیی ، کەسێک کە شتێک نەزانێت پرسیار دەکات بەڵام ئێمە مەخابن ئەو پرسیارەیشمان نەکرد.
ئیتر کاتی ئەوە هاتووە ئەو پرسیارانە لە دەسەڵاتی کوردی بکەین پێیان بڵێن مادەی ١٤٠ چ مادەیەکە پلاستیکە ، فافۆنە یان باغەیە؟ پرسیاری ئەوەیان لێکەین موسڵ کوردییە یان عێراقە حەیاتەکەیە ؟ ناوچەکانی مەدەلی جەسور حسار تەلعەفەر دیانە کوردین یان عەرەبی برامانن؟ پێیان بڵێن خانەقین سەر بە ئێرانە یان عێراق ؟ پێیان بڵێن لە دەستووری عێراقیدا مافەکانی کورد پارێزراوە یان خوراوە، پێیان بڵێن ماف و خاک داگیرکردن زۆریان لەیەکەوە دوورە ئەی ئێوە دەڵین چی؟ پێیان بڵێن کەرکوک دڵە یان قودسە یان عێراقێکی بچوکە؟
ئیتر کاتی ئەوە هاتووە بە سەرۆکی حکومەت بڵێن ئەوەندە مەچۆ بۆ تورکیان ئەگینا کوردێیە شکاوەکەت ئەوەندەی تر ووردوخاشاک دەبێت، پێ بڵێن زۆر چوون بۆ لای دووژمن لە دوایدا ئەتکات بە دۆست، بەڵام کام دۆست؟ ئەوە جارێکە بۆم ڕوون نەبۆتەوە، بەڵام هەستدەکەم حەفتاوچوار هەر ئێستاکەیە بەڵام بە ئەلفوبێ تورکی نەک فارسی. حەفتاوچواریش بارەگامان لە ئێران بوو بۆیە حاڵمان جوان بوو ئێستاکەیش لەو هەوڵەدان کە سەروەتوسامانی کورد بخەنە بانکی تورکییەوە، لەیەوە بە پارەی خۆمان خێرمان پێکەن، ئەمە گەورەترین سوکایەتییە بە تاکی کورد، بە هەست ونەستی ئەم نیشتیمانە خێر نەدیدەیە، ئاخر چۆن بژێویی میللەتێک دەخەیتە بەر دەمی گورگەکان کە هیچ ووشەو پێناسێکیان پێ نییە بۆ تۆ.
بەهەمان شێوە مالکی کە خۆیان فەرشی سوریان بۆ ڕاخست و دووجار دەنگیان بۆداو هەڵیانبژاردەوە ئێستاکە بۆتە مۆتەکە بەسەریانەوە بە بێ ئەوەی یەک تاکی کورد بڵێ ئەم پیاوە هەڵبژاردەی خۆتانە بۆ کردتان بە دووژمن بەسەرمانەوە تا ئەو ڕادەیی بڵێت خوێن بە خوێن!
ئاخر ئەم سیاسەتە چەوتانەیەی ئێوەیە کە ئێمەی سەرگەردانو دەربەدەرکرد، ئەگەر ئەم گەمژەییە نەوەسێنرێت لەوە زیاتر سەرگەردان دەبین ئەگەر ئێوە دڵتان بەوە خۆشەو داتان کووتیوە کورد جارێکیتر ئاوارە نابێتەوە ئەوا زۆر بە هەڵەدا چوون چونکە کورد خۆی کەسێکی ئاوارەیە لەبەر ئەوەی دەوڵەتی نییە تالەژێر سایەی ئەو دەوڵەتەدا بە ئاسوودەی بژی.
لە ساڵی ٢٠٠٣ ئەو کاتەی ئەمەریکا لە عێراقی داو سەدامی لە سێدارەدا تاکو ئێستاکە عەرەب گەورەترین زەرمەندی ئەم جەنگە بوو ئەوەی لەم ساڵانەدا لە عەرەبی عێراقی کوژراو و ئاوارەبوو بە ملیۆن ئاوارەو بە سەدان هەزار کوژراوی هەیە ئەوەی براوەبوو لەم جەنگەدا کورد بوو، کورد توانیی لە سەرەتای جەنگدا خۆیی بگرێت بەڵام گەمژەیی سەرانی دەسەڵات ئەویشیان وەک سەدانجاری تر تێکدایەوە هەروەکو سەردەمی جەنگی ئێران عێراق کە ئامەژەم کرد لەسەرەتادا، ئێستاکەیش وایە عێراق لە سەرەتادا ماڵوێرانو شپرزەبوو بەڵام ئێستاکە فرۆکە لە روسیاو ئەمریکا دەکرێت، کوردیش بە قاچاغچی لە تورکیاو ئێران کڵانشیکۆف و دارلاستیک دەکرێت بەڵام بۆ کوشتنی کورد بۆ کوشتنی زەردەشتەکان ، کاوەکان، سۆرانو حەڤدەی شوبات.
گەمژەیی عەقڵێتی سەرکردە وایە کاتێک هەڵەیەک دەکات، مالکی لە بەغداد هار دەبێت، مالکی دەست دەکات بە دواخستنی بوجە و جوڵاندنی سوپای عێراق، کێشەکە ئەوەیە سەرکردایەتی کورد هەست دەکات قەیرانێک هەیە لە کوردستاندا بەڵام دەریناخات و هیچ لەبارەیەوە ناڵێت، سەدامیش وابوو کاتێک عێراق کەوتە قەیرانی ئابووری و قەرزو بێ کارییەوە هات جەنگی کوێتی خولقاند تالەو قەیرانە ڕزگاریکاتو خەڵک بە جەنگەوە سەرقاڵکەن بەڵام سەری سەدامی خوارد، ئەمانیەیش ڕۆژێک دێت سەری خۆیان و ئێمەیش لە سێدارەی بێ هودەیی بدەن،
لەکاتی نەدانی موچەو بوجەدا گەمژەیی هەرێم لەوەدا بوو کە ویستیان هەرێم قەرز لە بانکەکان بکەن بەتایبەتی تورکیا بەڵام خۆشبەختانە ئەو قەرزەیان بۆ وەرنەگیرا ئەگینا ئێستاکە کورد جگە لەوەی دەستکەلای تورکە ئەوەندەی تر گۆمەکە قوڵدەبۆوە، هەر وڵاتێک فێری قەرز بوو ئیتر دەستی لێبشۆ، ئەگەر سەدام بەهۆی قەرزە قەبەو گەورەکانییەوە نەبواییە ئێستاکەیش لەسەر دەسەڵات بوو، قەرز دات دەڕوخێنی نەک دروستتکات ئەمە یاسایی ئابوورییە، ئابووری!
لە دووهەزاروسێوە عەرەب لێدەکوژرێت لێ ئاوارە دەبێت لێدەکرێت بە تیرۆرلیست، بەڵام کورد خۆشبەختانە لەو کوشتارگەیە بەدوورە ئەگەر گەمژەیی سەرانی کورد جارێکی تر سەرگەردانو قەیران دوایی قەیران ملمان نەشکێنن ئەوا دەبێت خۆمان بۆ پیلانەکانی دووژمن ئامادەکەین تا جارێکی تر ماڵوێرانی ڕوونەکاتەوە بەر دەرگایی ماڵەکانمان، هەشت ساڵ جەنگی ئێران و عێراق لەکۆتایدا شەریان گواستەوە بۆ کورستان، ئێستاکەیش وایە عەرب پلانی هەیە چۆن ئەو شەڕی داعش وتیرۆلیستە بگوازێتەوە بۆ کوردستان ووردە ووردە ئەو ناوچانە بکات بە ناوچەی قەدەغەکراو ، من پێموایە کە عەرەب پلانێکی هەیە و ڕەنگی بۆ ڕشتووە ئەویش ئەوەیە کە لە پاشەڕۆژدا کورد نەتوانێت بەهیچ شێوەیەک داوایی ئەو ناوچانە بکاتەوە کە ناویان ناوە ناوچەدابراوەکان، مالکی بە ناوی تیرۆلیست و داعشەوە هەمیشە سوپاکەی لەئامادە باشیدایە بۆ هێرشکردن، لەوەیش خراپتر ئەوە بوو کە مالکی ووتی خوێن بە خوێن! بەڵام سەرکردایەتی کورد کە هەمیشە پەنجەی هەرەشەی بەرزدەکاتەوە ئەم جارە هیچی نەوت! هیچیش ناڵێت ئەمە سروشتی سەرکردەی ئێمەیە ، هەڕەشەکان بۆ ماڵی خۆمان، نەرمێکانیش بۆ دووژمن.
سەدام پلانی هەبوو بۆ کورد ویستی پاشمان لێبگرێت سنورەکانی بگوازێتەوە و مین ڕێژی کردن، گوندەکانی ئەنفال کرد کردینی بە ناوچەی قەدەغەکراو سپاردی بە چۆڵەوانی بەڵام لەهەمان کاتیشدا پلانی هەبوو کە پڕیانکاتەوە بە عەرەبی فەلەستینی، ئیتر عەرەب بێت چونکە سەدام خەونی عەرەب بوو لە جیهانی عەرەبی سونەدا.
مالکی پلانی هەیە! شەڕ داعشو تریرۆلیست بگوازێتەوە بۆ ناوچە دابراوەکان ئەو ناوچانە بکات بە ناوچەی قەدەغەکراو، مالکی هەر لەسەرەتاوە سلێمانی و هەولێر و دهۆک داناوە بۆ کورد حەزیش دەکات کورد لەو سێ پارێزگایەدا جیاببێتەوە لە عێراق، ئیتر بەرۆکی عەرەب بەربدەن بە گریمان ئێمە پەنجا ساڵ بەر لەئێستاکە چیانداینێ هەر ئەوەیە ، پەنجا ساڵە ئێمە لەناو خۆماندا خۆمان ڕسواو سەرگەردان کرد خۆمان کرد بە دوژمنی سەرەکی خۆمان لە ماڵوێرانی نەبێت هیچی ترمان نەچنی بۆ ئەم نیشتیمانە بێ خاوەنە ،تاکی کوردمان پڕکرد لە نائومیدیو ئاوارەیی
مالکی خەونێکە لە خەونی عەرەبی شیعە! سەرکردەکانی کورد کابوسێکن لە خەونی کورد! سەرکردەیەک عەلمانی خوێندەوار پڕ بڕوانامە زمانزان بە خەونیش پێت ڕانەبینێت کە ببیت بە خاوەنی دەوڵەتی خۆت، سەرکردەیەکی تریشیان نەخوێندەووار بڕوانامەو بەکالۆرسی لە پێشمەگایەتی هەیە بەم ڕۆژگارە گاڵتە بە هەستونەستی تاکی کورد دەکات بە دەهۆڵی دەوڵەتی کوردی. ئەو چاڵە گەورەیی لەسەر سنوری ڕۆژئاوا دەستیان پێکردووە زەنگێکی ترسناکە هەموومان دەخاتە ژێر پرسیاری ئەخلاقیەوە ئەو سوپاییەی مالکی لە پێشەوە دایناوە کورد لە سێ پارێزگاکەدا قەتیس دەکات وەک ئەو زیندانە زلەی لێدهێت کە ناویان ناوە هەرێم.
نامۆ سامان / 2014-04-14
ئەنفال پێناسەی ئێمەیە، ئێمە ئەو پێناسەیەمان بزرکردووە
ئەنفال پرۆسەیەک بوو لە مەرگی ئێمەدا لە ژەهر هەڵکێشرا
من ئەنفالم
لە گوڵەکانی بەهەشت تەنیاترو
لە نزاکانی ئێوە پاکتر
جەستەم بەدەم سەگەکانی عەرعەرەوە هێشتاکە هاواردەکات
ڕۆحم بە بیابانەکاندا وەک{ با} دەلوورینێ و زریکەی دێت
دەمناسنەوە؟
ئەوە من عیرفان!
سەرم سپییو پشتم کۆڕو
چاوەکانیشم کز
پێکانم وەک ئەوەی هێشتاکە ڕاکردنیان تێدا مابێت ماخۆلانێتی
دەمناسنەوە ؟
تەمەنم هێشتاکە بەقەد پەنجەکانی دەستم نابێت
چاڵێکیان بۆ هەڵکەندووم بەقەد دەمی سەگێک
بە خودا بڵین:
بە تەنیشت تۆوە ماڵێک هەیە پڕ لە زریکەی منداڵو ژن
پڕە لە ڕەشماڵی چاوەڕوانی
ناویان ناوە ئەنفال
بە تراکتۆرەکان بڵێن:
ئێوە زیلەکانی بەعس دەناسنەوە
کە چۆن هەناسەکانی فڕکان فڕکان بۆ چاڵەکانی مەرگ دەگواستەوە
بە هۆڵۆکۆست بڵێن:
کە هاتیت لەگەڵ خۆتا کەلەپچەیەکو
پڕ بە دەمت تف بهێنە
چونکە هێشتاکە هیتلەر لێرەکانە فڕکان فڕکانێتی
هێشتاکە کوورەکانی خنکاندن جمەیان دێت لە کوشتنی عیساکانی وڵات
بەو دووپێیەش بڵێن:
ئەنفال پەڵەیەکی ڕەشە
نیوەی بە نێوچەوانی سەرانی کوردەوە
نیوەکەی تریشی بە نێوچەوانی عەرەبەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست