قەرەیلان: بۆ ئاشتییەكی درێژخایەن و لە دڵەوە، دەبێ دەوڵەت لە گەڵ ڕێبەری سەرهەڵدان ڕێك بكەوێ
Tuesday, 28/06/2011, 12:00
ئاژانسەكان
ئەوڕۆ بەشی دووەم لە گفتووگۆی ڕۆژنامەوان حەسەن جەمال لە گەڵ سەرۆكی كۆنسەی بەڕێوەبەرایەتیی كەجەكە موراد قەرەیلان، لە ڕۆژنامەی میللیەتی توركدا بڵاو كرایەوە و، تیایدا قەرەیلان دەستنیشانی كرد كە ڕەوشیهەنووكەیی لە توركیا، ئیدی چارەسەری دەسەپێنێ و كۆمەڵگەش وەكوو پێشوو بە ترس و گومانەوە، لە پرسی كورد ناڕوانێ.
قەرەیلان هەروەها ڕایگەیاند كە ئەگەر ئاكەپە و بەدەپە، پشت لە یەك بكەن و دوژمنایەتیی نێوانیان قووڵتر ببێتەوە، ئاشتی پێك نایەت. ڕۆژنامەوان حەسەن جەمال لە درێژەی بابەتی دیدارەكەیدا، گرنگیی دەدا بە نرخاندنەكانی قەرەیلان لە بارەی نەخشەڕێی چارەسەری كە تیایدا وەها دەدوێ: ڕەوشی توركیا ئیدی ئاشتی و چارەسەری فەرز دەكا. كۆمەڵگە ئیدی بە ترس و گومانەوە لە پرسی كورد ناڕووانێ و، تا دێ زیادتر لە چارەسەری دەگەڕێ. توركیا ئیدی كەوتۆتە ئەو قۆناغەوە.
قەرەیلان تیشكی خستە سەر ئەنجامی هەڵبژاردنی 12ی حوزەیران و وەها درێژەی بە قسەكانی دەدا: لە لایەكەوە ئاكەپە و لە لایەكی ترەوە بەدەپە. ئەمە ڕاستییەكە كە هەریەك لەوان نیوەی دەنگەكانیان لە كوردستان وەرگرتووە. ئەگەر ئێستا هەردوو پارتی پشت لە یەك بكەن و، تا دێ دوژمنایەتیی یەكتر بكەن، ئایا ئاشتی پێك دێ؟ بێ گومان پێك نایەت.
قەرەیلان لەو بارەوە ئاماژەی بە ڕۆڵی ئەردۆغان كرد و تیشكی خستە سەر هەڵوێستی دەوڵەتی تورك لە بەرامبەر سەرهەڵدانی كوردان؛ بۆ ئەوەی ڕێ لە بەردەم ئاشتی بكرێتەوە، دەبێ هەنگاوی یەكەم لە لایەن سەرۆكوەزیرەوە بنرێ. كۆماری تورك سەرجەم ڕێبەرانی سەرهەڵدانەكانی كوردانی لەسێدارەدان. ئێستا ڕێبەری سەرهەڵدانی هەرە دوایین و هەرە مەزنی كوردان لە ژیاندایە. بۆ ڕێككەوتنی كوردان لە گەڵ كۆمار، بۆ ئاشتییەكی درێژخایەن و لە دڵەوە، دەبێ دەوڵەت لە گەڵ ڕێبەری سەرهەڵدان ڕێك بكەوێ. بۆ ئەمەش، دەبێ دەرفەت بدرێ كە ڕێبەری سەرهەڵدان بە بێ ئاستەنگی بتوانێ كار بكا و، لە پێناو چارەسەریدا ڕۆڵی خۆی ببینێ.
لە بارەی هەڵوێستی كۆمەڵگەی توركیاش لە بەرامبەر ڕێبەری گەلی كورد عەبدوڵڵا ئۆجەلان، قەرەیلان ئەم نرخاندنانەی كرد: دەڵێن ئەو بەرپرسیارە لە كوشتنی 35 هەزار كەس. ئەمە ڕاست نییە. باشە ئەوكات بەرپرسیاری 17 هەزار كوشتنی بكەری نادیار كێیە؟ ئایا چیللەرە یان دەمیرەل؟ هێندە مرۆڤی ئێمەی بێچەك كوژراون. تەنها لە دێرسیم 70 هەزار. لە دۆڵی زیلان و ئاگری 30 هەزار كەس. ئەو هەموو كۆمەڵكوژیانە هی كاتی سەرهەڵدانی شێخ سەعیدن. باشە بەرپرسیاری ئەو هەموو كوشتنانە كێن؟
قەرەیلان بانگەشەكانی سەرۆكوەزیری توركی بەبیرهێنایەوە كە دەڵێ ئێمە نكۆڵیكردنمان لە ناوبرد و ئەمەی وەها نرخاند: سەرۆكوەزیر بێ ئەوەی هەموو ئەو ڕاستیانە ئاشكرا بكات، چۆن دەڵێ ئێمه نكۆڵیكردنمان لەناو برد! دەبێ سەرۆكوەزیر بتوانێ بڵێ: بەڵێ! برایەتیی كورد و تورك هەزار ساڵەیە. دوای 1924، كورد نكۆڵییان لێ كرا، ئەو نكۆڵیكردنە بە ڕەوا نیشان درا. بەوە شێوەیە سەرهەڵدانەكان سەركوت كران. ئەو سیاسەتەی نكۆڵیكردن كە تراژیدیدیای لێ كەوتنەوە، هەڵە بوو. پەكەكە و ئۆجەلان لە ئەنجامی ئەو سیاسەتەی نكۆڵیكردنەدا هاتنە ئاراوه. ئێستا ئێمە ئەو هەڵە مێژووییە جوبران دەكەینەوە.
قەرەیلان لە درێژەی دیدارەكەیدا دەڵێ؛ ئەگەر سەرۆكوەزیر ئەو ڕاستییانە دەرببڕێ، ئەوكات هیچ كەس ئیدی ناڵێت ئۆجەلان ئەوەی كرد، یان پەكەكە ئەوەی كرد. پەكەكە بە بێ هۆكار نەهاتە ئاراوە. دوو ساڵ لەمەوبەر من لە قەندیل بە ئێوەم ووتبوو، ئێمە بۆ سەیران نەهاتووینە ئەو چیایانە.
موراد قەرەیلان دەستنیشانی كرد كە ئەردۆغان بە پێچەوانەوە، لە پێڤاژۆی بەر لە هەڵبژراندا، باسی لەسێدارەدانی ڕێبەری گەلی كوردی كردووەو، بەو هەڵوێستەی، ڕێی لە بەردەم ڤێتۆكردنی خەتیب دیجلە و قەیرانی ئێستای پەرلەمانتەرە گیراوەكانیش كردۆتەوە.
سەرۆكی كۆنسەی بەڕێبوەایەتیی كەجەكە موراد كرایڵان، لە لێدوانی خۆیدا لە گەڵ ڕۆژنامەوانی تورك حەسەن جەمالدا، هۆكاری بەبنبەستگەیشتنی بەناو یەكەمین كرانەوەی دێموكراتیكی ساڵی 2009ی نرخاند و، دەستنیشانی كرد كە ئەردۆغان ئەوكات، بۆ خۆی لە دەفەكەی دا و، یاریی بە خۆی كرد. بۆیە هەوڵدانی یەكەمین سەرنەكەوت.
سەرۆكی كۆنسەی بەڕێوەبەری كەجەكە موراد قەرەیلان، لە بارەی كرانەوەی دێموكراتیك كە دوای پێشوازییە بەجۆشەكەی خابوور لە پەیامبەرانی ئاشتی بە بنبەست گەیشت، ووتی: ئەوكات ئاكەپە بانگەشەی كرد وووتی؛ بێ ئەوەی كەسێك بە مخاتەب بگرم، من چارەسەری دێنم. بەڵام لە بەر ئەوە هەوڵدانەی یەكەم یەكلایەنە بوو، سەرنەكەوت. نەشدەزانرا ئایا نەخشەڕێیەك لەدەستی ئەردۆغاندا هەبوو یان نا.
قەرەیلان ئاشكرای كرد كە ناردنی پەیامبەرانی ئاشتی لە سەر داخوازیی ئەردۆغان بوو، لەو بارەوە وەها قسە دەكات؛ ئەوكات ووتی، با وەكوو نیشانەیەكی بەرچاوی ئاشتی گرووپێك بێ. ئەردۆغان هەوڵی دا ناردنی گرووپەكانی ئاشتی بۆ بەرژەوەندیی پارتەكەی بەكار بێنێ. ئێمەش بۆ ئەوەی كێشەیی یاسایی ڕوو نەدەن، كەسانی تایبەتمان هەبژارد. لە ڕاستیدا ڕێبەر ئاپۆ هەندێ گومانی هەبوون. خۆلەخۆ دواتر سەرۆكوەزیر بڕیارەكەی خۆی گوڕی و هەوڵەكان تێكچوون.
لە سەر بابەتی دیدارەكانی كاربەدەستانی دەوڵەت لە قەندیلیش، قەرەیلان ئەو زانیاریانەی دان: ڕاستە! دوای هەندێ هەوڵدان، دەوڵەت هەندێ پەیوەندیی پێك هێنان. بەڵام ئێمە ووتمان نابێ، ئەمە ڕاست نییە و، ڕێمان لێ گرت. چونكە بۆ ئێمە تاكە ناونیشانی چارەسەری ئیمڕالی و ڕێبەر ئاپۆ بوون. دەوڵەت ئێستا لە گەڵ ڕێبەر ئاپۆدا دیدار ئەنجام دەدا. ئیدی پرسی مخاتەب نەماوە. ئەوڕۆ لە لایەن ئێمەوە، تەنها ڕێبەر ئاپۆ مخاتەبی پرسەكەیە. ئەگەر دەوڵەت بیەوێ، زەمینەی چارەسەری هێندەی بیانەوێ هەیە. ئاكەپە لە سەدا (50)ی دەنگەكانی گرتووە. ئیدی ئێمە چاوەڕوانیی چی دەكەین؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست