کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ژیان و ژینگه‌ی سلێمانی له‌ مه‌ترسییدایه‌!

Wednesday, 26/01/2011, 12:00


کاتی خۆی حیزبێک بۆ پاراستنی ژینگه‌  له ‌سلێمانی به‌ناوی حیزبی سه‌وز  دروست بوو، پارتی رازی نه‌بوو له‌ هه‌ولێر ئه‌م حیزبه‌ باره‌گای خۆی بکاته‌وه‌، وتیان ده‌بێت ناوه‌که‌ی بگۆڕێت بۆ حیزبی ژینگه‌ی زه‌رد.
به‌ر له‌هه‌ر شت ده‌مه‌وێ خوێنه‌رانی کوردستانپۆست ئاگادار بکه‌مه‌وه‌، پێیان بڵێم واتێنه‌گه‌ن و بڵێن ئه‌م کاکه‌یه‌ ده‌م له‌هه‌موو شت وه‌رده‌دات، به‌دڵنیایه‌وه‌ پێتان ده‌ڵێم من که‌سێکم که‌مترین شت له‌باره‌ی ژینگه‌وه‌ ده‌زانم، به‌ڵام نیشتمانه‌که‌م هێنده‌ خۆش ده‌وێت، ده‌مه‌وێت به‌رله‌ کاره‌ساته‌کان ڕووبدات، هه‌وڵ بده‌ین به‌ریان پێ بگرین، هه‌ر بابه‌تێکیش له‌کوردستانپۆست بڵاو نه‌بێته‌وه‌ ده‌سه‌ڵات به‌هه‌ند وه‌ری ناگرێت. هه‌ر بۆیه‌ کاتێک به‌خوێنه‌رانمان ووت چاوه‌ڕوانی ڕیپۆرتاژێک بن له‌سه‌ر ژینگه‌ی سلێمانی ئه‌مڕۆ له‌ ڕۆژنامه‌ ڕووزه‌رده‌که‌ی یه‌کێتییه‌وه‌‌ شه‌رمنانه‌ له‌ ژماره‌ی 5385 ساڵی بیسته‌م ڕۆژی یه‌کشه‌مه‌ 23 / 12 / 2010 لاپه‌ڕه‌ی چواردا به‌هه‌ڵه‌داوان له‌ژێر ناونیشانی کار بۆ پاراستنی ژینگه‌ ده‌کرێت هه‌واڵێکیان بڵاوکرده‌وه‌.

باشه‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌م بیست ساڵه‌دا کوردستانی نوێ چی بۆ ژینگه‌ پێ بووه‌؟
کامه‌یه‌ ئه‌ده‌بیاته‌که‌ی له‌ باره‌ی ژینگه‌وه‌؟
ئه‌مه‌ و ده‌یان پرسیاری تر، تا کاتێک له‌م سه‌کۆ ئازایه‌وه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ نه‌خرایه‌ به‌ر باس، ئه‌وان هه‌رچی مه‌ترسییه‌ک هه‌بوو ده‌یانشارده‌وه‌، ئیستاش ئه‌وه‌نده‌ی پێویست ئه‌وان تازه‌ خه‌به‌ریان بۆته‌وه‌، که‌ هێنانی ئه‌و هه‌موو ئۆتۆمۆبیله‌ خراپه‌. کێ به‌رپرسه‌ له‌ پیسکردنی ژینگه‌ی سلێمانییدا؟


سلێمانی شارێکه‌ له‌ دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ هه‌میشه‌ فره‌ کوێخا بووه‌، ئه‌مه‌ یه‌کێکه‌ له‌و هۆکارانه‌ی بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی ژینگه‌ی سلێمانی بخاته‌ ژێر مه‌ترسییه‌وه‌، چونکه‌ هه‌میشه‌ به ‌مه‌زاج ڕێگه ‌و بان دروستکراوه‌. لێره‌ هیچ پلانێکی داڕێژراو نییه‌ هه‌رچی پڕۆژه‌ هه‌یه‌ به‌ر له‌ده‌ست پێکردنی کۆمه‌ڵێک دز، کۆمه‌ڵێک مافیا پاره‌که‌یان تێدا حه‌په‌لۆش کردووه‌.
ماوه‌ی 20 ساڵه‌ له‌م شاره‌دا به‌رپرسه‌کان قردێله‌ی پڕۆژه‌ ده‌بڕن، به‌پێی ئه‌و قردێلانه‌ بوایه‌ ئیستا سلێمانی وه‌ک پاریسی لێده‌هات، هه‌ر کاتێک هه‌ڵبژاردنێک دێته‌ پێشه‌وه‌، به‌رپرسه‌ حیزبییه‌کان ده‌ست ده‌که‌نه‌وه‌ به‌ بڕینی قردێله‌کان و باسی پڕۆژه‌ وه‌همییه‌کان و پاره‌ به‌خشینه‌وه‌. ژینگه‌ی سلێمانی ترسناکترین ژینگه‌یه‌، له‌م شاره‌دا که‌س ناتوانی هه‌ناسه‌یه‌کی پاک هه‌ڵمژیت.
کاتێک ده‌چیته‌ ده‌ره‌وه‌ی شار، ئه‌و کاته‌ هه‌ستت کردووه‌، که‌ تۆ هه‌وای پاکت هه‌ڵنه‌مژیوه‌، به‌ڵکو ژه‌هرت ده‌رخواردی سییه‌کانت داوه‌.
مافیاکانی ده‌سه‌ڵات به‌رپرسی یه‌که‌من، ئه‌مانه‌ تاکو ئیستا خۆیان به‌میوان ده‌زانن، بۆیه‌ هه‌ر له ‌هه‌ڵپه‌ی پاره‌ کۆکردنه‌وه‌ و دزییکردندان، به‌رپرسیارێتییان به‌رامبه‌ر به‌ خاک و ئاو و هه‌وای نیشتمانه‌وه‌ نییه‌، ئه‌مانه‌ دژی سه‌وزیین و شاریان کۆنکرێت کردووه‌، له‌م ڕۆژانه‌دا گوێم له‌ ڕادیۆ ده‌گرت، که‌ شاره‌زایه‌کی ژینگه‌ناس مژدانه‌ی ده‌دا به‌دانیشتوانی سلێمانی و ڕێژه‌ی سه‌وزایی ڕاگه‌یاند، که‌ له ‌2% وه‌ بووه به‌‌ 4% ئه‌و پێی وابوو ئه‌م ڕێژه‌یه‌ باشه‌ و ده‌یانه‌وێ زیادتری بکه‌ن.
سه‌رانی مافیا به ‌بێ پرس هه‌رچی زه‌وییه‌ کشتوکاڵییه‌کانه‌، که‌ ده‌کرا ببوونایه‌ به‌ هیوایه‌ک بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌وایه‌کی شیاو و پاک، که‌چی ئه‌مان به‌سه‌ر خۆیاندا دابه‌شیان کردووه‌. شه‌قام کوچه‌ و کۆڵانه‌کان پڕه‌ ‌ له‌ئۆتۆمۆبێلی گه‌وره‌ و گران، ئه‌مانه‌ هیچ مه‌رجێکی ته‌ندروستیان تێدا نییه ‌و به‌بێ ئیش وکار له‌ شه‌قامه‌کان وه‌ربوون. ئه‌گه‌ر بته‌وێت بچیت بۆ ناو جه‌رگه‌ی شار کاتژمێرێکت ده‌وێ گرنگ نییه‌ له‌چ کاتێکدا ده‌ڕۆیت، به‌یانی . . نیوه‌ڕۆ . . یان ئێواران، ته‌نانه‌ت شه‌ویش بۆ هاتوچۆ ناره‌حه‌ت بووه‌.




کوردستانپۆست له‌ڕیپۆرتاژێکدا له‌ژێر ناوی (ئه‌وده‌سه‌ڵاته‌ی هاوڵاتیان به‌دوژمنی خۆی ده‌زانێت) به‌وردی باسی له‌ ژماره‌ی مۆڵه‌تدان و هاتنی ئۆتۆمۆبیلی ڕوونکردۆته‌وه‌.

http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=0a952cdd

له‌و باره‌یه‌وه‌ ئێمه‌ ورده‌کاری زیاترمان کۆکردۆته‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بازرگانییه‌ی که‌ له ‌سه‌ر ته‌ندروستی خه‌ڵک ده‌یکه‌ن (پێشه‌نگای سه‌ردار) که‌ کابرایه‌ک خاوه‌نێتی،‌ کاتی خۆی خزمه‌تکاری عوده‌ی کوڕی سه‌دام بووه‌، ئیستا له ‌لوبنان و دوبه‌ی داده‌نیشێ هه‌زاران ئۆتۆمۆبێلی دوامۆدێلی به‌رزی هێناوه‌ته‌ پێشه‌نگاکه‌یه‌وه‌، ئیواران هه زاران خه‌ڵک له‌وێ به‌ناو ئه‌و پێشه‌نگایانه‌دا دێن و ده‌چن و کاتی خۆیان ده‌کوژن و مامه‌ڵه‌ده‌که‌ن، ئه‌مان چونکه‌ پاره‌‌یان به‌ موفت ده‌ست که‌وتووه‌ ده‌یده‌نه‌ خه‌ڵک، به‌ڵام ده‌بێ تاپۆی خانوویه‌ک دابنێیت و مانگانه‌ به‌قیست پاره بده‌یت، ئیستا له‌ زۆربه‌ی پێشه‌نگا ی ئۆتۆمۆبیله‌کان واده‌که‌ن. کوڕه‌که‌ی فاروقی مه‌لامسته‌فا ئۆتۆمۆبێلی فۆرتی هه‌یه‌ و له‌ هه‌واره‌ به‌رزه‌و وه‌رشه‌یه‌کیشی داناوه‌، کرێکارانی ئه‌و وه‌رشيیه‌ بۆ ‌خولێکی خوێندن چووبوونه‌ ‌ووڵاته‌ یه‌کگرتۆکانی ئه‌مه‌ریکا، ئیستا فۆرت فرۆختی زۆره‌ و هه‌موو پارچه‌کانی له‌و وه‌رشه‌یه‌ ده‌ست ده‌که‌وێت.





ئۆتۆمۆبێل وای لێهاتوه‌ ئه‌وه‌ی کرێچیشه‌ ئۆتۆمۆبێلێک دوان بگره‌ سیانیشی هه‌یه‌، ژماره‌ی ئۆتۆمۆبیله‌کان ئه‌گه‌ر له‌ژماره‌ی دانیشتوانی شار زۆرتر نه‌بن، ‌که‌متر نییه‌، چونکه‌ محاڵه‌ به‌ جێگه‌یه‌کدا بڕۆی چاوت به‌ده‌یان بگره‌ سه‌دان ئۆتۆمۆبێل نه‌که‌وێت، ته‌نانه‌ت له‌گونده‌کانیشدا ژماره‌یه‌کی به‌رچاو ئۆتۆمۆبێلت به‌ر چاوده‌که‌وێت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی که‌م گه‌راج هه‌یه‌ له‌ماڵاندا ئۆتۆمۆبیلێکی لێ پارک نه‌کرابێ.
ئیستا مۆدێلێکی هێنده‌ ناشرین په‌یدابووه‌‌ بۆ خانووکردن، سه‌دان دار و گوڵ و چیمه‌نت بۆ وێران ده‌که‌ن، دوو قات یان سێ قات دروست ده‌کرێ بۆ ئه‌وه‌ی به‌کرێی بده‌ن، ئه‌م خانوانه‌ هیچ مه‌رجێکی ته‌ندروستییان تێیدا نییه‌، چونکه‌ ئیستا نه‌باخێک نه‌دارێک له‌هیچ ماڵێکدا نابینی و خه‌ڵکی گوێ به‌وه‌نادات. ده‌سه‌ڵاتیش هیچ پلانی نییه‌ و ناشتوانێت هیچ بکات، چونکه‌ ئه‌و وڵاته‌ به‌ بێ یاسا به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، ‌ که‌س ناترسێ و که‌س گوێ ناگرێ، ده‌سه‌ڵاتیش نایانه‌وێت هیچ بکه‌ن که‌ خه‌ڵک کۆبێته‌وه‌، که‌ ده‌ڵێین پلان نییه‌ من ده‌یان نمونه‌ی زیندووم لایه‌. هاوڕێیه‌کم خه‌ریکی خانوودروست کردن بوو ده‌یویست ژێرزه‌مینێک دروست بکات، تاکو دوایی بیکات به‌‌ دوکان و به‌کرێی بدات، ئه‌و گه‌ڕه‌که‌ جێگای بازرگانی نه‌بوو زۆر له‌ ڕێگه‌ی یاسایه‌وه‌ هه‌وڵی دا ڕێگه‌یان نه‌دا، تا کۆنه‌ خۆفرۆشێکی دۆزێوه‌ به‌ پێنج گه‌ڵا (500 دۆلار) کاره‌که‌ی بۆ کرد، ئێره‌ پاشاگه‌ردانییه‌، من زۆر سه‌رکۆنه‌ی هاوڕێکه‌م کرد، به‌ڵام کار له‌کار ترازابوو، کاتێک بۆ منی باس کرد، چه‌نده‌مین قاتی خانووه‌که‌ی ڕوو له‌ئاسمان بوو، له‌ دووسه‌د مه‌ترا باڵه‌خانه‌یه‌کی چوار نهۆمی تێدا کردبوو.




به‌ردی حه‌لان، که‌ هه‌موو خه‌ڵک ده‌زانێ ڕیفلێکسی خراپی هه‌یه‌، واته‌ له‌ رێگای ئه‌و ماده‌یه‌ی که‌ تێیدایه‌ به‌ هۆی تیشکی خۆر و به‌سه‌رچوونی کاته‌وه‌ کاردانه‌وه‌ی خراپی لێده‌که‌وێته‌وه‌، پیست توشی ژێر په‌نجه‌ ده‌کات، به‌ڵام تاڵه‌بانی و بارزانی بۆ ئه‌وه‌ی دڵی یارۆی ده‌وڵه‌مه‌ندی موسڵاویان لێ نه‌ڕه‌نجێ، هیچ ناڵێن. ئه‌م به‌رده‌ هه‌ر بۆ کوردستانه‌، به‌ڵام عه‌ره‌بێکی کۆنه‌ به‌عسی خاوه‌نێتی و زۆرترین فرۆختی له‌و شاره‌ داگیرکراوانه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی تاڵه‌بانی و بارزانیدایه‌.

بۆچی ئه‌مانه‌ دژی دار و سه‌وزیین؟
ته‌نها ده‌سه‌ڵات تاوانبار نییه‌، وه‌ک ده‌گووترێ ئه‌و خه‌ڵکه‌ش شایسته‌ی ئه‌و حاکمه‌یه‌، که‌ حوکمی ده‌کات، ئه‌مه‌م له‌ ده‌می چه‌ند که‌سێکی وشیاری شاره‌که‌ بیستووه‌، جا به‌ڕاستییش وایه،‌ که‌سێک نابینی له‌و نیشتمانه‌ی ئێمه‌دا هه‌ستی به‌رپرسیارێتی هه‌بێت و بیر له‌ نه‌وه‌ی داهاتوو بکاته‌وه‌ و به‌ئامانه‌ته‌وه‌ له‌ ده‌ورو به‌ری بڕوانێت و به‌زه‌ییه‌کی پێدا بێته‌وه‌.
له‌عه‌ره‌بانه‌چییه‌که‌وه . ..‌ تا فه‌رمانبه‌رێک . . پۆلیسێک. . خێزانێک، ده‌زانن چه‌نده‌ خۆراک ده‌خۆن، ئه‌وه‌نده‌ش فڕێ ده‌ده‌ن.
ئه‌م خه‌ڵکه‌ی ئێمه‌ بیرکردنه‌وه‌یه‌کی سه‌یریان هه‌یه، هه‌روه‌ک ماسیی ته‌نها ‌بۆ دوو چرکه‌ کاره‌ساته‌کاین له‌ یاد ماوه‌ و بیریان ده‌که‌وێته‌وه‌، بیریان چوو به‌ر له‌ چه‌ند ساڵ له‌ برساندا شته‌ به‌هاکانی ماڵه‌که‌یان هه‌راج ده‌کرد، بیریان چوو خه‌ڵکی به‌دوای رێکخراوه‌ خێرخوازه‌کانه‌وه‌ بوون، گوڵه‌ گه‌نمیان کۆده‌کرده‌وه‌، ئیستا له‌چێشخانه‌کاندا بێڕێزی دنیا به‌خۆراک ده‌کرێت، له‌ماڵه‌کاندا سفره‌یه‌ک باوێتی، که‌ له‌ ئیڕانه‌ هاتووه‌ ناویان ناوه‌ (سفره‌ی ژنی ته‌مه‌ڵ) ئه‌و سفره‌یه‌ بۆ یه‌ک جار راده‌خرێت، نازانم ئه‌م هه‌موو خانمه‌ فیمینیزمه‌ ساخته‌چییانه‌مان هه‌یه‌، که‌ به‌حساب به‌رگری له‌ژنان ده‌که‌ن بۆ قبوڵی ئه‌و سوکایه‌تییه‌ ده‌که‌ن که‌ به‌ژن ده‌کرێت، به‌مه‌رجێ ژن هه‌میشه‌ له‌کار کردن و خزمه‌ت کردندایه‌؟


نازانم بۆ ئه‌م ناو ناتۆره‌یه‌ له‌و به‌رپرس و حه‌سحه‌س و حیمایانه‌ نانرێت که‌ خزمه‌تکاری ئه‌م موشه‌خۆرانه‌ ده‌که‌ن؟ باو باپیرانی کورد له‌ سه‌رده‌مانێکدا کاتێک منداڵێک له‌دایک ده‌بوو (نه‌مامێکیان بۆ ده‌چاند، کاتێکیش که‌سێکی ده‌مرد به‌هه‌مان شێوه‌ نه‌مامێکیان بۆچاندووه‌)
ئه‌مه‌ جوانترین شتێک بوو که‌ ئیستاش خۆش به‌ختانه‌ له‌ هه‌ورامانی سه‌خت په‌یڕه‌و ده‌کرێت، ئه‌مه‌ جوانییه‌کی ڕۆحی تێدایه‌، که‌ ده‌زانیین کورد هه‌میشه‌ نیشتمانه‌که‌ی داگیرکراوه‌، به‌ڵام قه‌ت پشتی نه‌کردۆته‌ ژینگه‌، که‌چی ئه‌وه‌ بیست ساڵه‌ به‌ ناو کورد حاکمی کوردستانه، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌‌ هه‌ر چی شتی جوان هه‌بوو ئه‌م حاکمه‌ ترسنۆک و چاوچنۆکانه‌ زه‌وتیان کرد و نه‌یان هێشت.
من ڕۆژنامه‌نووسێک ده‌ناسم، جارێک پێی ووتم: له‌گه‌ڵ چه‌ند که‌سی تردا چوونه‌ته‌ سه‌ری ره‌ش بۆ لای مه‌سعود بارزانی، مه‌سعودیان دیوه‌ له‌ناو باخچه‌که‌یدا بووه‌، خه‌رێکی گوڵه‌کانی بووه‌، من زۆر پێ که‌نیم، ووتم: ئه‌ی باشه‌ بۆ ته‌نها مه‌سعود لوتی بۆنکردنی هه‌یه‌؟ بۆ ئێمه‌ ئاره‌زوو ناکه‌ین کوردستان ببێته‌ بلوار و ئاسودانه‌ هه‌ناسه‌ی تێدا بده‌ین یان له‌وێشدا مه‌سعود خۆپه‌رست و ترسنۆکه؟‌ ئه‌ی بۆ که ‌دێت بۆ سلێمانی ساڵی جارێک زیاتر له‌ سه‌د ئۆتۆمۆبیلی له‌گه‌ڵدایه‌، ده‌ڵێی بوک ده‌گوێزنه‌وه‌؟ برای هێژامان کاک شێرزاد به‌رزنجی له‌ژێر ناونیشانی (ئه‌م خۆڵبارانه‌ش خه‌تای حوکمه‌تی هه‌رێمه‌):

http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=75b80e0b

له‌م نووسینه‌دا کاک شێرزاد زۆر زانستیانه‌ ده‌سه‌ڵاتی ئاگادار کردۆته‌وه‌.
به‌ڵێ وه‌ک ووتم ئه‌م ده‌سه‌لاته‌ گوی خۆی سمیوه ‌و نایه‌وێت هیچ ببیستێ، مه‌سعود له ‌سه‌ری ڕه‌ش به‌هه‌شتی بۆ خۆی و منداڵه‌کانی دروست کردووه،‌ که ‌دانیشی دێته‌ ژان راده‌کات بۆ نه‌مسا، که‌ پاره‌کانی که‌ڵه‌که‌ ده‌بێت تێ ده‌ده‌قێنێت بۆ سویسره‌، که‌ جله‌کانی چڵکن ده‌بێت، راده‌کات ده‌چێت له‌ ئیتاڵیا قات ده‌کڕێ، ئه‌و کوردستان جێ ده‌هێڵێت، هه‌م دانی چاک ده‌کاته‌وه‌، هه‌م بازرگانی ده‌کات، به‌بێ ئه‌وه‌ی جارێک جوانییه‌کی وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ له‌گه‌ڵ خۆیدا بهێنێته‌وه‌ و بیکات به‌ یاسا له‌ وڵاته‌که‌ماندا، ئه‌م هه‌موو به‌رپرسه‌ ترسنۆکانه‌ ئه‌وه‌ کاریانه‌ و له‌پچوکترین ڕووداودا جێشمان ده‌هێڵن.
با له‌خۆمانه‌وه‌ ده‌ست پێ بکه‌ین، زیاتر له‌ یه‌ک ملیۆن مرۆڤ له‌ سلێمانیدا ده‌ژی، ده‌کرێ بۆ هه‌ر که‌س دارێک له‌به‌ر ماڵی خۆماندا بڕوێنین، ملوێنێک دار واته‌ گه‌رانه‌وه‌ی ژینگه‌ی پاک و ئاشبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هه‌وای پاکدا، با ئێمه‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ تڕۆیه‌ و بڕیاره‌کانی تاڵه‌بانی و بارزانی نه‌که‌ین، ئه‌گه‌ر وا نه‌که‌ین، دڵنیابن هه‌موومان به‌ ته‌ندروستیه‌کی خراپه‌وه‌ سه‌ر ده‌نێینه‌وه‌.




پێویسته‌ ئێمه‌ هێنده‌ بێڕێزی به‌ خۆراک نه‌که‌ین، له‌م شاره‌دا که‌م که‌س ده‌بینی و رگێکی زلی نه‌بێت، که‌م که‌سیش ده‌بینی شه‌کره‌ یان زه‌ختی خوێن و ده‌یان نه‌خۆشی تری نه‌بێت، جگه‌ له‌وه‌ی ئۆتۆمۆبێل بۆته‌ هۆی کوشتنی هه‌زاران که‌س له‌ کوردستاندا، رۆژ نییه‌ به‌ کاره‌ساتی ئۆتۆمبیل به‌ رێژه‌ی 50 که‌س له‌ کوردستاندا تیانه‌چێت. وه‌زیری ته‌ندروستی نه‌یتوانی له‌وه‌ زیاتر ئه‌و نهێنییه‌ بشارێته‌وه‌ سه‌یری ئه‌م لینکه‌ بکه‌ن.

http://www.awene.com/Direje.aspx?Babet=Hewal&jimare=10348



حیزبێک دروست بوو، به‌ ناوی پارتی سه‌وز، پارتیی وتی ده‌بێت ناوه‌که‌ی بگۆڕدرێت به‌ پارتی زه‌رد!

گه‌ر ئێمه‌ وشیارانه‌ بیربکه‌ینه‌وه‌ و خه‌می پاشه‌ڕۆژی خۆمان ونه‌وه‌کانمان بێت، ده‌بێت ژینگه‌ پاک بکڕێته‌وه،‌ با له‌خۆمانه‌وه‌ ده‌ست پێبکه‌ین، سه‌رده‌مێک پارتێکی سه‌وز دروست بوو که‌ له ‌ژورێکی چڵکندا بوون له باڵه‌خانه‌که‌ی عه‌لی نه‌مه‌ڵی من زوو بوومه‌ ئه‌ندام له‌گه‌ڵیاندا ئه‌وده‌م شه‌ڕی ناوخۆ بوو پارتییه‌کان نه‌یان هێشت بچنه‌ هه‌ولێر ده‌یان ووت: ده‌بێ ناوی بنێین پارتی زه‌رد، تکایه‌ پێ مه‌که‌نن ئه‌مه‌ ڕاستییه‌ پاشان، دوای ئه‌مه‌ هه‌ر پارتیی ئه‌م ئه‌رکه‌یان به‌ ئیسلامییه‌کان سپارد له‌ناو په‌رله‌مان، هه‌ر له ‌به‌ر ئه‌وه‌ی که ‌ده‌لێن: (پاک و خاوێنی له‌ئیمانه‌وه‌یه‌)، ئا ئه‌مه‌یه‌ عه‌قڵی حیزبێک که‌ وڵات به‌ڕێوه‌ ده‌بات و ئاوا له‌ ژینگه‌ تێده‌گات، ئیتر چۆن ژینگه‌ی وڵاته‌که‌مان له‌وه‌ خراپتری لێنایه‌ت؟
ئه‌گه‌ر ئێمه‌ سه‌یر بکه‌ین ده‌بینین ئه‌مڕۆ سه‌رزه‌مین له‌قه‌یراندایه ‌و کێشه‌ی ژینگه‌ کێشه‌یه‌کی جیهانییه،‌ به‌ڵام کاتێک کۆمه‌ڵگای جیهانی زانیان سروشت خه‌ریکه‌ توڕه‌ ده‌بێت و بۆ به‌رگرتن له‌وه‌، که‌وتونه‌ته‌ خۆیان، هاوڕێیه‌کم، که‌ دانیشتوی ووڵاتی سویده‌، له‌ کاتی نووسینی ئه‌م راپۆرته‌دا ئه‌و زانیارییه‌ی دامێ، که‌ له‌ به‌رنامه‌یه‌کی ته‌له‌فیزۆنیدا (له‌ پیرێژنێکیان پرسی تۆ چی ده‌که‌یت بۆ ژینگه‌؟ له‌وه‌لامدا ووتوێتی من ئه‌م توره‌که‌یه‌م دروست کردووه‌، تاکو هێنده‌ زه‌رفی لانایلۆن نه‌کڕم، دوایی وتویه‌تی: من زیاتر له‌ 30 ساڵه‌ خۆڵه‌کانم جیاده‌که‌مه‌وه‌ هیچ تێکه‌ڵ ناکه‌م).
هاوڕێکه‌م ووتی: ئه‌و ژنه‌ دیاربوو که‌مترین ڕۆژه‌کانی مابوو بۆ ژیان، به‌ڵام ئاوا به‌ئامانه‌ته‌وه‌ بۆ نه‌وه‌کانی تر پێی خۆش نه‌بوو، به‌ بێ به‌رپرسیارێتی ژینگه‌یه‌کی پیس له‌ دوای خۆی جێ بهێڵێت.



ده‌کرێ ئێمه‌ش ئه‌م ژنه‌ سویدییه‌ بکه‌ینه‌ نمونه‌ و له‌ماڵه‌کانی خۆمانه‌وه‌ ده‌ست پێبکه‌ین، میدیاکانی ده‌سه‌ڵات هێنده‌ هه‌واڵی سه‌رۆکه‌ قه‌ڵبه‌کانمان بۆ ده‌گوازنه‌وه، با به‌و خه‌ڵکه‌ش بڵێن به ڕۆژی نیوه‌ڕۆ گڵۆپی حه‌وشه‌کانیان بکوژێنه‌وه‌،
ژینگه‌ی سلێمانی له ‌ژێر مه‌ترسییدایه‌، ئه‌گه‌ر باوه‌ڕ ناکه‌ن:
بڕۆن له‌ ڕۆژی خۆڵبارینه‌کاندا سه‌ردانی خه‌سته‌خانه‌کان بکه‌ن، ئه‌م راستییه‌تان بۆ ده‌ر ده‌که‌وێت!
بڕۆن له ‌سه‌ری گۆیژه‌وه‌ لای مه‌لانه‌جمه‌دینه‌وه‌ سه‌یری ئه‌و ته‌به‌قه‌ بوخاره‌ ڕه‌شه‌ بکه‌ن، که‌ ئاسمانی سلێمانی گرتووه‌.
بڕۆن خه‌سته‌خانه‌ی هیوا ببینن، بزانن ژماره‌ی توشبووان به‌ شێرپه‌نجه‌ چه‌نده‌؟
به‌هیوام نووسه‌ران و خه‌ڵکیش زیاتر قسه‌ له‌ سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ بکه‌ن. چونکه‌ ئه‌مه‌ به‌شێکه‌ له‌ ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی، که‌ ئه‌م سه‌رکرده‌ و لێپرسراوانه‌ به‌ ته‌نگییه‌وه‌ نایه‌ن.
گه‌ل ده‌بێ ته‌ندروست بێت نه‌ک ناته‌ندروست.

چاوه‌ڕوانی گۆڕستانه‌کانی سلێمانی دوا ویزگه‌ی زیندووه‌کان بکه‌ن

به‌ پێویستی ده‌زانم که‌وا ئه‌م کتێبه‌ش بخه‌مه‌ به‌ر دیدی خوێنه‌ران که‌ له‌سه‌ر هه‌مان بابه‌ت نووسه‌ره‌که‌ی قسه‌ی له‌سه‌ر کردووه‌.

www.kurdistanpost.nu/biz/pdf/jinge.pdf

******************************************

تێبینی !
سوپاس بۆ کاک هێرش سیرینی له‌ژێر ناونیشانی(كاك ئازاد گردەكان دوا داگیر كارییە) سوپاس و پێ زانین ده‌ستی تۆش خۆش ده‌بێ ئێمه‌ زۆرترین قسه‌ بکه‌ین له‌سه‌ر ئه‌و داگیر کاری یه‌ زانیارێکانت جێگه‌ی خۆشی بوو بۆم. هاروه‌ها
کاک سلێمانی زاده‌، بابه‌تێکی نوسیوه‌ له‌ژێر ناونتشانی خانوه‌کانی نێچیر، من ڕێزو خۆشه‌ویستیم بۆی هه‌یه‌ و له‌نوسینه‌که‌یه‌وه‌ زانیاری جوانم ده‌ست که‌وت و سوپاسی ده‌که‌م، به‌ڵام کاک سلێمانی زاده‌ چاک ده‌زانێ نێچیر ده‌توانێ
بۆ خاڵوانی ئه‌و خانوه‌ به‌سلێمانی ووته‌نی چه‌قه‌نه‌ک وه‌ر گرێته‌وه‌، چونکه‌ شتێک نه‌ماوه‌ ناوی ئایدۆلۆژیا بێت لای یه‌کێتی، تۆش له‌وه‌ دڵنیابه‌ که‌س پێت ناڵێ به‌رگری له‌نێچیر ده‌که‌یت چونکه‌ زانیارێکانی تۆ لای من شتگه‌لی زۆر به‌سود بوون، خۆزگه‌ ده‌ت توانی بابه‌تی زیاتر مان بۆ بنوسی چونکه‌ ئه‌وه‌ی تۆ مێژووه‌ و ئێمه‌ ده‌بێ خوێندنه‌وه‌مان بۆی هه‌بێ، جارێکی تر ده‌ست خۆشیت لێ ده‌که‌م به‌ر گری له‌نێچیریش بکه‌یت لای ئێمه‌وه‌ک کوردستانپۆست سانای یه‌ و به‌حورمه‌ته‌وه‌ سه‌یری ده‌که‌ین،

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە