بۆمبارانی قەندیل سەرەتای داگیركەریەكی نوێیە دەستەی كارگێڕی
Sunday, 04/07/2010, 12:00
پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان
دوای دوو سالأ لەوەستاندنی بۆمباران بۆ سەر خەڵكی مەدەنی، جارێكی تر هێرشەكانی دەوڵەتی تورك بۆ سەر هەرێمەكانی سنور دەستی پێكردەوە. ئەو هێرشانەی شەوی 1- 7 2010 بۆ سەر خەڵكی بێدیفاع و مەدنی لەهەرێمی قەندیل و برادۆست زەنگێكی نوێیە بۆ ئۆپەراسیۆنی داگیركردنی باشووری كوردستان.
دەوڵەتی تورك بەدرێژایی (90) ساڵە پێداگری دەكات لەسیاسەتی نكۆڵی كردن و توانەوەی گەلی كورد لەباكوری كوردستان و هەمانكات ناسنامەی كورد لەپارچەكانی تری كوردستانیش ناناسێت، بۆیە لەهەر دەرفەتێك بۆی رێك كەوێت سووكایەتی پێدەكات، نمونەی هەرە دوایش سووكایەتی كردن بوو بەسەرۆكی هەرێم، بێ ئاڵا دەریانخستە پێش راگەیاندنەكان.
دەوڵەتی تورك بەهەموو حكومەتە یەك لەدوایی یەكەكانی تاكو حكومەتەكەی ئەكەپە و سەرۆكایەتی ئەردۆغان تەنها لەسەر ئەوە بیریان كردۆتەوە چۆن بەشێوازێكی تازەتر كوردستان داگیربكەن و هێزی داگیركەری خۆیان بەهێزتر نیشانبدەن و ئەو یەكەش بەكورد بدەنە قەبولأ كردن لەژێر ناوی جیاجیادا. چاكسازی و كرانەوەكانی ئەردۆغان و ئیسلامیە میانڕەوەكانی توركیا ئەوەیان ئاشكرا كرد كەبێجگە لەساختەكاری و لەخشتەبردن و یاری كردن بەچارەنووسی میللەتی كورد هیچی تر نییە ، دەركەوت ئەردۆغان دەیەوێت جارێكی تریش لەسەر حسابی كورد جەڵەوی دەسەڵات بۆ ماوەی پێنج ساڵی تر بگرێتەوە دەست. بۆ ئەمەش دەیانەویست هێواش هێواش و بەخشكەیی چەقۆ بخەنە ملی كورد و جارێكی تر رووبەڕووی نسكۆی بكەنەوە، ئەوەش بەمافپێدان بەكورد بناسێنن.
دەوڵەتی تورك دوایی ئەوەی پیلانەكانی لەلایەن بزووتنەوەی ئازادی گەلی كورد و رێبەرەكەی ئاشكرابوون، بۆ ئەمەش دەست بەقۆناخێكی نوێكرا لەتێكۆشان. بەرگری رەوا بەشێوەیەكی هەمەلایەنە كەوتۆتە پاراستنی گەل و ئەركی پاراستنی رەواییگەلی كورد جێبەجێ دەكات. بەهۆی شكانە یەك لەدوای یەكەكانی لەبەرامبەر گەریلادا، دەوڵەتی تورك هاربووەو رۆژانە پەلاماری خەڵكی مەدەنی دەدات ئەوە نەتەنها لەكوردستان هەتاكو لەشارەكانی توركیاش. بۆیە ئەو هێرشانەی دەوڵەتی تورك بۆسەر خەڵكی مەدەنی چ لەباكور چ لەباشور نیشانەی بێ چارەیەتی لەبەرامبەر تێكۆشانی ئازادی گەلی كورد.
گەلی كورد لەهەموو قۆناخەكانی مێژوو مافی خۆپاراستنی بەكارهێناوە، لەپێناو مانەوەی خۆی، بۆ ئەمەش سەدان داستانی قارەمانیەتی تۆماركردوە. ئەمڕۆش وەك جاران لەدژی لەناو بردن بەرگری دەكات لەپێناو مانەوەی خۆی، ئەمەش مافێكی گەردوونی خۆیەتی. بۆیە ئەوەی ئەمڕۆ بزوتنەوەی ئازادی كورد بەشەڕ تاونباركات ئەوا حەق دەداتە داگیركەری تورك لەهێرشكردن بۆ لەناوبردنی گەلی كورد. هەموولایەكیش ئەوە دەزانن كەكوردی ئەمڕۆ كوردی رابردوو نیین بۆیە وا بەئاسانی كەس ناتوانێت لەخشتەیان بەرێت.
دەوڵەتی داگیركەری تورك كەلەبەرامبەر هێزی پاراستنی گەل بێچارە ماوە ناتوانێت زەفەری پێببات، هەڵدەستێ بەهێرشكردنە سەر خەڵكی مەدنی. لەگەلأ ئەوەی ئێمە بەهیچ پاساوێك لەبەرامبەر ئەو هێرشانە بێدەنگ نابین هەمانكات هاو خەمی خۆمان لەگەلأ خەڵكی لێقەوماوی قەندیل و برادۆست رادەگێنین و هەموو هەوڵێك دەدەین لەپێناو پاراستنی سەرو ماڵیان.
هێزو لایەنە سیاسیەكان:
هێرشی فڕۆكە جەنگیەكانی تورك لەم كاتەدا رێككەوت نەبوو، بەڵكو هاوكات بوو لەگەلأ كۆبوونەوەی كۆردیناسیۆنی دژی بزووتنەوەی ئازادی گەلی كورد لەسلۆپی كە بڕیاریان داوە رێكەوتنەكەیان بكەنە حەوت قۆڵی و هێرشی لەناوبردنی سەرتاسەری بكەنە سەر گەلی كورد لەتەواوی كوردستان. ئێمە لەكاتێكدا هەموو ئەو رێكەوتن و كۆردیناسیۆنانەی بەئامانجی لەناوبردنی گەلی كورد ساز دەكرێن ریسواو شەرمەزار دەكەین، هەمانكات بەرێكەوتنی ناشرعیان بەناو دەكەین، داوا دەكەین دەسەڵاتداریەتی هەرێمی كوردستان لەو رێكەوتن و كۆردیناسیۆنانە جێ نەگرێت و ئەو بنكەو بارەگایانەش دابخات كەبەو بۆنەیەوە لەهەرێمی كوردستان كراونەتەوە. بۆیە پێویستە دەسەڵاتداریەتی هەرێم و هەموو لایەنە سیاسیەكان هەڵوێست وەربگرن و بەرەی نەتەوەیی هەڵبژێرن، چونكە ئەو رێكەوتنانە جارێكی تر كورد بەكورد دەدەنەوە كوشتن و دەسكەوتەكانی كورد لەناو دەبەن. لەبەرەوەی ئەو رێكەوتنانە تەنها لەدژی كوردی باكوری كوردستانین بەڵكو لەدژی تەواوی كوردستانە.
جەماوەری ستمدیدەی كوردستان:
لەو دوو مانگەی رابردوو دەركەوت كەداگیركەرانی كوردستان گەیشتوونەتە بڕیاری لەناوبردنی گەلی كورد، بۆیە لەئێران چوار گەنجی تێكۆشەریان لەسێدارەداین و لەباكوریش هێرش دەكەنە سەر شەرەف و نامووسی كوردان و ئەنفال ئاسا دەستناپارێزن لەهیچ كەس، لەباشوریش سەرەڕای ئەوەی سوكایەتی بەنوێنەرەكانمان دەكەن هەمانكات هەر رۆژەو لەژێر ناوێكدا تۆپباران و بۆمبارانمان دەكەن، دەیەنەوێت هێزی ئازادی كورد لەو هەرێمانە دەرپەڕێنن و هێزی داگیركەری خۆیان لەو شوێنانە بەجێبكەن. بۆیە دەبێت دەنگی ناڕەزایی بەهەموو شێوەێك بەرز ببێتەوەو چالاكی دیموكراتی پێشبخرێن و نەهێلین باشووری كوردستان ببێتە مۆڵگەی بڕیاردانی لەناوبردنی بزووتنەوەی ئازادی كورد، چونكە ئەگەر تێكۆشانی ئازادی كورد لەباكور و رۆژهەڵاتی كوردستان شكست بخوات ئەوا ئێمەش ناتوانیین لەباشوری كوردستان درێژە بەژیانێكی ئازادانەبدەین، بۆیە دەبێ پەردەی بێدەنگی بپچڕێنین و خاوەن لەخۆمان دەركەوین.
3- 7- 2010
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست