ئەمە كوردستانە یان قەسابخانە
Sunday, 19/02/2012, 12:00
ئایا ئێمە لەكوردستان دەژین كە جێگا ولانكەی مرۆڤ ومرۆڤایەتییە یان لەقەسابخانەیەك؟ قەسابخانەی مرۆڤ ومرۆڤایەتی. قەسابخانەی دەستبرَین و لەناوبردن.
ئەوەتا پارتی رَەنگزەرد وشەرمەزار لەزمانی زماندرێژێكیانەوە هەرَەشەی دەستبرَین دەكات لەلاوانی كورد. فازیلی موتنی دەڵێت ئەوەی تەعەدامانلێبكات دەستی دەبرَین. بێشك مەبەستی موتنی تورك وئێران وعەرەب نییە, مەبەستی كورَ وكچانی كوردە.
پارتی هاوپەیمانیش لە زمانی جەنەراڵەكەیانەوە وەزیری دفاع لەبەرژەوەندی دوو بنەماڵەكەی دەسەڵات هەرَەشەی كوشتن وبرَیندەكات. جەنەراڵە درۆیینەكەی یەكێتی نیشتمانی ئەمر بەچەكداران دەدات:دەست مەپارێزن.
ئەم هەرَەشانەی دەسەڵاتی گەندەڵی كوردستان تەرجەمەی هەرَەشەكانی سەددامی خوێنرَێژ ودوژمنە بۆ سەر زمانی كوردی. تەرجەمەكردنی هەرَەشەكانی عەلی كیمیاوییە لەكاتی ئەنفالدا. ئەم هەرَەشانەی دەسەڵات هەرَەشەی پیاوی دەوڵەت وعاقڵ وسیاسەتمەدار ودڵسۆزی كورد نییە ئەم جۆرە هەرَەشانە تەنها لەمافیاكانی ئیتالیا ورووسیا دەوەشێتەوە.زۆر لەهەرَەشە وكردارەكانی گرووپی قاعدەی تیرۆرست دەچێت. چاولێكردنی رَژیمە درَندە ونامرۆڤانەكەی بەعسی سوریایە كە كۆتایی زۆر نزیك بۆتەوە. ئەم هەرَەشانە رەنگدانەوەی بیر وباوەرَی بنەماڵە ودەسەڵاتە لە هەمەجییەت ودواكەوتوویی وپەنابردنە بەر سووتاندن وكوشتن ولەناوبردن وێرانكردن.
لەحەقیقەتدا ئەم دەسەڵاتە بەناو كوردییە مافیائاسا تەنها لەخزمەت وبەرژەوەندی چەندتاكەكەسێك كاردەكات, ئەوەی چەپڵەیان بۆلێبدات یان تامردن بێدەنگبێت هەقیان بەسەرەوە نییە. ئەوەی بیەوێت وەكو مرۆڤ بژی ئەوەی دەنگبەرزكاتەوە وباسی ئازادی بكات تەعەدداكەرە خەتەرناكە وسنوری سووری بەزاندووە ودەبێ لەقەسابخانە چارەسەربكرێت, قەسابخانەی مرۆڤان.
ئەمە یەكەم جار نییە دەسەڵات لەرَێگای دەستبرَەكانیەوە هەرَەشە وگورَەشە لەمیللەت دەكات لەخەیاڵی خاودایە ولەو باوەرَەدایە دەتوانێت ئازادیخوازان گۆرَانخوازان بترسێنێت وبەم حوكمە كە زۆرلە لەرَەورَەوەی مرۆڤایەتی دواكەوتووە, ناشایستە زاڵم وناعادلە قایل ورَازیبن.
ساڵێكی رەبەق بەسەر دەستپێكردن وهەڵگیرسانی شۆرشی نوێی كورد تێدەپەرێت,سالێك بەسەر وەرینی چەندگوڵاڵەیەك لە بەهاردا شەهیدبوونی چەند لاوێكی جوانی میللەتەكەمان كەسەری ریز ونەوازشیان بۆ دائەنوێنین, ساڵێك پرَ سەربەرزی وشانازی بۆمیللەت.سەڵاو لەیادی 17ی شوبات وشەرمەزاری ورَووزەردی بۆ دەسەڵات.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست