کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هەڵبژاردنی پارێزگاكان كۆتایی بە یەكێتی دەهێنێت

Monday, 10/05/2010, 12:00


هەڵبژاردنی پارێزگاكان كۆتایی بە یەكێتی دەهێنێت
شیكاریی: ستیڤان شەمزینانی



*یەكێتی لە دوو پرۆسەی هەڵبژاردندا لەماوەی كەمتر لە ساڵێكدا شكستی خواردووە
*كۆنگرەی داهاتووی یەكێتی ناتوانێت نەخۆشیی دەستەگەریی كۆنترۆڵ بكات
*یەكێتی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكاندا جۆرێك لە شەڕی مان و نەمان دەكات
*یەكێتی هیچ هەنگاوێكی نەناوە ئاماژە بێت بۆ گۆڕانكاریی لە شێوەی مامەڵەی سیاسیی و ئیداریدا

یەكێتی نیشتمانیی كوردستان حزبێكی سۆسیال دیموكراتە و خاوەنی مێژوویەكی سی و پێنج ساڵەیە، لە سەرەتاوە یەكێتی پەیڕەوی لە ماركسیزم لینینیزم دەكرد و لەپاش راپەڕین و لەكۆنگرەی یەكەمی ئەو حزبەدا لە ساڵی 1992 بڕیاردرا حزبەكەی لە هێزێكی ماركسییەوە بكەنە هێزێكی چەپی سۆسیال دیموكرات. لە راستیدا یەكێتی توانیوویەتی جێ پەنجەی خۆی بدات لەمێژووی كوردستان لە دوای ساڵی 1975ەوە، ئێمە ناتوانین لەسەر مێژووی سی و پێنج ساڵی رابردووی كوردستان بوەستین بەبێ ئەوەی هێما بۆ رۆڵ و كاریگەریی یەكێتی نەكەین لەسەر كۆی هاوكێشە و پێشهاتە سیاسییەكان. لە ساڵی 1991 بەولاوە بەهاوبەشی لەگەڵ پارتی و بەجیاش ئەزموونی ئیدارە و حكومڕانی كردووە، بەڵام ئەوەندەی ئێمە تێبینیمان كردووە یەكێتی حزبی ئیدارە نییە بەقەدەر ئەوەی حزبی خەبات و شەڕی پارتیزانی و رووبەڕووبوونەوەی سەربازییە.
یەكێتی بەردەوام لەدۆخی شەڕدا زیاتر گەشەی كردووە و بۆشایی و ململانێی نێوان دەستەكانیشی تا راددەی نەمان لەسەروەختی شەڕە دەستەویەخەكاندا كاڵبوونەتەوە، بەڵام ئەزموونی پێنج شەش ساڵی پێشوو لە دوای پرۆسەی ئازادیی عێراقەوە یەكێتی خستە بەرەیەكی ترەوە كە جیایە لە بەرەی هاووڵاتیان و زۆرینەی خەڵك، چوونكە خراپی ئەدائی حزبی و حكومیی، كەمتەرخەمی لەخزمەتكردنی هاووڵاتیان، تەخشان و پەخشانكردنی پارەی خەڵك بۆ سەركردایەتی، قۆرخكردنی دەسەڵات، هەموو پێكڕا وەزعەكەیان بە جێگەیەك گەیاند كە یەكێتی بەرەو پاشەكشەیەكی ئاشكرا و بەرچاو بڕوات، تا ئەو ئاستەی هێزێكی وەك گۆڕان لێی جیابێتەوە و بەتین و حەماسەتێكی زۆریشەوە ململانێیەكی سەختی لەگەڵدا بكات، بەتایبەت گۆڕان ئێستا هەر سەد هەزار دەنگێكی ماوە بگاتەوە بە یەكێتی لەسەر ئاستی عێراق. بەكورتیی ئێستا یەكێتی لە وەزعێكی خراپدایە و بڕواناكەم جێی ئیرەیی كەس بێت.
دوو تێكشكان
یەكێتی لە ساڵی 2005 و لەمیانەی هەڵبژاردنە سەرتاسەرییەكانی عێراقدا، توانی بە بیست و چوار هەزار دەنگ پێش پارتی دیموكراتی كوردستان و سیانزە رێكخراو و حزبی هاوپەیمانی بكەوێت، ئەمەش یەكەمین ئەزموونی سەركەوتنی یەكێتی بوو لە پرۆسەیەكی هەڵبژاردنی ئازاددا، چوونكە یەكێتی لە هەڵبژاردنی ساڵی 1992دا بە جیاوازییەكی كەم بە پارتی دۆڕاندبوو. بینیمان ئەو سەركەوتنەی یەكێتی نەك ورەی رێكخستن و جەماوەری ئەو حزبەی بۆ ئاسمان بڵند كردەوە، بەڵكوو لەسەر ئاستی عێراقیش سەركەوتنی بەرچاوتری بەدەستهێناو بۆ یەكەم جار لەمێژوودا سكرتێری یەكێتی وەك یەكەم كورد لە پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقدا دەستبەكاربوو، بەكورتییەكەی خەباتی قەندیل و خڕی ناوزەنگ و یاخسەمەر مام جەلالی گەیاندە بەغدا و كۆشكی كۆماریی، هەروەك ئەوسا دەیانووت ئیدی قەندیل حوكمی بەغداد دەكات.
بەهاری سەركەوتنەكانی یەكێتی زۆر درێژخایەن نەبوو، چوونكە كێشە و گرفتە ناوخۆییەكانی ئەو حزبە لەم ساتەوەختانەدا گەیشتنە لێواری تەقینەوە، ئەگەرچی لەهەڵبژاردنی مەڵبەندەكاندا وەها دەركەوت باڵی ریفۆرمی ئەو حزبە كەمینە پێكدەهێنن، بەڵام هاتنە دەرەوەی نەوشیروان و برادەرەكانی هاوكێشەكەیان پێچەوانەوە نیشان داینەوە، تا ئەو ئەندازەیەی بینیمان هاتنە دەرەوەی باڵی ریفۆرم لە یەكێتی، بووە هۆی ئیفلیجبوونی هەنگاو و خەونەكانی یەكێتی و وەهای لێكرد بیخاتەوە قاوغەكەی خۆی، چوون دەتوانین ئەو هاتنە دەرەوە بە دوولەتبوونێكی یەكسانی یەكێتی لەقەڵەم بدەین، ئاسەواری ئەم شكستانە ئەگەرچی بەردەوام دەشاردرانەوە بەڵام لەمیانەی پرۆسەكانی هەڵبژاردن پەردە لەسەر روویان هەڵماڵرا و هەڵبژاردن دەریخست یەكێتی لە بارێكی خنكێنەر و پڕ لە قەیراندایە كە هیچ چارەنووسێكی روونی لەبەردەمدا بۆ نەماوەتەوە.
یەكێتی لە هەڵبژاردنی رۆژی بیست و حەوتی ساڵی رابردوو تووشی دۆڕانێكی گەورە و چاوەڕاوننەكراو بووەوە لەبەرامبەر بزووتنەوەی گۆڕاندا، تەنانەت لەپارێزگای سلێمانیدا لیستی هاوبەشی پارتی و یەكێتی "لیستی كوردستانی" نەیتوانی سەركەوتن بەسەر گۆڕاندا تۆمار بكات، ئەمەش لەدەرەوەی زۆربەی پێشبینی و ئەگەرە چاوەڕوانكراوەكان بوو، ئەگەر یەكێتی ئەوكاتە لە هاوپەیمانێتیدا نەبووایە لەگەڵ پارتی، بێگوومان تووشی داڕووخانێكی سیاسیی گەورە دەهات، بەو حوكمەی پارتی لەیەك لیستدا هاوبەش بوو لەگەڵ یەكێتی، پاشان هەڵبژاردنەكە بەشێوەی داخراو بوو، خروقات و تەزویراتی زۆریشی تێدا كرا، یەكێتی توانی تا راددەیەك لەسەر پێیەكانی خۆی بوەستێت و لەو قەیرانە بێتە دەرەوە كە بەهۆی شكستی هەڵبژاردنەوە دووچاری ببوو. هەرچی چۆنێك لێكیبدەینەوە، ئەو دەرئەنجامە دەردەكەوێت یەكێتی لەهەڵبژاردنی بیست و پێنجی حەوتدا یەكێك بوو لە لایەنە هەرە دۆڕاوەكان. ئەمەش شكستێكی دوای سەركەوتنی 2005 بوو، بۆیە هەم سەركردایەتی و هەم جەماوەری یەكێتی تووشی نائومێدیی و شۆكێكی گەورە كرد.
لەهەڵبژاردنی حەوتی ئازاری رابردووشدا دیسانەوە بەپێی هەموو پێوەرەكان، یەكێتی نەیتوانی سەركەوتوو بێت، بەپێچەوانەوە ئەو ئەنجامانەی بەدەستیهێنان لەیەكێك لە ماناكانیدا شكست و دۆڕانی هەڵبژاردن دەگەیەنن چوونكە ئەوەتا پارتی سی "30" كورسی لەچوارچێوەی لیستی هاوپەیمانی كوردستاندا بەدەستهێناوە، كەچی یەكێتی یەك لەسەر سێی كورسییەكانی پارتی بەدەستهێناوە، ئەمە ئەگەرچی هۆكارەكانی دەبەسترێنەوە بە بوون و زاڵیی دەستەگەریی لەكاتی پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردن و خودی هەڵبژاردندا، هەروەها دەبەسترێتەوە بە نەشارەزایی مەكتەبی هەڵبژاردنی یەكێتی لە هونەرەكانی هەڵبژاردندا بەتایبەت هەڵبژاردنی نیمچە كراوە، بەڵام لە سەرئەنجامدا ئەوەی یەكێتی بەدەستیهێنا تەرجومەی جۆرێك لە شكست و دۆڕانی دەگەیاند. لێ یەكێتی هەوڵیدا شكستەكانی خۆی لەناو سەركەوتنەكانی پارتیدا داپۆشێ، بەڵام گۆڕان زوو پەردەی لەسەر ئەمە داماڵی و ئەنجامیش دەركەوت لە پارێزگای سلێمانیدا بزووتنەوەی گۆڕان زیاتر لە 60 هەزار دەنگ لەپێش یەكێتییە بەتەنیا، لە سەر ئاستی سەنتەری شاریش دیسان گۆڕان بەرێژەیەكی سەرسوڕهێنەر پێش یەكێتی كەوتبوو، بێگوومان سلێمانیش بەمانای دڵی یەكێتی دێت، حزبێك ئەگەر لەدڵی خۆیدا و لە شاری سەرەكیی خۆیدا بە نەیارەكانی بدۆڕێنێت، ئایا شایی و لۆغانی ئەو حزبە جگە لە ساویلكە خەڵەتاندن چیترە؟.
بەروونی بیڵێین یەكێتی لە دوو پرۆسەی هەڵبژاردندا لەماوەی كەمتر لە ساڵێكدا شكستی خوارد، ئێمە ئەگەرچی نامانەوێت هۆكارەكانی ئەو شكستە لێرەدا بخەینە روو، بەڵام دەبێت لانیكەم بێژین ئەو ئەنجامە خراپەی یەكێتی تەنانەت بەگوێرەی دانپیانانی بەشێك لەسەركردەكانی ئەو حزبە، دروێنەی ئەو سیاسەتە خراپە بوو كە یەكێتی لەماوەی پێنج ساڵی رابردوو گرتبوویە بەر، هەرچەندە لەنێوان ئەو دوو هەڵبژاردنەدا پلینۆمی یەكێتی هەبوو كەچی بە واقیعی دەركەوت پلینۆم نەیتوانیبوو یەكێتی بخاتە بەردەم رێگاكانی سەركەوتن، پلینۆم هەر تەنیا پرۆسەیەك بوو بۆ خستنە دەرەوەی سەركردەكانی گۆڕان ئەوانەی پێشوو لە سەركردایەتی یەكێتیدا بوون. بەهەرحاڵ ئەوەی روویدا هیچ نەبوو جگە لە چنینەوەی بەری ئەو هەموو كەمتەرخەمییەی یەكێتی هەیبوو. عەرەب وتەنی ئەوەی رەشەبا بچێنێت بێگوومان گەردەلوول دەدورێتەوە.
باڵباڵێن
یەكێك لە كێشە بنەڕەتیی و سترۆكتۆرییەكانی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان هەر لە رۆژی دامەزراندنییەوە لە ساڵی 1975 هەتاوەكوو ئێستا، كێشەی باڵباڵێن و شەڕ و ململانێی دەستەگەریی بووە. لەوەتی یەكێتی هەیە هیچ ساتێك نەبووە ناكۆكییەكانی ناو باڵەكانی خاو بووبێتەوە، مەگەر لەو كاتانەدا كە یەكێتی لە شەڕی سەخت و دەستەویەخەدا بووبێت لەگەڵ نەیارەكانی، بەڵام بەم دواییانە ناكۆكییەكە بە ئەندازەیەك گەورە ببوو كە هیچ لایەك تەنانەت بیریان لە داهاتووی سیاسیی حزبەكەیان نەدەكردەوە و هیچ حسابێكیشیان بۆ ئەوە نەدەكرد پارتییەكەیان لەبەرامبەر نەیارەكانی لاواز دەبێت یان رەنگە پارتی دیموكراتی كوردستان بەو هۆكارەوە بتوانێت بەتەواوەتی بەسەر یەكێتیدا زاڵ بێت و كۆتایی بەو رۆڵە زۆر ئەكتیڤەی بهێنێت كە لە سی ساڵی رابردوو هەیبوو و ئەمەش یەكێك لە بنەڕەتیترین خەونەكانی پارتی بووە لەوەتی یەكێتی دامەزراوە.
پێشبینی دەكرا دوای هاتنە دەرەوەی باڵی ریفۆرم لە یەكێتی، ئیدی دەستەگەریی و ململانێی سەرسەختانەی باڵەكانی ناو یەكێتی كۆتایی پێدێت، یان لانیكەم بەشێوازێك بێ كاریگەریی نێگەتیڤ نەكاتە سەر بەرژەوەندیی گشتیی و حزبیی، لە پلینۆمی یەكێتیدا زۆرینەی سەركردە ناسراوەكان بڕیاریاندا كە ئیدی لەبری بەهێزكردنی دەستەكانیان بیر لە بەهێزكردنەوەی یەكێتی بكەنەوە، تەنانەت پەیمانی ئاكار بۆ ئەوە واژۆ كرا كە ببێتە میساقێكی شەرەف تا ئەو سەركردانەی سەركردایەتی باڵەكانی ئێستای ناو یەكێتی دەكەن، كۆتایی بێنن بەو ململانێ سەخت و لەمێژینەیەی كە دەیكەن لەپێناوی خۆیاندا، بەپێچەوانەوە لەباتی ئەوە هەموو هەوڵێك بخەنە گەڕ بۆ گێڕانەوەی یەكێتی بۆ دۆخی پێشووتر كە بێگوومان یاریكەری سەرەكیی گۆڕەپانی سیاسیی كوردستان بوو.
بورهان سەعید سۆفى ئەندامی كۆمیتەی سەركردایەتی یەكێتی، لە یەكێك لە چاوپێكەوتنەكانیدا لەگەڵ رۆژنامەیەكی كوردستاندا، هێمای بۆ ئەوە كردبوو كە ئێستاش دوای پلینۆم و واژۆكردنی پەیمانی ئاكار هەر پەتای باڵباڵێن ماوە و شكستەكانی یەكێتیش لە هەولێر دیسان پەیوەستە بەو نەخۆشییەوە. ئەم دانپیانانە فاكتێكی روونە و نیشانمان دەدات كە تەنانەت كۆنگرەی داهاتووی یەكێتی كە وا بڕیارە لە 40 رۆژی داهاتوو بگیرێت ناتوانێت ئەو نەخۆشییە كۆنترۆڵ بكات، بەپێچەوانەوە ئەگەری ئەوە لە ئارادایە ئەو باڵباڵێنە لە دوای ئەو كۆنگرەیە سەختتر ببێتەوە، ئەمەش دەبێتە مەترسییەكی تر لەسەر یەكێتی لەكاتی هەڵبژاردنی پارێزگاكاندا چوونكە ئەگەر یەكێتی لەم هەڵبژاردنەدا سلێمانی لە دەستبدات ئەوە بێگوومان ئاسۆكە نەك روون نابێت بەڵكوو لەوە دەچێت چارەنووسی سیاسیی یەكێتی بەتەواوەتی نغرۆی تاریكیی ببێت.
یەكێتی حوكمی كوێ دەكات؟
ئەوە راستە د.بەرهەم ساڵح سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە و ئێستاش یەك حكوومەت هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا هاشا لەوە ناكرێت سنووری قەڵەمڕەوی یەكێتی و د.بەرهەم لە سلێمانی تێناپەڕێت، هەرچی هەولێر و دهۆكەوە لەلایەن پارتییەوە بەڕێوە دەبرێت، كەركووكیش هێشتا نەگەڕاوەتەوە سەر كوردستان. بۆیە یەكێتی تەنیا خاوەنی یەك تاكە شارە, ئەگەر یەكێتی ئەو تاكە شارە لەدەستبدات لەمیانەی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكاندا، بارودۆخەكە چی لێدێت؟. ئایا ئەگەر گۆڕان توانی سەربكەوێت ئەو كاتە یەكێتی دەسەڵاتی بەسەر كوێی تری كوردستاندا دەڕوات؟. ئەم پرسیارانە دەریدەخەن دۆخەكە بۆ یەكێتی زۆر ناسكە و لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی قورسیی سیاسییدایە كە هەر كەوتن و هەڵەیەك باجێكی گەورەی لەدوا دەبێت، كەواتە یەكێتی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكاندا جۆرێك لە شەڕی مان و نەمان دەكات.
واقیعەكە ئەوە دەڵێت یەكێتی ئێستا تەنیا لە جوگرافیایەكی بەرتەسكدا گەمارۆ دراوە، پارتی دەیەوێ بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاكان گوڕ بەخۆی بداتەوە و دەنگێكی زیاتر لەو دەنگانە بەدەستبهێنێت كە لە مانگی ئازاری رابردوو بەدەستیهێناون، هەرچی بزووتنەوەی گۆڕانە لەحاڵەتی خۆ رێكخستنەوەدایە و سوودیش لەو هەڵە تەكنیكیانە وەردەگرێت كە لەدوو هەڵبژاردنی پێشوودا كردوونی، ئەگەری زۆر هەیە ئەو دوو هێزە لە پارێزگای سلێمانیدا دەنگێكی زیاتر بەدەستبهێنن، بێگوومان ئەوەش لەسەر حیسابی دەنگەكانی یەكێتی دەبێت. بۆیە لەسەر یەكێتی پێویستە لەم چەند مانگەدا بكەوێتە خۆ و كۆنگرە بكاتە كۆنفرانسی نووسینەوەی نەخشە رێیەكی نوێ، لەبواری خزمەتكردنی خەڵك و خۆ نوێكردنەوەشدا هەنگاوی بەپەلە هەڵبگرێت. ئەگەرنا وەكوو لەچەند دێڕی پێشوودا بەیانم كردووە، یەكێتی لەواقیعدا تێكڕای شارەكانی كوردستانی لە كیس دەچێت و سەرۆكایەتیكردنی حكوومەتیش دەبێتە شانۆگەرییەكی كۆمیدیی.
لیستی هاوبەش رزگاركەر نییە
بەپێی ئەو رێككەوتنە ستراتیژییەی لەنێوان یەكێتی و پارتیدا هەیە، هەردوو حزب چەند خولێكە بە یەك لیستی هاوبەش بەشداریی پرۆسەكانی هەڵبژاردن دەكەن چ لەسەر ئاستی عێراق و چ لەسەر ئاستی كوردستان. لەهەڵبژاردنی مانگی ئازاری رابردوودا پارتی و یەكێتی لەگەڵ چەند حزبێكی بچووك بە یەك لیست "لیستی هاوپەیمانی كوردستان" بەشداریی پرۆسەی هەڵبژاردنیان كرد، ئەوەی لەم پرۆسەیەدا جێگەی سەرنج و تێبینی زۆربەی چاودێرانی سیاسیی بوو، دوو شتی سەرەكیی بوون: یەكەمیان: لیستی هاوبەش نەك سوودی بە یەكێتی نەگەیاند بەڵكوو دەیان هەزار دەنگی یەكێتی بوونە قوربانی و كاندیدەكانی پارتی پێ دەرچوون، واتە لەبری ئەوەی یەكێتی وەك هێزێكی لاوازتر دەنگەكانی پارتی بخوات كەچی موعادەلەكە پێچەوانە بووەوە. دووەمیان: بەئەزموون دەركەوت ئەو حزبە بچووكانەی بەشێوەیەكی بەردەوام پاشكۆ و حزبی سێبەری پارتی و یەكێتین، هیچ كاریگەرییەكی ئەوتۆیان لە بەرزكردنەوەی رێژەی دەنگدەراندا نەبووە و نییە، تێكڕای ئەو حزبانە لە چل هەزار دەنگێك زیاتریان نەبوو، ئەم دەنگانەش نەیتوانی هیچ قازانجێك بە لیستی هاوپەیمانی بگەیەنێت، بەتایبەت لەناوچە دابڕاوەكاندا كە كورد بەگشتیی شەڕی دەنگێك زیاتری دەكرد.
یەكێتی نیشتمانیی كوردستان وێڕای ئەو سەرنج و تێبینیانەی لەسەر ئەدا و هەڵوێستی پارتی هەیەتی، بەتایبەت كە پارتی بەشێوەیەكی گونجاو یارمەتی كابینەكەی د.بەرهەم ساڵح نادات، هێشتا سوورە لەسەر هێشتنەوەی رێككەوتنی ستراتیژیی نێوانیان، تەنانەت یەكێتی خوازیارە بەو ئەندازەیەی پارتی دەیەوێت لە گۆڕان نزیك ببێتەوە، پارتی بخاتە ژێر باری پابەندبوونی بەردەوام و زیاتر بەناوەڕۆكی رێككەوتنەكەوە، چوون مانەوەی ئەو رێككەوتننامەیە بەبڕوای سەركردەكانی یەكێتی بۆ حزبەكەیان بەتایبەت لەم قۆناغەدا سوودێكی زۆری هەیە و پارتی دەهێنێتە ژێر باری ئەوەی دیسان بە لیستێكی هاوبەش لەگەڵیدا بەشداریی هەڵبژاردنی پارێزگاكان بكات، وەلێ پارتی ترسی هەیە و خوازیارە درێژە بەسیاسەتی یەك لیستیی لەگەڵ یەكێتی بدات، بەڵام ترسێكیش لەلایەن یەكێتییەوە لەئارادایە كە ئەو یەك لیستییە لەنێوان گۆڕان و پارتیدا بێتە ئاراوە.
ئەگەرچی نێچیرڤان بارزانی كەسایەتی دووەمی پارتی "بەفیعلی كەسایەتی دووەمە نەك بە فەرمی"، هەوڵی نزیكایەتی زۆر دەدات لەگەڵ گۆڕان و رایدەگەیەنێت بۆ لەمەو بەپاش بە ئاشكرا لەگەڵ گۆڕان پەیوەندیی دەگرن و كۆبوونەوەیان دەبێت، هێشتا سەركردایەتی پارتی بەرای زۆرینە لەسەرووی هەمووشیانەوە بەرای مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتییەكە سوورن لە مامەڵەكردن لەگەڵ یەكێتی بەپێی ناوەڕۆكی رێككەوتنی ستراتیژیی، بەڵام پرسیاری سەرەكیی لێرەدایە: ئایا لیستی هاوبەشی پارتی و یەكێتی و مامەڵەی پارتی لەگەڵ یەكێتی بەپێی بەندەكانی رێككەوتنی ستراتیژیی دەتوانێت سوودێكی زۆر بۆ یەكێتی دەستەبەر بكات بەتایبەت لەكاتی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان؟. وەڵامی ئەم پرسیارە لەلای من نەخێرە، چوونكە ئەوەی مسۆگەرە پارتی دەتوانێت لەو رێگایەوە دهۆك و هەولێر بەئاسانترین شێوە بباتەوە، بەڵام سلێمانی تەمومژی زۆری لەسەرە و دیار نییە ئایا كام هێز دەتوانێت سەرئەنجام شارەكە بباتەوە؟. زۆرینەی ئاماژەكان دەریدەخەن گۆڕان دەتوانێت بەئاسانی سلێمانی بباتەوە بەو هۆیەی سیاسەتی نوێی بزووتنەوەی گۆڕان كاریگەرتر و زیرەكانەترە.
بەبۆچوونی زۆربەی چاودێرانی سیاسیی یەكێتی لەبری ئەوەی ئەو هەموو تەنازولە بۆ پارتی دەكات، لە باتی هەوڵدان بۆ دروستكردنی لیستی هاوبەش، بیرێك لەدۆخی خۆی بكاتەوە و هەنگاوی چاكسازیی و نوێبوونەوە بنێت، ئەگەرەكانی سەركەوتنی زۆر زیاتر دەبن، چوونكە لیستی هاوبەش بۆ یەكێتی، نموونەی ئەو پیاوە نەخۆشەمان دەخاتەوە یاد كە لە بری بەكارهێنانی دەرمانی پێویست بۆ چارەسەر، تەنیا ئازارشكێن بەكاربهێنێ چوون راستە ئازارشكێنەكە بۆ چەند ساتێك ژانەكانی كەم دەكەنەوە، بەڵام نەخۆشییەكە لەبری چارەسەر بوون، هەتادێ تاو دەستێنێت، یەكێتی لەبری ئازارشكێنی لیستی هاوبەش لەگەڵ پارتی پێویستە وەك نەخۆشێكی بەدەربەست دەرمانی نوێبوونەوە و چاكسازیی بەكاربهێنێت. بۆیە بەبڕوای من لیستی هاوبەش چارەسەر نییە بۆ یەكێتی چوونكە جیا لەوەی گرەنتی سەركەوتنی یەكێتی ناكات لەهەڵبژاردنی پارێزگاكاندا، لەهەمانكاتیشدا ئەگەر لەپرۆسەی هەڵبژاردنیشدا سەریبخات، ئەوە بێگوومان لەبواری ئیدارەدان و بەردەوامیدان بەو سەركەوتنە، رووبەڕووی تێكشكانی دەكاتەوە.
بۆچی ئەگەر هەیە یەكێتی هەڵبژاردنەكە بدۆڕێنێت؟
لەسەرەتاوە ئاماژەمان بەوە كرد پێش پێنج ساڵ و لەهەڵبژاردنی سەرەتای ساڵی 2005دا یەكێتی توانی بەبیست و چوار هەزار دەنگێك پێش پارتی و هاوپەیمانەكانی بكەوێت. ئەوەی وای لە یەكێتی كرد تووشی ئەم قەیران و دوو شكستە ببێت لەم دوو هەڵبژاردنەی لەپارساڵەوە ئەنجامدراوە، سیاسەتە خراپ و هەڵەكانی بووە لەبوارە جیاجیاكاندا. یەكێتی جیا لەوەی دەیان كێشەی ناوخۆیی هەیە، لەهەمان كاتدا هەیكەلی سیاسیی و رێكخراوەیی، گووتاری حزبی، فۆرمی كاركردن، ..هتد، هەموو ئەمانە پێكڕا كۆن بوون و لەگەڵ بارودۆخی نوێی كوردستان و تێگەیشتنی نەوەی نوێی كوردستان ناگونجێن، ئەوە لەوە بگەڕێ یەكێتی لەرووی خزمەتگوزاریی و دابینكردنی خۆشگوزەرانی بۆ هاووڵاتیان ئێجگار كەمتەرخەم بووە.
ئێستاش هەمان ئەو سیاسەتانەی لەپێشەوە هێمامان بۆ كردوون، بەردەوامییان هەیە، گووتاری یەكێتی هەمان گووتارە سواوەكەی جارانە، دەسەڵاتی بنەماڵەیی زاڵبووە بەسەریدا كە سەد دەر سەد دژی پەیڕەو و پرۆگرامی حزبەكە و بنەما فیكرییەكانی سۆسیال دیموكراتیشە، جیاوازیی چینایەتی لەنێوان سەركردایەتی و كەوادر رۆژ لەدوای رۆژ لە زیادبووندایە، سەركردایەتی هەروەك جاران لە جەماوەر و لایەنگرانی یەكێتی دوورە و بگرە هەریەكەیان لە حەقلێكی جیادا ژیان دەكەن، لەرووی خزمەتگوزاریی هاووڵاتیانەوە هیچ وەرچەرخانێكی ئەوتۆ رووینەداوە، لەبوارەكانی تری خزمەتكردنی خەڵك بەگشتیی و یەكێتییەكان بەتایبەتی هیچ هەنگاوێك نەنراوە. بۆیە دەتوانین بڵێین هەموو ئەو رامیارییە چەوت و ناپەسەندانەی یەكێتیان لەو دوو هەڵبژاردنەی پێشوودا بەدۆڕان دا، هێشتاش بەزەقی و وەك خۆیان ماونەتەوە و دیسان ئەگەری ئەوە هەیە بۆ خولی داهاتووی هەڵبژاردنی پارێزگاكان، یەكێتی بەدۆڕان بدەنەوە.
ئەوەندەی من تێبینیم كردووە و رای زۆرینەی شارەزایانی سیاسیش لەم رووەوە لەگەڵ بۆچوونەكەی مندایە، یەكێتی هیچ هەنگاوێكی نەناوە ئاماژە بێت بۆ گۆڕانكاریی لە شێوەی مامەڵەی سیاسیی و ئیداریدا، تاوەكوو ئێمە بڵێین یەكێتی دەتوانێت پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بەسوودی خۆی بشكێنێتەوە، بگرە بەپێچەوانەوە سیاسەتی یەكێتی هەمان ئەو سیاسەتەیە كە خەڵك ناڕازییە لێی، ئەو سیاسەتەیە هەزاران ئەندامی یەكێتی هێنایە دەرەوە، هەمان ئەو سیاسەتەیە گۆڕانی بەپێنج سەد هەزار دەنگەوە دروستكرد، هەر بەم هۆیەوە ئەوە دەبینیم زۆرترین ئەگەرەكان لەچاوەڕوانی دۆڕانێكی تر و شكستێكی دیكەی یەكێتیدان لە هەڵبژاردنی پارێزگاكاندا، تەنانەت وەختە بڵێم رەنگە قاوەگرتنەوە نەبێت ئەگەر بڕوامان وابێت ئەمجارە بەتایبەت لە سلێمانی لیستی هاوبەشیش ناتوانێت بەسەر بزووتنەوە و لیستی گۆڕاندا سەریبخات.
هەڵبژاردنی پارێزگاكان كۆتایی بە یەكێتی دەهێنێت
بەو پێیەی لەماوەی كەمتر لە ساڵێكدا دوو هەڵبژاردنی زۆر حەساسی دۆڕاندووە، ئەگەر یەكێتی هەڵبژاردنی چاوەڕوانكراوی ئەنجوومەنی پارێزگاكان كە وابڕیارە لە كۆتایی مانگی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ بەڕێوە بچێت، بدۆڕێنێت ئەوە بێگوومان دەبێتە كۆتایی رۆڵی یەكێتی و رەنگە ئیدی لەوەبەدوا ببێتە هۆی ئاوابوونی مانگی چواردەی یەكێتی چ لەسەر ئاستی جەماوەریی و چ لەسەر ئاستی دەسەڵاتی سیاسیی و كارگێڕیی. ئەم هەڵبژاردنە بۆ یەكێتی رەنگە چارەنووسسازترین هەڵبژاردن بێت لەماوەی هەژدە ساڵی رابردوودا، چوونكە وەك دەبینین ئیرادەیەك هەیە لەلای پارتییەوە بۆئەوەی لەنزیكترین دەرفەتدا و بەلاوازترین پاساو حكوومەت لە یەكێتی بسەننەوە، هەرچی بزووتنەوەی گۆڕانیشە لەم هەنگاوەدا نەك كەنارگیر و بێلایەن نین بەڵكوو بەخاتری تێكشكاندنی یەكێتی، دەبنە هاوكار و سپۆنسەرێكی زۆر كارای پارتی لەو پرۆسەیەدا.
راستییەكەش ئەوەیە یەكێتی نیشتمانیی كوردستان وەك حزبێكی سیاسیی ناتوانێت بەم سیاسەت و میكانیزم و مامەڵەیە بەسەركەوتوویی لەو هەڵبژاردنەدا بێتە دەرەوە، ئەوەی زیاد لەهەموو شتێك بەتابلۆكەوە دیارە، ئەو ئەگەرە زۆر بەهێزەیە كە رەنگبێ یەكێتی ئەمجارە ئەوەی بەشەرعییەتی شۆڕشگێڕیی و دەنگ لەماوەی چەندین ساڵدا بەدەستیهێناوە، بە هەڵبژاردنێك لە كیسی بدات. ئەگەرچی نوقڵانە لێدان بۆ كۆتایی یەكێتی رەنگە كارێكی دژوار و بڕیارێكی پێشوەخت بێت، بەڵام ئەوەی رادەگوزەرێت ئەوەمان پێدەڵێت یەكێتی بەم سیاسەت و ئەدائەی ئێستایەوە تەنیا چاوەڕوانی كۆتاییەكەی تراژیدیی لێدەكرێت.
سەرنجێك:دەمەوێت وشەی كۆتایی لێرەدا روون بكەمەوە، كە ئێمە مەبەستمان لەوە نییە یەكێتی وەك بەعس دەتوێتەوە یان هەڵدەوەشێتەوە، تەنیا مەبەستمان لەوەیە رۆڵی یەكێتی لەم قۆناغەدا وەك هێزێكی سەرەكیی و خاوەن دەسەڵات كۆتایی پێدێت، كۆتایی پێهاتن لە دیموكراسییەتدا كەوتنی تاهەتایی نییە، بۆی هەیە یەكێتی دوای ئەم كەوتن و كۆتاییە نەخوازراوە لەم قۆناغەدا، لە دۆخێكی تردا هەستێتەوە و بەتەنیا بتوانێت بەسەر هەموو ركەبەرەكانیدا سەربكەوێت، بۆشی هەیە یەكێتی دوای ئەم چوار ساڵەی حكوومەت بكەوێتە بەرەی ئۆپۆزیسیۆنەوە و گۆڕانیش كە ئێستا ئۆپۆزیسیۆنە ببێتە دەسەڵات یان هاوبەشی سەرەكیی لەدەسەڵاتدا.
[email protected]




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە